ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

زانیاری نوێ‌ لەبارەی تەمەن و پاداشتی خانەنشینی بڵاودەكرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق، وردەكاریینوێ‌ لەبارەی تەمەنی خانەنشینبوونەوە بڵادەكاتەوە و ئاماژە بە پاداشتكردنی خانەنشینیش دەكات لە كۆتایی خزمەت، ئەمەش دوای هەمواری یاسای خانەنشینی، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقەوە بۆ پەڕلەمان بەرزكرایەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عیراقی (واع) لە زاری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراقەوە بڵاویكردەوە، “هەمواری نوێی یاسای خانەنشینی ئاماژە بە خانەنشینكردنی فەرمانبەر دەكات لە تەمەنی 60 ساڵ، یان ئەوەی خزمەتی 25 ساڵی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵ یان بەرەو ژوور بێت”.

لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە، “پاداشتی تەواوكردنی خزمەت یان كۆتایی خزمەت بۆ ئەوانە دەبێت، كە 25 ساڵ خزمەتیان تەواوكردووە، لە بری 30 ساڵ، كە لە هەمواری یاسای خانەنشینیدا هاتووە”.

لای خۆشیەوە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو لە عیراق تەمەنی یاسایی خانەشینی 63 ساڵە، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی بگاتە 63 ساڵ لەلایەن حكومەتەوە خانەنشین دەكرێت، هەروەها لەسەروو 50 ساڵیشەوە فەرمانبەر ئەگەر خزمەتی 15 ساڵی هەبێت دەتوانێت داوای خانەنشینی بكات بۆخۆی، واتا لە 63 ساڵیدا ناچارییە و لە سەروو تەمەنی 50 ساڵیش ئارەزوومەندانەیە، بەڵام جیاوازی لەو مووچەیە هەیە، كە وەریدەگرن”.

وتیشی، “پێشنیاری هەمواركردنی یاساكە بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشین بوون بۆ 60 ساڵ، لێكەوتەی ئابوری هەیە، بەو پێیەی بارگرانی لەسەر دەزگای خانەنشینی زیاد دەكات، تەمەنی خزمەتی هاووڵاتی بۆ حكومەت كەمدەكاتەوە، بەو پێیەی هاووڵاتی كاتێك لە تەمەنی 23 ساڵیدا دادەمەزرێت و لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت، ئەو كاتە 37 ساڵ خزمەت دەكات، ئەمەش وادەكات خانەنشین زیاد ببێت و لە هەمان كاتدا خزمەت كەمدەبێتەوە، بۆیە بارگرانی لەسەر حكومەت و دەزگای خانەنشینی زیاد دەكات”.

شیروان میرزا دەڵێت: “هەرچەندە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش سەرنجی لەسەر ئەم پێشنیارە هەیە، بەڵام گەر حكومەت بەرنامەی هەبێت لەجێی خانەنشینەكان كەسانی نوێ‌ دابمەزرێنێت، وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری لە وڵات، ئەوا پێدەچێت پێشنیاری هەمواری یاسای خانەنشینی لەلایەن پەڕلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت”.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە پڕۆژە هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق پێشنیار كراوە كەمترین مووچەی خانەنشینی 600 هەزار دینار بێت.

پێشتر بەپێی یاسای خانەشینی لە عیراق، فەرمانبەر دەبوو تەمەنی لە 63 ساڵ كەمتر نەبێت بۆ ئەوەی خانەنشین بكرێت و لانی كەم لە 30 ساڵ كەمتر خزمەتی نەبێت تا پاداشتی كۆتایی خزمەت وەربگرێت.

ئابوری

وتەبێژی حكومەت بۆ (خەڵك) باسی مووچە و خانەنشینی دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی حكومەتی عیراق ڕایگەیەنێت، لە سەرەتای دەستپێكردنی تەوژمی خۆپیشاندانەكان، حكومەت لەسەر چەند ڕێڕەوێك دەستیكردووە بە كاركردن بۆ چاكسازی، بە تایبەتیش لەڕووی داڕشتنی ئەو یاسایانەی، كە پەیوەندییان بە بنەما و كرۆكی پڕۆسەی سیاسییەوە هەیە لە وڵات، وێڕای خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی مووچەی بەرپرسە باڵاكان.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا، حكومەتی عیراق دەستیكردووە بە داڕشتنی پرۆژە یاسایەك بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و لەگەڵ داڕشتنی یاسایەك بۆ چاودێریكردنی سەرچاوەی موڵك و سامانی گەورە بەرپرسان، لەگەڵ ڕەوانەكردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، كە هەلی زیاتری كاركردن و دامەزراندن بۆ لاوان و بێكاران و خاوەن بڕوانامەكان دەڕەخسێنێت”.

بە وتەی سەعد حەدیسی، “پرۆژە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، كە ئێستا لەبەردەستی پەڕلەمانە ئەگەر پەسەند بكرێت، دەبێتە مایەی چارەسەكردنی زۆرێك لە كێًشەكانی پەیوەست بە بێكاری و دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلێكی گەورە بۆ دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان”.

وتەبێژی حكومەتی عیراق، ئاماژەی بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتیش كرد،”بۆ كەمكردنەوەی مووچەی گەورە بەرپرسان بۆ نیو هێندەی ئێستای مووچەكانیان، لەگەڵ ڕەوانەكردنی كاندیدەكان بۆ ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی، كە هەموو پڕۆسەكانی تایبەت بە وەزیفەی گشتی و مەرجەكان و پێوەرەكان و میكانیزمەكانی پێشكەشكردنی بۆ ئەنجوومەنەكە لەخۆدەگرێت و ناوی ئەو كاندیدەكانیش لەلایەن پەڕلەمانەوە پەسەندكراوە”.

هەر لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەتی عیراق، حەدیسی وتی، “هەوڵەكانیش بۆ نەهێشتنی دوو مووچەیی یان زیاتر لەلایەن حكومەتەوە دەستیپێكردووە، لەڕێی زامنكردنی دابەشكردنی داهاتەكان بەسەر عیراقییەكاندا، بەهەمان شێوە لەڕێی گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەڕێی یاسا نوێیەكانەوە دەستەبەر دەكرێن، كار بۆ دانانی سندوقێك دەكرێت، كە لێوەی مووچە بۆ هەموو ئەوانە دەبڕدرێتەوە، كە هیچ داهاتێكیان نییە و سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ژیانیان بۆ نەڕەخساوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

حكومەتی هەرێم بڕیارێك لە بەرژەوەندی فەرمانبەران دەردەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سێ وەزارەتەوە، مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران ڕێكدەخاتەوە و ڕاوێژكارێكی حكومەتیش چەند زانیارییەك لەمباریەوە ئاشكرا دەكات.

بەپێی فەرمانێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، كە لە 27ی 10 دەرچوووە، بڕیاری ئەوە دراوە، كە لە ڕێگەی هەرسێ وەزارەتی پلاندانان، دارایی، خوێندنی باڵا و بە هەماهەنگیی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕێنمایی نوێ بۆ مۆڵەتی خوێندن دەربكرێت.

جەختیش كراوەتەوە، ئەو لیژنەیە ڕێنمایی و میكانیزمی تایبەت بە چۆنیەتیی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان دەردەكات.

نەزهەت ساڵح، ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە هەفتەنامەی (باس)ی ڕاگەیاندووە، ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێگەی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و دارایی و پلاندانان، ڕێنمایی نوێ دادەڕێژێتەوە، بۆ ئەوەی میكانزمی تازە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن پەیڕەو بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو دەرچوونی میكانزم و ڕێنمایی نوێ، مۆڵەتی خوێندن بە هەموو جۆرێك ڕاگیراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (باس) ئەو فەرمانبەرانەی بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە، كێشەیان نابێت و مۆڵەتیان پێ دەرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشووتر بڕیاری دابوو، بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران، بەپێی ماددە 50ی یاسای خزمەتی شارستانی مامەڵە بكرێت، كە بەپێی ماددەكە، وەزیری پەیوەندیدار بە ڕەزامەندی وەزیری دارایی، بۆی هەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە مووچەی تەواو مۆڵەتی خوێندن بداتە فەرمانبەر، بەو مەرجەی سێ ساڵ خزمەتی تەواوی كردبێت، هەروەها ئەوەی پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت بۆی هەیە دوو ساڵی تریش مۆڵەت وەربگرێت، مۆڵەتەكەشی بۆ خزمەتی خانەنشینی و خزمەتەكانی تر ئەژمار دەكرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

حكومەتی عیراق نەوت بەبێ‌ بەرامبەر دەدات بە ئاوارەكان

خەڵك- بەشی هەواڵ

تالب حسێن، بەرێوەبەری بەرهەمەكانی نەوت لە عیراق ڕایگەیاند، مانگانە 50 لیتر نەوت دەنێرن بۆ ئاوارەكان و بڕی 200لیتر نەوتیش دەدەن بەو كەسانە بەبێ‌ بەرامبەر.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ئاوارانەی لە كەركوك و موسڵ و شارەكانی هەرێمی كوردستانن، بڕی 200 لیتر نەوتیان بۆ دەنێرن، بەبێ‌ وەرگرتنی پارە.

هەروەها مانگانە بڕی 50 لیتر نەوتی دیكەیان بۆ دەنێرن، بەشێوەی پاڵپشتیكراوی حكومەت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان