ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

نرخی مۆلیدە ئەهلیەكان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئەیلولی ڕابردوو لە شارەكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) دیاریكرا، كە لە سلێمانی كەمترین نرخ بووە بەهۆی باشی دۆخی كارەبا و كەمی كاتی كارەبای مۆلیدەوە.

مانگانە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی ئاسایشی ئابووری و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا و كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە خوێندنەوە بۆ كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای مۆلیدە دەكرێت و نرخی ئەمپێری كابەرای مۆلیدە دیاری دەكرێت.

سلێمانی كەمترین پارە بۆ هاووڵاتیان دێتەوە
قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول بە 42 دینار دیاریكرا و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لە نێوان 50 بۆ 70 كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لە مانگی تشرینی‌ یەكەم، بەجۆرێك دەبێت، كە لە كاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆ بۆ 2ی شەو لە ئامادەباشیدا دەبن، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا پێویستە كارەبای‌ مۆلیدە بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

جەخت لەوە كراوەتەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لە هەولێر نرخی ئەمپێرێك لە 5 هەزار زیاترە
قارەمان مەولود، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، مانگی 9 لە هەولێر بەشێوەیەكی گشتی 130 كاتژمێر بۆ 150 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بە هاووڵاتیان و شوێنە بازرگانیەكان دراوە.

ڕاشیگەیاندووە، نرخی هەر ئەمپێرێك بە 42 دینار دیاری كراوە و تێكڕای نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبا لە هەولێر لە نێوان 5 هەزار و 250 دینار بۆ 7 هەزار و 250 دینارە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی ناو بازاڕ بۆ هەر ئەمپێرێك دەگاتە 9 هەزار و 250 دینار.

لەناو دهۆك جیاوازی لە نرخ هەیە
لیژنەی باڵای مۆلیدە ئەهلیەكان لە پارێزگای دهۆك لە كۆنووسێكدا خشتەی كارەبا بۆ مانگی تشرینی یەكەم و نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئەیلول دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردن لە ئۆڤەرپاسێك لە شەقامی بارزان لەناو دهۆك و بڕانی كارەبای نیشتمانی لە زۆر كاتدا، نرخی ئەمپێری مۆلیدە بە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە 500 دینار زیاترە.

هەر بەپێی كۆنووسەكە، نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بەپێی ناوچەكان دەبێت و كەمترین نرخ 4 هەزار دینارە و لە هەندێكە ناوچە دەگاتە 7 هەزار دینار.

راپۆرت

بایكۆتی گەشتكردن بۆ توركیاش دەستیپێكرد

خەڵك – بەشی هەواڵ
گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ئەم مانگەوە بۆ وڵاتی توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.

پاشئەوەی توركیا هێرشی چەكداری كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێنا، بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵا و شمەكی توركییان دەستپێكرد، كە لەو چوارچێوەیەدا هەندێك لەهاووڵاتیان بڕیاری بایكۆتی گەشتكردنیان بۆ ئەو وڵاتەش داوە.

ڕێژوان قادر، گەنجێكی شاری سلێمانییە و لەساڵی ڕابردوودا سەردانی وڵاتی توركیای كردووە و بۆی دەركەوتووە و وڵاتێكی گەشتیاری خۆشە، بەڵام ئەو پێی وایە لەم دۆخەدا دەبێت بەهەموو شێوەیەك بایكۆتی توركیا بكرێت.

ئەو گەنجە بە(خەڵك)ی وت، “بڕیارمداوە بەهەموو شێوەیەك هەتا بتوانم كاڵای توركی بەكارناهێنم و جارێكی دیكەش سەردانی توركیا ناكەمەوە، چونكە ئەو ڕۆڵەكانمان دەكوژێت، كەوایە چۆن من بچم پارەی خۆم بەرم بۆ ئەو وڵاتە و ئەویش چەكی قەدەغەكراوی پێ بكڕێت و برا كوردەكانمانی پێ بكوژێت”.

(خەڵك) بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دابەزینی ڕێژەی گەشتكردن بۆ توركیا سەردانی چەند كۆمپانیایەكی گەشتیاری كرد و بۆی دەركەوت، ئاسایی لەمانگی 10ەوە تاكو بەهار ڕێژەی گەشتكردن بۆ وڵاتی توركیا كەم دەكات جگە لەسەری ساڵ، ئەمەش بەهۆی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن و ساردبوونی كەشوهەوای توركیا و كەمبوونەوەی كۆچەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی دەریاوە.

لەئەنجامی ئەو بەدواداچوونەدا، دەركەوت هەندێك لەهاووڵاتیان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بایكۆتی گەشتكردنیان بۆ وڵاتی توركیا ڕاگەیاندووە، بەهۆی هێرشە ناڕەواكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

خاوەنی یەكێك لەكۆمپانیا گەشتیارییەكان كە پێی باش نەبوو ناوی بنووسرێت بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵی پێشوو بەهەمان شێوەی ئێستا ڕێژەی گەشتكردن بۆ توركیا دابەزی بوو، چونكە ئاسایی لەم وەرزەدا گەشتكردن بۆ وڵاتی توركیا كەمدەبێتەوە، بەجۆرێك لەماوەی ئەم مانگەدا هیچ گەشتیارێكی بۆ وڵاتی توركیا نەبووە.

ئەو خاوەن كۆمپانیایە وتیشی، “ئێستا لەهەوڵدان جێگرەوەی وڵاتی توركیا بە گەشتیاران بناسێنن، بۆئەوەی گەشتیار سەردانی بكات، بەنمونە شوێنەكانی ئەرمینیا و میسر و ئازەربایجان و مالیزیا”.

نرخی بلیتی فڕۆكە بۆ گەیشتن بەتوركیا لەئەمساڵدا بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەرزبووبووەوە، بەجۆرێك لەئێستادا نرخی بلیت بۆ چوون و هاتنەوەی توركیا بە 260 دۆلارە لە هەولێر و لەسلێمانی بە 270 بۆ 275 دۆلارە، بەڵام لەساڵی ڕابردوودا بە دەوروبەری 250 دۆلار بوو، بۆیە بەهۆی بایكۆت كردنی كاڵا و گەشتكردن بۆ توركیا پێشبینی دەكرێت نرخی بلیت داببەزێت.

خاوەن كۆمپانیاكانی گەشتیاری داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن، هاوكارییان بكەن لەوەی گەشتی وڵاتانی دیكەش زیاد بكەن، بۆئەوەی ببنە جێگرەوەیەكی وڵاتی توركیا و چیتر هاوكارنەبن لەبووژانەوەی ئابوری وڵاتی توركیا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

سوریا هەڵوێستی لەسەر ڕێككەوتنی ئەمریكا و توركیا ڕاگەیاند
ڕاوێژكاری ئەسەد: ڕێگا بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان نادەین

خەڵك- بەشی هەواڵ

ڕاوێژكاری سیاسی و ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆماری سوریا هەڵوێستی وڵاتەكەی سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەمریكا و توركیا بۆ ئاگربەست لەسەر خاكی وڵاتەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت: “ڕێگا بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان نادەین، چونكە كوردەكان برای ئازیزی گەلی سوریان”.

بەسینە شەعبان، ڕاوێژكاری سیاسی و ڕاگەیاندنی بەشار ئەسەد بۆ (مەیادین) ڕایگەیاند، كە جیهان دژی داگیركاری توركیایە بۆ سەر خاكی سوریا و دەستەواژەی ناوچەی ئارام نادروستە، بەڵكو ئەو ناوچەیە داگیركراوە.

دوابەدوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری سوریا) هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سەر كوردەكان دەستی پێكرد و بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی مەدەنی و دەیان شەڕڤانی كورد شەهید و بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان ئاوارەبوون ئەمەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، هەربۆیە بەهۆی دەستبەرداربوونی ئەمریكاوە كوردەكان لەگەڵ حكومەتی سوریا بە نێوانگیری ڕوسیا ڕێككەوتن بۆ هاتنی هێزەكانی سوپای سوریا بۆ پاراستنی سنورەكان و بەرپەرچدانەوەی هێرشە داگیركارییەكانی سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنە سوریەكانی سەر بە توركیا.

شەوی ڕابردوو مایك پێنس، جێگری ترمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ڕێككەوتن لەسەر ئاگربەستی شەڕ و كشانەوەی شەڕڤانان لە ناوچە سنوریەكان بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لەماوەی 120 كاتژمێردا و دروست كردنی ناوچەی ئارام.

بەسینە شەعبان دەڵێت: ” ئەردۆغان پیاوێكی مەترسیدارە و دەبێت بەرەوڕووی ببینەوە، چونكە بۆچوونی ئیخوان موسلمین لە ناوچەكە و ئەوروپا بڵاودەكاتەوە و لای ئێمە بە داگیركەری زەویەكەمان ناسراوە و دەستدرێژی دەكاتە سەر وڵاتەكەمان”.

ڕاوێژكارەكەی ئەسەد پێی وایە، “بەهۆی هاوكارییەكانی توركیاوە بە هەزاران تیرۆرست هاتنە سوریاوە، بۆیە ئەگەر لە چارەسەر دەگەرێت، ئەوا باشترین چارەسەر ڕێككەوتنی ئەدەنەیە، كە لەنێوان توركیا و سوریا لە ساڵی 1998 بەسترا، بۆیە ئەوە چارەسەرە ئەگەر بە جدی ئەردۆغان دەیەوێت”.

بەپێی ڕێككەوتننامەی ئەدەنەی نێوان هەردوو حكومەتی سوریا و توركیای ساڵی 1998، “هەردوو وڵات هەماهەنگی یەكتری دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر سنوورەكان” و دیمەشق كۆتایی دەهێنێت بە چالاكییەكانی هێزەكانی سەر بە پەكەكە، كە مەبەستیان (پەیەدە و یەپەگە و یەپەژە)یە، لەكاتێكدا ئەو هێزانە بە درێژایی 5 ساڵی ڕابردوو شەڕی دژی تیرۆریان كردووە و خۆیان قوربانی ئەو جەنگە بوون لەپێناو هەموو جیهان و هەر لە سەر دەستی ئەوان گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی (داعش) تێكشكێنرا و لەو پێناوەشدا زیاتر لە 11 هەزار شەهیدیان داوە..

هەر بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی توركیا و سوریا، “سوپای توركیا توانای چوونە ناو خاكی سوریای هەیە بە قوڵایی 5 كیلۆمەتر بۆ پاراستنی سنوورەكانی لە هەڕەشەی ئەمنی”، بەڵام وەك مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەی هەسەدە دەڵێت: “بەدرێژایی ئەم چەند ساڵانەی ئەو ناوچانە بەدەستمانەوە بووە تەنانەت یەك فیشەك بەرەوڕووی توركیا نەتەقێنراوە”.

شەعبان ئاماژەی بەوەشكردووە، كە دیمەشق پێی وایە هەر سورییەك پێویستە پارێزگاری لە وڵاتەكەی بكات دژی داگیركاری و دەشڵێت: “ئەو هەنگاوانی نراون بۆ بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ هێزەكانی سوریایدیموكرات (هەسەدە) گرنگ و هەموو كێشەكانیش بەیەك جار چارەسەر نابن”.

جەختیشی كردۆتەوە، كە “دیمەشق قبوڵی ناكات نمونەی هەرێمی كوردستانی عیراق لە سوریا دووبارە بكرێتەوە، چونكە برا كوردەكان بەشێكی خۆشەویست و ئازیزن لە گەلی سوریا”.

لە ساڵانی ڕابردوودا و پێش سەرهەڵدانی شەڕ و جەنگ لە سوریا لەدوای ڕووداوەكانی “بەهاری عەرەبی” حكومەتی سوریا بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد نكۆڵی لەوە دەكرد ڕەگەزنامە بدات بە كوردەكات و لەم ساڵانەی دواییشدا نكۆڵی لەوەدەكرد حوكمی زاتی “خۆبەڕێوەبەری” بدات بە كوردەكان لەو ناوچانەی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات و ڕۆژئاوای كوردستان ئازادیان كردبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی مشتومڕ دەنێتەوە

 

خەڵك – نزار جەزا

لەپاش هێرشە چەكدارییەكەی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، لەهەرێمی كوردستان هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی لەناو بەشێك لە هاوڵاتیاندا دەستیپێكرد، ئەمەش ڕای جیاوازی لەسەر دروستبووە و بەشێك لە فرۆشیاران پێیانوایە جێگرەوەی كاڵای توركی لەكوردستان نییە، چونكە كوردستان نەگەیشتووە بەئاستی خۆبژێوی و لەم حاڵەدا ئەزمەیەكی گەورە دروستدەبێت، چونكە لەسەدا 50ی زیاتری بەرهەمی كوردستان لەتوركیاوە دێت، لەلایەكی دیكەوە بەرگریكارانی ئەم هەڵمەتە پێیانوایە، دەبێت كوردستان جێگرەوەی كاڵای توركی بدۆزێتەوە.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گروپی تایبەت بەبایكۆتكردنی بەرهەمە توركییەكان دروستكراوە، كە تێیدا جێگرەوەی بەرهەمە توركییەكان بڵاودەكرێنەوە و بەشداربووان تێیدا هانی هاوڵاتیان دەدەن كە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەهۆكاری ئەوەی توركیا كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكوژێت و ئاوارەیاندەكات و ماڵ و ژیانیان دادەڕوخێنێت.

ڕێژەن عەبدوڵا، كە خوێندكاری زانكۆیە و بەتەواوی لەگەڵ ئەوەیە بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە دەبێت یارمەتی بوژانەوەی ئابووری توركیا نەدەین، كە ئەمەش بچوكترین و باشترین هەڵوێستە لەم دۆخەدا خەڵكی ئاسایی پێی بكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەئەوەشدا، پێویستە بازرگانەكانیش بیر لەئەوە بكەنەوە جێگرەوەی كاڵای توركی دابینبكەن، و چۆن خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لەنەهامەتیدا دەژین، پێویستە هەرێمی كوردستانیش هاوخەمیانبێت و بایكۆتی كاڵای توركی بكەن.

لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتەدا هەندێك كەس بەتەنزەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژ بەئەم هەڵمەتە وەستاونەتەوە جەخت لەئەوەدەكەنەوە، ئەگەر بەرهەمی توركی نەكڕن توشی بەدخۆراكی دەبن و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی ژیانی لادێكان، بەهۆكاری ئەوەی تاكو ئێستا حكومەتە 27 ساڵییەكەی باشووری كوردستان نەیتوانییوە كوردستان بگەیەنێتە ئاستی خۆبژێوی.

بۆ بەدواداچونی زیاتری ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕای فرۆشیارە جیاوازەكان سەردانی چەند شوێنێكی جیاوازی كرد و لە وتووێژێكی پەیامنێری (خەڵك) لەگەڵ ژیار لەتیف خاوەنی پۆشاك و كەمالیاتی دانیا دەركەوت، هەموو كاڵاكانی دوكانەكەی توركی و چینین، بەڵام زۆرینەی خواستەكانی لەسەر كاڵای توركییە، چونكە توركییەكە كوالیتی باشترە و لەم ماوەیەشدا بێگومان وەك پێشتر كاڵای توركی دەفرۆشێت.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم هەڵمەتەی كە ئێستا خەڵك دەستیپێكردووە بۆ بایكۆتكردنی كاڵاتی توركی سەركەوتوو نابێت، چونكە زۆرێك لەو بەرهەمانەی لەكوردستان هەیە توركین و جێگرەوەیان نییە، خەڵكیش ناچارە ئەو بەرهەمانە بكڕێت.

لەلایەكی دیكەوە ئەمیر سدیق خاوەنی هەفتەبازاڕی حاجی ساڵح لەوتووێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) ڕایگەیاند، هەرچەندە لەم ماوەیەدا هەندێك خەڵك سەردانی ماركێتەكەیان كردووە و ویستوویانە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەڵام بەگشتی ناتوانرێت بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە بەرهەمی ناوخۆییمان كەمە یان گرانە، بەنمونە هێلكە كوردییەكە زۆر گرانە و ئێرانییەكەش باش نییە، بۆیە خەڵك بەناچاری توركی دەكڕێت.

بەپێی ئەو ئامارەی (خەڵك) دەستیكەوتووە، لەساڵی 2018دا لەتوركیاوە بەبەهای 10 ملیار دۆلار كاڵاو لەئێرانەوە بەبەهای 6 ملیار كاڵا هاتونەتە هەرێمی كوردستان، لەم رێژەیەش بەشێكی كەمی دەچێت بۆ خوارووی عیراق.

شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی هاوردە و هەناردنكارانی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەدا 50ی كاڵاكانی كوردستان توركین و كۆمپانیایەكی زۆر و جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆیە لەئەگەری بایكۆتكردنی ئەم كاڵا و كۆمپانیایاندا ئەزمەیەك لەهەرێمی كوردستان دروستدەبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەم توركیا پێویستی بەكوردستانە و هەم كوردستانیش پێویستی بە توركیایە، بەڵام كاتێك بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، دەبێت خەڵكیش بەرگەی ئەو ئەزمەیە بگرێت كە دروستدەبێت، چونكە كوردستان توانای خۆبژێوی نییە.

لەلایەكی دیكەوە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشئەوەی بیر لەلایەنە كوردایەتی و نەتەوایەتییەكە بكەینەوە، دەبێت بیر لەژێرخانی ئابووری كوردستان بكەینەوە كە ئایا ئەگەر بایكۆتی كاڵای وڵاتێك بكەین، ئایا كوردستان دەتوانێت خۆی بژیێنێت؟ ئایا بازرگانەكانمان چەندێك زیاندەكەن؟ ئایا بازرگانەكان دەتوانن جێگرەوەی ئەم كاڵا بایكۆتكراوانە بۆ هەرێم دابینبكەن؟

وتیشی:”چەندان ڕێگەی دیكە هەیە كە لەڕێیەوە بایكۆتی توركیا بكەین، بەنمونە سەرەتا بایكۆتی دراما و گۆرانی و هونەرەكەیان بكەین و گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەكەین، دواتر بەبەرنامە جێگرەوەی كاڵای توركی لەهەرێم دابینبكرێت، دواتر بایكۆتی ئەو كاڵایە بكرێت”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ڕۆژئاوای كوردستان كەوتۆتە بەر هێرشێكی چەكداری توركیا، كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران و برینداربوون و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان