ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

ئۆغڵۆ: كورد پابەندی ڕاسپاردەكەی مام جەلال نەبوو لەبارەی كەركوكەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كورد پابەند نەبوو بە ڕاسپاردەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق سەبارەت بە كەركوك كە داوای كردبوو پارێزگەكە بۆ هەموان بێت و تەنیا لەلایەن پێكهاتەیەكەوە قۆرخ نەكرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، نیازی معمار ئۆغڵۆ  پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”دۆسێی كەركوك دۆسێیەكی ئاڵۆزە و بە ڕاستی نابێت لەلایەن پێكهاتەیەكەوە، یان حزبێكی سیاسییەوە قۆرخ بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات میرنشینی كەركوك زیندووبكاتەوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە توركمانە”پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت سیمای نەتەوەیەك بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بكات، ئەمەش پێچەوانەی ڕاسپاردەكانی مامە جەلال تاڵەبانییە كە ڕەتیكردبووەوە پارێزگەكە بۆ حزبێك یان لایەنێك یان گروپێكی دیاریكراو بێت”.

مام جەلال لە كاتی خەباتی پێشمەرگایەتی و لەو دەمەش كە بووە سەرۆك كۆماری عیراق، بەردەوام جەختی لەسەر كوردستانی بوونی كەركوك كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕاوای وابوو كە دەبێت لە كەركوكدا ڕێز لە هەموو پێكهاتەكان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت لەژێر هیچ بیانوویەكدا ستەم لە پێكهاتە و دانیشتوانی پارێزگەكە بكرێت، بەپێویستیشی زانیبوو ئیدارەی شارەكە لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كەركوكدا بەشێوەیەكی یەكسان دابەشبكرێت.

عێراق

لە دیوانیە حەوت كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ دوو شەممە تووشبوونی حەوت كەسی دیكە بە كۆرۆنا لە دیوانیە ڕاگەیەندرا.

فەرمانگەی تەندروستی دیوانیە ڕایگەیاند ئەنجامی پشكنینەكان دەریخست كە حەوت هاووڵاتی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون و گوزرانەوە بۆ ژێر چاودێری پزیشكی.

زیاتر لە هەفتەیە تووشبووانی پەتای كۆرۆنا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە بە تایبەتیش لە بەغدا و شەوی ڕابردووش تەنها لە پارێزگای سلێمانی 101 حاڵەتی نوێ ڕاگەیەندرا.

لێپرسراوانی تەندروستی هۆكاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بۆ ساردبوونەوەی هاووڵاتییان لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەگێڕنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

“دەست بە ئامادەكاری بۆ ساختەكاری لە هەڵبژاردنی داهاتوو كراوە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
سەركردەیەكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدانی سوننەكانی عیراق، كە لەلایەن نوجێفی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ئاشكرای دەكات، كە كوتلە سیاسییەكان دەستیان كردووە بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

حازم جەنابی، سەركردەیەكی بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان بە ئاژانسی (المعلومە)ی ڕاگەیاندووە، ئەوەی ڕوودەدات لە گۆڕانكاری لە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن نیشانەی ئەوەیە، كە هەندێك لە كوتلە سیاسیەكان دەیانەوێت دەستوەردان و یاری بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، بەشدارانی پڕۆسەی سیاسی كاردەكەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا ساختەكاری گەورە بكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پاك و بێگەرد نابن بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا سیاسییەكان كۆنتڕۆڵی دۆخی سیاسی وڵاتیان كردووە.

لای خۆشیەوە، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هۆشداری دا بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كە دانانی بەرپرسی ئۆفیس و بەش و لقەكانی لە پارێزگاكان دوور لە حیزبە باڵادەستەكان بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ویستوویانە لەڕێگەی چاوپێكەوتنی سكایبەوە، كە تەنها چەند خوولەكێكی خایاندووە بەرپرسی ئۆفیس و بەشەكان دابمەزرێنێت، كە ئەمەش كارەساتی گەورەی لێدەكەوێـتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق 260 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماكرا


خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، بەردەوام ژمارەی تووشبووان كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە و ئەمڕۆ یەكشەممە 260 كەس تووشبوون و 46 كەسیش چاكبوونەوە 10 كەسیش گیانیان لەدەستداوە .

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی ئایاری 2020 پشكنین بۆ 5 هەزار و 381 ئەنجامدراوە و 260 كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیف دەرچوون ، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون و 24 كەسیش لە سلێمانی و 7 لەكەركوك و 4 لە دهۆك تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاندووە، هەر ئەمڕۆ 46 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون هاوكات 10 حاڵەتی مردنیش بەو ڤایرۆسە تۆماركرا.

ئاشكراشی كردووە، كۆی گشتی تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 6 هەزار و 439 كەس و چاكبوونەوەش 3 هەزار و 156 كەس و مردنیش 205 كەس و دەشڵێت:”هێشتا 3 هەزار و 78 كەس لەژێر چاودێری پزیشكیدان و 46 توشبوون لە چاودێری چڕدان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان