ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

مێسی خۆشترین و ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی و باشترین گۆڵ و ڕاهێنەر ئاشکرا دەکات

خەڵک سپۆرت

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندوی یانەی بەرشلۆنە لەچاوپێکەوتنێکدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ و پەیوەندیدار بە خودی خۆیەوە دەداتەوە و باشترین ڕاهێنەر لەژیانی وەرزشییدا دیاری دەکات.

لیۆی ئەفسانەی بارسا و ئەرجەنتین دیدارێک لەگەڵ ئێزگەی “ڕاک ١”ی کەتەلۆنی ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارە گرنگەکان دەداتەوە:

چۆن بووە باشترین؟

“هەموو وەرزێک هەوڵدەدەم تواناکانم بەرەوپێش ببەم، پێموابێت کارکردن لەگەڵ پیپ گواردیۆلا زۆر بەسود بوو، وەک یاریزانێک زۆر بەرەوپێش چووم”

خۆشترین ساتەکانی ژیانی

“ئەم پرسیارە قورسە، چونکە من لەژیانی وەرزشیمدا بەچەندین ساتی خۆشدا تێپەڕم کرد و چەندین قۆناغم تێپەڕاند، پێموابێت سەردەمی گواردیۆلا خۆشترین ساتەکانی ژیانم بوو”.

ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی

ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ دووچاری پێکان بووم و ماوەی دوو تا سێ مانگ لەیاریکردن دابڕام، دوای ئەوە بۆ قۆناغی ڕیکەڤەری گەڕامەوە بۆ ئەرجەنتین، ئەوە ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی وەرزشییم بوو”.

جوانترین گۆڵ

ئەو گۆڵەی لە ڕۆما بەرامبەر مانچستەر یونایتد بەلێدانی سەر تۆمارم کرد، بەهۆیەوە نازناوی چامپیۆنزلیگمان بەدەستهێنا”.

قورسترین هێڵی بەرگری تا ئێستا ڕووبەڕوی بووەتەوە

یەکێک بەتایبەتی؟ نازانم، ئێمە هەمیشە ڕووبەڕوی ڕکابەرە سەرسەختەکان بوینەتەوە، پێموابێت یانە ئینگلیزیەکان ڕووبەڕوبونەوەیان قورس بووە، ناوی یانەیەک بەتایبەت ناهێنم، چونکە ژمارەیان زۆر بووە”

بەهێزترین ڕکابەر تائێستا ڕووبەڕوی بۆتەوە

“هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یارییەکی دۆستانەی ئەرجەنتین بوو لە ساڵی ٢٠١٠ بەرامبەر ئیسپانیا”

باشترین یاریی

“خولی یانە پاڵەوانەکان، قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید کە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردنەوەمان بەدەست هێنا، وەرزی ٢٠١٠/٢٠١١ بەرامبەر پێکهاتەکەی جوزێ مۆرینیۆ”

ئەو هاوڕێیەی لێی پەشیمانە

“هەمیشە پەیوەندی توندوتۆڵم لەگەڵ هاوڕێکانم هەبووە و لەو باوەڕەدا نیم لە هاوڕێیەتی هیچیان پەشیمان بم”

باشترین ڕاهێنەر

“بەڕای من گواردیۆلا لەهەمووان باشتر بوو، هەروەها لویس ئینریکی، زۆر نزیکن لەیەکەوە”.

 

چاوپێکەوتن

مێسی: کێشە لەنێوان من و گریزماندا نییە و لە ژووری جلگۆڕینەکان بارودۆخی هەمووان باشە

خەڵک سپۆرت

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندوی ئەرجەنتین و یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئێزگەی “ئوندا سیرۆ”ی ئیسپانی ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

نهێنی بردنەوەتان لە ئینتەرمیلان چی بوو؟

تایمی دووەم زۆر باش بوو، توانیمان باشتر تۆپەکان بگەڕێنینەوە و کۆنترۆڵی یاریگامان کرد، گرنگترین شت بردنەوە بوو، چونکە ئێمە بەهۆی یەکسانبوون بەرامبەر دۆرتمۆند باردۆخمان لەکۆمەڵەکەدا باش نەبوو.

 

“ڤیدال لە هێڵی ناوەند چارەسەری زۆرمان پێدەدات، بۆ بارسا زۆر گرنگە”

 

سەرەڕای گەڕانەوەت لەپێکان، بەڵام ئاستێکی بەرزت پێشکەش کرد؟

زۆر خۆشحاڵم کە ٩٠ خولەک بەشداریم کرد، دوای یارییەکە زۆر زۆر ماندو بووم، بەڵام خۆشحاڵبووم بەو ئاستەی پێشکەشم کرد، بەوشێوەیە توانیم لە بارودۆخی جەستەیی خۆم تێبگەم و تێگەیشتم لەوەی کە دەبێت بە چ ڕیتمێک ڕووبەڕوبونەوەکان ئەنجام بدەم.

ئایا ڤیدال لەسەر ئاستی هێڵی ناوەند جیاوازی دروست کرد؟

ڤیدال لە هێڵی ناوەند چارەسەری زۆرمان پێدەدات، یاریزانێکی بەهێزە لە گەڕاندنەوە و بچڕاندنی تۆپەکان، گرنگیشە یاریزانێک هەلی یاریکردنی پێدەدرێت بە گرنگی خۆی بزانێت، ڤیدال بۆ بارسا زۆر گرنگە.

پەیوەندیتان لەگەڵ ئیدارەی یانە چۆنە، لێدوانەکانی پیکێ هەرایان ناوەتەوە؟

ئێمە باشین، دەمەوێت تەنها ئاماژە بە گرنگی سەرکەوتنەکەمان بکەم لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

 

“پەیوەندی نێوان یاریزانان لە ژووری جل گۆڕینەکان باشە، ئەوەی پیکێ لەبارەی ئامادەکاریەکانی ئەمریکاوە باسی کردووە ڕەخنەگرتن نییە لە ئیدارەی یانە”

 

بۆچی وا دەردەکەوێت پەیوەندیت لەگەڵ گریزمان خراپە؟

هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە، هەنگاو بە هەنگاو لە کەمەوە بۆ زیاتر بەیەکەوە خۆمان دەگونجێنین، پەیوەندی نێوانمان لە ژووری جلگۆڕینەکان زۆر باشە.

ڕات چییە دەربارەی لێدوانەکانی پیکێ؟

وەک وتم پەیوەندی نێوان سەرجەم یاریزانان لە ژووری جل گۆڕینەکان باشە، ئەوەی پیکێ لەبارەی ئامادەکاریەکانی ئەمریکاوە باسی کردووە ڕەخنەگرتن نییە لە ئیدارەی یانە، چونکە یاریزان کاتێک گەشت دەکات بەباشی مەشق ناکات، بۆیە پێویستە یانەکەمان ئەو بۆچونانە بەهەند وەربگرێت.

ماوەی ١٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر یەکەم خەڵاتی بالۆن دۆر کە بەدەستت هێنا، چیت هەیە لەو بارەیەوە؟

کاتێکی زۆر تێپەڕیوە، لەو کاتەوە تائێستا زۆر شت ڕوویاندا، وەکو یاریزان و کەسێک بەرەوپێشچووم، ئێستا خاوەنی هاوسەرێک و سێ منداڵم، بەداخەوە خۆشییەکان بەخێرایی تێپەڕیان کرد.

 

“نەمتوانی تاموچێژ لەهەموو ئەو دەستکەوتانە وەربگرم کە بەدەستم هێنان، لەبەرئەوەی بەردەوام ململانێی نوێ دێتە بەردەمت و ناچاریت بەردەوام بیت”

 

کەواتە تاموچێژت لە سەرکەوتنەکانت وەرنەگرتووە؟

لە بواری تۆپی پێدا ناتوانێت تاموچێژ لەهەموو ئەو دەستکەوتانە وەربگریت کە بەدەستی دەهێنیت، لەبەرئەوەی بەردەوام ململانێی نوێ دێتە بەردەمت و ناچاریت بەردەوام بیت، کاتێک بیر لەوانە دەکەیتەوە کە ڕویانداوە ئینجا تێدەگەیت چ واتایەکی هەیە، ئەوەی ڕوویدا لەژیانمدا سەردەمێکی جوان بوو، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تاموچێژی زیاتری لێوەردەگرم.

ئامۆژگاریت چییە بۆ لاوان؟

ئامۆژگاریان دەکەم کە تاموچێژ لەتۆپی پێ وەربگرن و بەردەوام بن، پێویست ناکات هەڵسوکەوت و ڕەفتاری خۆیان بگۆڕن، ئەوەش لەهەموو شتێک گرنگترە، ئەوەی دەمێنێتەوە لەکەمەوە بۆ زۆر دواتر پێی دەگەن، تەنها خودا دەزانێت چی دەکات و چۆن ژیانیان دەگۆڕێت، لەگەڵ تێپەڕینی کات دەتوانن خەڵاتەکان بەدەست بهێنن، بەڵام وەک وتم گرنگترین شت ئەوەیە تاموچێژ لەتۆپی پێ وەربگرن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

هازارد: لەبەردەم زێدان وەک منداڵێکی بچوک دەردەکەوم و هاندەران داوای زیاترم لێدەکەن !

خەڵک سپۆرت – پێگەی یوێفا

ئیدین هازاردی بەلجیکی ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پێگەی یەکێتی تۆپی پیی ئەوروپا ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە، ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

بۆچی یانەی ڕیاڵ مەدریدت هەڵبژارد؟

هەمیشە یانەی ڕیاڵ مەدرید لە پلانەکانمدا بووە، کە لەیانەی چێڵسی بووم هەمیشە حەزم دەکرد خەونەکانم بە یاریکردن بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید بهێنمە دی، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم ماوەی حەوت ساڵ لە چێڵسی بەردەوام بم، بەڵام هەموو وەرزێک دەستکەوتێکم هەبووو ئەوەش پاڵپێوەنەربوو بۆ بەردەوامبوونم لەو یانەیە.

چ شتێکی ڕیاڵ مەدرید سەرنجی ڕادەکێشایت؟

یانەیەکی ناسراوە و زینەدین زێدان یاریی بۆ کردووە، هەمیشە خەونم ئەوەبوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکەم، بە منداڵیش هاندەری یانەی شاهانە بووم و لەئێستادا خەونەکەم بەدیهێناوە، هیوادارم سود لەم تاقیکردنەوە گەورەیە وەربگرم.

پێتوایە ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ خولی یانە پاڵەوانەکان پەیوەندیەکی قوڵیان هەیە؟

بەڵێ بێگومان، کاتێک دێیتە ئەم یانە مەزنە و ئەو هەموو نازناوە ئەوروپیە لەمۆزەخانەی یانەکە دەبینیت، هەست دەکەیت هاندەران داوای زیاترت لێدەکەن بەتایبەت بۆ چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان.

لەگەڵ زێدان کارکردن چۆن بەڕێدەکات؟

زۆر خۆشحاڵم، هەست دەکەم منداڵێکی بچوکم لەبەردەمیدا، ڕۆژانە لەم ڕاهێنەرە و لە هاوڕێیانەوە فێردەبم، شتێکی ناوازەیە لەگەڵ ڕاهێنەرێک وەها گەورە کاربکەیت، کە قسەی لەگەڵ دەکەیت هەست بەخۆت دەکەیت، لێرە هەموو وەرزێک چەندین ئامانج دیاری دەکرێت، لەبەرئەوەیە خاوەنی زۆرترین نازناون.

بیری گۆڵەکەی زێدانت دەکەوێتەوە بەرامبەر لیڤەرکوزن؟

باوەڕ ناکەم بەشێوەی ڕاستەوخۆ بینیبێتم، چونکە منداڵ بووم و ناچاربووم لەو کاتەدا بخەوم.

بەڵام دواتر بینیوتە، وایە؟

بەڵێ، ڕۆژی دواتر لەگەڵ براکەم سەیرمان کردەوە، لە باخچەی ماڵەکەمان هەوڵماندا لاسایی بکەینەوە و سەرکەوتوو نەبووین، ئەوەش خۆی لەخۆیدا یادگارییەکی خۆش بوو.

جگە لە زێدان چ یاریزانێکی ئەو سەردەمەی ڕیاڵ مەدریدت لەبیرە؟

ڕائول، فیگۆ و ڕۆناڵدۆ، تەماشاکردنیان بەیەکەوە نایاب بوو هەر ئەوەش وایدەکرد سەرنجت بچێتە سەر یانەکە، ئەم ناوە گەورانە بەیەکەوە یارییان دەکرد و بەشێک لەمێژووی یانەکەیان نوسییەوە.

لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئامانجت چییە؟

لە یانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید پێویست دەکات ئاستێکی بەهێز پێشکەش بکەم و لەتۆمارکردنی گۆڵدا کەمتەرخەم نەبم، هەوڵدەدەم ئەو کارە بکەم.

ئەو ڕۆژەی بە هاندەرانی مەدرید ناسێنرای هەستت بەچی کرد؟

هەستێکی نایاب و بێوێنە بوو، کاتێک هاتمە نێو یاریگاوە هەستم کرد لە ماڵی خۆمدام، چونکە پێشتر تامەزرۆبووم و زۆر تەماشای ئەم یاریگایەم کردبوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەشدا هەستم بە شتێکی جیاواز کرد، بەتایبەت کاتێک ئەو هەموو هاندەرەم بینی و سەرۆکی یانە لەبارەی منەوە قسەی کرد.

هەست بە فشار دەکەیت؟

هەوڵدەدەم بەوپەڕی تواناوە لەنێو یاریگا تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و ئەگەر ئەو کارەش بکەم ئەنجامێکی باشم دەبێت، لەم یانە گەورەیە هەمیشە داواکراوە گۆڵ تۆمار بکەیت و یارییەکان ببەیتەوە، منیش ئەوەم دەوێت، لەچێڵسی بەهەمان شێوە ژیام و هەوڵدەدەم هەمان شت دووبارە بکەمەوە.

چ شتێک لە ئیسپانیا زۆر سەرنجڕاکێش بووە بەلاتەوە؟

هاندەران، هاندەران لێرە زۆر پاڵپشتی یاریزانان دەکەن، لە ئینگلتەرا لایەنگری بۆ یانەکان زۆرە لەلایەن هاندەرانەوە، بەڵام لێرە هەمووان گرنگی بە یاریزانان و یانەکان دەدەن لە گەنجەوە بۆ پیر.

لە ڕیاڵ مەدرید پێویستە چ شتێک لەخۆتدا باشتر بکەیت؟

زۆر شت پێویستیان بە باشترکردنە، یاریکردن لە خولێکی جیاواز واتای فێربونی زیاتر، شێوازی یاریکردن و ئامادەکاری بۆ یارییەکان لێرە جیاوازە، ڕۆژانە شتی زیاتر فێردەبم و خەسڵەتە هونەریەکانم باشتر دەکەم، بەڵام قورسە ئەگەر بڵێم لەڕووی تاکتیکی و هونەریەوە دەگۆڕێم.

جیاوازی نێوان چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید چییە؟

لە چێڵسی کاتێک یارییەکمان دەدۆڕاند هەستمان بە نائارامی و خەمباری دەکرد، چ ئێمە چ هاندەران، هەرگیز هەستم نەکردووە کارەساتبارم، بەڵام لە ڕیاڵ مەدرید بارودۆخەکە جیاوازە، بەنسبەت هاندەرانەوە تۆپی پێ هەموو شتێکە و ئەوەش لەسەر پێی یاریزانان وەستاوە، لێرە دۆراندن کارەساتە.

جگە لە تۆپی پێ هیوایەتت چییە؟ خۆت بەچیەوە سەرقاڵ دەکەیت؟

حەزدەکەم کاتەکانم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەربەرم و هەندێک وەرزشی جیاواز ئەنجام بدەم، هەروەها چونە دەرەوە لەگەڵ هاوسەرەکەم و بابەتی خێزانی تر.

لەدوای تۆپی پێ حەزت بە چ جۆرە وەرزشێکە؟

حەزم لە یاریی باسکەیە،بەڵام ئاساییە بەلامەوە ئەگەر ماوەی سێ هەفتەش یارییەکی باسکە نەبینم، ڕۆژانە یاریی تۆپی پێ دەکەم و شتێکی باشە هەندێجار بەهۆی وەرزشێکی ترەوە کەمێک داببڕێم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

گنابری: لیرۆی سانی هاورێی نزیکمە، زۆر حەز دەکەم بەیەکەوە لە بایرن یاریی بکەین

خەڵک سپۆرت

سێرج گنابری ئەڵمانی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “لیبوتێ”ی فەرەنسی ئەنجام دەدات، تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ و پەیوەندیدار بە یانەکەیی و هەڵبژاردەی مەکینەکانی ئەڵمانیا دەداتەوە.

ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

بایرن چەندین گۆڕانکاری بەسەردا دێت، سەرۆکی یانە دەڕوات و یاریزانە بە ئەزمونەکانیش وازیان هێنا، داهاتووی یانەکە چۆن دەبینیت؟

بەش بەحاڵی خۆم وای دەبینم یانەکەمان خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە، ڕاستە سەرۆکی یانە و ڕۆبن و ڕیبێری ماڵئاواییان کردووە، بەڵام ئەگەر تەرکیز لەسەر داهاتوو بکەین باشتر دەبین، ئەوەی ڕوودەدات ئاساییە و لەهەموو یانەیەک ڕوودەدات.

جیاوازی نێوان خولی ئەڵمانیا و خولی ئینگلتەرا چییە، لەکاتێکدا تۆ لەهەردوو خولەکە یارییت کردووە؟

خولی ئینگلیزی زیاتر پشت بە هێزی جەستەیی دەبەستێت، پێموابێت ئەوە تەنها جیاوازی نێوانیانە.

چانسی بایرن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا چەندە؟

خولی یانە پاڵەوانەکان پاڵەوانێتیەکی ئاڵۆز و قورسە، ئێمە هەمیشە یانەیەکی ململانێکار بووین و لەنێو چوارچێوەی پاڵێوراوەکانداین، وەرزی ڕابردوو لە قۆناغی نیوەی کۆتایی بەرامبەر لیڤەرپوڵی پاڵەوان شکستمان هێنا، لەم وەرزەدا دەمانەوێت هەنگاوی زیاتر بنێین.

 

“کۆتینیۆ یاریزانێکی ئازا و جوامێرە و لەهیچ ڕکابەرێک ناترسێت، لە داهاتوودا سودی بۆ بایرن دەبێت”

 

مۆندیالی داهاتوو لە وڵاتی قەتەر دەبێت، بەنیازیت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری بکەیت؟ بۆچونت چییە کە بۆ یەکەمین جارە لە وڵاتێکی عەرەبی ئەنجام دەدرێت؟

قورسە وەڵامت بدەمەوە، چونکە مۆندیال دوای سێ ساڵی تر ئەنجام دەدرێت و نازانم تا ئەوکاتە چی ڕوودەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەرۆشم بۆ بەشداریکردن تیایدا، ڕووداوێکی زەبەلاحە و خەونی هەمووانە، دەشزانم قەتەر خاوەنی توانایەکی زۆرە و لە ڕێکخستنی پاڵەوانێتیەکە سەرکەوتوو دەبێت.

ڕات چییە سەبارەت بە کڕینی کۆتینیۆ؟ لە سەرەتا دەرکەوتنەکانی بەدرێسی بایرنەوە لەخولی ئەڵمانیا چیت لێبەدی کرد؟

کۆتینیۆ یاریزانێکی ئازا و جوامێرە و لەهیچ ڕکابەرێک ناترسێت، هەمیشە دەیەوێت لەخزمەتی پێکهاتەکەدا بێت و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا خزمەتێکی زۆری بایرن میونشن دەکات.

 

“بەبێ زیاد و کەم محەمەد سەڵاح یاریزانێکی زۆر نایابە، خەسڵەتەکانی ناوازەن، ئەنجام و دەستکەوتی باشی هەبووە”

 

ئامۆژگاریت بۆ لیرۆی سانێ چییە؟

بەڵێ، لیرۆی هاوڕێیەکی نزیکمە ، زۆر حەز دەکەم بەیەکەوە و بەدرێسی بایرنەوە یاریی بکەین.

پێتوایە نیکۆ کۆڤاچ پیاوی قۆناغە سەختەکانە و بۆ بایرن گونجاوە؟

کۆڤاچ ئەوەی نیشانداوە کە دەتوانێت کارێکی گەورە ئەنجام بدات، هەموو تواناکانی خۆی لەپێناو بایرندا بەگەڕخستووە، هیوادارم بەزوویی بتوانین بەیەکەوە ئەنجامە باشەکان بەدەست بهێنین.

ڕات چییە لەسەر تواناکانی محەمەد سەڵاحی میسڕی؟

بەبێ زیاد و کەم یاریزانێکی زۆر نایابە، خەسڵەتەکانی ناوازەن، ئەنجام و دەستکەوتی باشی هەبووە و ئەوەش بۆ مێژووی تۆمارکراوی لە بوارەکەدا زۆر باشە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان