ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات”

خەڵك – بەشی هەواڵ

لێپرسراوی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكرێت سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت.

فارس عیسا لێپرسراوی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە پێشتر بڕیاردرابوو شاندێكی وزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات ڕۆژی سێ شەممەی هەفتەی ڕابردووش بۆ سەردانەكە دیاریكرابوو، بەڵام بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە بەغدا دروستبوو سەرقاڵی لێپرسراوانی حكومەتی عیراق بەودۆخەوە سەردانی شاندەكەی هەرێم دواخرا بۆ ئەم هەفتەیە.

فارس عیسا وتیشی: “چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا شاندەكەی هەرێم سەردانی بەغدا بكات ئەویش دوای ئامادەیی بەرپرسانی حكومەتی عیراقی و گەڕانەوەی وەزیری دارایی حكومەتی عیراق كە ناوبراو لەئێستادا لە دەرەوەی وڵاتە و چاوەڕواندەكرێت لەدوو ڕۆژی داهاتوو بگەڕێتەوە و پێویستە شاندەكەی هەرێم لەگەڵ ئەویش گفتوگۆ بكەن”.

لێپرسراوی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاشكراشیكرد، “حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی بودجەی خەمڵێنراوی بۆ ساڵی 2020 بۆ ئێمە ڕەوانە كردووە وەكو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا تا ئێمەش بیدەینە حكومەتی عیراق و بەرچاو ڕوونی هەبێت بۆ گفتوگۆكان لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو ئەو داهاتەی هەرێمی كوردستان پێویستیەتی”.

کوردستان

حاكم قادر: دەبێت گرێبەستەكانی نەوت و داهاتەكەی ئاشكرا بكرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی یەكێتیدا وتی”پێویستە گرێبەستەكانی نەوت و گاز و داهاتەكانیان شەفاف بن و داهاتەكانیان بخرێنەڕوو نەك بە تەنها لای چەند كەسێك بێت”.

حام قادر دەشڵێت”نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەركی پەڕلەمانە بە هاوكاری لەگەڵ شارەزایان و پسپۆڕان لە بوارەكاندا و پێویستە بە سازان بنوسرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەستوور پەیوەندی بە هەموو خەڵكەوە هەیە، نەك تەنها دەستورێك بۆ حزبێك و ئەو حزب بێت.
ڕاشیگەیاند، یەكێتی هەوڵی داوە ڕەوشی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، كەركوك شاری پێكەوە ژیانی هەموو پێكهاتەكانە بە كورد و عەرەب و توركمان و ئاشوری و كلدانییەكانەوە.
ناوبراو داوای دابینكرنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سەروەری یاساشی لە هەرێمی كوردستان كرد، لەگەڵ بنەبڕكردنی گەندەڵ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئاسایشی سلێمانی، سزادانی 6 كەسی ڕاگەیاند

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئاسایشی سلێمانی سزای شەش تاوانباری ڕاگەیاند كە بەپێی ماددەی 14ی هۆشبەر دەستگیركرا بوون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەمەبەستی نەهێشتن و بنبڕكردن و بازرگانی پێكردنی هەموو جۆرە مادەیەكی هۆشبەرو هەرجۆرە كارێكی نایاسایی، هێزەكانمان توانیان لەڕۆژانی 22-4-2019 تا ڕۆژی 8-7-2019 بەبڕیاری دادوەر، لەپارێزگای سلێمانی شەش كەس بەپێی ماددەی ( 14 مخدرات)دەستگیر بكەن.

ئاشكراشیكرد، تاوانباران لەلایەن دادگای تاوانەكانی سلێمانی/2، ڕۆژانی 17-19-20ی تشرینی دووەمی 2019، تاوانباران سزادران.

ڕوونیشیكردەتەوە، هەریەك لە (هـ.أ.م) ماوەی (8) ساڵ و بڕی (450000)، (أ.ك.ع) بۆ ماوەی (2) ساڵ و بڕی (450000)، (ز. م.م) بۆ ماوەی (3)ساڵ و بڕی (450000)، (م.ف.م) بۆ ماوەی (8) مانگ و بڕی (450000)، (ع.أ .ح) بۆ ماوەی (1) ساڵ و بڕی (450000)، (خ.ع.م) بۆ ماوەی (8) مانگ و بڕی (450000)سزا دران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەفتەی داهاتوو سەرجەم وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن

خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی موچەی بڵاوكردەوە.

بەپێی خشتەكەی وەزارەتی دارایی ڕۆژی یەكشەممە 24-11-2019 مووچەی وەزارەتەكانی ئەوقاف و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و ژمارەیەك لە دەستەكانی حكومەتی هەرێم دابەش دەكرێت.
هەر بەپێی خشتەكە، ڕۆژی دووشەممە 25-11-2019 مووچەی وەزارەتەكانی بازرگانی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە و سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دابەش دەكرێت.
هاوكات ڕۆژی سێ شەممە مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە و ڕۆژی 27-11 كە دەكاتە ڕۆژی چوار شەممە موچەی خانەنشینی شارستانی دابەش دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان