ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان: ڕۆژئاوا تەنیا نییە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەبەوەدەكات:”ڕۆژئاوا تەنیا نییە”، ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنكارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی ڕەوای گەلەكەمان و دانیشتووانی ڕۆژئاوا، لەهەمان كاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و عیراق و جەماوەر دەكەین، كە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای ڕۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێكی خەباتی دیپلۆماتی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە كۆمەكێك بۆ هاووڵاتیانمان لە ڕۆژئاوا فەراهەم بكات”.

بزووتنەوەی گۆڕان ڕاشیدەگەیەنێت:”هاوكات داوای دەست پێكردنی كەمپینی جەماوەری بەرفراوان دەكەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیركارییە و هەمیش بۆ پشتگیری ماددی و مەعنەوی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا. داواش لە ڕەوەندی كوردی دەكەین بە هەموو شێوازێكی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ ڕۆژئاوا كۆ بكەنەوە”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بەیاننامەی بزووتنەوەی گۆڕان

رۆژئاوا تەنیا نیە

جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بە توندی ئیدانە دەكەین و بڕوامان وایە ئەم پڕۆسەیە نەك خزمەت بە سەقامگیری سیاسیی لە ناوچەكە ناكات، بەڵكو دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی كێشەكان و كارەساتی مرۆیی و، ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵكی سیڤیل بەدوای خۆیدا دەهێنیت، هاوكاتیش دەرفەتێك دەبێت بۆ خۆرێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و
بەهێزكردنەوەی گروپە تیرۆریستییەكان لەناوچەكە و شكاندنی ئیرادەی نەتەوەیەكی ئازا كە بەخوێنی خۆیان بەرگرییان لە ئازادییەكانیان كردوە.

رۆژئاوای كوردستان كە قوربانییەكی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاكەكەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەكان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان كردوە، شایەنی قەرەبوكردنەوە و لالێكردنەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەك پەلاماردانی توركیا و جێبەجێكردنی پڕۆسەی داگیركاری، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانانی دژی داعشە، كە رێ لە پڕۆسەی داگیركاریی دەوڵەتی تورك بگرن و رێگربن لە ئەگەرە نەخوازراوەكان كە روبەڕوی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

كێشەی كورد، بە شەڕ و داگیركاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەر ناكرێت، رێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێكتێگەیشتن كلیلی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكەیە. ئەم دۆخە وادەخوازێت هەمو لایەك بە گیانی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ كەیسی رۆژئاوای كوردستان بكەن و ئەگەرەكانی جەنگ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن و كارەساتی مرۆیی دور بخەنەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنكارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی رەوای گەلەكەمان و دانیشتوانی رۆژئاوا، لەهەمان كاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەكەین، كە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای رۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێكی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە كۆمەكێك بۆ هاوڵاتیانمان لە رۆژئاوا فەراهەم بكات. هاوكات داوای دەست پێكردنی كەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەكەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیركاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەكەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی كوردی ئەكەین بە هەمو شێوازێكی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ رۆژئاوا كۆ بكەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
(9/10/2019)

کوردستان

خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ڕێنمایی بڵاودەكاتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، ڕێنمایی خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاودەكاتەوە، كە بە نیازن گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی باس لەوە دەكات، ئەو هاووڵاتیانەی بەنیازن سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن كە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە پێویستە ڕەچاوی چەند ڕێنماییەك بكەن”.

لە ڕێنماییەكانیشدا ڕایگەیاندووە، “پێویستە دەستەكان پاك ڕابگیرێت و بە باشی بشۆردرێت بە ئاو و سابونی‌ شل، لەگەڵ ئەوەشدا داپۆشینی‌ دەم و لوت لە ‌كاتی‌ كۆكە ‌و پژمەدا بە دەستەسڕی‌ كاغەز یان بە كارهێنانی‌ كەمامە”.

باس لەوەش دەكات، “پێویستە ئەو هاووڵاتییانە دوور بكەونەوە لەو كەسانەی‌ نیشانەی‌ سەرمابردن یان ئەنفلۆنزایان پێوە دیارە و لە خواردنەكانیشدا گۆشت و هێلكە باش بكوڵێندرێت”.

لە بەشێكی تر ڕێنمایی خۆپاراستنەكاندا باس لەوە دەكات، “پێویستە دووربكەونەوە لە بەركەوتنی‌ ڕاستەوخۆی‌ ئاژەڵی‌ نەپارێزراو (نا ماڵی)، یان ئاژەڵ و پەلەوەری‌ زیندووی‌ ناو كێڵگەكان لە كاتی‌ بڵاوبوونەوەیدا”.

جێی ئاماژەیە، چەند ڕۆژێكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی ووهانی چین بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە 54 كەس لەو هەرێمە گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات، ڤایرۆسەكە لە (ئەمریكا، فەڕەنسا، كەنەدا، ئوسترالیا، ژاپۆن، كۆریای باشوور و مالیزیا) و چەند وڵاتێكی تر بڵاوبووەتەوە.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەڵەبجە.. 7 كارمەندی بەرگری شارستانی برینداربوون

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی بازاڕی هانا 7 كارمەندیان برینداربوون.

عەمید عابدین عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی ئەمشەو كە لەبازاڕی هانا كەوتەوە 7 كارمەندمان بریندار بوون”.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشدا:”بەهۆی ئاگرەكەوە 10 دوكان سووتاون”.

جێی ئاماژەیە، ئەمشەو ئاگر لە بازاڕی هانا كە لە دوو نهۆم پێكهاتووە كەوتووە كە زۆرینەیان دوكانی فرۆشتنی (جلوبەرگری منداڵان و جوانكاری و پێداویستییەكانی ناوماڵ ) بوون.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

وێنە.. بەشێك لە دوكاندارەكانی سلێمانی تابلۆی دوكانەكانیان لێدەكەنەوە

سلێمانی – نزار جەزا

بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەدوكاندارەكانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێكردووەتەوە، ئەمەش وادەكات لەمەودوا هاووڵاتییان بۆ دۆزینەوەی دوكانێك، ناو و نازناوی خاوەن دوكانەكان لەبەربكەن كە ئەمەش سیمای شارستانی پێوەنییە و پێویستە هەر دوكانێك ناو و لۆگۆی تایبەتی هەبێت و بەئاشكرا هاووڵاتییان بیبینن، لەلایەكی ترەوە گرانفرۆشی لەناو بازاڕدا دروستدەبێت.

كاتێك گەڕانێك بەناو بازاڕی سلێمانیدا دەكەیت، دەبینیت بەشێك لە دوكانەكان تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێكردووەتەوە و ئێستا بێ ناون، بۆیە ئەگەر بتەوێت بەناونیشان دوكانێك بدۆزیتەوە، كارێكی ئەستەمە، چونكە دەبێت دوكان بە دوكان بگەڕێیت و بڵێی دوكانی “حاجی فڵان” لەكوێیە، تا دەیدۆزیتەوە.

بەختیار عەلی ماوەی 20ساڵە دوكانی لە شەقامی ئۆرزدی هەیە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەدا تابلۆی سەر دوكانەكەی لێكردووەتەوە و ئامادەنییە لەم دۆخەدا كە فرۆشیان كەمە و داهاتیان كەمە ساڵانەش بڕێك پارە بۆ تابلۆی دوكانەكەی بدات.

ناوبراو لەوتوێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) باسی لەوەكرد، لەگەڵ دراوسێ دوكانەكانی هەمویان تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێكردووەتەوە، ئەمەش بارگرانی بۆ هاووڵاتیان لەڕووی دۆزینەوەی دوكانەكان دروستكردووە، هاوكات بارگرانییە بۆ سەر خاوەن دوكانەكان، چونكە مانگانە و ساڵانە دەبێت پارەی ئاو و كارەبای نیشتمانی و مۆلیدە و خۆڵ ‌و خاشاك و موڵكانە و باج و تابلۆ بدات.

ئەو دوكاندارە وتیشی:”ئەگەر حكومەتی هەرێم هاوكارێكی باشمانە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین كردووین، ئاساییە ئامادەم پارەی تریش بدەم، بەڵام كاتێك حكومەت هیچی وای نەكردبێت، من بۆ پارەی زیادە بدەم”.

بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ ڕێكخستنی باجەكان، بۆ هەر مەتر دووجایەك تابلۆی فلێكس ساڵانە بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، هەروەها بۆ پیتی بارز و ڕووناكی بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، هاوكات بۆ هەر مەتر دووجایەك ڕیكلامی شاشە ساڵانە بڕی 125 هەزار دینار وەردەگیرێت.

كاتێك حكومەتی هەرێم باج و ڕسومات لەسەر دوكاندارەكان زیاد دەكات، دوكاندارەكانیش ناچارن بۆ هاوسەنگكردنەوەی داهاتیان نرخی كاڵاكانیان گرانبكەن، ئەمەش بارگرانییەكی ترە بۆ سەر هاووڵاتییان.

لەوبارەیەوە ئەسمەر قادر، كە جارجار بۆ كڕینی پێداویستییەكانی ڕوو لەبازاڕ دەكات لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ پەیامنێری (تۆڕی میدیایی خەڵك) وتی:”حكومەتی هەرێم تەنها بۆئەوەی داهاتی خۆی زیاد بكات، بێئەوەی هیچ ئاگاداری دۆخی ناو خەڵك بێت و بێ ئەوەی بیر لەدەرەنجامی بڕیارەكانی بكاتەوە، بڕیاری نابەجێ دەردەكات، ئەگەرنا هەر كەسێك دەزانێك كاتێك باج لەسەر دوكاندار زیادبكرێت، دوكاندار نرخ بەرز دەكاتەوە، ئەوكاتەش تەنها هاووڵاتییەكی وەك من زەرەرمەند دەبێت، كە لەساڵێكی 12 مانگیدا نۆ مووچە وەردەگرم”.

حاجی محەمەد دوكاندارێكی ترە لەكۆتایی شەقامی ئۆرزدی لەسەر كورسییە بچكۆلەكەی لەبەردەم دوكانە بێتابلۆكەی دانیشتبوو، كە ئەویش وەك هەندێك لە دوكاندارەكانی تر لەزگەیەكی گەورەی ڕەنگ بێجی لەتابلۆی سەر دوكانەكەی داوە.

كاتێك چووینە لای و دەستمان بەگفتوگۆكرد، دەركەوت، ساڵانە ئەوەنە داهاتی نییە، كە بتوانێت باجی تابلۆیەك بدات و وتی:”من بەو ئاسمانەوە نووسینێكم نووسیوە، بۆچی حكومەت پارەم لێ وەربگرێت، ئەگەر شەقامەكەم گرتووە، حەق بەحكومەتە با باج وەربگرێت، بەڵام ئەم بڕیارە هیچ ڕەوا نییە، بۆیە هیچ گرفتێكم نییە منیش تابلۆكە لێ دەكەمە، با حكومەتیش بەرپرسیاریەتی ناشارستانیبوونی ئەم شارە هەڵبگرێت، كە دوكانەكانی بێ تابلۆ و ناو و ناونیشانن”.

بڕیاری وەرگرتنی باجی تابلۆی سەر دوكانەكان لەمانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لەشاری سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی هەموو دوكاندارەكان لەم بڕیارە بە فەڕمی ئاگادارنەكراونەتەوە، بۆیە وردە وردە دوكاندارەكان پێشئەوەی لیژنەكان سەردانیان بكەن، تابلۆكانیان لێدەكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان