ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كاتی كاراكردنی زانكۆلاین دیاریكرا
سێ‌ بەشی دەرچووان لە خوێندنی خۆڕایی زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیران

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێكەوتی 8-10-2019 ناوی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا و بەپێی ئەنجامەكانی وەرگرتنیش ٧٤%ی دەرچووان لە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكان وەرگیراون و خوێندكارانیش دەتوانن (لەم لینكەوە) ناوەكانیان بدۆزنەوە.

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خوێندكاران سەرمایەی مرۆیی گرنگی ئەم هەرێمەن و ئێمە وەك وەزارەت تەواوی ئامادەكاری و پشتویوانیان دەبین بۆ سەركەوتنیان لەپڕۆسەی خوێندن، ڕاستە چەند سەرنج و تێبینییەك هەبوون لەبارەی دواكەوتنی ڕاگەیاندنی ناوی دەرچووان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەكی ورد و تەكنیكییە بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بتوانین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بكەین و لەساڵانی داهاتوو ئەو كێشانە نەمێنێت.

كورسی خوێندن بەڕێژەی 30% لە حكومی خۆڕایی زیادكراوە
ئاشكراشی كرد، بەشێك لەهۆكاری دواكەوتنی ناوی دەرچووانیش پەیوەندی بەزیادكردنی پلانەوە هەبوو، كەسەرەتا زانكۆكان پلانیان زیاد كرد و دواتریش ئێمە وەك وەزارەت ڕیژەی 30%ی كورسی خوێندنی گشتیمان زیاد كرد ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنی هەلی زیاتر بە دەرچووان.

ئارام محەمەد وتیشی، “بەگشتی ڕێژەی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندن بەم شێوەیە بووە ،بۆ پلانی بەخۆڕایی لەزانكۆ و پەیمانگاكان 74% و ئێواران 14% و پارالێڵ 8%، بەم شێوەیە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان دا (٤١٨٣٣) خوێندكار وەرگیران”.

ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە 100% لە خوێندنی خۆڕایی
لای خۆشیەوە خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی ڕاگەیاند و وتی، “وەزارەتەكەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات”.

وتیشی، “ئەمساڵ دەرچوانی خولی یەكەم و دوەمی قۆناغی (١٢)ی‌ ئامادەیی لە یەك كاتدا بەسیستمەكانی (زانكۆلاین، پارالێڵ و ئیواران) داوایان پێشكەش كرد كە (٣٨٢٨٤) دەرچوی پۆلی 12ی ئەمساڵ‌ فۆڕمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردووە، لە ئەنجامدا (٢٨١٨٥) خوێندكار، كە دەكاتە ڕێژەی 74% لەپلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) وەرگیران و (٣١٣٦) دەرچووی دیكەش كە دەكاتە 8% لەخوێندنی پارالێڵ وەرگیراون و ٥٥٤٤ دەرچووی دیكەش، كە دەكاتە ڕێژەی 14% لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون بەوەش ڕێژەی وەرگرتن بریتیە لە (٩٦%)ە، ١٤٨١ خوێندكاریش كە دەكاتە ڕێژەی 4% بەهۆی هەڵە پڕكردنەوەی فۆڕم لەهەڵبژاردنی بەشەكان ناویان نەگەڕاوەتەوە و هاوكات ٣٠٥٢ كورسی بەتاڵیش لەزانكۆ و پەیانگاكان ماون بەپێشكەش كردنی سكاڵا ناوی ئەوانەش دەگەڕێتەوە و ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە لە 100%”.

كاتی دۆزینەوەی شوێنی وەرگرتن لە زانكۆكان
د.خەتاب ئەحمەد شێخانی، دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگادار كرد، كە ئێوارەی ئەمڕۆ، لە كاتژمێر (٥) بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆڕمەكانیان پێ‌ پڕكردبووەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە، كە لێیی وەرگیراون.

دەچووانی ساڵانی دیكەش ناویان گەڕاوەتەوە
د.خەتاب شێخانی وتیشی، “جگە لەدەرچووانی ساڵی ٢٠١٩ دەرچووانی ساڵی پاریش، كە ناویان نەگەڕابووەوە داوایان پێشكەش كردووە، كە ژمارەیان ٦٧٩٣ خوێندكارە و ٩٦٥ دەرچوو ناویان لە پلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی گەڕاوەتەوە و ١٠٢٢ دەرچووش لە خوێندنی پارالێڵ و ٢٩٨١ دەرچووش لە خوێندنی ئێواران ناویان گەڕاوەتەوە و بەمەش ٤٩٦٨ دەرچووی ساڵانی ڕابردوو لەمساڵی خوێندن ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە و بەمەش لەگەڵ دەرچووانی ئەمساڵ كۆی وەرگیراوان ٤١٨٣٣ خوێندكار ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە”.

ماوەی سكاڵا 4 ڕۆژە
لەبارەی پێشكەش كردنی سكاڵاش د.خەتاب شێخانی ڕایگەیاند، ئەو دەرچووانەی سكاڵایان هەیە بەهەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەكە و دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن، كە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە كاتژمێر ١٢ی شەو پێشكەش كردنی سكاڵا بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی كرد، بۆ دابەینی بەش و كۆلێژەكانیش بەهەمان پڕۆسە و لەنێو سیستمی وەرگرتندا دەرچووان دەتوانن داوای دابەزین بكەن.

ڕاستەوخۆڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگاکان۸/۱۰/۲۰۱۹

Posted by Xelk Media Network on Tuesday, October 8, 2019

راپۆرت

ڤیدیۆ؛ لە بازاڕی سەیدسادق ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دادەنرێت

خەڵك – یەحیا حبیب
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق، قایمقامیەتی شارۆچکەکە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان و به‌ هاوکاری دوو گه‌نجی خۆبه‌خش، ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆسیان لە نێو بازاڕی سەیدسادق دانا.

عەلی تەپەڕەشی، خاوەن بیرۆکە و دروستکەری ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ (خەڵک) وتی، “بەهۆی بەرزبوونەی ژمارەی مردنی هاووڵاتییانی شارۆچكەکەمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرم لە دروستکردنی ئامێرێک کردەوە کە هەستوەر (حاسە) بێت و هاووڵاتییان و دوکاندارانی ناو قەزاکە سودی لێوەرگرن و بەدوور بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی: “هەر بۆیە لەسەر کاغەز وێنەی ئامێرەکەم دروستکرد و کاغەزەکەم برد بۆ لای یەکێک لە دوکانەکان بە ئەلەمنیۆم دروستی بکات بۆم بەو شیوەیەی خۆم دەمەوێت و ئامادەکاریم بۆی کردووە”.

عەلی تەپەڕەشی دەڵێت: “بەهۆی ئەو شارەزاییەی هەمە لە بواری کۆمپیوتەر و ئۆتۆمبێلدا،هەستام بە دروستکردنی ئامێرێکی بەرنامەکراو، کاتێک هاووڵاتییەك بە ئامێرەکەدا تێپەر ببێت دەرمانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕشێنێت و ئەو هاووڵاتییە تەعقیم بکات کە پێیدا تێپەڕ دەبێت. لە تواناشیدا هەیە کە نزیکی 2000 کەس لە کاتژمێرێکدا دەرمانڕشێن بکات”.

ڕونیشیکردەوە، “دروستکردنی ئەم ئامێرانە بە یەک کەس قورسە و ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا یەک ئامێر دروست بکەیت”، وتیشی: “ئەگەر حکومەت پشتیوانیمان بکات تیمێکی چەند کەسی دیاری بکات بۆمان دەتوانین ڕۆژانە چەند دانەیەک بەرهەم بهێنین بۆ زیاتر خزمەتی خەڵک و تەندروستی خەڵکی کوردستان”.

سوهەیب محەمەد، چالاکوانێکی شارۆچكەی سەیدسادقە و بۆ (خەڵک) وتی، “دانانی ئەم ئامێرە لە لایەن گەنجێکی خۆبەخشی شارەکەمانەوە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

وتیشی، “لە مێژەوە وتراوە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، هەر بۆیە دەبێت خەڵکیش هۆشیار بێت و خۆی بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

لای خۆشیەوە قایمقامیەتی شارۆچکەی سەیدسادق ڕایگەیاند ئامانج لە دانانی ئامێرەكە كەمكردنەوە و ڕێگریكردنە لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و “له‌ کاتی هاتن و ڕۆشتنی هاووڵاتییان بۆ بازار و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سەیدسادق دێنه‌ ناو شارۆچكەکه‌ تەعقیم بکرێن”.

ئاشکراشی دەکات، له‌ به‌رنامه‌یاندا هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا له‌ چه‌ند شوێنێکی تری شارۆچكەكەدا ئامێری ڕشاندنی دەرمانی دژە کۆرۆنا دابنرێت، ئەویش لە پێناو پاراستن هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەكە.

قایمقامیەتی سەیدسادق داواشی کرد،‌ “هاووڵاتیان له‌ کاتی سه‌ردانی کردنیان بۆ بازاڕ، لانیکه‌م له‌ کاتی چوون و هاتنیاندا، به‌ناو ئه‌و ئامێرەدا بڕۆن بۆ سه‌لامه‌تی خۆیان و خێزانیان و شاره‌که‌مان”.

تا ئێستا 13 هاووڵاتی بە هۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لە شارۆچكەی سەیدسادق گیانیان لە دەست داوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

یۆنسێف: 4.5 ملیۆن منداڵی عیراقى ڕووبەڕووی هەژاریی دەبنەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی (یونسێف)ی سەر بە نەتەوە یەگگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، منداڵانی عیراقی كە زۆرینەن لەنێوان نزیكەی 4.5 ملیۆن عیراقی، هەڕەشەی هەژاریی و نەدارییان لەسەرە بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی هەڵسەنگاندێك كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پاڵپشتی (یونسێف) و بانكی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی (ئۆكسفۆرد) بۆ هەژاریی و گەشەی مرۆیی بڵاوكرایەوە” 4.5 ملیۆنی تری عیراقییەكان (واتا نزیكەی 11%)، ڕووبەڕووی مەترسی كەوتنە خوار هێڵی هەژارییان لەسەرە، بەهۆی كاریگەریی كۆمەڵایەتی ئابوری پەتای كۆرۆنا”.

هەر لە هەڵسەنگاندنەكەدا هاتووە”ئەم بەرزبوونەوە زۆرە دەبێتە مایەی هەڵكشانی ڕێژەی هەژاریی نیشتمانی لە 20% لە ساڵی 2018 بۆ 31.7%، و زۆربوونی گۆی گشتی هەژاریی بۆ 11.4 ملیۆن”.

(یۆنسێف) پێیوایە”منداڵان و تازەپێگەیشتوان بەشێوەیەكی زیاتر ئاستی هەژارییان هەڵكشاوە”.

هەروەها دەڵێت”بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناش، یەكێك لەنێوان هەر پێنج كەسێكدا لەنێو منداڵان و تازەپێگەیشتوان هەژاربوون، بەڵام ئەمە بۆ زیاتر

لە 2 كەس لەنێوان 5 كەسدا زیادی كرد، كە 37.9%ی كۆی گشتی ژمارەی منداڵان دەكات”.

بە بۆچوونی ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان”42%ی دانیشتوان لەو توێژە فشەڵەن كە ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی مەترسی دەبنەوە، بەو پێیەی لە چەندان ڕووەوە بەدەست نەدارییەوە دەناڵێن، بە تایبەتیش لەڕووی، فێركاریی، تەندروستی، گوزەرانی ژیان، ئاسایشی دارایی”.

سەبارەت بە منداڵانیش، “هەر منداڵێك لەنێوان دواندا (واتا 48.8%) زیاتر ڕووبەڕووی نەداریی دەبنەوە لەزیاتر لە یەكێك لەو چوار ڕووە”.

نەداریی و بێبەشبوون لە پەیوەندیكردن بە خوێندنگەكان، و دەستبەركردنی سەرچاوەی ئاوی شیاو، لەو فاكتەرە سەرەكیانەن كە بونەتە مایەی فشەڵبوونی خێزان و ئاستی گوزەرانی منداڵ.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

مێژووی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی تەماتە

خەڵک ـ عەبدول محەمەد

تەماتە ئەو سەوزەیەی یان وەک هەندێک دەڵێن ئەو میوەیەی کە بەشێوەیەکی نمیچە ڕۆژانە دەبێت لە هەموو ماڵێکدا بوونی هەبێت، هەر کە باسی لێنانی هەر چێشتێکی شلە دەکرێت، دەبێت تەماتەش بوونی هەبێت.

تەماتە لە خێزانی بەروبومە باینجانییەکانە بە زۆری لە ناوچە مامناوەندی و گەرمەکان دەڕوێت و گەشە دەکات، ناوە زانستیەکەی Solanum lycopersicum، ناونانی تەماتە لە زمانی گەلی “ئیزتیک”ی مەکسیکەوە هاتووە، کە بەو بەربومەیان وتووە تۆماتۆل (tomatl)، لە هەندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە تەماتە دەوترێت بەنەدۆرە، کە لە زمانی ئیتالیاوە وەرگیراوە.

نابێت ئەوەشت لە یاد بچێت کە تەماتە یەکێکە لەو بەرهەمە رووەکیانەی کە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کانزا و ڤیتامینەکان و خوێ کانزانییەکان و کاربۆهێدرات و رەنگە سروشتییەکان دادەنرێت بۆ جەستەی مرۆڤ.

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەماتە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و پارێزگاریکردن لە فشاری خوێن و خوێنبەرەکان و بەربەرەکانێی نەخۆشیە جیاجیاکان شێرپەنجە، بەهێزکردنی دەزگای هەرس و پارێزگاریکردن لە چاوەکان.

نیشتیمانی یەکەمی تەماتە بەرزاییەکانی خۆرئاوای ئەمریکای لاتینە، کە ئێستا بە وڵاتانی پیرۆ و ئیکوادۆر ناسراوە، بە دیاریکراویش ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر شوێنی ئەم ڕووەکەی تیا دۆزراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیە لەسەردەستی هیندیە سورەکان گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، تۆی تەماتەی ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست بە سەرچاوەی هەموو جۆرە تەماتەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوە و قەبارەی جیاواز هەیە.

زۆرێک لە میژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای داگیرکردنی شاری ئەزتیک شوێنی مەکسیکۆ سیتی پایتەختی ئێستای مەکسیک لە ساڵی ١٥٢١، “کورتس” گەریدەی ئیسپانی یەکەم کەس بووە تۆی تەماتەی گواستووەتە بۆ ئەوروپا، هەندێکیش دەڵێن کریستۆفەر کۆلۆمیس ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار کیشوەری ئەمریکای ئاشکراکرد، یەکەم ئەوروپی بووە لە ساڵی ١٤٩٣ تۆی تەماتەی گواستووەتەوە بۆ ئەوروپا
مانیۆلی مێژوونووسی ئیتالی یەکەم کەس لە ساڵی ١٥٤٤ باسی لە بوونی تەماتە کردووە لە ئەوروپا.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ڕەنگی بەرهەمی تەماتەدا دێت تا پێ دەگات لەسەرەتاوە خەڵک ترساوە لەوەی کە ڕوەکێکی ژەهراوی بێت.

تەماتە لە تورکیا و ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستانیش بەشێکە لێی، تا سەردەمی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بوونی نەبووە، دواتر لە ساڵی ١٩١٧ بەدواوە جوتیارەکان لەدەشتاییەکانی تورکیا و ئوردن و پارێزگای دیالەی عێراق لە شارەکانی بەعقوبە و مەندەلی چاندوویانە.

کاتێک بەرهەمەکەی چووەتە بازاڕەکانی بەغدا خەڵک لێی ترساون بە بەرهەمێکی ژەهراویان زانیووە و دواتر ناونراوە بە “پرتەقاڵی ئینگلیزی”، بەڵام دوای ئەوەی خەڵک لێی شارەزا بووە، بووەتە پێکهاتەکی سەرەکی چێشتخانەی عێراقی.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 185 هەزار تۆن تەماتەیە، توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی ناوخۆش هیچ ساڵێك نەگەیشتووەتە نیوەی ئەم بڕە، بۆیە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی تەماتە هاوردە بکرێت.

ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی خۆیدا ڕیزبەندی کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەرهەمی تەماتەیان هەیە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان کە ئەمانەی خوارەوەن:

چین لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە بڕی 56 ملیۆن ە 423 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت.

هیندستان بە پلەی دووەم دێت و ١٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٣ ملیۆن و ٣٨ هەزار تۆن.

تورکیا ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن.

میسر ٧ ملیۆن و ٩٤٣هەزار تۆن.

ئیتالیا ٦ ملیۆن و ٤٣٧ هەزار تۆن.

ئێران ٦ ملیۆن و ٣٧٢ هەزار تۆن.

ئیسپانیا ٤ ملیۆن و ٦٧١ هەزار تۆن.

بەرازیل ٤ ملیۆن و ١٦٧ هەزار تۆن.

مەکسیک ٤ ملیۆن و ٤٧ هەزار تۆن.

ڕوسیا ٣ ملیۆن تۆن.

ئۆزبەگستان ٢ ملیۆن و ٦٤٨ هەزار تۆن.

نەیجیریا ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار تۆن.

ئۆکرانیا ٢ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار تۆن.

پرتوگال ١ ملیۆن و ٦٩٣ هەزار تۆن.

تونس ١ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار تۆن.

جەزائیر ١ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار تۆن.

مەغریب ١ ملیۆن و ٢٣ هەزار تۆن.

کامیرۆن ١ملیۆن و ١٨ هەزار تۆن.

یۆنان ١ ملیۆن و ٤ هەزار تۆن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕاپۆرتەدا ئەوە، هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانی چاندنی ڕووەکی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، بەڵام ناوی لە ناوەڕاستی لیستەکەدا و بە نۆهەمین وڵات دێت لە بەرهەمی تەماتەدا، جگە لەوەش عێراق بە یەکێک لە وڵاتە پێشینەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار تەماتەی تیا بەرهەم هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی لەناو لیستەکەدا نەهاتووە و ساڵانە ناچارە بە سەدان تۆن تەماتە لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەوە هاوردە بکات، ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵەوە بەرهەمی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی داوای بازاڕەکانی خۆی نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان