ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سۆزان ڕایس: ترەمپ چی دەكێشێت
لەبارەی ڕۆڵی كورد لە شەڕی نۆرماندی ڕەخنەی توند لە ترەمپ دەگیرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ڕەخنەی توند لە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا دەگرێت سەبارەت بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا لە دژی شەڕڤانانی كورد.

سۆزان ڕایس كە لە پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییدا بوو لە سەردەمی ئیدارەكەی باراك ئۆباما، لە لێدوانێكی بۆ (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكایی لەبارەی قسەكانی ترەمپەوە سەبارەت بە یارمەتینەدانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەكاتی دووەمین جەنگی جیهانی پرسیاری كردووە كە “دەبێت ترمپ چی بكێشێت؟”.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گلەیی لە كورد كردبوو لەوەی یارمەتی ئەمریكای نەداوە لە جەنگی دووەمی جیهانی و ڕایگەیاندبوو “ئەوان لە دووەمین جەنگی جیهاندا هاوكاری ئێمەیان نەكردووە، ئەوان لە نۆرماندی هاوكاری ئێمەیان نەكردووە، بەڵام ئێمە لە ڕووی پێدانی چەك و پارەوە هاوكاریمان كردوون و سەرباری هەموو ئەمانەش ئێمە هێشتا كوردمان بە دڵە”.

بە وتەی سۆزان ڕایس”كوردەكان لەبری ئێمە سەری ڕمی بەگژداچوونەوەی داعش بوون، ئەوان بوون كە قوربانی زۆرییاندا و خوێنی زۆرییان ڕشت، بەو هۆیەی متمانەیان بە هاوبەشی هەبوو لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام ئێمە لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا كردمانن بە ژێر ئۆتۆمبێلە گەورەكانەوە، ئەمەش شتێكی تۆقێنەر و قێزەونە”.

ڕایس بڕیاری ئیدارەكەی ترەمپی بە سنوربەزاندن ناوبردووە و پێیوایە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبێت لەماوەی دەیان ساڵی داهاتوو باجەكەی بدات بەو هۆیەی “هاوپەیمانە كوردەكانمان ڕادەستی سەربڕین دەكەين، ئەم خوێنەش لە گەردنی دۆناڵد ترەمپدایە”.

کوردستان

سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر بۆردوومانەكەی ئەمڕۆی ناوچەی سیدەكان هاتە دەنگ

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی كۆمار ئیدانەی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا دەكات، بۆ سەر ناوچەی سیدەكان لە هەرێمی كوردستان.

وتەبێژی فەڕمی سەرۆكایەتی كۆمار لە ڕاگەیەنراوێكدا، بۆردوومانی توركیا بۆ سەر ناوچەی سیدەكان ئیدانە دەكات و داوای كۆتایی هێنان بە پێشلكارییەكان دەكات بۆ سەر سەروەری عیراق.

وتەبێژی فەڕمی سەرۆكایەتی كۆمار جەختیش دەكاتەوە، پێشلكارییە سەربازییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ سەروەری عیراق.

وتەبێژی فەڕمی سەرۆكایەتی كۆمار داواشیكرد، تەواوی پڕۆسە سەربازییەكان بوەستێنرێت كە زیان بە پەیوەندی نیازپاكی و دراوسێیەتی دەگەیەنێت، ھاوكات داواشدەكات پشت ببەسترێت بە دیالۆگ و لێكتێگەشتن بۆ چارسەركردنی كێشە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بەتوندی ئیدانەی ئەو پیشێلكاریانە دەكەین كە توركیا لە رێگەی فرۆكەكانییەوە ناوچەی سیدەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆردومان كردووە، ئەو پێشلكارییە سەربازییە بەردەوامانەی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ سەر خاكی عێراق و سەرپێچیەكی روون و ئاشكراشە بۆ یاسا و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی نیازپاكی دراوسێیەتی، ئێمە ئەم رەفتارە دوژمنكارانە سەرزەنشت دەكەین، كە بووە هۆی شەهیدكردنی ژمارەیەك هاووڵاتی بێتاوان و ئەفسەران لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور، ھاوكات داوای دەست بەجێ راگرتنی ئەو دەستدرێژیانە و دیالۆگ و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەكەین، بۆ چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتیانە كە ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.

شەهیدان بەر رەحمەتی یەزدان بكەون و ئارامی و سەبوریش بۆ كەس و كاریان و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

وتەبێژی فەرمی سەرۆك كۆمار
بەغداد 11 ئابی 2020

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

(پەكەكە) وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی هێرشەكەی توركیاوە ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، وردەكاریی نوێ‌ لەبارەی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بۆسەر كاروانی سەربازی هێزەكانی پاسەوانی سنور لە ناوچەیەكی سەر بە پارێزگەی هەولێر لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات.

كاوە شێخ موس، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عیراقی ڕایگەیاندووە”فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا كاروانێكی سەربازی عیراقی كردە ئامانج كە سەر بە هێزەكانی پاسەوانی سنور بووە و فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجى سێیەمی فەرماندەیی پاسەوانی سنوری لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری تر”.

بە وتەی كاوە شێخ موس”دەوڵەتی توركیای پیلانگێڕ، كاروانە سەربازییە عیراقییەكەی بۆردومان كرد، بەبێ‌ ئەوەی هیچ گەریلایەكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لەگەڵ ئەو كاروانەدا بێت كە كرایە ئامانج”.

هەر ئەمڕۆ شانەی میدیای ئەمنی عیراقی، توركیای بە تێوەگلان لە هێرشەكەی باكووری پارێزگەی هەولێر تۆمەتبار كرد.

شانەی میدیای ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”ئیدانەی دەستدرێژییەكەی توركیا دەكەین كە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدرا و كاروانێكی سەربازی پاسەوانی سنوری لە ناوچەی سیدەكان كردە ئامانج و بووە مایەی شەهیدبوونی فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانی سنوری ناوچەی یەك و فەرماندەی فەوجی سێ‌/ لیوای دوو و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەیان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاتووچۆی هەولێر گۆڕانكاری لە كاتی مامەڵەی هاووڵاتیان بڵاوكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر گۆڕانكاری لە كات و نۆرەی مامەڵەی هاووڵاتیان دەكات و جەختیشدەكاتەوە لەسەر بەستنی دەمامك و دەستكێش لەكاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هاووڵاتیانەی ناویان تۆماركردبو لەسیستمی ئۆنلاین بۆ سەردانیكردنی بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی هەولێر و نۆرە (سرە)یان بۆ دانرابو لەماوەی نێوان10/1 تاكو 11/ دەتوانن لەماوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەشی مۆلەت بكەن بۆ ڕایی كردنی مامەلەكانیان و ئەنجامدانی تراییەكان بەو شێوەیەی خوارەوە:

1- ئەوانەی كە سرەیان لە10/1 تاكو10/15 دانرابو دەتوانن لەڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی 8/16 سەردان بكەن.
2- ئەوانەی سرەیان بۆ دانرابو لەماوەی نێوان10/16 تاكو10/31 دەتوانن لەڕۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتو لەبەرواری 8/17 سەردان بكەن.
3- ئەو كەسانەی سرەیان بۆ دانرابو لەماوەی نێوان 11/1 تاكو11/15دەتوانن لەڕۆژی سێ شەممە كەدەكاتە 11/18سەردان بكەن.
4- ئەو كەسانەی سرەیان بۆ دانرابو لەماوەی نێوان 11/16 تاكو 11/31 دەتوانن لەرۆژی چوار شەممە ڕێكەوتی 8/19سەردان بكەن.
5- ئەو كەسانەی مۆلەتی شوفێریان بەسەرچوە و دەیانەوێت تازەی بكەنەوە پێویست بەسەرەی ئۆنلاین ناكات و تەنها پێویستی پشكنینی چاویان كردبێت و ڕاستەوخۆ دەتوانن سەردانی بەشی مۆڵەت بكەن.
6- دەبێت سەرجەم هاووڵاتیان لەكاتی سەردانیكردن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن و دەستكێش و دەمامك ببەستن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان