ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

ئەو كەسەی ئەم دارەی بڕیەوە بە ملیۆنێك دینار سزادرا

خەڵك- بەشی هەواڵ

لیژنەی ژینگەی چاودێر ڕێگری لە هەر هەوڵێك دەكات كە بدرێت بۆ پیسبونی ژینگە و ئەو كەسانەیش روبەروی یاسا دەكاتەوە كە هەوڵی بڕینەوەی دار دەدەن.

بەپیی راپۆرتێكی لیژنەی ژینگەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كەسێك لەبەردەم تەلارێكی پزیشكیدا له شەقامی برایم پاشای شاری سلێمانی هەستاوە بە بڕینەوەی دارێكی بە تەمەن لە جۆری سورەچنار، راستەوخۆش دوای ئەنجامدانی ئەو كارە لیژنەی ژینگە پسوڵەی سەرپێچی بۆ ئەنجامدەری كارەكە كردووە و دواتر لیژنەی باڵا بڕیاریدا بە سزادانی ئەو خاوەنی تەلارە بازرگانییە‌ كە هەستاوە بە بڕینی دارە بەتەمەنەكە بە بڕی (یەك)ملیۆن دینار و لە بەرامبەریشدا دەبێت دارێكی گونجاوی بەتەمەن لە جێگەی دارە بڕدراوەكە بڕوێنێتەوە.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتی” هاوڵاتییانی شارەكەمان دەتوانن لەكاتی بینینی هەر حاڵەتێكی بڕینەوەی دار و درەخت بە هەر بیانویەك بێت لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە بۆئەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەری ئەو كارە بگیرێتەبەر.”

ژینگە

بڕیاری كۆتایی لەسەر 5 هەزار دیناری فڕێدانی خۆڵ و خاشاك نەدراوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا هاووڵاتیان پابەندنابن بە پێدانی 5 هەزار دیناری مانگانەوە بەرامبەر بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، چونكە پێیانوایە پارەكە زۆرە و لە زۆربەی وڵاتانیشدا مۆدێلی فڕێدانی خاشاك نەماوە، بەڵكو دەكرێت بە ڕیسایكڵین و بەرامبەر بەوە پارە دەدرێت بە خاوەنی ماڵەكان نەك پارەیان لێوەربگرێت و ژینگە پیس بكرێت.

ڕزگار عیسا سوار، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بابەتە تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە، دوای ڕێكخستنەوەی تەواوەتی لیژنەكان بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەن.

وتیشی”ماوەی چەند ڕۆژێكە سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی لیژنەكانی پەرلەمان بووین، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین”.

بڕیاری فڕێدانی خۆڵ و خاشاك بەرامبەر بە 5 هەزار دینار، لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم باج و ڕسوماتی چەند بەرامبەر بۆ هاووڵاتیان زیاتر كردووە، بەبێ‌ ڕچاوكردنی دۆخی دارایی فەرمانبەران.

ئەو پەرلەمانتارە هەر لە قسەكانیدا ڕونیكردەوە، كێشە لە بارەی خۆڵ و خاشاكەوە هەیە، چونكە تائێستا سیستمی ڕیسایكڵین لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لاوازە و كاری پێناكرێت، بۆیە بە سیستمی كلاستیكی و كۆن مامەڵە دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

وشكە سەرما كۆتایی دێت و شەپۆلی باران و بەفر هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان لە كۆتایی ئەم هەفتەیە شەپۆلی وشكە سەرما كۆتایی دێت و لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی دەستەی گشتی كەشناسی عیراق، لە ڕۆژی پێنج شەممەوە كاریگەری بارستە هەوای سیبریا لەسەر ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لاواز دەبێت و خێرایی با كەمدەبێتەوە و پلەكانی گەرما گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە ڕۆژی هەینییەوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و سەقامگیری لە دۆخی كەشوهەوا ڕوودەدات.

لای خۆشیەوە، سادق عەتیە، پسپۆڕی كەشناسی عیراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پلەكانی گەرما گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و چەند پلەیەك بەرزدەبنەوە و شەپۆلێكی باراناوی تەواوی ناوچەكانی وڵات دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بەهۆی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێكی باران بارین تەواوی ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم دەبارێت.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

تیمی وڵامدانەوەی خێرا بۆ ڕووداوەكان ڕاگەیاندرا

 

خەڵك-ئارام سەردار

فەرمانگەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، ئەمڕۆ چوار شەممە ۲۰ی تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ پێكهێنانی تیمێكی وەڵامدانەوەی خێرای بۆ كارەساتە سرووشتیەكان ڕاگەیاند، كە ماوەی 21 ڕۆژ خولیان بینیووە، بڕیارە هاوشێوەی هەولێر لە سلێمانی و دهۆك ئەو تیمە دروست بكرێت.

مەریوان حەسەن، بەڕێوبەر لە فەرمانگەی هەماهەنگی قەیرانەكان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ۲۱ ڕۆژ لە ڕاهێنان و كردنەوەی خول تیمێكمان بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بۆ كارەساتە سرووشتیەكان پێكهێنا.

دەشڵێت، “تیمەكە پێكهاتوون لە 20 كەس، كە بەشێكیان خۆبەخشن و بەشێكیان فەرمانبەری حكومەتن و بەشێكیشیان لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كار دەكەن، بیرۆكەی دروستكردنی تیمەكەش بۆ ئەزموونی دامەزراوەی TSD وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئامانج لەدروستكردنی تیمەكە بۆ ئەوەیە تیمەكە لە كاتی ڕوودانی هەر كارەساتێكی سرووشتی یان خود قەیرانێكی مرۆیی، بتوانن هاوكاری تیمەكانی تری حكومەتی هەرێم بكەن بۆ ڕزگاكردنی ژیانی هاوڵاتیان .

ڕاشیگەیاند، مەبەستمان بووە تیمەكە لەگەڵ ژینگەی هەرێمی كوردستان بگونجێت نەوەكو تەنها كۆپی پیەستی تیمەكەی ئەوان بێـت و لێرە تیمەكە نەتوانێت كار بكات، دامەزراوەی TSD تەواوی پێداویستی بۆ تیمەكە دابین كردووە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبن.

وتیشی، “لە داهاتوودا پلانمان هەیە لە هەریەكە لە شارەكانی سلێمانی و دهۆكیش هەمان تیم دروست بكەین، بەشێوەی خۆبەخش بەشێك دەبن لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی هەماهەنگی قەیرانەكانی (JSS).

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان