ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لە ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال پەیامێكیان بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
هەر دوو كوڕەكەی ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنن، مام جەلال سەركردەیەكی تێكۆشەر و دیپلۆماسێكی بەتوانا بوو جێ پەنجەی بەسەر نەخشەی سیاسەتی نیو سەدەی ڕابردوی میللەتەكەمانەوە هەبووە، داواش لە هەموو هێزە نیشتمانپەرەوەكان دەكەن ، پێكەوە سەقامگیری ناوخۆیی بپارێزن.

نما و چیا ، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال لە پەیامێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەركردەی ناودار مام جەلال تێدەپەرێت ، مام جەلال سەركردەیەكی تێكۆشەرو دیپلۆماسێكی بەتوانا بوو، كە جێ پەنجەی بەسەر نەخشەی سیاسەتی نیو سەدەی ڕابردووی میللەتەكەمانەوە هەبوە.

دەشڵێن:”‎لەم بارو دۆخەدا بەروونی هەست دەكرێت ، كە كۆچی ئەو سەركردەیە چ بۆشاییەكی لەناوخۆی یەكێتی و كوردستان و هاوكێشەی سیاسی عیراق دا جێهێشتووە”.

ڕاشیانگەیاندووە ، پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان و مافە دەستوورییەكانمان تەنها لەڕێگای ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و گەڕانەوەی متمانە و پێكەوە كاركردن دەستبەر دەبێت.

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

‎ ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەركردەی ناودار جەنابی مام جەلال تێدەپەرێت، ‎ مام جەلال سەركردەیەكی تێكۆشەرو دیپلۆماسێكی بەتوانا بو كە جێ پەنجەی بەسەر نەخشەی سیاسەتی نیو سەدەی ڕابردوی میللەتەكەمانەوە هەبوە. ‎لەم بارو دۆخەدا بەروونی هەست دەكرێت كە كۆچی ئەو سەركردەیە چ بۆشاییەكی لەناوخۆی یەكێتی و كوردستان و هاوكێشەی سیاسی عێراق دا جێهێشتووە. ‎جەنابی مام جەلال سەركردەو كەسایەتییەكی ناوچەكە و جیهان بوو و لەژیانی سیاسی خۆیدا بە تایبەتر لە دەیەی ڕابردودا زۆر پێداگری لەسەر یەكڕیزی هێزە سیاسیەكان دەكردەوە، ئێستاش ناو ماڵی كورد لەهەمووكات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و سەقامگیری ناوخۆیی هەیە. ‎پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان و مافە دەستوورییەكانمان تەنها لەرێگای ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و گەڕانەوەی متمانەو پێكەوە كاركردن دەستبەر دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو هێزە نیشتمانپەرەوەكان دەكەین پێكەوە سەقامگیری ناوخۆیی بپارێزن و پشتگیری هەموو هەنگاوێكی چاكسازی و بەدامەزراوەییكردنی حكومەت و هەرێمەكەمان بكەن و لەبەغدا كاربكەن بۆ گەڕانەوەو پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان كە بەری رەنج و خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلە تێكۆشەرو ماندووەكەمانە. ‎لەكۆتایدا سڵاو درود بۆ گیانی مام جەلال دەنێرین و یادی هەمیشە زیندووبێت.

‎نما نەوشیروان مستەفا
‎چیا نەوشیروان مستەفا

کوردستان

پاسپۆرتی سلێمانی: بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان لە سلێمانی بكرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە پێش سەری ساڵی نوێ نووسینگەی پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە سلێمانی بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 18/11/2019 بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نووسینگەی پشتڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق سەردانی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییان كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، دوای چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوە بە ھەوڵ و هەماهەنگی ھەر یەك لە د.بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و د. ھەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی، توانرا حكومەتی عیراق شاندێك بنێریت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریكردنی بینایەك بۆ كردنەوەی نووسینگەی پشتڕاستكرنەوەی بەڵگەنامەكان (تصدیقات) لە پارێزگای سلێمانی تا بتوانن پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئەم نووسینگەیە دەست بەكاربێت و بكرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، بەكردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە سلێمانی كارئاسانی زۆرتر بۆ هاووڵاتیان دەكرێت و چیتر پێویست ناكات ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ئەو ھاووڵاتیانەی كە لە ھەندەرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ پشتڕاستكردنەوە ( تصدیق)كردنی بەڵگەنامەكانیان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بكەن لە بەغدا و لە سلێمانی كاروبارەكانیان جێبەجێ دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی پلاندانانی هەرێم دەیەوێت چاكسازی لە دۆخی كارەبادا بكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەكن بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە چاكسازی لە دۆخی كارەبادا بكەن لە هەرێمی كوردستان.

د.دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند،”بە هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان وكۆمەكی دارایی ڕێكخراوی USAID و لەژێر سەرپەرشتی ڕێكخراوی UNDP گرێبەستی لەگەڵ كراوە بۆ یارمەتیدانی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند چاكسازییەك و نووسینی یاسایەكی نویێ كارەبا.

وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاندووە،”بڕیارداوە پەلە بكرێت لە ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای كارەبا بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەرێم.. ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی ڕادەگەیەنرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی تاقیكردنەوەی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی ڕادەگەیەنێت.

د.محەمەد حسێن سەرۆكی ليژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخستنەوەی كار و چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: سبەینێ سێشەممە 19/1/2019، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدان و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی لەلایەن سەنتەرەكانەوە ڕادەگەیەنرێت، كە لەڕێكەوتی (9 تا 14)ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی بەشداربووان بۆ سەرجەم ئاستەكان بەڕێوەچو بوو.

سەرۆكی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخستنەوەی كار و چالاكییەكانی سەنتەرەكانی زمان جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، كە كاندیدان و خوازیاران دەتوانن سەردانی سەنتەرەكان یان وێب سایتی سەنتەرەكانی زمان و وێب سایتی زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانیان.

هەروەك وتیشی، لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكان بۆ ماوەی 48 كاتژمێر كاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەڵپگرتن لە ئەنجامەكانیان تا كۆتایی دەوامی فەڕمی ڕۆژی پێنج شەممە 21/11/2019.

د.محەمەد حسێن ئەوەشیخستەڕوو: لە داهاتوویەكی نزیكدا خولی نوێی ئاستەكانی توانستی زمانی ئینگلیزی بەسیستمێكی تازە لەسەرجەم سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكان دەستپێدەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان