ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی مشتومڕ دەنێتەوە

 

خەڵك – نزار جەزا

لەپاش هێرشە چەكدارییەكەی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، لەهەرێمی كوردستان هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی لەناو بەشێك لە هاوڵاتیاندا دەستیپێكرد، ئەمەش ڕای جیاوازی لەسەر دروستبووە و بەشێك لە فرۆشیاران پێیانوایە جێگرەوەی كاڵای توركی لەكوردستان نییە، چونكە كوردستان نەگەیشتووە بەئاستی خۆبژێوی و لەم حاڵەدا ئەزمەیەكی گەورە دروستدەبێت، چونكە لەسەدا 50ی زیاتری بەرهەمی كوردستان لەتوركیاوە دێت، لەلایەكی دیكەوە بەرگریكارانی ئەم هەڵمەتە پێیانوایە، دەبێت كوردستان جێگرەوەی كاڵای توركی بدۆزێتەوە.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گروپی تایبەت بەبایكۆتكردنی بەرهەمە توركییەكان دروستكراوە، كە تێیدا جێگرەوەی بەرهەمە توركییەكان بڵاودەكرێنەوە و بەشداربووان تێیدا هانی هاوڵاتیان دەدەن كە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەهۆكاری ئەوەی توركیا كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكوژێت و ئاوارەیاندەكات و ماڵ و ژیانیان دادەڕوخێنێت.

ڕێژەن عەبدوڵا، كە خوێندكاری زانكۆیە و بەتەواوی لەگەڵ ئەوەیە بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە دەبێت یارمەتی بوژانەوەی ئابووری توركیا نەدەین، كە ئەمەش بچوكترین و باشترین هەڵوێستە لەم دۆخەدا خەڵكی ئاسایی پێی بكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەئەوەشدا، پێویستە بازرگانەكانیش بیر لەئەوە بكەنەوە جێگرەوەی كاڵای توركی دابینبكەن، و چۆن خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لەنەهامەتیدا دەژین، پێویستە هەرێمی كوردستانیش هاوخەمیانبێت و بایكۆتی كاڵای توركی بكەن.

لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتەدا هەندێك كەس بەتەنزەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژ بەئەم هەڵمەتە وەستاونەتەوە جەخت لەئەوەدەكەنەوە، ئەگەر بەرهەمی توركی نەكڕن توشی بەدخۆراكی دەبن و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی ژیانی لادێكان، بەهۆكاری ئەوەی تاكو ئێستا حكومەتە 27 ساڵییەكەی باشووری كوردستان نەیتوانییوە كوردستان بگەیەنێتە ئاستی خۆبژێوی.

بۆ بەدواداچونی زیاتری ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕای فرۆشیارە جیاوازەكان سەردانی چەند شوێنێكی جیاوازی كرد و لە وتووێژێكی پەیامنێری (خەڵك) لەگەڵ ژیار لەتیف خاوەنی پۆشاك و كەمالیاتی دانیا دەركەوت، هەموو كاڵاكانی دوكانەكەی توركی و چینین، بەڵام زۆرینەی خواستەكانی لەسەر كاڵای توركییە، چونكە توركییەكە كوالیتی باشترە و لەم ماوەیەشدا بێگومان وەك پێشتر كاڵای توركی دەفرۆشێت.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم هەڵمەتەی كە ئێستا خەڵك دەستیپێكردووە بۆ بایكۆتكردنی كاڵاتی توركی سەركەوتوو نابێت، چونكە زۆرێك لەو بەرهەمانەی لەكوردستان هەیە توركین و جێگرەوەیان نییە، خەڵكیش ناچارە ئەو بەرهەمانە بكڕێت.

لەلایەكی دیكەوە ئەمیر سدیق خاوەنی هەفتەبازاڕی حاجی ساڵح لەوتووێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) ڕایگەیاند، هەرچەندە لەم ماوەیەدا هەندێك خەڵك سەردانی ماركێتەكەیان كردووە و ویستوویانە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەڵام بەگشتی ناتوانرێت بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە بەرهەمی ناوخۆییمان كەمە یان گرانە، بەنمونە هێلكە كوردییەكە زۆر گرانە و ئێرانییەكەش باش نییە، بۆیە خەڵك بەناچاری توركی دەكڕێت.

بەپێی ئەو ئامارەی (خەڵك) دەستیكەوتووە، لەساڵی 2018دا لەتوركیاوە بەبەهای 10 ملیار دۆلار كاڵاو لەئێرانەوە بەبەهای 6 ملیار كاڵا هاتونەتە هەرێمی كوردستان، لەم رێژەیەش بەشێكی كەمی دەچێت بۆ خوارووی عیراق.

شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی هاوردە و هەناردنكارانی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەدا 50ی كاڵاكانی كوردستان توركین و كۆمپانیایەكی زۆر و جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆیە لەئەگەری بایكۆتكردنی ئەم كاڵا و كۆمپانیایاندا ئەزمەیەك لەهەرێمی كوردستان دروستدەبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەم توركیا پێویستی بەكوردستانە و هەم كوردستانیش پێویستی بە توركیایە، بەڵام كاتێك بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، دەبێت خەڵكیش بەرگەی ئەو ئەزمەیە بگرێت كە دروستدەبێت، چونكە كوردستان توانای خۆبژێوی نییە.

لەلایەكی دیكەوە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشئەوەی بیر لەلایەنە كوردایەتی و نەتەوایەتییەكە بكەینەوە، دەبێت بیر لەژێرخانی ئابووری كوردستان بكەینەوە كە ئایا ئەگەر بایكۆتی كاڵای وڵاتێك بكەین، ئایا كوردستان دەتوانێت خۆی بژیێنێت؟ ئایا بازرگانەكانمان چەندێك زیاندەكەن؟ ئایا بازرگانەكان دەتوانن جێگرەوەی ئەم كاڵا بایكۆتكراوانە بۆ هەرێم دابینبكەن؟

وتیشی:”چەندان ڕێگەی دیكە هەیە كە لەڕێیەوە بایكۆتی توركیا بكەین، بەنمونە سەرەتا بایكۆتی دراما و گۆرانی و هونەرەكەیان بكەین و گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەكەین، دواتر بەبەرنامە جێگرەوەی كاڵای توركی لەهەرێم دابینبكرێت، دواتر بایكۆتی ئەو كاڵایە بكرێت”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ڕۆژئاوای كوردستان كەوتۆتە بەر هێرشێكی چەكداری توركیا، كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران و برینداربوون و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون.

راپۆرت

كۆمپانیای بەڕێز بۆ عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد: ڕاپۆرتە 14 خاڵییەكەتان، خاڵییە لە ڕاستی

خەڵك – بەشی هەواڵ
گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، وەڵامی ڕاپۆرتێكی هەردوو پەڕلەمانتار، “عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد” دەداتەوە، كە لە 14 خاڵدا ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانیان كردووە و داوای پێكهێنانی لیژنە دەكەن، كۆمپانیای ناوبراویش لە ڕوونكردنەوەیەكدا بە چواردە وەڵام، بە بەڵگە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە دەداتەوە.

دەقی ڕوونكردنەوە و وەڵامی گروپی كۆمپانیاكانی بەرێز:

بۆ عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد:ڕاپۆرتە 14 خاڵییەكەتان، خاڵییە لە ڕاستی.

لەم ڕوونكردنەوەیەدا بە پێویستی دەزانین خاڵ بە خاڵ وەڵامی هەردوو پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان و ئەوانەش بدەینەوە كە چاویان بە كارو پرۆژەكانی كۆمپانیاكەمان هەڵنایەت.

وەڵامی یەكەم/
سەرەتا بە پێویستی دەزانین، ئەو ڕاستییە ڕابگەیەنین لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین لیژنە لە سەر كۆمپانیاكەمان دروستكراوە لە سەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاكان، بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان، دواین لیژنە لە كابینەی 8 لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی باڵا پێكهێنرا بەمەبەستی دیراسە و وردبینی و هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی ئاسوودە بە پێی فەرمانی 5158 كە لە 8-11-2017 داواكراوە لە لیژنەكە ڕاپۆرتی تایبەت لە ماوەیەكی دیاریكراو بۆ سەرجەم پرۆژەكان بەرز بكەنەوە كە جگە لە نوێنەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری پارێزگای سلێمانی و شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەندام بوون تیایدا، كە ئەنجامی ڕاپۆرتەكە لە دوای 8 مانگ بەدواداچوون ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و هەموو ئەو ڕاستیانەی كە ئەم ڕاپۆرتە 14 خاڵیە بەدرۆ دەخاتەوە لەو ڕاپۆرتەدا تۆماركراوە، كە ئەمەش پێشتر لە سەر داوای چەند پەڕلەمانتار و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای گۆڕان هاتە ئارا.

 

لە ساڵی 2006 دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 4ی تایبەت بە وەبەرهێنان ئەو بیرۆكە گەرورەیەی هەمیشە شانازی پێوە ئەكەین “دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون لە قەزاو ناحییەكان” كەپێشتر لە لایەن سەرۆكایەتی حكومەتی ئیدارەی ئەو كاتی سلێمانی هەوڵی زۆری بۆدرا بوو، دواجار بووین بە خاوەنی یەكەم مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سێكتەری نیشتەجێبوون، كە خۆی لە چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر بینییەوە لە شارو شارۆچكەكاندا.
مۆڵەتی ژمارە 1ی وەبەرهێنان، بۆ ژمارەیەك (پرۆژە) بوو لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگای سلێمانیدا كە بریتی بوو لە 25 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بە تێچووی پتر لە (1) ملیار دۆلار، كە بڕیار بوو چەند وەبەرهێنەرێكی ناوخۆیی و بیانی ئەم پرۆژەیە ئەنجام بدەن و زەوی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، بەر لەهەموو كەس و تاكە وەبەرهێنەر بووین كە زاتی ئەوە بكەین لە قەزاو ناحییەكان و لەپارێزگای هەڵەبجەوە دەست پێبكەین.
لێرەشەوە بەڵگەنامەی تەواو بوونی پرۆژەكانمان و تەسلیمكردنی بە هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار دەخەینە ڕوو، كە لە یەك پرۆژەدا تا ئێستا ماوەی یاساییمان تەواو نەبووە و هەموو پرۆژەكانی ناوەندی سلێمانی زیاتر لە 5 ساڵە تەسلیم بە لایەنی حكومەت و هاوڵاتیان كراون و لە پرۆژەكانی ( هەڵەجە، كۆیە، دوكان، ڕانیە، چەمچەماڵ، كەلار) كاركردن بەردەوامە و پەیوەستین بە ماوەی دیاریكراوی پرۆژەكان.

وەڵامی دووەم/
تەواوی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی ڕادەستی بەشداربووان كراوە، بە بێ‌ كەموكورتی و نەخشەی پەسەند كراو، لە لایەن لیژنەی هاوبەشی دامودەزگانی حكومەتەوە بە كۆنووس تەسلیم كراوە كە وێنەی كۆنووسەكان هاوپێچی ئەم وەڵامەیە.

 

وەڵامی سێ‌ یەم/
1- داخڵكردن و هاوبەشی پێكردنی وەبەرهێنەر مافێكی سەرەتایی و یاساییە، كە لە یاسای وەبەرهێنان و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان رێگە دراوە بە وەبەرهێنەر تەنەزول بكات لە بەشێكی پرۆژەكەی یان تەواوی پرۆژەكەی بۆ وەبەرهێنەرێكی تر.
2- سەبارەت بە پرۆژەی دانیا سیتی، بە پێی یاساو بریاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 422، لە رێكەوتی 26-6-2018 خاوەندارێتی مۆڵەتەكەی لە سەدا 80ی گواستراوەتەوە بۆ وەبەرهێنەرێكی تر پاڵپشت بە بڕگەی 3 لە ماددەی 14ی یاسای وەبەرهێنان، و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە 357 .

 

وەڵامی چوارەم/
بە پێی ئەم بەڵگانەی دەیخەینە ڕوو تا ئێستا حكومەت بڕیار نادات تەنانەت كۆمپانیاكەشمان بە قەرزی درێژخایەن ئەو خزمەتگوزاریانە تەواو بكات، سەرڕای ئەوەش ئەو بەشداربووانەی نیشتەجێی پرۆژەكەن لەسەر ئەركی كۆمپانیاكەمان، جگە لە گەیاندنی تەزوی كارەبا چەندین ئاسانكاریمان كردووە بۆیان تا بتوانن تیایی نیشتەجێبن، هەر بەو هۆكارە زیاتر لە 5 ساڵە كۆمپانیای بەرێز وەرگرتنەوەی هەموو قیستەكانی لە بەشداربووانی هاموون سیتی ڕاگرتووە.

وەڵامی پێنجەم/
هەرچەندە عەلی حەمە ساڵح، بەس باوەڕی بە درۆ هەڵبەستراوەكانی خۆی هەیە و باوەڕی بە ئەنجامی لیژنەكان نییە، ئەم زاتە پێش ماوەیەك هەمان داوای لە دەستەی وەبەرهێنان كرد، لیژنە پێك بهێنرێت سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی لەیەكێك لە پرۆژەكانی بەرێزدا، ئەنجامی لیژنە و ناردنی كۆنووس بۆ دەستەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی ئەم زاتە نەبوو، ئەمجارەش كای كۆن بە با دەكات.

 

وەڵامی شەشەم/
كۆمپانیای بەرێز پەیوەستە بە ماستەر پلانی پەسەندكراو و مۆڵەتی پرۆژەكانی، وە لەهیچ پرۆژەیەكدا بچووكترین زیادەڕەویمان ئەنجام نەداوە و دڵنیاش بن هەرگیز ئەنجامی نادەین، وە هیچ زەوییەكی بازرگانیمان بەرامبەر بە فاملی مۆڵ نییە و دیارە ناتانەوێ‌ ناوی ئەو كەسە بهێنن كە خاوەنی ئەو زەوییە بازرگانیانەیە.

وەڵامی حەوتەم/
ئەم بەرێزە كە دوو خولە پەڕلەمانتارە و هەمیشە خۆی دەهاوێژێتە ناو ئەو لیژنانەی پەیوەندی بە وەبەرهێنان و لایەنی ئابووری هەیە، تا ئێستاش بەداخەوە نەك شارەزا نییە لەیاسای وەبەرهێنان و بڕیارەكانی كە تایبەت بەو یاسایە دەرچووە لە ئەنجومەنی باڵا، بەڵكو چەواشەكاری لای كاك عەلی بووە بە سوونەتی موئەكەدە” هیچ كام لەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی باسی دەكەیت لە خاڵی 7ی ڕاپۆرتە بێبنەماكەتاندا” بەرپرسیارێتی وەبەرهێنەر نییە، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتە دڵنیاشین كە ناتانەوێت بە دواداچوون بۆ هیچ كام لەو پرۆژانە بكەن كە حكومەت جێ بەجێی دەكات چونكە لە بەرژەوەندیتان نییە.

وەڵامی هەشتەم/
ئەم دوو بەڕێزە لەبەر ئەوەی حەسانەیان هەیە و سڵ لە یاسا ناكەنەوە، وا دەزانن شار بێ‌ میر و حاكمە تا وەبەرهێنەر ناوچەی دیاریكراو بۆ ڕووبەری سەوزایی بفرۆشێتەوە، تەحەدا دەكەین، لە یەك پرۆژەی نیشتەجێبووندا كۆمپانیاكەمان زیادەڕەوی كردبێتە سەر ڕووبەری سەوزای و قوربان ئەمجارەش بۆتان ڕاست دەكەینەوە كە باخچەو سەوزایی لە سەر ئەركی وەبەرهێنەر نییە و هیوادارین دەستەی وەبەرهێنان بێ دەنگ نەبێت لە سەر ئەم چەواشەكاریانەی بەرێزتان.

وەڵامی نۆیەم/
كۆمپانیای بەڕێز پەیوەست بووە بەو سایت پلان و نەخشە بنەڕەتیانەی بۆی دیاریكراوە و لە هیچ كام لە پرۆژەكانیدا گۆڕانكاری ئەنجام نەداوە و بۆ بەدرۆ خستنەوەی ئەم خاڵەشتان زۆربەی پرۆژەكانمان چەندین ساڵە تەواو بوون و بڕوانامەی كۆتاییشیان بۆ كراوە.

وەڵامی دەیەم/
دیسانەوە هەردوو پەڕلەمانتارەكە، ئەم وەڵامەشتان دوورە لە ڕاستی، پرۆژەكانمان بە پێی سایت پلانی پەسەند كراو جێبەجێكراوەو زۆربەیان ئیفراز كراون و هەموو یەكەكان ڕووبەرەكانیان لە ناو وێنەی تۆماری تاپۆدا دیاریكراوە.

وەڵامی یانزەیەم/
ماوەیەكی زۆرە، دابانی پەڕلەمانتار، هەڕەشەی بڵاوكرنەوەی ئەم خاڵە دەكات، بەڵگەكان بڵاو دەكەینەوە كە بۆچی بڕێك چیمەنتۆ بۆ پرۆژەكانی كۆمپانیای بەڕێز بە نرخی فرۆشتن بە هاوڵاتی دابینكرا، دیارە ئەم پەڕلەمانتارە نازانێت كە بەڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران هاوكاری بەشێك لە بەشداربووانی پرۆژەكانی كۆمپانیای بەرێزی پێكراوە لەبەر ئەوەی زۆربەی خانووەكانمان لە قەزاكان “بە بێ‌ پێشەكی و بەپێشەكییەكی كەم ” دراوە بە بەشداربووان، شەرەف مەندیشین كە لە پرۆژەكانماندا خانوو بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دروست كراون.

وەڵامی دوانزەیەم/
دیسانەوە خەڕەكە، نازانین مەبەستان كام سەرۆكی حكومەت و كام بەرپرسە؟ خۆزگە ناوتان بهێنایە، وەدڵنیاشین بۆچی ناتانەوێت ناوی بهێنن، خزمەتگوزاری ناو ئەم پرۆژانە لە سەدا سەد لە سەر حكومەت بوو، لە سەدا پەنجای خرایە سەر كۆمپانیاكەمان بە پێی فەرمانی كارگێڕی ژمارە 24188 لە 3-9-2012.
ئێمە بۆ بەرژەوەندی بەشداربووەكانمان گرێبەستی نوێی پرۆژەی ئاسوودەمان قبوڵ كرد، وە مافی خۆمانە هەر وەبەهێنانێك لە ناو پرۆژەكانماندا بكەین بە پێی مۆڵەت و سایت پلانی پەسەندكراو خۆزگە ئەم دوو زاتە یەك پرۆژەیان لە كوردستان بدۆزیایەوە كە بینای بازرگانی و چالاكی وەبەرهێنانی تیا ئەنجام نەدراوە.

 

وەڵامی سیانزەیەم/
هیچ پرۆژەیەكمان بەناوی تۆێژێكی دیاریكراو وەرنەگرتووە و ئەم ژمارەیەشتان هەڵە لێداوە ئەگەر ژمارە ڕاستەكەتان ویست دەتوانین بتاندەینێ‌ بەڵام دڵنیابن ناتوان ناوی ئەو بهێنن.

 

وەڵامی چواردەیەم/
گواستنەوەی بەشێك لە پرۆژەی نۆژین سیتی دەربەندیخان بۆ كەلار بەپێی ئەم بەڵگانە بووە كە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەی دەكەین، كە لە بەرامبەریدا پرۆژەی خزمەتگوزاریمان ئەنجامداوە و با مژدەشتان بدەینێ‌ هەموو خانووەكان فرۆشراون و لە ئێستاشدا یەكێكە لە پرۆژە هەرە باشەكانی ناحییەی ڕزگاری، ئەو وەبەهێنەرەش كە لەوێ‌ كار دەكات هاوبەشمانە لەم پرۆژەیەدا و هەژماری بانكی و ئەو گرێبەستانەش كە ئەنجامانداوە هەمووی بە ناوی كۆمپانیای بەرێزەوەیە و دڵنیاش بن لەم ماوەیەشدا پرۆژەیەكی نوێی دیكە لە كەلار دەست پێدەكەین.

لە كۆتایدا…
داوا دەكەین لە دەستەی وەبەرهێنان، ڕووی ڕاستی ئەم خاڵانە بە پێی گرێبەست و مۆڵەت و بەراییەكانی پرۆژەكانمان بخەنەڕوو وەسەر لەنوێ‌ لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر ئەو هەموو تۆمەت و تەشهیرەی بە ناڕەوا ئاڕاستەمان دەكرێت.
داواكارین ئەنجامی لیژنەكانی پێشووش ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بكرێت، ئەوەی كە ئێمەی نیگەران كردووە ڕاپۆرتی هەڵبەستراوی ئەم زاتانە نییە بەڵكو، ئەنجامی سكاڵاكانمانە لە دادگا كە ڕێگا نادەن كۆمپانیاكان داوای یاسایی تۆمار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ماددی و مەعنەویانەی لێمان دەكەوێت، چونكە بە پێی دواین بڕیاری دادگا لە تەمیزیش پەسەند كراوە و هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە دەڵێن كۆمپانیا سیفەتی مەعنەوی نییە و ناتوانێ‌ داوای قەرەبوو بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەولێر و بەغدا ڕێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە
پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەرچەندە تا ئێستا حكومەتی عیراق و هەرێم لەسەر نەوت و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی ڕێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە، بەڵام سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەڵێت: ” چاوەڕێ دەكرێت ئەم هەفتەیە پڕۆژە یاسای بودجە بە داواكاری كوردەوە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت”.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەڕلەمانی عیراق دواكەوتووە و هۆكارەكەشی ئەو خۆپیشاندان و دۆخەی ئێستای عیراقە، ئەگەر نا پێویست بوو زووتر ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا حكومەت بودجە بۆ پەڕلەمان ڕەوانە بكات.

وتیشی، “پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی داهاتوو بە داواكاری كوردەوە ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت حكومەتی عیراق ڕاپۆرتی خۆی تەواو بكات ئینجا هەرێم لەبارەی داواكاری كوردەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێندراوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، هەر كاتێك حكومەت ڕاپۆرتی خۆی تەواو كرد، لیژنەكەی ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات و داواكاری كورد لەو پڕۆژە یاسایەدا جێگیر دەكرێت، كە دواتریش بۆ پەسەندكردن ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت.

پێشتریش، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجە نەگەیشتۆتە پەڕلەمان.

وتیشی، “دوو هۆكاری كاریگەری لەسەر نەهاتنی بودجە دروست كردووە، یەكێكیان ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدایە، كە شاندی هەرێم بە نیاز بوون سەردانی بەغدا بكەن، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دواكەوت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هۆكاری دووەم، كە هۆكاری سەرەكییە، بریتیە لەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی پەڕلەمان وحكومەت دەریان كردووە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران، پێویستی بە تەرخانكردنی بودجە هەیە، بۆیە حكومەت دەبێت بە پڕۆژە یاسای بودجەدا بچێتەوەو جارێكی دیكە ئامادەی بكاتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە وەڵامی خۆپیشاندەران لەناو پڕۆژەكە جێبكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، “لە ئێستا ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستیپێكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ڕەوشی سیاسی عیراقەوە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و ناوەند سیستی تێكەوتووە”.

بەپێی یاسای ساڵی 2019 پشكی هەرێم بە 12.67% دیاری كرابوو بەو مەرجەی ڕۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بكات، لە ئەگەری ڕادەستنەكردنیشی بڕی 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 67 ملیار بۆ پێشمەرگە ڕەوانە دەكرێت، كە مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا نێردرا، بەڵام ئاڕاستەیەك لە پەڕلەمان و شەقامی عیراقی دروست بووە، كە لە بودجەی ساڵی 2020 ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەكات هیچ پارەیەك بۆ هەرێم نەنێردرێت، ئەمەش نیگەرانی لای فەرمانبەران دروست كردووە.

لای خۆشیەوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، كە گفتوگۆكان بۆ پەسەند كردنی بودجە دەستی پێكردۆتەوە، كە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دواكەوت.

جەختیشی كردەوە، كە بە زووترین كات ڕەوانی پەڕلەمانی دەكەن بۆ پەسەند كردنی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

زانیاری نوێ‌ لەسەر خانەنشینی فەرمانبەران ئاشكرادەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق گرنگترین خاڵەكانی ناو هەمواری یاسای خانەنیشنی فیدڕاڵی عیراق ئاشكرادەكات و دەڵێت: “ژمارەیەكی زۆر دادەمەزرێنرێن” و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم-یش جەختدەكاتەوە، كە پشتیوانی لێ‌ دەكەن و لەكاتی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەوا لە هەرێم-یش جێبەجێ‌ دەكرێت.

حسێن عقابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (سۆمەریە نیوز)ی ڕاگەیاندووە، خواستێك هەیە بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی بە شێوەیەك، كە خزمەت بە گەلانی عیراق بكات و بۆ ئەوەش گفتوگۆكان بەردەوامن لەنێوان لایەنە سیاسیەكان تاوەكو یاساكە بەجۆرێك پەسەند بكرێت، كە خواستی زۆرینەی هاووڵاتیان دابین بكات.

ڕاشیگەیاندووە، كە ئاڕاستەیەك هەیە لەناو پەڕلەمان، كە دەیەوێت ساڵی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ كەمبكاتەوە و هەروەها خانەنشینی ئارەزوومەندانە بكاتە 45 ساڵی.

ئاشكراشی كردووە، كە كاردەكرێت بە ئاڕاستەی ئەوەی فشار لەسەر حكومەت بكرێت، كە كەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینی زیادبكرێت بەجۆرێك لە 600 هەزار دینار كەمتر نەبێت لەكاتێكدا ئێستا 400 هەزار دینارە.

لای خۆیەوە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی وت، “پەڕلەمان دووەم خوێندنەوەی بۆ یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق كرد و دەرگای گفتوگۆكردنی كردەوە بەر لە دەنگدان و پەسندكردنی، كە لە پڕۆژە یاساكەدا كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 600 هەزار دینار دیاری كراوە و ئەوانەشی 15 ساڵ بەسەرەوە خزمەتیان هەیە و تەمەنیان كەمتر نییە لە 45 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن”.

وتیشی، “پێشنیاری ئەوەشكرا، كە كەمترین مووچەی خانەنشینی ببێتە 700 هەزار دینار و یان كەمتر، بەڵام ئەمانە هەمووی قسە و باسی لەسەر كرا، هەروەها پەڕلەمان كۆتایی بە گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان هێنا”.

هاوكات، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بە دەرچوونی هەمواری یاسای خانەنشینی هەلی دامەزراندن بۆ بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس دەڕەخسێت.

لە 9ی ئەم مانگەدا پەڕلەمانی عیراق خوێندنەوەی بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدڕاڵی ساڵی 2014 ئەنجام دا و بەپێی هەموارەكە هەر فەرمانبەرێك تەمەنی گەیشتە 60 ساڵی خانەنشین دەبێت و هەر فەرمانبەرێكیش خزمەتی سەروو 15 ساڵی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات.

هەر بەپێی پڕۆژەكە، لەكاتی خانەنشین بووندا فەرمانبەرەكە پاداشتی وەزیفە (ئیكرامی) بە بڕی كۆی مووچە و دەرماڵەی 12 مانگ وەردەگرێت.

لای خۆشیەوە، حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاندووە، پشتیوانی لە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەكەین و وتیشی، “كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوون لە 63 ساڵ بۆ 60 ساڵ دەرفەت دەبێت بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بە تایبەت كەوا دەرفەتی دامەزراندن كەمبۆتەوە، بۆیە خانەنشینكردن بە 60 ساڵی و بە مووچەیەكی شایستە كارێكی باشە و پشتیوانی لێ دەكەین”.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی هەمواری یاسای خانەنشینی عیراق لە هەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل وتی: “ئەگەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچوون، ڕێككەوتنێك بكرێت بە تایبەت لەسەر بودجەی 2020، ئەوا یاسای یەگرتووی خانەنشینی عیراق و ئەو هەموارەشی كە دەكرێت، بە دڵنیایی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە”.

ئێستا ساڵانە نزیكەی 5 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان خانەنشین دەبن. بە وتەی بەرێوەبەری گشتی خانەنشینی، “كاتێك تەمەنی خانەنشینی كەم دەكرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوكات لەبری ئەوەی 5 هەزار كەس خانەنشین بكرێن، نزیكەی 20 هەزار كەس خانەنشین دەكرێن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان