ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

لەبارەی هاوسەرگیری سیغەوە سیستانی وەڵامی (BBC) دەداتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
ماڵپەڕی فەرمی نوسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئاینی لە نەجەف، وەڵامی ڕاپۆرتەكەی (BBC) دەداتەوە لەبارەی هاوسەرگیری سیغەوە.

(BBC) لە 8ی ئەم مانگەدا ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری لەژێر ناونیشانی “بازرگانی نهێنی سێكس لە عیراق” بڵاوكردبووەوە و ئاماژەی بە بوونی نووسینگەی ئاشكرا بۆ هاوسەرگیری سیغە كردبوو لە عیراق.

لە وەڵامی ڕاپۆرتە بنكۆڵكارییەكەی (BBC)، نووسینگەی سیستانی ڕایگەیاندووە، هاوسەرگیری كاتی لە مەزهەبی ئیمامیدا ڕێگەپێدراوە و هاوشێوەی هاوسەرگیری هەمیشەییە و جگە لە كاری سێكسی كۆمەڵێك ماف لەسەر هەردوو لایەن دیاری دەكات و بە هیچ شێوەیەك ناچێتە قاڵبی بازرگانی سێكییەوە وەك ئێوە باسی دەكەن و بە هیچ شێوەیەكیش سوكایەتی نییە بە شكۆی ژن و لایەنی مرۆیی ژن، ئەوانەی بەو شێوەیەش كاری پێدەكەن، ئایین بەكاردەهێنن بۆ گەیشتنە بە ئامانجە نەشیاوەكانیان.

هەر لە وەڵامەكەی سیستانیدا هاتووە، “بەپێویستی دەزانن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكان بەشوێن ئەو كەسانەدا بگەڕێن خۆیان لە بەرگی پیاوانی ئایینیدا شاردۆتەوە و بە هەڵسوكەوتە قێزەونەكانیان زیان بە كۆمەڵگە و پێگەی ئایین لە دەرونی خەڵكدا دەگەیەنن”.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا، نووسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانی، ئاماژەی بە هاوسەرگیری كردووە لەگەڵ كچانی منداڵ و دەڵێت: “ئەو دیاردەیە لە كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەكاندا هەبوو، بۆیە لە پەیامی چاپكراوی پێشووماندا هەندێك ئەحكاممان دیاری كردووە، بەڵام لەئێستادا ئەو دیارەیە كەمبۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەشە بەشێكی لابراوە لە چاپە نوێیەكاندا، ئەوەی دەمانەوێت جەختی لەسەر بكەینەوە ئەوەیە: بەخێوكەر بۆی نییە لەبەر بەرژەوەندی خۆی، یان بەرژەوەندی كچ، ناچاری بكات هاوسەرگیری بكات، تا ئەو كاتەی لەڕووی جەستەییەوە پێدەگات و ئامادەیی دەرونی تەواوی دەبێت بۆ كاری سێكسی، بەپێچەوانەشەوە نابێت هاوسەرگیری بكات گەر هاوسەرگیرییەكە لە بەرژەوەندی كچدا نەبێت”.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی (BBC) هاوسەرگیری “سیغە” لەگەڵ كچانی منداڵ‌ و نەوجەوان بەشێوەیەكی بەربڵاو لەناو شیعەكانی عیراق تەشەنەی كردووە، بەجۆرێك كچانی تەمەن 9 ساڵ بۆ پیاوان سیغە كراون، هەندێك لە پیاوانی ئایینی شیعەش لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارەدا ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری كاتیی (موتعە و سیغە) بەڕێوەدەبەن، كە بەشێكیان كچانی مێردمنداڵ ‌و منداڵن.

هەر لە ڕاپۆرتەكەی (BBC)دا هاتووە،كارەكە پێچەوانەی بەڵێنەكانی حكومەتی عیراقە بۆ ڕێزگرتن لەمافەكانی منداڵان، بەپێی یاساش بەتاوان دادەنرێت.

عێراق

بەشێك لە بەرپرسانی باڵای عیراق دەستیان بە هەڵهاتن كرد

خەڵك –بەشی هەواڵ
ماڵپەڕی اخبار البغدادیە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بڵاویكردەوە بەشێك لە بەرپرسانی باڵای عیراق و خێزان و كەسوكاریان لە ترسی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی هەینی كە بە ڕاپەڕینی تشرین ناوی دەهێندرێت، عیراق بەجێدەهێڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەكە، ئەو كەسانە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە خەریكی هەڵهاتنن لە عیراق.

ئەو كەسانە كە سەر بە ڕەوتی حیكمە و دەوڵەتی یاسا و پەرلەمانتارانی هەندێك لایەن و حیزبی دیكەن لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا عێراقیان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە چەند وڵاتێك كردووە لەوانە توركیا و ئێران و قەتەر و بەریتانیا.

هاوكات ژمارەیەك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبیش عیراقیان بەجێهێشتووە.

سەرچاوەیەك ڕایگەیاندووە، ئەو بەرپرسانە جموجۆڵە گەشتە ئاسمانییەكانی تایبەت بە چلەی ئیمام حوسێنیان قۆستووەتەوە و لە رێگایەوە چوونە دەرەوەی عیراق.

لە عیراق ئامادەكاری دەكرێت بۆ خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق و ناوی ڕاپەڕینی تشرینی لێنراوە، ئەمە هاوكات لەگەڵ دەنگۆی ڕووخاندنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق ئامادەكاری بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دەكات

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، عیراق لە ڕووی ئەمنی و داراییەوە خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش ئامادەكردووە.
دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش هەڵهاتن و ئەمەش مەترسی گەڕانەوەی ئەو چەكدارانەی بۆ عیراق زیاتركرد و بەپێی زانیارییەكان، هێزە عیراقییەكان ژمارەیەك لەو چەكدارانەیان دەستگیركردووەتەوە.

شیروان میرزا ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات، دۆخێكی وای دروستكردووە كە لایەنە نێودەڵەتییەكان ترسیان لە سەرهەڵدانەوەی داعش هەبێت و یەكێك لەو شوێنانەی گومانی لێدەكرێت داعشی هەڵهاتوو ڕووی تێبكەن بریتییە لە عیراق.

دەشڵێت”عیراق لە ڕووی ئەمنییەوە هێزێكی ناردووە بۆ ئەو سنوورانە و كۆنتڕۆڵی ناوچەكەیان كردووە و سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە عیراق خۆی ئامادەبكات نەوەك ببێتەهۆی ئەوەی جارێكی دیكە داعش سەرهەڵبداتەوە، چونكە لە حاڵەتی سەرهەڵدانەوەی داعش هەموو ناوچەكە لە مەترسیدایە نەك تەنها عیراق و هەرێم و سوریا، بۆیە لە رووی ئەمنییەوە ئامادەكاری كراوە”.

ئاشكراشیكرد، داعش كۆتایی نەهاتووە لە عیراق، هەربۆیە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەزگا هەواڵگرییەكان بەشی ئەوە بودجەیان بۆ دیاریكراوە كە بتوانن لەو حاڵەتانەدا ڕووبەڕووی ئەم دۆخانە ببنەوە، بۆیە لەم كاتەدا پێویستی بە بودجەی زیاتر نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

فەتح بۆ (خەڵك): پێشێلكردنی سەروەری عیراقە
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاوە بۆ عیراق ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵً
هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكریت، دژایەتی خۆی بۆ هاتنەناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ نێو خاكی عیراق ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: “هاتنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاوە بۆ عیراق، بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی پەڕلەمان و حكومەتی عیراق بووە”.

سوهام موسەوی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “هاتنەناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەبێ‌ ئاگاری پەڕلەمان و حكومەت، پێشێلكارییە بۆ سەروەری و سەقامگیری عیراق، ئێمە دەزانین، كە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی ناوچەكە بۆتە مایەی دروستكردنی زۆرێك لە كێشەكان و دەستوەردانی لە وڵاتاندا تەنگژە و ئاشووبی زۆری دروستكردووە”.

بە وتەی موسەوی، “دەستوەردانی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە وڵاتانی وەك عیراق و لیبیا و سوریا و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە، بۆتە مایەی ئەوەی ئەو وڵاتانە ناسەقامگیربن و بۆتە مایەی بڵاوكردنەوەی كلتوری كوشتن و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵایەتی، ئەمەش تەنیا لەپێناو گەڕان بەشوێن بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسڕائیل و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی بۆ تەلئەبیب”.

ئەو پەڕلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح، ڕەتیكردەوە زانیاری لەبارەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا و ئەو شوێنانە هەبێت، كە تێیدا جێگیر بوون، بەڵام ڕایگەیاند، “لەگەڵ ئەو هێزە ئەمریكاییانەی لەئێستادا لە سوریا پاشەكشەیان كردووە و هاتوونەتە عیراق، هێزی سەربازی تری ئەمریكا هەیە لەسەر خاكی عیراق، بە تایبەتی لە بنكەی (عەین ئەسەد) لە ئەنبار و بنكەی گەیارە لە نەینەوا و چەند شوێنێكی تر، ئەمەش بەبێ‌ وەرگرتنی ڕەزامەندی پەڕلەمان و حكومەتە”.

لەم ماوەیەی دواییدا مارك ئەسپر، وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، ئەو هێزە ئەمریكایانەی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا پاشەكشە دەكەن، كە ژمارەیان هەزار سەربازە، لە عیراقدا جێگیر دەكرێن و پڕۆسەكەش چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، ئەمڕۆ ئەو هێزانە لە قامیشلۆوە بەرەو هەرێمی كوردستان كشانەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان