ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

لەناو تاریکییەکی گەورەدا ھەندێک دەلاقەی ڕۆشن: کورد لە جیھاندا

د.مەریوان وریا قانع

 

ئەوەی ئەمڕۆ سەیری ئەو وێنە و دیمەنانە بکات کە بۆ مەسەلەی کورد لە ئاستی جیھانیدا دروستبووە، بە بەراورد بە ساڵە درێژەکانی سەدەی بیستەم، ھەندێک گۆڕانی گرنگ و بنەڕەتیی دەبینێت، کە دەشێت وەک ”وەرچەرخان“ لە دۆزی کوردا وێنابکرێت. ئەوەی دەبینرێت دروستبوونی وێنەیەکە زۆر جیاواز لەو غیاب و ”بۆشاییە گەورەیە“ی بە درێژایی سەدەی بیستەم لە ئارادابووە.

بەشێوەیەکی گشتیی لە سەدەی بیستەمدا ”مەسەلەی کورد“، مەسەلەیەکی وون و نەناسراو و نەبینراو بوو، کێشەی کەمینەیەکی گومناوی ناو سنوورەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. لە ئاستی جیھانیدا شتێک نەبوو بەناوی ”گێڕانەوەی کوردییەوە“، Kurdish narrative، بێدەنگیەکی گەورە ھەبوو لەناو ئەو ڕووبەرە گەورەیەی قسەکردن و گێڕانەوەیەدا کە لە جیھاندا ئامادەبوو. فۆرمە جیاوازەکانی بێدەنگکردن و نەبوونی زمان و نەبوونی وێنە، دەرنەکوتن و نەبینین فۆرمی ئامادەگیی ئەم میلەتەبوو لە جیھاندا.

کورد کەمینیەکی وون و نەناسراوی ناو دەوڵەتانی ناوچەکە بوو. ژیان و بەسەرھات و ڕووداوەکانی بزر و بێگوتار بوو، بە دەگمەن نەبێت ھیچ شتێکی، تەنانەت کارەساتە گەورەکانیشی، سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تێنەدەپەڕاند کە لەناویاندا نیشتەجێبوو.

بەڵام ئەم دۆخە لە ئێستادا گۆڕاوە، ئەمڕۆ وێنەیەکی کورد لە جیھاندا ئامادەیە کە لای زۆرینەی خەڵک بینراو و ناسراوە. ئەم وێنەیە ھەم نوێیە و ھەم تەنھا وێنەی کەمینەیەکی ئەتنی غەدرلێکراو و چەوساوە نییە، بەڵکو وێنەی میلەتێکیشە بڕیاریداوە نەتوێتەوە، وێنەی شوناسێکە دەیەوێت ھەبێت و بژیی، وێنەی مافێکە بەدوای شوێنی خۆی لە جیھاندا دەگەڕێت.

ھەموو ئەمانە لە فۆرمی تەحەدایەکی گەورەدا دەبینرێن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا دەژی. ئامادەگیان وەک میلەتێکی بێماف، وێناکردنیان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی، یان مامەڵەکردنیان وەک کەمینەیەک کە پێویستە کۆنترۆڵبکرێن، بڕ و ڕادەی ئەو تەحەدایانەی بۆ ڕەوایەتی ئەو سیستمە سیاسییانە گەورەتر کردوە کە لە ناوچەکەدا ھەن و دروستکراون.

لە دەساڵی ڕابردووشدا دەرگیربوون لەگەڵ داعشدا، وەک ڕایدکاڵترین ھێزی ئیسلامی سیاسیی و ئۆرگانێک کە تێرۆر جەوھەرەکەی دەستنیشاندەکات، یان وەک ھەڕەشەیەکی گەورە ھەم لەسەر ناوچەکە و ھەم لەسەر جیھان، وێنەیەکی تری بۆ کورد دروستکردوە کە ئەویش دیسانەوە وێنەیەکی پۆزەتیڤ و مانادارە. وێنەی کورد وەک میەلتێک کە ڕادیکالیزمیی دینیی قبووڵ نییە و ژنەکانیان وەک پیاوەکانیان توانای بەرەنگاربوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی پەڕگیریی دینیی و نادینیان ھەیە و پارێزگاریی لە پلورالیزمی دینیی و فەرھەنگیی و سیاسیی دەکەن.

ئەم وێنە تازەیە وێنە باڵادەستەکەی ناو ڕای گشتیی و ناو بەشێکی گەورەی میدیا و ناو کۆمەڵگای مەدەنیی بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیھانە. بەڵام ئەوانەی شارەزایی زیاتریان لە مەسەلەی کورد و ھێزەکانیدا ھەیە، ئەوانەی لە نزیکەوە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەناسن، ئاگاداری دیوە تاریک و ناشیرینەکانی مەسەلەی کوردن. ئاگاداری ئابوریی مافیایی و ئەخلاقیاتی جەردەیی و کوشتن و بڕین و تاڵانیی و گەندەڵیی ھێزە باڵادەستەکانن، بەتایبەتی ھێزە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان.

ڕووکارە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی ئەم سیاسەتە دەناسن، بەو دابەشبوونە ناوەکییە گەورانەش ئاشنان کە ھێزە جیاوازەکانی ئەم مەسەلەیەی، ھەم کردوە بە دوژمنی یەکتر و ھەم ھەریەکێکیانی فڕێداوەتە باوەشی یەکێک لە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە.

لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا ناکۆکیی گەورە و قووڵ و ھەمەلایەن ھەیە کە ڕەگەکانیان لەناو سیاسەتی کوردیی خۆی و ئاکاری ھێزە باڵادەستەکانیدایە، نەک لە ناو شێوازی وێناکردنی دونیای دەرەوەدا بۆ مەسەلەی کورد. یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی مەسەلەی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا کۆتاییھێنانە بەم ناکۆکییە ناوەکییە، کۆتایھێنانە بە ناکۆکیی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی میلەتێک کە تەسلیم نابێت و بەرگریی لەخۆی و شوناسەکانی دەکات، لەگەڵ ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانیدا، وەک ھێزی سوڵتانیی مافیایی نادیموکراس و کورتبین.

بەردەوامبوونی ئەم ناکۆکییە ھەموو مانایەک لە مەسەلەی کورد لەم سەدەیەشدا، دەسێنێتەوە. سەرلەنوێ داڕشتانەوەی مەسەلەی کورد لە دەرەوەی لۆژیکە سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییەکانی سیاسەت و لە دەرەوەی فۆرە جیاوازەکانی پەڕگیری دینیی و ئەتنیی و ئایدیۆلۆژییدا، ئەو تاقە ڕێگایەیە کە دەبێت لەم سەدەیەدا بیگرینە بەر. لەدەرەوەی ئەم ڕێگایەکدا ھیچ شتێکی تر بوونی جگە لە تاریکیی، تاریکییەکی گەورەش.

وتار

لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆدا

پارێزەر- لوقمان مصطفی صالح

هه‌موو ساڵێك به‌روارى ١٧ى تشرینى دووه‌م، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆیە و ساڵانە زیاترلە چەندین کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ لە جیهاندا گیان لە دەست دەدەن،ڕۆژی جیهانی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ ساڵانە لە ١٧ی تشرینی دووەم یادی دەکرێتەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی قوربانیانی هاتوچۆ، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ‌ پشووه‌ و ڕێنوێنی ده‌گه‌یه‌ننه‌ هه‌موو خاوه‌ن ئۆتۆمبیڵێك.هەر بەبۆنەی ئەم یادەوە بە گرنگی دەزانم تیشکێک بخەمەسەر شۆفێری و کاری شۆفێری، یاساکانی ئەم بوارە گرنگە،کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی هەر یەکێکمانەوە هەیە.

کاری شۆفێری لە ژێر ڕۆشنایی وڕێنومایی وپەیڕەو کردنی یاساکانی هاتوو چۆودا، بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وەک شۆفێرێک هه‌ڵسوكه‌وتێكی شارستانی و ئاكارییه‌،واته‌ شۆفێری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئاره‌زوو هونه‌ر وره‌وشته‌، پێویسته‌ پابه‌ندی لێخوڕینیێكی ته‌ندروستانه‌ بكرێت، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گونجاوترین رێگا بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنی مه‌به‌ست به‌ سه‌لامه‌تی هه‌روه‌كو ده‌وترێت (درەنگ بگەی باشترە لەوەی کە هەرنەگەی). چونکە لەزۆربەی هەرە زۆری ڕوداوەكاندا شۆفێر بە هۆكاری یەكەم دەزانرێت، بۆیە پسپۆران‌ و شارەزایانی بواری هاتوچۆ چەندین توێژینەوەی زانستی جیاجیایان كردوە سەبارەت بە شۆفێر‌و کاری شۆفێریكردن ‌و ئەو مەرجانەی كە پێویستن بۆ شۆفێریكردن، لەوانە :- پێویستە شۆفێر لەڕوی جەستەوە جەستەیەكی ڕێك‌و بێ‌ كەموكوڕی هەبێت بۆئەوەی لەكاتی پێشهاتەكاندا بتوانێت بەزویی وەڵامدانەوەی هەبێت، هاوكات پێویستە لەكاتی شۆفێری كردندا هەموو بیرو هۆشی لەلای ڕێگاوبان‌و ئۆتۆمبیلەكەی بێت، خاڵێكی دیكە ئەوەیە پێویستە شۆفێر دڵنیابێت لە توانای شۆفێریكردنی خۆی‌و بەتەواوی لەوبوارەدا شارەزا بێت، ئینجا شۆفێری بكات بەتایبەتی لەسەر ڕێگای خێرا ‌و دەرەوەی شارەكان‌و لەهەموو گۆڕینێكی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیلدا هێمای تایبەت بەكار بهێنێت.كاتێك شۆفێری شارەزاو بەتوانا شۆفێری دەكەن، جگە لەو خاڵانەی باسكران هۆكاری دیكە كاریگەری دەبێت بۆسەریان‌و زۆرجار دەبنە هۆكاری ڕوداوەكان، ئەوانیش: – چاوكزی یان باش نەبیستن، هاوكات ماندووبون‌و ترس‌و مێشك هیلاكی یان خەواڵو بون، لەهەموشی مەترسیدارتر كاریگەری مادە هۆشبەرەكانە لەكاتی شۆفێری كردندا.

شۆفێر گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی هۆیه‌كانی هاتوچۆ و گواستنەوەدا بۆیه‌ پیویسته‌ شۆفێر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تیابێت كاتیك كه‌ شۆفیری ئه‌كات.
– 1 ئه‌بێت له‌روی توانای دەروونیەوە ته‌واو ئاماده‌بێت بۆ شۆفێری کردن.
– 2  ئه‌بیت له‌ڕوی هه‌ست كردن به‌ ئەگەرە‌ نه‌خوازراوه‌كان به‌ردەوام به‌ ئاگابێت.
– 3  پێویستە شۆفێر لەوپەڕی هۆشداریدا بێت.
4 – شاره‌زا بێت یان کەمێک شارەزایی له‌ چاك كردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل هەبێت.
5 – ئه‌بێت ڕێنمایی هه‌موو سه‌رنشینه‌كان بكات بۆ به‌جێهێنانی ڕێنماییه‌ پێویستەکان.وه‌ك (به‌كارهێنانی پشتوێنی سه‌لامه‌تی، دانیشتن بەشێوازێکی سەلامەتخوازانە، زۆر قسەنەکردن لەگەڵ شۆفێر)
– 6 دلنیابونه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ پێش هاژوشتنی، وه‌ك (تایه‌كان ، ده‌رگاكان ، ئاوێنه‌كان ،پاتری ، فڵچه‌كان) وه‌ گرنگترین به‌ش كه‌ ئه‌بێت ئاگاداری بیت ئه‌وه‌یه‌ دلنیابێت له‌ مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و دڵنیابێت ڕادێته‌ر ئاوی لێنەچێت، یاخود پلاكی توانای کارکردنی ماوە هەروەها مه‌كینه‌كه‌ی ڕۆنی لێنەچێت.
-7 پێویسته‌ شۆفیر ئاگاداری ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆبێت و شاره‌زابێت له‌ ناسینه‌وه‌ی هێماكان و وه‌ پێویسته‌ ته‌واو گرنگی بدات به‌ هێڵه‌كانی سه‌ر شەقامەکان و ئاماژەکانی پۆلیسی هاتوچۆ و ترافیک لایت.بەپێی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ پێویسته‌ ڕه‌چاوی خێرایی بكرێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان چ لەناوشارویاخود دەرەوەی شار،بۆ نمونە:-
نـاوشـار:
40 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی قاتره‌ و مقتوره‌
60 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت،له‌ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی چڕو خوێندنگاو به‌رده‌م مزگه‌وت و سوپه‌رماركێت و ڕِیستۆرانته‌كان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ دائه‌به‌زێت بۆ 40 تا 15 كم/ كاتژمێر.
ده‌ره‌وه‌ی شـار/
60 كم/ كاتژمێر بۆ قاتره‌ و مقتوره‌.
70 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی بارهه‌ڵگر
80 كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی پاص و ته‌كسی.
100كم/ كاتژمێر بۆ ئوتومبێلی تایبه‌ت.
-گرنگه‌ جیابكرێیته‌وه‌ به‌ ڕه‌وشت و چێژ له‌كاتی شۆفێری كردندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناو خێزان و خانه‌واده‌كه‌تدا هه‌ته‌… تۆ وه‌ك شۆفێر پێویسته‌ ڕه‌وشت به‌رزو ڕاگری هه‌ستی ئه‌وانی تر بیت كه‌ شه‌قام به‌كارده‌هێنن وه‌ك ( شۆفێرانی تر، پیاده‌و شۆفێری ماتۆڕسكیل و پاسكیل ).. كاركردن به‌ ڕه‌وشت له‌سه‌ر شه‌قام شۆفێرییه‌كی سه‌لامه‌ت بۆ هه‌مووان به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

ئەگەر شۆفێر پێچەوانەی یاساکانی هاتوو چۆ رەفتاری کرد ئەوەیاسای هاتووچۆ ياسای ژماره‌ (86)ی ساڵی 2004 مادە٢٤ بە پێی ئەو یاسایە واتە یاسای سزادانی عێراقی سزادەدرێت.

مادده‌ی بيست و چوار
برگه‌ی یه‌که‌م…
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سك له‌ئه‌نجامی لێخورینی ئۆتۆمۆبێل بێت به‌ ره‌چاونه‌کردنی یاساکان وسیسته‌مه‌ تۆمارکراوه‌ تایبه‌ته‌کان ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له ‌(٥) پێنج ساڵ که‌مترنه‌بێت وله‌ (٧) حه‌وت سال زیاتر نه‌بێت ،يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٠٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن دینار که‌مترنه‌بێت و له‌ (١٥٠٠٠٠٠)یه‌ک ملیۆن وپێنج سه‌دهه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت ، يان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی دووه‌م…
ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت ئه‌و تاوانه‌ی که‌ له‌ برگه‌ی (١)دا باسکراوه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی مردنی که‌سێک زیاتر(واته‌ دوو که‌س) له‌ئه‌نجامی لێخورینه‌که‌ وه‌یان مردنی که‌سێك وگه‌یاندنی ئازار یان نه‌خۆشی گه‌وره‌ یان دووچاری ده‌ردوو به‌ڵاو په‌که‌وته‌یی به‌ یه‌ک که‌س زیاتر بگه‌یه‌نێت ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن (سجن)له‌(٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (١٥٠٠٠٠٠) یه‌ک ملیۆن پێنج سه‌د هه‌زار دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٣٠٠٠٠٠٠) سێ ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت ، یان هه‌ردوو سزاکه‌.
برگه‌ی سێ یەم……
ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێک له‌ئه‌نجامی لێخورینى ئۆتۆمۆبێل (هەرئۆتۆمۆبێلێک)بە پشت گوێ خستن یان گوێ نەدانە رێنماییەکان وه لەژێر کارى سەرخۆشى یان بێهۆشى دابن وەیان لەکاتى ڕووداوەکەدا شوفێره‌که‌ هەڵبێت(ڕابکات)بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى تایبەتمەند بەڕووداوەکە ئاگاداربکاتەوە ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن‌ (سجن) له‌ (٧)حه‌وت ساڵ که‌متر نه‌بێت و له‌ (١٠)ده‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له‌ (٣٠٠٠٠٠٠)سێ ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
برگه‌ی چواره‌م…
ئەگەردواى ئەوەى کەڕووداوەکە ڕوویدا هەروەک لەبڕگە (٣)هەمان ماددەدا هاتووە ئه‌وکه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ هۆى مردنی که‌سێك زیاتر(لە دووکەس بەرەو سەرەوە) وەیان مردنى کەسێك وگەیاندنى ئازار یان نەخۆشى گەورە یان دووچارکردن بە دەردوو بەڵاو نەخۆشى جەستەیى تا پلەى پەککەوتن بەکەسێک زیاتر ‌ئه‌وا سزا ده‌درێت به‌ به‌ندکردن ‌(سجن) له ‌(١٠)ده‌ سال که‌متر نه‌بێت و له‌ (٢٠)بیست‌ سال زیاتر نه‌بێت ، يان به‌ غه‌رامه‌يه‌ك كه‌ له ‌(٥٠٠٠٠٠٠) پێنج ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌ (٧٠٠٠٠٠٠)حەوت ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.

لەگەڵ بونی یاساو سزایەکی لە چەشنەشدا هێشتا بەبەردەوامی بە هۆی کەمتەرخەمی شۆفێرانەوە و پابەند نە بوونیان بە یاساکانی هاتووچۆوە خراپی ڕێگاوبانەکانەوە ڕۆژانە مەرگی ئازیزانمان دەبینین،لەگەڵ ئەوەشدا داواکاران بە مافی کەسی  واتە کەس وکاری تاوان لەسەر کراو‌‌   لە بەر تانەو لۆمەی خەڵکی یان لەبەر خاتری گیان لەدەستدانی ئازیزەکەیان و بۆ ئەوەی ڕووحی شاد بێت،وەک خێروو سەدەقەیەک بۆ مردووەکەیان لەکەسی تاوانبار خۆش دەبن،لەم حاڵەتەیشداهیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ(ردع الغیر) واتە لەم حاڵەتەدا ئەوەی لە هێزی یاساکە کەم دەکاتەوە ئەو لێخۆشبونەیە کە کەس وکاری تاوان لەسەر کراوە بە  شێوە یەکی تر یاساکە پێشێل دەکەنەوە.!

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

گرانیی بەنزین وەک بیانووی خۆپیشاندانەکانی ئێران

هەردی مەهدی

دەمێکە خەڵک ناڕازییە و تەنها لە ساڵێکدا، هەزار خۆپیشاندانێک و گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکان، لە خاوەن پارەکانی بانکەکان، خوێندکاران، مامۆستایان و کرێکاران ڕویانداوە(بەدانپیانانی ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆ) بەڵام ڕوماڵی میدیای ئێران و بێسەرکردەیی ناڕەزایەتییەکان خامۆشی کردوونەتەوە. دۆخی ئابووریی ئەوە هەر باس ناکرێت و چوونەدەرەوەی پارەی ئێران بۆ سوریا، لوبنان و یەمەنیش با بوەستێت.
بەڵام یەکێک لە کێشە هەرە قوڵەکانی ئێران ، کە قەیرانێکە و لە 2009ەوە درێژەی هەیە، ئەوەیە هەڵبژاردن و هەڵبژێردراوەکانی ناو پرۆسەکە و زمامدارانی ئومور، ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی دەنگدەران بن(بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی عێراق و گومان لە هەڵبژاردنی و تەوزیعی کورسییەکان)، لەبەر دوو هۆی سەرەکی:
1. شورای نیگەهبان (ئەنجومەنی پاراستنی دەستور) مافی ئەوەی هەیە هەموو کاندیدەکان پاڵفتە بکات، بۆیە چەند هەڵبژاردنی دوایی ڕێژەی کاندیدی ڕەتکراوەی سەرۆکایەتی و شارەوانی و پەرلەمان چەند بەرامبەری ڕێگەپێدراوان بوون. بەمەش دەستی یەکی کاندیدی خەڵک ڕەتکرانەوە و ناچار خەڵک لەنێوان خراپ و خراپتردا هەڵیان دەبژارد. خودی ڕۆحانی ئیسڵاحی نەبوو، بەڵام لە بێکەسیدا خاتەمی کردییە کاندیدی خۆی.
2. لە دوای 2009ەوە دەوڵەت و نیزام بە خەستی خەریکی لادان و کۆتکردن و دەسگیرکردنی نەیارە ناوخۆییەکانێتی، شۆڕش لەم ساڵانەدا زۆر سەرقاڵی خواردنی کوڕەکانی خۆی بوو.
3. جیا لەمانەش خودی دەستور شیعەمیحوەری دوانزە ئیمامییە و ویلایەتی فەقیهیش لەسەروو ئەوەوە، هەر کاندیدێک دەبێت وەلای بۆ ئەو بنەمایە هەبێت نەک تەنها شیعەبێت ئەبێت ئینقلابیی و ئیسلامییش بێت. ئەمە ئۆتۆماتیک کاندیدە غەیرە لایەنگرەکانی ئەم بۆچوونە ڕەتکدەکاتەوە و مافی بەشدارییان پێنادات.
4. ئیتر با جیاکارییە نەتەوەیی و زمانیی و ئاینیی و ئاینزاییەکانی دیکەش بووەستێت.
ئەمانە و فشارە دەرەکییەکان شەرعییەت و نوێنەرایەتی لاوازکردووە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ بە هەڵبژاردنەوە شانازی بکات، چونکە لە بنچینەدا کاندید و بەرپرسانی ئێستای حکومەت و پەرلەمان نوێنەری نوخبەی حاکم و خامەنەیین نەک نوێنەری پلەیەکی خەڵک.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئەمریکا- تورکیا 

بورهان محەمەد فەرەج

پەیوەندی نێون ئەمر یکا و تورکیا پەیوەندیەکی نوێ نیە ،بەڵکو تاڕادەیەک مێژینەیە لەناوچەکەدا ،لە دوای روخانی دەوڵەتی عوسامانیەوە کەمالیستەکان ھێدی ھێدی تێکەڵ بە کەڵتورو سیاسەتی رۆژئاوا بوون پەیوەندی و بەرژەوەندیاکانیان لە مەڕ ئابووری ،سەربازی….. تاد. تێکەڵ بەوان کرد.

ئەمریکاش گرنگیەکی زۆری بەتورکیا داوە بەتایبەت لەڕوی ئابووری و سەربازیەوە لەدەرچەی ھاوپەیمانی ناتۆ وە بەرانبەر بەو وڵاتانەی لە ھاوپەیمانی وارشۆ بوون لە بلۆکی یەکێتی سۆڤیەتدا .

رۆڵی تورکیا وەک ھاوپەیمانێکی بەھێزی ئەمریکا ھەژماردەکرا دژ بە شورەوی ،بەتابەت لەدوای رۆخانی رژێمی شاھنشاھی لەئێران کە ئەو کات شا بە پاسەوانێکی بەھێزی کەنداو ھەژماردەکرا ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا رۆڵی گەورەی بینی لەناوچەکەدا.

ھەرچەندە تورکیاو ئێران وەک دوو دەوڵەتی دژ بەیەک مێژوویەکی کۆنیان ھەیە لەشەڕی چاڵدێرانەوە تاێیستا ئەو برینانە خۆش نەبونەتەوە ، ھەر دوو دەوڵەت خۆیان بە وارسی سەفەوی و عوسمانی دەزانن. بەڵام ئەمریکا ھەریەکەیانی بەشێوازێک بەکار دەھێنا لەکاتی پێویستدا، بەتایبەت ھاتنەسەر دەسەڵاتی« Akp »بۆسەر کورسی حوکم بەردەوام خۆی وەک دەمڕاستی دەوڵەتانی ئیسلامی ھەژمار دەکرد.

ھەرچەندە زۆرێک لەو دەوڵەتانە بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتە عەربیەکان ئەو نەزعەی ئۆردۆگانیان پێ قبوڵ نەبوو، بەڵام تورکیا ھەندێکی بە لاساری و زۆرە ملێ جێبەجێ دەکرد،وەک چۆن ئێرانیش خۆی بەنوێنەری شیعە گەرای ناوچەکە زانیوەو پەلی خۆی ھاویشتووە بەھەمان شێوەی تورکیا دەستی وەرداوەتە رەنگڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە،بەڵام ئێران و تورکیا ھەردووکیان وەک دیفاکتۆ کاریگەریان لەسەر روداوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەبوو و ھەیە بەئێستاشەوە.

بەڵام تورکیا لەھاوکێشەکاندا بەرانبەر بە ئەمریکا متمانەی بەخۆی ھەبووە، بەتایبەت لەڕووی جیوپۆلۆتیک و بەھێزیی سوپاگەورەکەیەوە ،کە دووەم سوپایە لەریزی ھاوپەیمانی ناتۆدا،ھەمیشە ئەو دوو فاکتەری کردۆتە فشارو داردەستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکادالەمفاوەزاتەکاندا.

بەردەوام ئەوروپا و ئەمریکا رەخنەو سەرنجیان لە دەوڵەتی تورکیا ھەبووە بەتایبەت لە دۆسیەی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی ،ئەم فاکتەش پێشمەرجی ئەوروپا بووە بۆ وررگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا .ھەرچەندە ھەندێک ھۆکاریتریش ھەن لەپشتپەردەوە بەتایبەت پەیوەندی بەقوڵا رەھەندی ئیسلام و ئیسلامگەراوە ھەیە، کارێکی سانانیە دەوڵەتێکی ئیسلامی بچێتە نێو ئەوروپاوە.
جگە لە چەندین نیگەرانی تری ئەمریکا و رۆژ ئاوا لەتورکیا ھەن وەک :

١- نیگەرانیەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تورکیا ھەر لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد.بەتایبەت ئەوکات بواری سوپای ئەمریکاو ھاوپەیمانانی نەدا قائیدەی ئەنجەرلیک بەکار بێنن و لە خاکی تورکیاوە بێزەکانیان بچنە نێو خاکی عێراقەوە.

٢- نیگەرانی ئەوروپاو ئەمریکا لەسەر دۆسییەی کوردو مافی مرۆڤ ھۆکارێکیتر بوو.

٣- جیاوازی دیدو بۆچونیان لەسەر مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ سوریا بەگشتی( رژێمی ئەسەد،رۆژئاوا،داعش )

٤- نیگەران بوو لە دەستێوەردانی تورکیا بۆ ناوچەی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی جێبەجێکردنی پیلانی بیرۆکەی داود ئۆگلۆ وەک ئەوەی لەکتێبی ( العمق الستراتیجی) ەکەیدا ھاتووە بەتایبەت سەرتاتکێی ئۆردۆگان لە رووداوەکانی بەھاری عەربیدا بۆ میسر و لیبیا….تاد.

٥- ئەمریکا نیگەران بوو لە قوڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا لەبواری ئابووری و تەکنەلۆژیای سەربازی دا.

٦- داکۆکیکردنی ئۆردۆگان لە سیاسەتی ئێران بەرانبەر عەرەبستانی سعودیە بەتایبەت لە سەر ھێرشەکەی ئێران بۆسەر کێڵگە نەوتیەکانی ئارمکۆ.

ئێستاش نەک تەنھا کورد بەڵکو عەرەب بەگشتی میسر ،سعودیە…..تاد ناڕازین لە سیاسەتی تورکیا، ئەوەبوو کۆمکاری عەرەبی لەدوا کۆ بوونەوەی خۆیدا ئیدانەی سەرکێشێکەی تورکیان کرد بۆ سەر رۆژئاواو سوریا.
ئێستاش زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتان و گەلانی دونیا دژ بەسیاسەتی تورکیان و رۆژانە خۆپیشاندان دژ بەتورکیا دەکرێت، بەڵام ئێستا کێشەکانی ئێران لە ئەولەوێتی ئەجیندەی کارەکانی ئەمریکایە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆیە نایەوێت لەم ھەلومەرجە ھەستیارەدا لەگەڵ دوو دەوڵەتی گەورەی چەقی کێشەکان لەیەککاتدا قەیران درووست بکات بەتایبەت ئێستا لەسەر دۆسێیەی عێراق و لوبنان کاردەکات دژ بەئێران،
سەرنجام بەرژەوەندی بریاری مانەوەو گەشەپێدانی پەیوەندیەکانن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان