ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

عادل عەبدولمەهدی: ئیسڕائیل حەشدی شەعبی كردووەتە ئامانج

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایدەكات، بەپێی لێكۆڵینەوەكان بەئامانجگرتنی پێگەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسڕائیلەوە بووە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی (الجزیرە)ی قەتەڕی ڕایگەیاند: “پێویستە تارمایی شەڕ لەناوچەكە دووربخرێتەوە و هەموولایەكیش باس لەوەدەكەن گفتوگۆیان قبوڵە، زۆرینەی ئاماژەكان ئەوە دەڵێن كەس شەڕی ناوێت لەناوچەكەدا جگە لە ئیسڕائیل، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش هەر ئەو وڵاتە لە پشت لێدانی پێگەكانی حەشدی شەعبیەوەیە لە عیراقدا”.

عادل عەبدولمەهدی وتیشی:”چوونە شەڕەوە لەهەر ساتێكدا بەبڕیاری تاكەكەسی ڕوودەدات، بەڵام دەرچوون لێی قورس و ئەستەمە، زۆرێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە دەتوانێت ببێتە مەیدانی گفتوگۆ و رێككەوتن و بەغداش یەكێك لەوانە”.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە سعودیە ئاشتی دەوێت و لەوانەیە چارەسەركردنی كێشەی یەمەن كلیلی چارەسەری كێشەكانی كەنداو بێت و دەڵێت:”ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندییان بەكێشەی یەمەنەوە هەیە باس لە دانوستاندن دەكەن و سعودیە و ئێرانیش ئامادەن بۆ دانوستان، ئێمەش لەگەڵ هەر هاوپەیمانێتیەكداین، كە ئارامی كەنداو بپارێزێت بەمەرجێك سەرجەم دەوڵەتانی كەنداو لەو هاوپەیمانێتیەدابن”.

عێراق

كێشەكانی كوردستانیش بەدەرناكات
سائیرون: هەموو كێشەكانی عیراق و ناوچەكە دەستی دەرەكی لە پشتە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون ڕایدەگەیەنێت، هەموو كێشەكانی عیراق و ناوچەكە دەستی دەركییەكان لە پشتەوەیە، بەو كێشانەش كە لە هەرێمی كوردستان دروستدەبن.

حەسەن جەلال، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند”هەموو ئەو كێشانەی لە عیراق و ناوچەكەدا هەن، دەستی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەن كە لەگەڵیاندا ڕێكەوتوون، ئەوەی لە عیراقیش ڕوودەدات لە هیچ وڵاتێكی جیهان ڕووینەداوە، بە هەمان شێوە هەرێمی كوردستانیش هەر گیرۆدەی ئەو كێشانەیە كە دەستی دەرەكییان لە پشتە”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی سائیرون”هەرێمی كوردستان نەك هەر بەشێكە لە عیراق، بەڵكو تەواوكەریی عیراقە و هەموان لەیادمانە كە چۆن دوو ساڵ لەمەوبەر پیلانێك لە دژی كوردستان بەڕێوەچوو، بۆیە لەئێستادا هەموان پێویستمان بە یەكڕیزی و یەك دەنگی هەیە”.

حەسەن جەلال لە میانی قسەكانیدا، بەدووری نەزانی لەڕێی ڕێكەوتنێكی دەرەكییەوە، جارێكی تر هەوڵ بۆ گێڕانەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەكان بدرێت بۆ عیراق.

پێشتر حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندبوو”بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان ئەمریكا و توركیا و ڕوسیا، هەوڵ دەدرێت جارێكی تر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بگێڕدرێتەوە بۆ عیراق”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

نامەیەكی ڕەوانەكردووە
ئۆپیك لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە عیراق ئاگاداردەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە پارێزگەی بەسرە ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكردنی نەوت (ئۆپیك)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە نامەیەكی بۆ عیراق ناردووە، لە نامەكەشدا ئاماژە بەو ڕێژە زیادە نەوتە كراوە كە لەدەرەوەی چوارچێوەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ)، هەناردەكراوە.

عەلی شەداد فارس، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگەی بەسرە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان پابەندی یاسای بودجەی فیدراڵی نییە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بە بەغدا، دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان، ڕۆژانە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەبێ‌ ئاگاداریی حكومەتی فیدراڵ “.

بە وتەی عەلی شەداد”بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان ئەندامانی ڕێكخراوی ئۆپیكدا كراوە، دەبێت عیراق ڕۆژانە 3 ملیۆن 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بەڵام بڕی 3 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت لەسەر عیراق حیسابە كە هەناردە دەكرێت، واتا ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە بڕێكی زیاتر لە ڕێژەی دیاریكراو هەناردە دەكرێت و هەرێم بەبێ‌ ئەوەی نەوتی هەناردەكراوی ڕادەستی بەغدا بكات، هاوبەشە لە نەوتی فرۆشراوی بەسرە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزەی پارێزگەی بەسرە دەڵێت”عیراق لە 16ی تشرینی یەكەمی 2019 لەلایەن ڕێكخراوی ئۆپیكەوە پرسیاری لێكراوە سەبارەت بە هۆكارەكانی پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بە هەناردەكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە دەرەوەی چوارچێوەی سۆمۆ”.

عەلی شەداد پێیوایە”هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییەكانی حكومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە دەكات و ئەمەش كاریگەریی نەرێنی بۆسەر سیاسەتی نەوتی عیراق دەبێت لە دەرەوەی وڵات، پرسیارەكەی ئۆپیكیش لە عیراق، لەبارەی هۆكارەكانی هەناردەی نەوتی كوردستانە لە دەرەوەی سۆمۆ كە ڕێژەكەی و داهاتەكەشی نادیارە”.

دوو شەممەی ڕابردوو، لیژنەی نەوت و وزە ڕایگەیاندبوو، دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی لە دژی هەرێمی كوردستان قبوڵ كردووە كە تایبەتە بە پابەندنەبوونی هەرێم بە بڕگەكانی یاسای بودجەی 2019.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ئۆغڵۆ: كورد پابەندی ڕاسپاردەكەی مام جەلال نەبوو لەبارەی كەركوكەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كورد پابەند نەبوو بە ڕاسپاردەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق سەبارەت بە كەركوك كە داوای كردبوو پارێزگەكە بۆ هەموان بێت و تەنیا لەلایەن پێكهاتەیەكەوە قۆرخ نەكرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، نیازی معمار ئۆغڵۆ  پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”دۆسێی كەركوك دۆسێیەكی ئاڵۆزە و بە ڕاستی نابێت لەلایەن پێكهاتەیەكەوە، یان حزبێكی سیاسییەوە قۆرخ بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات میرنشینی كەركوك زیندووبكاتەوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە توركمانە”پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت سیمای نەتەوەیەك بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بكات، ئەمەش پێچەوانەی ڕاسپاردەكانی مامە جەلال تاڵەبانییە كە ڕەتیكردبووەوە پارێزگەكە بۆ حزبێك یان لایەنێك یان گروپێكی دیاریكراو بێت”.

مام جەلال لە كاتی خەباتی پێشمەرگایەتی و لەو دەمەش كە بووە سەرۆك كۆماری عیراق، بەردەوام جەختی لەسەر كوردستانی بوونی كەركوك كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕاوای وابوو كە دەبێت لە كەركوكدا ڕێز لە هەموو پێكهاتەكان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت لەژێر هیچ بیانوویەكدا ستەم لە پێكهاتە و دانیشتوانی پارێزگەكە بكرێت، بەپێویستیشی زانیبوو ئیدارەی شارەكە لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كەركوكدا بەشێوەیەكی یەكسان دابەشبكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان