ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

حكومەتی هەرێم لەسەر قەدەغەكردنی دراما توركیەكان بێدەنگە


خەڵك – بەشی هەواڵ
هێشتا وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی بۆ قەدەغەكردنی دراما توركییەكان دەرنەكردووە، كە لە ئێستادا جگە لەداواكاری وەزارەتی ئەوقاف بۆ ڕاگرتنی ئەو درامایانە، كە “شیرازەی خێزانی كورد لەناو دەبەن”، خۆپیشاندەرانیش بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا داوای ڕاگرتنی دەكەن.

بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕاگرتنی ئەو درامایانە لەدەستی وەزارەتی ڕۆشنبیریدایە، هەر بڕیارێك بگاتە دەستمان وەك خۆی جێبەجێی دەكەین، هەرچەندە پرسی ڕاگرتنی ئەو جۆرە درامایانە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنیەكان و ڕاگەیاندنەوە دەبێت.

وتیشی، “ئێمە بەردەوام پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەكەین و وەك تاكیش لە ناو هەموو گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان ئامادەییمان هەیە، بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا هەرچی بكرێت هەر كەمە”.

هاوكات (خەڵك) بۆ بەدواداچوونی پرسی دەركردنی بڕیارێك بۆ ڕاگرتنی دراما توركییەكان لە كەناڵەكانی باشووری كوردستان بە ئاسمانی و ناوخۆییەوە چەند جارێك پەیوەندی كرد بە حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

لای خۆشیەوە، فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە مۆڵەتی وەرگرتووە و هیچ لێدوانێكی لەوبارەیەوە نەدا.

بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئیدانەكردنی هێرشە داگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر كوردانی ئەو پارچەیە لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە خۆپیشاندان دەكرێت و داوای ڕاگرتنی دراما توركییەكان دەكرێت، لەگەڵ داواكاری بەشێك لە هاووڵاتیان بۆ بایكۆت كردنی كڕینی شتمەك و كاڵای توركی.

کوردستان

چەند تووشبوویەكی كۆرۆنا لە هەولێر چاكبوونەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە چوار تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوە و دەشڵێت: “كۆی گشتی چاكبووەوەكان گەیشتۆتە 215 كەس”.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە (4) نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بۆتەوە و پشكنینی تایبەتی یەك لەدوای یەكیان بۆ كرایەوە و نێگەتیڤ بوو، بۆیە بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كۆی گشتی چابووەوەكان گەیشتە (215) كەس.

د. دلۆڤان دەشڵێت: “سوپاسی پابەندبوونتان دەكەین بۆ ڕێنماییە خۆپارێزییەكان، جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان زامنی زاڵبوونمانە بەسەر ئەم پەتا جیهانیە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ دەكات، كە پارێزگاری لە تەندروستی هاووڵاتیان دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

دوای 6 ڕۆژ تەرمی گەنجەكەی قەڵادزێ‌ دۆزرایەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
دوای 6 ڕۆژ لە دیارنەمانی گەنجێكی قەڵادزێ، بەكوژراوی دۆزرایەوە و هێزەكانی پۆلیسی ناوچەكەش ڕایدەگەیەنن، كە بە فەرمانی دادوەر 2 كەس لەسەر ڕووداوەكە دەستگیر كراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێك بەناوی ( ڕ . م . ئـ ) لەدایكبووی ساڵی 1993 پیشەی كاسب، دانیشتووی قەڵادزێ (گەڕەكی كارەبا) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، كە ئاسەواری گولـلـەیەك بەسەر جەستەیەوە هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، بەگوێرەی زانیاریە سەرەتایەكانیش كوژراوە، دوای توێكاری بۆ لاشەكەی بەڕێكرا بۆ پەیمانگای پزیشكی دادوەری سلێمانی.

ئاشكراشی كردووە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە بە ماددەی 406 ڕێكخراوە و بە فەرمانی دادوەریش 2 كەس لەسەر ڕووداوەكە دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

(خەڵك) وردەكارییەكان ئاشكرادەكات
كەركوك، ئەو ژنەی پۆلیسەكەی كوشت دەستگیركرا


خەڵك-بەشی هەواڵ
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگەی كەركوك ڕایدەگەیەنێت، ئەو ژنەی دەستی لە تاوانی كوشتنی پۆلیسێكدا هەبوو لە پارێزگەكە، دەستگیركرا.

ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە كەركوك بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لەدوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون، هێزە ئەمنییەكان توانیان سەرەداوی تاوانی كوشتنی پۆلیس (بەهجەت ئەنوەر) بدۆزنەوە كە يە چەقۆ سەربڕدراوە و تەرمەكەشی لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا بەجێهێڵدراوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە:”هێزە ئەمنییەكان توانیان ژنێك بە ناوی (م.ح.ف)وە دەستگیربكەن كە بەشداربووە لە كوشتنی پۆلیسەكە، لە كاتی لێكۆڵینەوەشدا دانی بەوەدا ناوە كە لەگەڵ سێ كەسی تردا دەستییان لە تاوانەكەدا هەبووە”.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت”سێ‌ كەسەكە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون و پۆلیس لەئێستادا بەدوایاندا دەگەڕێت”، ڕەتیشكردەوە تائێستا هۆكاریی تاوانەكە زانرابێت.

لە یەكەم ڕۆژی جەژندا سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژەی بە دۆزینەوەی تەرمی پۆلیسێك كردبوو لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی لە گەڕەكی عەسكەری، ئەمەش دوای ڕۆژێك لە ڕفاندنی لە شاری كەركوك.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان