ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

سبەینێ‌ مووچەی یەك شوێن دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی خشتەیەكی نافەڕمی كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە، سبەینێ‌ مووچەی مانگی تەموزی ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز لەكاتی خۆیدا دابەشنەكرا و چەند ڕۆژێك دواكەوت و تائێستاش تەنها پێشمەرگە، پەروەردە و تەندروستی و دارایی و ئابوری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە.

ئابوری

هەولێر.. لەسەرەتای ئەمساڵەوە هاووڵاتیان بە بڕی 200 ملیۆن دینار سزادراون

خەڵك – بەشی هەواڵ

قائیمقامی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوونەوە، بڕی 200 ملیۆن دینار سزای هاووڵاتییان دراوە.

نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەك قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، سەرپەرشتی 28 لیژنە دەكەن، كە ڕۆژانە كاری چاودێری هەموو سێكتەرەكان دەكەن.

قائیمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، “لە یەكەم ڕۆژی ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 200 ملیۆن دینار سزای ئەو شوێنانە دراوە، كە سەرپێچییان كردووە، بە سەدان تۆن خۆراك و دەرمان دەستیان بەسەرداگیراوە، سەدان شوێن داخراون، كافتریاكانی كە بەدەر لە ڕێنماییەكان كرابوونەوە و شوێنی قوماركردن بوون داخران، لیژنەكانمان بەردەوامن و پێویستمان بە هاوكاری هاووڵاتیان هەیە، ئەگەر تێبینی یان هەر شوێنێك هەیەتی ئەوا ئاگادارمان بكاتەوە”.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەكرد، دەیانەوێت شێوازی نووسینی تابلۆكان ڕێكبخەنەوە و بەو هەڵانەدا بچنەوە، كە لە نووسینی تابلۆكاندا هەیە.

قائیمقامی هەولێر وتیشی،”ئاگاداری گەشتوگوزار كراوەتەوە لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەت، پێداچوونەوە بۆ تابلۆكان بكرێت و پێویستە بە زمانێكی كوردی پاراو بنووسرێت و ئەوەش مەرجی سەرەكی نوێكردنەوەی مۆڵەتە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

هاشتاگی (بەڵێ_بۆ_گەڕانەوەی_پلەبەرزكردنەوە)ی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی 4 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلەبەرزكردنەوە (ترفیع)ی فەرمانبەرانی ڕاگرتووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش هاشتاگێك بۆ گێڕانەوەی ئەو مافە یاساییەی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا.

فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە هاشتاگی (#بەڵێ_بۆ_گەڕانەوەی_پلەبەرزكردنەوە) پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن و داوای لێ‌ دەكەن ئەو “مافە یاسایی و سروشتییە”یان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

لە گەڵ هاشتاگەكە فەرمانبەران لە پەیامەكەدا نووسیویانە، “بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی لە ئێستادا داواكاری تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم گەڕانەوەی #پلە_بەرزكردنەوەیە (ترفیع) دوای چەند ساڵێك لە ڕاگیرانی پێویستە بەزووترین كات دووبارە بگەڕێتەوە، كە ئەمەش مافێكی سروشتی فەرمانبەرانە”.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، “لەئێستاشدا هیچ بیانوویەك وەكو هێرشی داعش و قەیرانی دارایی نەماوە، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەكەین مێژوویەكی پڕ لە شانازی تۆماركە و پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەن و دڵی فەرمانبەران خۆشكەن”.

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا و سیستمی پاشەكەوتی مووچە ڕاگەیەنرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2019دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی هەرێم و ڕێباز حەملان، وەزیری پێشوووی دارایی ڕایانگەیاند، كە قەیرانی دارایی كۆتایی هاتووە و پاشەكەوتی مووچە هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام تا ئێستا پلەبەرزكردنەوە بۆ فەرمانبەران نەكراوەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا (خەڵك) لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بڵاویكردەوە، كە تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران هیچ بڕیارێكی لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نەداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بڕێك مووچە لە فەرمانبەران دەبڕێت
بیمەی تەندروستی لە عیراق پەیڕەو دەكرێت و هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە 49 ماددەی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی 20 ماددەی پەسەند كراوە و لەماوەی 6 مانگدا دەستەیەك دروست دەكرێت بۆ دابین كردنی پارە بۆ پڕۆژەكە، دەشڵێت: “لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەكە جیاوازیەكی ئەوتۆ لەنێوان نەخۆشخانە ئەهلی و حكومیەكان نامێنێت، هەموو شتێك بۆ نەخۆش دابین دەكرێت، بڕیارەكەش هەرێم دەگرێتەوە”.

د. میران محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی ساڵێكە سەرقاڵی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستین، كە بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق زۆر زۆر خراپە هیچ خزمەتگوزاریەك وەك پێویست نیە، جیاوازیەكی زۆر لەنێوان نەخۆشخانە حكومی و ئەهلیەكان هەیە.

وتیشی، “هەفتەی پێشوو لەكاتی دەنگدان بە پڕۆژەكە، كە لە 49 ماددە پێكهاتووە نزیكەی 20 ماددەی لێ پەسەند كرا، بڕیار درا بە پێكهێنانی دەستەیەك، كە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران دەبن و دانانی سندوقێكی تایبەت، كار لەسەر ئەوە دەكرێت لە بودجەی ساڵانە جگە لەوەی بۆ تەندروستی تەرخان دەكرێت بڕێكیش بۆ ئەم سندوقە تەرخان بكرێت لەگەڵ كۆمپانیاكان پارەی بۆ دابین دەكەن، غەرامەی جگەرە و مەشروبات-یش پارەكەی دەخرێتە سەر هەمان سندوق، هەروەها بڕێك بە پێی پلە پارە لە فەرمانبەران دەبڕێت”.

ڕاشیگەیاند، هەركات هاووڵاتی نەخۆش كەوت و چووە نەخۆشخانە حكومیەكان هەرچی پێویست بوو بۆی دابین دەكرێت، هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆ نامێنێت لە نێوان نەخۆشخانە ئەهلی و حكومیەكان، كە ئەمە بە قازانجی هاووڵاتیانی عیراق تەواو دەبێت.

ئاشكراشی كرد، ڕەنگە بۆ فەرمانبەرانی پلە كەمەكان نزیكەی 10 هەزاریان مانگانە لێ ببڕێت بۆ بیمەی تەندروستی.

وتیشی، “زانیاریم هەیە، كە كۆپیەك لە پڕۆژە یاساكە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لە كوردستانیش كاری لەسەر دەكرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان