ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

خۆپیشاندانەكانی عێراق، كۆتا ھەنگاو بۆ ساغ بوونەوەی ململانێكان


محەمەد عەلی

لە دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن (سەدام حوسێن) سەرۆكی پێشووتری عێراق و ھەڵمەتی گەردەلوولی بیابان و چاوپۆشی لە دووبارە گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، یەكێك لە ھۆكارەكان بۆ ئەم ئاڵۆگۆڕە لە ھەڵوێستەكانی ئەمەریكا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ شاراوەیەی كە لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا ھەبوو سەبارەت بە دواڕۆژی ئەوەی كێ دەسەڵات لە عێراق دەگرێتە دەست.

 

بە تایبەتی پاش پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، بەمەبەست یاخود بێ مەبەست بێ لەبەر دژایەتیی سوننەكان بۆ ھێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا، وڵاتانی سوننەی ناوچەكە ھیچ ڕۆڵێكیان پێ نەدرابوو، بەڵام  لە كۆتا ھەنگاوەكانی ئەمەریكادا پێدانی ڕۆڵ بوو بە  بە وڵاتانی سووننە بە تایبەتی ئوردن و سعوودیە لە عێراق، پێدانی بەشێكی نەوتی كەركوكیش بە ئوردن و بڕیاری سعوودیە بە كردنەوەی دەروازەی سنووری لەگەڵ عێراق و ڕۆیشتن بەو ئاراستەیەی وەبەرھێنانێكی زۆر لە عێراق بكات، ڕاستەوخۆ بە مانای كەمكردنەووی ڕۆڵی ئێرانە لە عێراق، چڕبوونەوەی خۆپیشاندانەكانی ئەم جارە ڕاستەوخۆ لە دوای سەردانەكەی (عادل عەبدولمەھدی) سەرۆكوەزیران بۆ سعوودیە، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم بۆچوونە.

 

لە گفتوگۆكانی پێكھێنانی كابینەكەی (عادل عەبدولمەھدی) ھەموو ھەنگاوەكان بەو ئاراستەیە بوون كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكوەزیرانی داھاتوو، لە دەرەوەی حیزبی دەعوە بێت، بۆیە دوورخستنەوەی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە ترۆپكی دەسەڵات لە عێراق، گورزێكی زۆر بەھێز بوو لە ئیمتیدادی ئێران لەم وڵاتەدا درا، بەو ھۆكارەی ئەم حیزبە بڕوای تەواوی بە ویلایەتی فەقیھ و كاریگەری راستەوخۆیان ھەبوو لە كەمكردنەوەی ڕۆڵی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە ناكرێ ئەو ئەگەرە دوور بخەینەوە كە ئەم خۆپیشاندانە كودەتایەك بێ بۆ سەر حكومەت لەلایەن حیزبە ھاوپەیمانەكانی ئێرانەوە، بە تایبەتی دوای نزیكبوونەوەی سەدر لە ئێران ئەم ئەگەرە زۆر نزیكتر دەكاتەوە.

 

بۆردوومانی راستەوخۆی پێگە و بنكە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە  ئێران لە عێراق و لێدوانی سەرۆكوەزێرانی عێراقیش، كە دانی نا بەوەی لەلایەن فڕۆكە ئیسڕائیلییەكانەوە بۆردوومانەكان ئەنجام دراون، گورزێكی تر بوو لە پێگەی ئێران درا لە عێراق، بەو ھۆكارەی تاكو ئێستا ئاسمانی عێراق لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمەریكادایە، كەوابێ ڕەزامەندی بۆ لێدانی حەشدی شەعبی ھەبووە، كاردانەوەی ئێرانیش بەرامبەر ئەم ھەنگاوەی ئەمەریكا خێرا بووە، بۆیە مانۆڕێكی دەستپێكرد بۆ نزیككردنەوەی لایەنە ھاوپەیمانەكانی لە عێراق و كردنەوەی دەروازەی قائمی نێوان عێراق – سووریا، كە ھەنگاوێكی تری ئێرانە بە ئاراستەی ڕێكخستنەوەی جموجۆڵی میلشیاكانی نزیك لەو وڵاتە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر لە نێوان ھەردوو وڵاتدا جووڵە بكەن بۆ ھەموو ئەگەرەكان.

 

ھەوڵەكان بۆ نزیككردنەوەی ھەولێر و بەغدا لە رێگەی ڕێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٠، ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان، جدییەتی ئەمەریكا و ھاوپەیمانەكانی دەردەخات بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر، ئەمەش بە دڵنیاییەوە ئەنجامەكەی كوردستانێكی بەھێز و سەرۆكوەزیرانێكی بەھێزە لە عێراقدا، گومانیش هەڵناگرێت كە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێران و ھاوپەیمانەكانیدا نییە، بۆیە ھاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق، جموجۆڵی ھاوكارەكانیان دەستی پێكردووە لە كوردستان، بە جۆرێك ھەندێك لەوانە داوای كشانەوە لە حكومەت و ھەندێكی تریش داوای خۆپیشاندان دەكەن لە پارێزگاكانی ھەرێم.

 

جیاوازییەكی بەرچاوی ئەمجارە، نەبوونی فتوای مەرجەعییەت بوو بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكان، كە لە لایەك دەستی حكومەتی كراوە كردووە بۆ بەكارھێبانی گشت ڕێگاكان بە كوشتنی خۆپیشاندەرەكانیشەوە، لە لایەكی ترەوە ئەو ئەگەرە بەھێز دەكات كە مەرجەعییەت لەوە گەیشتووە كە بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان جگە لەوەی لە ژێر كاریگەریی دەرەوەی سنوورەكانە، بۆ تەسفییەی حیساباتی نێوان وڵاتانی بەرژەوەندیخوازیشە، كە عێراق وەك گۆڕەپانێك بەكاردەھێنن بۆ ئەم مەبەستە، بۆیە مەرجەعییەت نایەوێت عێراق ببێتە قوربانیی ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران.

ریکلام

وتار

نازانم (پەکەکە) تێناگات یان بریاریداوە تێنەگات!


لوقمان غەفوور

سمسته‌ری رابردوو له‌ زانكۆ، مامۆستایه‌كم هه‌بوو به‌ناوی مارك جۆنسن، ئه‌م پرۆفیسۆره‌ قاڵبووی ته‌مه‌نێكی زۆری سیاسه‌ت بوو. تێڕوانییه‌كانی وردبوون، جێگه‌ی ئه‌وه‌بوو هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌م مامۆستا ئه‌مریكییه‌ سه‌رسامبوو به‌ په‌كه‌كه‌ و هه‌میشه‌ تێروانینێكی پۆزه‌تیفانه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر ژیانی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و پلاتفۆرمی گشتی په‌كه‌كه‌.

به‌ڵام له‌زۆربه‌ی گفتووگۆكانماندا له‌یه‌ك خاڵدا هه‌ڵوێسته‌یه‌كی ئه‌كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ئه‌یوت په‌كه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ خۆی ده‌ركێشێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ لیستی تیرۆری مه‌حفه‌لی ده‌ولیدا.

ره‌نگه‌ تێڕوانینه‌كانی مارك له‌به‌رئه‌وه‌ی تێروته‌واو ئه‌كادیمی بوو زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای “ئاپۆیزم” گه‌شه‌ی كردبوو له‌م وتاره‌ جێگه‌ی نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یئه‌شارده‌وه‌ كه‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان نه‌یتوانیوه‌ له‌دوای خۆی كه‌سێك بنیاد بنێت وه‌ك خۆی كه‌ به‌بڕوای ئه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد په‌كه‌كه‌ نه‌توانێت خه‌باته‌كه‌ی وه‌ك ساڵی نه‌وه‌ده‌كان پڕ كلپه‌ بێت. به‌ڵام من هه‌میشه‌ ئه‌موت تێكچوونی ئه‌و هێزو بازووه‌ی په‌كه‌كه‌ بۆ تێكچوونی لانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سوریا-یه‌.

له‌دوای كه‌وتنی سوریا له‌ 2010، شوێنێك نه‌ما به‌ ته‌واوی شوێنێكی ئارام بێت بۆ په‌كه‌كه‌، تا ئێستا ئه‌م هێزه‌ نه‌یتوانیوه‌ شوێنێكی ئارام بدۆزێته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئارامی ئه‌م هێزه‌ بێت. ئێستا هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارام نییه‌ بۆ په‌كه‌كه‌، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م هێزه‌ لێی شه‌هید ئه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ زیان و جه‌ربه‌زه‌ی نه‌گه‌یاندووه‌ به‌ هێزی توركیا له‌و سنووره‌وه‌.

لێره‌دا له‌ دواهه‌مین رووداوه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌م كه‌ له‌گوندی سه‌فره‌ی ناحیه‌ی ماوه‌ت رویدا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، پێشتریش له‌ شاخی ئه‌زمر و دڵنیاشم كاركردنی په‌كه‌كه‌ به‌م شێوازه‌ زیانی گه‌وره‌تری به‌رئه‌وێت.

ئه‌م هێزه‌ هێزێكی پارتیزانه‌، تا ئێستا له‌قۆناغی خه‌باتی نیشتمانیدایه‌، راسته‌ تێده‌كۆشێت بۆ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، به‌ڵام دوژمنی سه‌ره‌كی توركیایه‌. نه‌ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بانگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوژمنی ئه‌م هێزه‌یه‌ نه‌ ئێران و نه‌ هه‌رێمی كوردستان.

كه‌واته‌، له‌ خه‌باتی پارتیزانیدا ئه‌بێت مردنی دوژمن ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی قوربانی تۆ بێت، كه‌چی به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، چونكه‌ توركیا ده‌ستی بردووه‌ بۆ ساخته‌چێتییه‌كی دیكه‌ له‌دژی ئه‌م هێزه‌، ئه‌ویش لێدان و شه‌هیدكردنی خافڵگیرانه‌یه‌ كه‌ تائێستا زیانی گه‌وره‌ی لێداون.

من پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده‌م كه‌ قه‌ندیل شوێنی په‌كه‌كه‌ نییه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌م كه‌ ئه‌ڵێن په‌كه‌كه‌ چی كردووه‌ له‌ماوه‌ت. به‌ڵام به‌ده‌نگێكی به‌رز ئه‌ڵێم په‌كه‌كه‌ تێناگات له‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی ئارام نییه‌ بۆ ئه‌وان و پێویسته‌ بیر له‌ شوێنێكی ئارام بكه‌نه‌وه‌، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی هه‌ندێك جموجول و هاتووچۆ كه‌مكه‌نه‌وه‌. ئه‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌وه‌ بگات كه‌ توركیا ئه‌توانێت له‌ناو هه‌موو شارو شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان زیانی گیانی به‌په‌كه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌وڵه‌ت نییه‌، بۆیه‌ ناتوانێت سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی بپارێزێت له‌ بڕینی سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌.

دیقه‌ت بده‌! به‌پێی سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی، توركیا له‌ماوه‌ی 2015 تا 2020، 76 بۆردمانی ئامانجداری كردووه‌ به‌ فرۆكه‌ی به‌فرۆكه‌وان و بێ فرۆكه‌وان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاكام 90 گه‌ریلا شه‌هید بووه‌ له‌به‌رامبه‌ردا له‌ ئه‌نحامی ئه‌و كێوماڵه‌ سه‌ربازییه‌ی توركیا لەھەرێم كردوویه‌تی 11 سه‌ربازی تورك كوژراوه‌. ئه‌م به‌راورده‌ زۆر ناقۆڵایه‌ بۆ هێزێك له‌خه‌باتی پارتیزانیدا بێت، ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ بڕژێت و كه‌مترین زیانی گیانی له‌ دوژمنه‌كه‌ی بده‌یت.

هه‌رێمی كوردستان دوو هێزی سیاسی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) ئه‌یبات به‌رێوه‌. ئه‌م دوو هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌ سیاسییه‌یان لێ تێكنه‌چێت، پێویستی كردووه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێكانیان هاوسۆزبن. نه‌ یه‌كێتی ئه‌یشارێته‌وه‌ دۆستی وڵاتانی دراوسێكانی بێت و نه‌ پارتی. كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆستایه‌ته‌ بمێنێته‌وه‌ وایكردووه‌ رێگه‌ به‌ چالاكی په‌كه‌كه‌ له‌ خاكی هه‌رێم نه‌ده‌ن. ئه‌م دوو هێزه‌ رازی بن یان رازی نه‌بن، توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی خۆی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌دات.

رۆژ به‌ رۆژیش ئه‌م هێزه‌ زیانی گیانی به‌ره‌كه‌وێت، چونكه‌ ئاماره‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن.
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ساڵی پار یه‌كێك له‌ په‌یپه‌ره‌كانم له‌سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو له‌ توركیا، گه‌ڕانێكی زۆرم كرد به‌ سه‌رچاوه‌ زانستییه‌كان له‌ ئه‌مریكا. ئامارێكی خراپم هاته‌ به‌رچاو ئه‌ویش ئه‌وه‌ بووه‌. رێژه‌ی زیانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ساڵی 2016، 1.65% بووه‌، 2017 بووه‌ به‌ 2.22%، ساڵی 2018 بووه‌ 3.22%، له‌ ساڵی 2019 بووه‌ به‌ 3.36%. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ رێژه‌ی زیانی هێزه‌كانی توركیا كه‌میكردووه‌. كه‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ توركیا شێوازی تاكتیكی شه‌ڕی گۆڕیوه‌ له‌ دانیشتنه‌وه‌ بۆ هێرش و كێوماڵ، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ كاته‌وه‌.

سه‌رئه‌نجام ئه‌ی په‌كه‌كه‌ چی بكات باشه‌؟ به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌وێت خاڵێك رونكه‌مه‌وه‌ كه‌ بوونی پژاك-ه‌، به‌رای من یه‌كه‌م كاری خراپ كه‌ په‌كه‌كه‌ كردی له‌ 2005 دروستكردنی پژاك بوو كه‌ بووه‌ ئه‌ڵقه‌ی لێكترازانی ئێران و په‌كه‌كه‌-یه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بووه‌ رێگه‌ی دیپلۆماتی وا بوایه‌ ئه‌م وڵاته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بووایه‌ بۆ په‌كه‌كه‌. بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ساڵ به‌ساڵ په‌ناگه‌ ئارامه‌كانی له‌ خۆی شێواندووه‌ به‌ناوی دروستكردنی هێزێكه‌وه‌.

ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ مێدیا تی ڤی، كه‌ ساڵی نه‌وه‌ده‌كان له‌ ئه‌وروپا، كردوویه‌تی، باسی له‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێمایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان و ئه‌ڵێت: “ئێمه‌ بڕیارماننه‌داوه‌ تا سه‌ر دۆستی هیچ ده‌وڵه‌تێك بین، له‌ كوێدا پێویستی كردبێت دۆستایه‌تیمان كردووه‌ و له‌ كوێدا ویستبێتمان پچڕاندومانه‌”. كه‌واته‌ په‌كه‌كه‌ چۆن ئه‌توانێت جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێران و ئه‌رمینیا كه‌ هاوسنوری توركیایه‌ به‌كاربهێنێت بۆ چالاكی.

ئه‌م تێڕوانییه‌ تێڕوانینێكی به‌جێیه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا په‌كه‌كه‌ ناتوانێت نه‌هجێكی نوێی هه‌بێت بۆ فراوانكردنی به‌ره‌ی شه‌ڕ. خه‌ریكه‌ تێڕوانیمان وا لێئه‌كه‌ن كه‌ ته‌نیا په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل ببینین و وابزانین ئه‌م هێزه‌ ئه‌وه‌تی دروستبووه‌ هه‌ر له‌وێدا بووه‌ و هه‌ر له‌وێدا ئه‌مێنێته‌وه‌. له‌كاتێكدا په‌كه‌كه‌ سنورێكی گه‌وره‌و فراوانی له‌ئێران و ئه‌رمینیا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ردۆگان، توانیویه‌تی دۆستی ئێران و روسیا و هه‌رێمی كوردستان بێت. به‌ڵام دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا وه‌ك پێویست نییه‌ كه‌ جگه‌ له‌ هه‌رێم، ئێران و ئه‌رمینیا دوو په‌ناگه‌ی به‌هێزن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا په‌كه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌مه‌ له‌چنگی توركیا ده‌ركێشێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ لاسه‌نگ بكات و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ خۆی بنیاتبنێت.

له‌م قۆناغه‌دا په‌كه‌كه‌ پێویستی به‌ دوو هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌ یان ئه‌مریكا یان روسیا. بۆئه‌وه‌ی دۆستایه‌تی هه‌ر یه‌كێك له‌و دوو هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ بكات پێویسته‌ به‌جێگۆڕكێیه‌ له‌ چالاكی سیاسیدا و ته‌نانه‌ت گۆڕان له‌ پرۆگرامی سیاسی.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مریكا زۆر زه‌حمه‌ته‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دۆستایه‌تی ئه‌مریكا بكات ئه‌بێت ده‌ستكاری په‌یڕه‌و پرۆگرامی حزبی بكات. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ روسیا قوڵكاته‌وه‌، كه‌ ئێستا له‌ جێی نه‌بوانه‌، ئه‌بێت دۆستایه‌تییه‌كی پارێزراو بێت. سنوورێكی له‌ ئه‌رمینیا بۆ بكاته‌وه‌ چالاكییه‌كانی تێدا فراوان بكات له‌ دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌رمینیا و روسیا لە 2019 ەوە روو له‌ باشیه‌.

هه‌رچه‌نده‌ روسیا هیچ سنورێكی زه‌مینی هاویه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا نییه‌ وه‌ك یەكێتی سۆڤیه‌تی جاران، به‌ڵام پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی گێڕانه‌وه‌ بێت بۆ سه‌رده‌می 1990-1999ی په‌یوه‌ندی نێوان روسیا و په‌كه‌كه‌. له‌ 1992 په‌كه‌كه‌ ئه‌یتوانی به‌ ئاشكرا له‌ناو مۆسكۆ-دا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ببه‌ستێت و به‌ئاشكرا باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی نراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روسیا دۆستی گه‌وه‌ره‌ی په‌كه‌كه‌ بێت، له‌كاتێكدا له‌سه‌رده‌می پرۆسترۆیكا-دا روسیا زۆر پێویستی به‌ توركیا زیاتر بوو بۆ بنیاتنانه‌وه‌ وه‌ك له‌ ئێستا كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بۆ وا بچوكبۆته‌وه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نه‌توانێت لانه‌یه‌ك بۆ ئه‌م هێزه‌ بنیات بنێت.

ته‌نانه‌ت ساڵی 1996 و 1997 چه‌ندین جار تانسۆ چیلله‌ر سه‌ردانی روسیای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا كۆبووه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری په‌كه‌كه‌ ببێت به‌ڵام روسیا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی نه‌دا، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی له‌ گوندێكی وه‌ك سه‌فره‌ له‌ماوه‌ت خه‌ڵكی لێ شه‌هید ببێت و جێگه‌یه‌ك نه‌بێت ئارامی تێدا بدات.

به‌كورتی ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ سنوری قه‌ندیله‌وه‌ زیانێك له‌ توركیا بدات، پێویسته‌ له‌ سنووری ئێران و ئه‌رمینیاوه‌ دوو چالاكی گورچكبڕ له‌ توركیا بدات ئه‌گینا به‌م شێوازی و فۆرمه‌ی ئێستا رۆژ به‌رۆژ ئه‌م هێزه‌ زیانی گیانی گەورەی بەرەکەوێت.
……………………
وێنەی کۆمەڵێک گەریلا لە لە دێلۆک- عفرین، ١٩٩٢

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

پەنجا حزبەكەی گۆشەی باخەكەم!


هەندرێن شێخ راغب

لەدواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 62% هاوڵاتیان بەشداریان نەكرد، تەنها لە 38% بەشداربوون، بەمجۆرەش هەمووی دەنگی نەدا بە پارتی‌و یەكێتی، نزیكەی لە 20% دەنگی داوەتە ئەم دوو حزبە(بابەتی تەزویریش هەیە؟؟).

كەواتە ئەم دوو حزبە تەنها نوێنەرایەتی لە 20% خەڵكی كوردستان دەكەن..ئینجا بێجگە لەم دوو حزبە نزیكەی پەنجا حزب‌و پارت‌و رێكخراو‌و بزوتنەوەی سیاسی هەن لە هەرێمی كوردستان.

من رووم لە پارتی‌و یەكێتی نیە، دەمەوێت بڵێم زەحمەت نەبێت ئەوانەی دەرەوەی دوو حزبە خەریكی چین؟ رۆژ هەتا ئێوارە زەمی ئەم دوو حزبە دەكەن، بەڵام ناتوانن پێكەوە كۆبوونەوەیەك بكەن‌و خاوەنی پڕۆژەیەك بن، پارتی‌و یەكێتی لە توندترین ململانێ‌و قەیراندا پێكەوە كۆدەبنەوەو كۆنگرەی رۆژنامەوانیش دەكەن، بەڵام ئەم پەنجا حزبە نەك هەر كۆنابنەوە بەڵكو تیرو شیر لەیەكتر دەسون‌و بەسەر گوتاری هەردوو حزبدا زۆر ئاسان دابەش دەبن.

بە رۆح‌و دروشم خۆیان زۆر لە پارتی‌و یەكێتی گەورەتر دەزانن، كەچی ناتوانن تەنها بۆ ماوەی یەك خولی پەرلەمانی بەرەیەك دروست بكەن‌و خاوەنی كیان‌و سیاسەت‌و ئامانجی خۆیان بن.

زوو نەچنەوە بن باڵی ئەم دوو حزبە، بەردەوام قسە بە پارتی‌و یەكێتی دەڵێن كەچی خۆیان دانیشتون‌و هەر بارەگای یەكتریش پێ نازانن، ئەوەندەی ئەم حزبانە دژی یەكترن، ئەوەندە پارتی‌و یەكێتی دژی یەكتر نین. سەمەرەكەش ئەوەیە هەمیشە چاوەڕێی یەكێتی‌و پارتیش دەكەن قەیرانەكان چارەسەر بكات.

بۆ نمونە ئێستا لەناوچە كوردستانیەكان گەنمی جوتیاران تاڵان دەكرێت‌و دەسوتێنرێت، لەجیاتی ئەوەی هەمویان پێكەوە بەرەیەكی بەهێز دروست بكەن‌و نوێنەرایەتی راستەقینەی ناوچە كوردستانیەكان بكەن، كەچی چاوەڕێن پارتی‌و یەكێتی كۆبونەوەیان پێ بكات..تەنها یەك جار جورئەت بكەن‌و بایكۆتی پارتی‌و یەكێتی بكەن‌و پێكەوە كۆببنەوە..تەنها یەك جار..مەسەلەكە ئەوە نیە دوژمنایەتی پارتی‌و یەكێتی بكەن، زەمیان بكەن‌و قسەیان پێ بڵێن، مەسەلەكە ئەوەیە خۆتان ئەوەی چاوەڕێ دەكەن پارتی‌و یەكێتی بۆتان مەیسەر بكەن، بەدەستی خۆتان بەدەستی بێنن.

دەگێڕنەوە لەشاخ، هێزێكی حزبی سۆسیالیست، كە دەوامیان لە نزیك مەكتەبی سیاسی بوو، هیچ جۆرە شەڕو چالاكیان نەبوو، لە بارەگا دانیشتبون. بەڵام، بەردەوام داواكاری چەك‌و فیشەك‌و هاوكاری زیاتر بوون.

هێزەكانی دیكەش شەهیدیان دەدا، برینداریان دەدا، جەولەیان دەكرد‌و شەڕیان دەكرد. ئەوانیش دانیشتبون، رۆژێك لە كۆبونەوە داواكاری زۆر دەكەن، یەكێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەڵێت بەسەرچاوان، ئەوە ئار بی جی، بڕۆن لەوبەر مەكتەبی سیاسی بدەنە بەر ئاڕ بی جی، بۆ ئەوەی چالاكیەكتان هەبێت‌و بڵێین شەڕێكیان كرد..هەتا فیشەك‌و كۆمەكتان پێ بدەین.

ئاخر ئێوە ناتوانن خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی كوردستانی‌و دیموكراسی هاوبەش بن، خەریكی قسەوقسەڵۆكن بەرامبەر یەكتر، كەچی بنی زمان‌و سەری زمانتان قسەگوتنە بە پارتی‌و یەكێتی. ئەم دوو حزبە كە تەنها نوێنەرایەتی لە 20% خەڵكی كوردستان دەكەن، كەچی زۆر عاقڵانە كێشەی كوردیان بە خۆیان بەستۆتەوە..ئەزمونی هەرێمی كوردستانیان بەخۆیان بەستۆتەوە. لەعێراق‌و جیهان بونەتە نوێنەری یەكەمی كێشەی كورد.

كارێكیان كردووە هەموو حكومەت‌و پەرلەمان‌و دامەزراوەی ئەمنی‌و چەكداری‌و دارایی‌و ئابوری ئەم وڵاتە وەك موڵكی پارتی‌و یەكێتی تەماشا بكەین..وەڵا دەست خۆش..؟؟بەڵام پەنجا حزبەكەی دیكەی كوردستان وەك ئەوەی بێگانە بن لەم وڵاتە، ناتوانن دەست بۆ هیچ مەلەفێكی سیاسی‌و دەسەڵاتداریەتی ببەن، ناتوانن خاوەنداریەتی لەهیچ پڕۆژەیەكی هاوبەش بكەن، بەجۆرێك دابەش بوونە تەنانەت پارتی‌و یەكێتیش ناتوانن هەمویان پێكەوە كۆبكەنەوە. ؟

ئێستا قەیرانی موچە هەیە، قەیرانی متمانە هەیە، قەیرانی جۆری حوكمڕانی هەیە، قەیرانی كەركوك‌و ناوچە كوردستانیەكان هەیە،..كەچی ئەم حزبانە چاویان لەوەیە پارتی‌و یەكێتی چارەسەرێك بدۆزنەوە..خۆیان وەك ئەوەی نە سیاسەت بكەن‌و نەحزبیان هەبێت‌و نە خاوەنی روئیاو خەبات بن.لەبری ئەوەی لەبەرەیەكی گونجاوی سیاسی پێكەوە كارێكی هاوبەش بكەن‌و پڕۆژەیەكی بەهێز بخەنە ناو هەرێمی كوردستان. كەچی هەریەكەو لەئاوازێك دەخوێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

ئایا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە ئاگان!!!


کارۆخ خۆشناو

 

بڕیارە (ئەمریکا و عێڕاق) لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (واتە دوای تەنها ۲۰ ڕۆژی تر) پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ڕێکەوتنامەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) بکەن، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی سەرجەم بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لە هەموو ڕووەکانەوە: (سیاسی، سەربازی، ئابووری، هەوڵگەری، کەلتوری، سەروەری عێڕاق، ڕۆڵی ئێران لە عێراق، چارەنوسی حەشدی شەعبی، دادگایکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانی عێڕاق….هتد)

ئایا ئەجێندای هەرێمی کوردستان چیە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئەمریکا و عێڕاق؟
ئایا هەرێمی کوردستان تەنها تەماشاکار دەبێت وەک ڕێکەوتنامەی پێشوی (سۆفا)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی نێوان ئەمریکا و عێڕاق؟
ئایا سەرکرادیەتی هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێویستە خۆی ئامادە بکات و هەنگاوی خێرا بنێت بەمەبەستی بەشداریکرن و حازر بوون لە دانوستانەکان و پێویستە ئەم خاڵانەی خوارە لەبەرچاو بگرێت:

١- گرنگترین هەنگاو کە پێوسیتە کورد بیهاوێژێت (لەم ماوە کورتەی لەبەردەمیدایە کە تەنها ۲۰ ڕۆژە تاکو ناوەڕاستی مانگی شەش) بریتیە لە بە جدی وەرگرتنی ئەم دانوستانانە نوسینەوەی ئەجێندایەکی یەکگرتوو لە پێناو خۆ ئامادەکردن بۆ گفتوگۆکان.
٢- بە خێرایی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری دەرەوە کە پشکی (کورد و پارتیە) چونکە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە دانوستانەکانی ئەمریکا و عێڕاق، ئەویش لە ڕێگای کاندیدکردنی کەسێک کە کۆدەنگی شیعە و سونەی لەسەر بێت تاکو لە پەرلەمانی عێڕاق دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.
۳- پێکهێنانی وەفدێکی کوردی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کە بریتی بن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری دانوستان و یاسایی و دیبلۆماسی، بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری دانوستانەکان بکەن، ڕۆڵی ڕاوێژکار ببینن بۆ ئەو ئەندامە کوردانەی بەشدارن لە گفتوگۆ و دانوستانەکان.
٤- پێویستە کورد فشار بکات بۆ ئەوەی ئەمجارە (محەلی لە ئیعڕاب)ی ڕێکەوتنە ستراتیژیەکەدا هەبێت.
٥- پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا گرنگە (هەر لەبەر ئەوەش بوو ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کرد) بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵبدات سود لە پێگەی خۆی وەربگرێت و لە دانوستانەکاندا قسەی خۆی هەبێت.
٦- ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئاگادار نەبێت و ئامادەیی نەبێت لە دانوستانەکان، ڕەنگە بەشێک لە لێکەوتەکانی ڕێکەوتنەکە بە خراپ بۆ سەر هەرێم بشکێنەوە.
٧- دەکرێت لەنێو هەموو ڕێکەوتنێکدا کۆمەڵێک دەرفەت و هەڕەشە بوونیان هەبێت بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ئاگا بن و ئەم دانوستانانەی ئەمریکا و عێڕاق بە جدی وەربگرن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
٨- بەشێکی گرنگی داهاتووی سیاسی و ئابووری عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەندە بەم ڕێکەوتنەوە.
٩- تڕەمپ پێویستی بەم ڕێکەوتنە هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی ڕای گشتی ئەمریکا بەلای خۆیدا ڕابگێشێت چونکە دوای نزیکەی پێنج مانگی تر تڕەمپ لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە لە (٢٠٢٠/١١/٣) بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەم ڕێکەوتنە هەیە تاکو پێگەی ئەمریکا لەعێڕاقدا بەهێز بکات و تەرازووی هێز لەعێراقدا لەبەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە و عێڕاقیش لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنەکان و دەستەبەرکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
١٠- بەهۆی لێکەوتەکانی کۆڕۆنا وەک دابەزینی نرخی نەوت حاڵی عێڕاق لە گیانەڵادایە، بۆیە عێڕاقیش پێویستی بە نوێکردنەوەی ئەم ڕێکەوتنە هەیە، تاکو پشتگیری دارایی و سیاسی ئەمریکا بەدەست بێنێت و ڕزگاری ببێت لەم دۆخە قورسەی عێڕاق تێی کەوتووە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە هەر پڕۆسەیەکی دانوستان و گفتوگۆکردندا لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆسەکە هەوڵی تەواو دەخەنەگەر بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتر بۆ ووڵاتەکانیان، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش چاوکراوەتر بن و تێڕوانینی جدیان هەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە تاکو (کار لە کار نەترازاوە) ئەجندایەکی هاوبەش بنوسنەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لە داهاتوو عێڕاق و نوچەکە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان