ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ژینگە

بڕی ئاوی خەزنكراوی عیراق گەیشتە 50 ملیار مەتر سێجا

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ڕایگەیاند، نزیكەی 50 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداو و كۆگاكانی ئاوی عیراقدا هەن و ڕێژەی خوێ لە ناوچەكانی باشوری عیراق كەمیكردووە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕە ئاوە لە ئاستی پێویست زیاترە و بەشی پێویستی تەواوی عیراق دەكات، هەرچەندە لە ئێستادا ساڵی نوێی تازەی كۆكردنەوەی ئاویش دەستی پێكردووە.

هەر بەپێی تازەترین ئامارەكان، ڕێژەی خوێ‌ لە ناوچەكانی باشوردا بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەردەوامەوە كەمیكردووە و ئەوەشی بە خاڵێكی ئەرێنی بۆ كشتوكاڵ و ژینگە وەسف كردووە.

ساڵی ڕابردوو بەهۆی زۆری باران و بەفرەوە بەنداوەكانی عیراق پڕبوون و لە هاویندا كێشەی كەمبوونەوەی ئاو ڕووینەدا.

ژینگە

تەوژمێكی سەرماوسۆڵە بەڕێوەیە

خەڵك- بەشی هەواڵ
كەشناسی عیراق ڕایدەگەیەنێت، تەوژمێكی سیبیری پێشوەخت شارەكانی عیراق دەگرێتەوە، پێشبینیشی كردووە ئەو تەوژمە چەند ڕۆژێك بەردەەوام بێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە”گۆڕانكارییەكی كەشوهەوای بەردەوام لەئارادایە كە لە نەخشەكاندا دەردەكەوێت و وڵات دەگرێتەوە، بەپێی ئەو نەخشانەش تەوژمێكی سیبیری پێشوەخت ڕوو لە وڵات دەكات و چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت، بەو هۆیەشەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی زۆر ڕوو لە دابەزین دەكەن، تەوژمەكەش لە ڕۆژی یەك شەممە یان دوو شەممەی داهاتوو وڵات دەگرێتەوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەكانی خۆرئاوای وڵات بەشێوەیەكی ناچاوەڕوانكراو دەبێت كە ڕەنگە لە بەرەبەیانی دوو شەممەی داهاتوودا تەوژمی شەختە و سەرماوسۆڵەیەكی بەهێز لەگەڵ خۆیدا بهێنێت”.

كەشناشی عیراق دەڵێت”پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما، پلەیەكی زۆر نزم تۆماربكەن لە ناوچەكانی خۆرئاوا و هەرە باكووری خۆرهەڵاتی وڵات، بەجۆرێك كە دەگاتە سفر پلەی سەدی لە هەندێك ناوچەدا لە بەرەبەیانی دوو شەممەی داهاتوو”.

سەبارەت بە شارەكانی ناوەڕاست و باشوور، كەشنایی عیراق ڕایگەیاندووە”دابەزینی پلەی گەرما لەو ناوچانەدا كەمتر دەبێت، بەهۆی كۆبوونەوەی پەڵە هەور لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت سەرماوسوڵەیەكی بەهێز لە بەیانیاندا دروست ببێت و لە رۆژدا مامناوەند بێت و لە شەویشدا سارد”.

دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق پێیوایە”ئەو دابەزینەی پلەی گەرما لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەردەن و باكووری سعودیە و سوریاش ڕوودەدات”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

پڕۆژەی بەنداوی زەلان چوار ساڵە وەكخۆی ماوەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە زستانی 2015 دا، پڕۆژەی بەنداوی زەلان ئاوبردی و كاركردن تێیدا وەستێنرا و تائێستاش هیچ بڕیارێك نییە بۆ كاركردنەوە تێیدا.

بەنداوی زەلان دەكەوێتە سنوری ناحیەی زەلانی سەر بە قەزای چوارتاوە و لە ساڵی 2013 دا كاركردن تێیدا دەستی پێكرد، بەڵام پێش ئەوەی تەواو ببێت ئاوبردی و كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە هەڵهات.

ساڵی 2015 قەیرانی دارایی بە تەواوەتی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و پڕۆژەكان ڕاگیران، لە نێویاندا دروستكردنی بەنداوەكان، بەڵام بەپێی دواین بڕیاری حكومەتی هەرێم جارێكی دیكە دەست بە كاركردن دەكرێتەوە لە بەنداوەكاندا و حكومەتی هەرێم 33 ملیار و 320 ملیۆن دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بڕە پارەیە بۆ 12 بەنداوێكی سنوری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەنداوی زەلان ناگرێتەوە.

وتیشی”بەنداوی زەلان پارەیەكی زۆری دەوێت و هێشتا بڕیار نییە بۆ ئەوەی كاركردن تێیدا دەستپێبكاتەوە”.

بەنداوی زەلان لەسەر ڕووباری قەڵاچوالان دروست دەكرێت و پێشبینی ئەوەی لێدەكرێت بە تەواوبوونی ناوچەكە بكاتە شوێنێكی گەشتیاری دیار لە سنوری پارێزگای سلێمانییدا، سەرەڕای كۆكردنەوەی ئاوێكی زۆر بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە.

(خەڵك) پێشتر بەدواداچوونێكی وردی بۆ پڕۆژەی بەنداوی زەلان كرد و تێیدا سەباح مەعروف بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان داوای لە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد، دەستبەكاركردن لەو پڕۆژەكەدا بكرێتەوە لەبەر گرنگی بۆ ناوچەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

لەسەر خەڵوز دروستكردن هاووڵاتییەك دەستگیركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ

پۆلیسی دارستان و ژینگەی دووكان لەسەر دروستكردنی خەڵوز لە سنوری دووكان هاووڵاتیەكی دەستگیركرد.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند هاووڵاتییەك لە سنوری دووكان مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دووكان توانیان بە تۆمەتی خەڵوزكردن هاووڵاتییەك دەستگیر بكەن و هاوكات توانرا دەست بگیرێت بەسەر ( ٣٨ ) فەردە خەڵوزو (١) ئۆتۆمبێلدا”.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە”پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان