ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

شارباژێڕ.. هاووڵاتییەك لەسەر خەڵوزكردن دەستگیركرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە سنووری شارباژێڕ هاووڵاتیەك دەستگیر كرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ئەنجامی دەرچوون و كێوماڵكردنی سنووری چالاكییەكانیان بە مەبەستی ڕێگریكردن لە سەرپێچیكاران و نەهێشتنی دیاردەی داربڕین و پاراستنی سروشت و ژینگە، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێڕ لە سنووری گوندی كۆژینی سەر بە قەزای شارباژێڕ توانیان كورەیەكی خەڵوزكردن تێكبدەن كە بەشێوەیەكی نایاسایی كارتی تێدا دەكرا.

ئاشكراشیدەكات، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر داری تەڕی بڕاوەدا گرت كە بۆ خەڵوزكردن ئامادە كرابوون، هەروەها توانیان هاووڵاتیەك بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی و خەڵوزكردن دەستگیر بكەن و پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوە و ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.

کوردستان

توركیا: نامانەوێ یەك شەڕڤان لە مەنبج‌و كۆبانێ و قامیشلۆ بوونی هەبێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایدەكات، نامانەوێت هیچ ئەندامێكی یەپەگە لە ناوچەی ئارام بوونی هەبێت.

مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا بە كەناڵی حەوتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو 22-10-2019 لەگەڵ ڕوسیا كۆدەبینەوە و تاوتوێی كشانەوەی شەڕڤانانی یەپەگە دەكەین لە ناوچەكانی مەنبج، كۆبانێ و قامیشلۆ.

وتیشی، “ڕِوسیا لە نیگەرانییەكانمان تێدەگات و نامانەوێت دوای 120 كاتژمێرە دیاریكراوەكە هیچ ئەندامێكی یەپەگە لەسەر سنوورەكانی توركیا بوونی هەبێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە كاتی كشانەوەی شەڕڤانانی یەپەگە، سوپای توركیا لە ناوچەی ئارام دەبن و چاودێری هەنگاوەكانی دواتریش دەكەن.

لای خۆشییەوە مەسعود حەسۆ، نوێنەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی توركیا داوای دەكات تەنها كۆمەڵكوژییە دژی كورد و گۆڕینی دیموگرافیایە لە ڕۆژئاوای كوردستان، بۆیە توركیا مەبەستی سڕینەوەی پێكهاتەی كوردە.

سەبارەت بە كشانەوەیان لە سەرێكانی و قامیشلۆ و مەنبەج ناوبراو ئاشكرایكرد، ئەو شوێنانە ناوچەی خۆمانن، لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان دەركرێین بۆ كوێ بچین، ئەوە كەی ڕەوایە لەسەر ماڵی خۆت دەربكرێیت و خەڵكی تر لە جێگەت نیشتەجێ بكرێت، بۆیە ئەمە بەهیچ جۆرێك قابیلی قبوڵ نییە و هەسەدە بە خوێن نەبێت لەو ناوچانە ناكشێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا: سەربازەكانیان لە سوریا دەچنە ڕۆژئاوای عیراق

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ هاوتا عیراقیەكەی سەبارەت بە پلان بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 700 سەرباز لە سوریا بۆ نێو ڕۆژئاوای عیراق قسەی كردووە، دەشڵێت: “لە ژێر پلانی ئێستادا هەمووی ئەو سەربازانەی ئەمریكا، كە سوریا جێدێڵن بۆ ڕۆژئاوای عیراق دەڕون و لەشكرەكە درێژە بە كردارەكانی بۆ سەر داعش دەدات و ناهێڵێت داعش سەرهەڵبداتەوە”.

ئاژانسی (ئەسۆشیەتد پرێس) لە زاری مارك ئەسپر، وەزیری بەرگری ئەمریكا بڵاویكردەوە، كە لە ئێستادا وڵاتەكەی لە پلانیدایە هەمووی ئەو سەربازانەی ئەمریكا، كە سوریا جێدێڵن بۆ ڕۆژئاوای عیراق بڕۆن و لەشكرەكە درێژە بە كردارەكانی بۆ سەر داعش دەدات و ناهێڵێت داعش سەرهەڵبداتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە گەڵ هاوتای عیراقییەكەی سەبارەت بە پلان بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 700 سەرباز لە سوریا بۆ نێو ڕۆژئاوای عیراق قسەی كردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو سەربازانەی دەچنە عیراق دوو ئەركیان لە پێش دەبێت، یەكەم یارمەتی بۆ بەرگریكردن لە عیراق و ئەنجامدانی كرداری دژە داعش لە دەمێكدا بۆ هەنگاوەكانی دوایی دەچین.

ئەمە لەكاتێكدایە، ‌بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان دوو وڵات، لەئێستادا زیاتر لە 5 هەزار سەربازی ئەمریكی لە عیراق هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئاژانسی فەرمی سوریا: هەسەدە لە سەرێكانی كشایەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
میدیای فەرمی حكومەتی سوریا ڕایدەگەیەنێت، كەهێزەكانی هەسەدە لە سەرێ‌ كانی كشانەوە و شارەكە لەلایەن سوپای داگیركەری توركیا و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەوە داگیر كرا.

هەردوو ئاژانسی (سانا)ی فەرمی و كەناڵی (اڵاخباریە) ڕایانگەیاند، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەرێكانی بەتەواوی كشانەوە و سوپای توركیا و چەكدارە هاوپەیمانەكانی شارەكەیان داگیر كرد.

ئاماژە بەوەشكراوە، كە هێزەكانی هەسەدە بەرەو پارێزگای حەسەكە كشاونەتەوە.

بەڵام تا ئێستا لەلایەن فەرماندەیی هەسەدەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەك بڵاونەكراوەتەوە.

لای خۆشیەوە ئاژانسی (هاوار) بڵاویكردەوە، كە كاروانێكی زۆری هاووڵاتیانی مەدەنی لە سەرێكانی-یەوە گەیشتونەتە حەسەكە و هاوكات بریندارانی سەرێكانی لەڕێگەی مانگی سووری كوردیەوە ڕزگار كران و گەیەنرانە نەخۆشخانەی قامیشلۆ.

پێشتریش مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، كە سوپای سوریا ئاستەنگ بۆ كشانەوەی هەسەدە دروست دەكەن و وتیشی، “ئەگەر توركیا پابەندی ئاگربەست نەبێت ئەوا وەك پیلانگێڕی تەماشای ڕێككەوتنەكە دەكەین”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توركیا و ئەمریكا ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەست لەباكووری سوریا و كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە لەو ناوچانە لەماوەی 120 ڕۆژدا، بەڵام سوپای توركیا و چەكدارە توندڕەوە هاوپەیمانەكانی پابەند نەبوون و چەندین ناوچەیان بۆردومان كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی و شەڕڤان شەهید و بریندار بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان