ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

داوا دەكرێت كوردیش ئایین بۆ بەرگری لە خۆكردن بەكاربهێنێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

مامۆستایەكی ئایینی داوا دەكات لایەنە كوردییەكان ئایین بەكاربهێنن لە كاروباری ڕۆژانەی خۆیاندا بەتایبەت ئەوانەی كە ئایین لە دژی كورد بەكاردەهێنن.
توركیا هێرشەكانی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە و ئاینی ئیسلامیشی وەكو چەكێكی بەهێز دژی كوردانی ڕۆژئاوا بەكارهێناوە، ئەمەش لەكاتێكدایە وڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان هەمیشە ئایینیان لەدژی كورد بەكارهێناوە بەتایبەت لە هێرشە ناڕەزاكانیان دژی كورد.

مامۆستا ئەحمەدی قامیشی مامۆستای ئایینی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم جۆرە كێشانەی ئێستا دروست بووە پەیوەندی بە ئاییینەوە نییە و شەڕەكە لەسەر دەسەڵات و لەناوبردنی بەرانبەرە.
وتیشی”لەمێژە عەرەب ئایینی بەكارهێناوەو ماوەیەكی زۆر حوكمی پێكردووە، پاشان توركەكان ئاینیان بەكارهێناوە لە دەوڵەتی عوسمانی، ئێستاش شیعە ئایین بەكاردەهێنێت و وڵاتێكی زۆری بەدەستەوەیە”.

ئاشكراشیكرد، چ ڕێگرییەك هەیە ئێمەی كوردیش ئایین بەكاربهێنین، ئایین بۆ ئەوە هاتووە بەكاریبهێنین، بەداخەوە ئێمە ئاینمان پەراوێز خستووە، بۆیە بەجۆرێك لە جۆرەكان تووشی ژێردەستەیی و زەلیلی بووین.

ڕوونیشیكردەوە، پێویستە لە هەمووكات زیاتر ئێمەی كوردی موسڵمان ئایین بەكاربهێنین بۆ بەرژەوەندی دنیا و قیامەتمان، چونكە ئایین بەرنامەكەی ژیانە، ئەوەی دەڵێت با ئایین لە ژیان جیا بێت ئەوە پلانی نەیارانی ئایینی ئیسلامن.

سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان مامۆستا ئەحمەدی قامیشی ڕایگەیاند، ئەوەی توركیا دەیكات دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆسەر وڵاتێكی دراوسێ، ئەگەر وەكو ئایین قسەی لەسەر بكەین دەستدرێژییەو ڕێگەپێنەدراوە.
وتیشی”باشترە ئێمە ئایین بەكاربهێنین، بەڵام بە مەرجێك لە ئایدیا و ئەجێنداشمان ئایین هەبێت، كێشەی ئێمە ئەوەیە كە شۆڕشەكانمان ئایینیان پەراوێزخستووە، با لەمەودوا ئایین بەكاربهێنین بەرانبەر ئەو كەسانەی ئاینمان لەبەرانبەر بەكاردەهێنن”.

جەختیش لەوە دەكاتەوە، سیستەمی دەسەڵاتی وڵاتانی ئێمە ئەوەیە ئایینیان پەراوێز خستووە كە ئایینیش پەراوێز خرا، مامۆستایانی ئایینیش پەراوێز دەخرێن، جگە لەوەی هەندێكجار بۆ مەرامی خۆیان ئایین بەكاردەهێنن، بەڵام ئەگەر لایەنێك ئایینی پەراوێزخستبێت ڕووی نایەت بڵێت وەرن با بە ئایین چارەسەری كێشەكان بكەین.

کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی عیراق

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانن لە هێرش و هەڕەشەی ئەم دواییەی سەر ئەركە دیپلۆماتییەكان و بنكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئامادەشن هاوكاریی عیراق بكەن بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 25ی ئەیلول لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، پاڵپشتیی هەوڵی سەركردە عیراقییەكان دەكەن بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە. ئامادەی هاوكارین بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا.

 

دەقی جریوەكەی نێچیرڤان بارزانی:

بە نیگەرانییەكی زۆرەوە چاودێریی دوایین هێرش و هەڕەشەكان دژی ئەركە دیپلۆماتییەكان و بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەین كە عیراقییەكان لە “تیرۆر” دەپارێزن. پاڵپشتی لە هەوڵی سەركردە عیراقییەكان بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی زیاتر دەكەین و ئامادەین یارمەتیدەربین بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كۆیە.. كچێكی دەرچووی 12 ئامادەیی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە شاری كۆیە كچێكی تەمەن 18 ساڵ كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شاری كۆیە كچێك بەناوی (گ.ب.ج) تەمەن 18 ساڵ دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی دانیشتووی گەڕەكی كەكۆن، بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی خەڵك)، هۆكاری خۆكوشتنی ئەو كچە دەگەڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی نمرەی كەم لە پۆلی 12ی ئامادەیی.

لە ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەقتەق.. گەنجێك بە تەزووی كارەبا گیانی لەدەستدا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە شارەدێی تەقتەق گەنجێك لەكاتی پاككردنەوەی حەوزی ماسیدا بەهۆی تەزووی كارەباوە گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، گەنجێك بەناوی (م.أ) دەرچووی زانكۆ / بەشی یاسا، دانیشتووی شارەدێی تەقتەق لەكاتی پاككردنەوەی پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسیدا تەزووی كارەبا لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە ئێستادا تەرمی ناوبراو گەیەنراوەتەوە پزیشكی دادی كۆیە و لێكۆڵینەوەش لەڕووداوەكە دەستپێكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان