سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە


لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە

دوای ئەوەی دوێنێ‌ دەزگای هەڵبژاردنەكانی پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنەسیاسییەكانی دیكە لەسەر پرسی هەڵیژاردن كۆبوونەوە، بڕیارە سبەینێ‌ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم ماوەیە كۆبوونەوەكانی پەڕلەمانی كوردستان چڕدەبنەوە، سبەینێ‌ دووشەممە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی كۆبونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن ئەنجام دەدرێت.

وتیشی، كۆبوونەوەكە لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەبێت ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ‌ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدرا.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و لەم هەفتەیە و هەفتەی ئایندەش پەڕلەمانی كوردستان چەندین كۆبوونەوە لەو بارەیەوە ئەنجامدەدات.

دوێنێ‌ شەممە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە كوردستانیەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئامادەكاری و لێكتێگەیشتن بۆ هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو تیایدا ئەم بڕیارانە درا:

1- سیستەمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
2- تۆماری بایۆمەتری كۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەكانیەوە.
3- داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی فیدراڵ بەكاردێت بۆ دیاریكردنی ڕێژەی كورسی پارێزگاكان.
4- كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان.
5- سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدەن.

ئەوە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدراوە و تەمەنی پەڕلەمانی كوردستانیش بۆ ماوەی ساڵێك و دوو مانگ درێژكراوەتەوە، دوو لایەنە پێكهێنەرەكەی حكومەتیش كە یەكێتی و پارتین هەتا ئێستا نەگەیشتوون بە ڕێككەوتنی كۆتایی و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن.

هەدەپە: نەورۆز دەكەینە جەژنی هاوكاری
پێشت هەدەپە: نەورۆز دەكەینە جەژنی هاوكاری
پارتێكی كوردی پشتیوانی ئەردۆغان دەكات
دواتر پارتێكی كوردی پشتیوانی ئەردۆغان دەكات
پەیوەندیدار