ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هێمن هەورامی: هەرێم ئامادەی ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتییە لەسەر بنەمای دەستوور


خەڵك – بەشی هەواڵ

شاندی پەرلەمانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق كۆبووەوە و دووپاتیكردەوە هەرێم لەبارەی پرسی نەوت و شایستە داراییەكان لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتییە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان، لەچوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ بەغدا، ئەندامانی شاندی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق كۆبوونەتەوە و جەختیانكردەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بەڕێگەی دیالۆگێكی ڕاستەقینە و بەپێی دەستوور و جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی 2020ی عیراقدا.

لە ڕاگەیەنراوەكەی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە بەوەشكراوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردووەتەوە لەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی نەوت و شایستە داراییەكان ئامادەی ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتییە، كە لەسەر بنەمای دەستوور بێت.

کوردستان

وەزیری تەندروستی هەرێم داوای هاوکاری دەکات


خەڵک – بەشی هەواڵ

وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكەن كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژبكەن.

 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لەپەیامێکدا بەبۆنەى ڕۆژی جیهانى تەندورستییەوە،  داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكات، كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژبكەن، بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنن.

 

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامە…. بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی

حەوتی نیسانی هەموو ساڵێك، لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژی جیهانی تەندروستی ناسێندراوە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان و جیهان ئەو یادەیە دەكاتەوە بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19).

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەدوربوونیان لەو نەخۆشییە، وە بەردەوام جەخت لە خۆپارێزی دەكات و داواش لە هاووڵاتیان دەكات باپەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانبن.

هەروەك ڕوونە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی ئەم رۆژەی بەوەكردووە كە: (بریتییە لە تەندروستبوون و پێگەیشتن و كامڵبوونی جەستە و هزر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنها دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی). ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە پێناسەی ڕێكخراوەكە تەنیا ئاماژەدان نییە بە دوور بوون لە نەخۆشی و پەککەوتەیی كە بەمەش مانای تەندروستی تەواو نادات بە تاكەكان.

هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە هۆشیاری تاك بە بەشێكە لە تەندروست بوونی تاک دادەنرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر کەسێک بیر و بیر کردنەوە و بڕوای تەندروست و ساغ نەبوو، كەسەكە بە كەسێكی ناتەندروست لە قەڵەم دەدرێت.

بیر و باوەڕی تەندروست و ساغ ئەو بەها ڕۆحییانەن کە یارمەتی مرۆڤ دەدەن لەوەی کە خۆی لە کاری خراپ و ئاژاوەگێری و ئاشووب و شەڕ بپارێزێت، ئەگەر كەسەكە بەو شێوەیەبوو کەسێکی هێمن و پاک و ڕاستی لێدەردەچێت و حەز بە خۆشی مرۆڤەکان دەکات و لە شەڕانگێزی و نائارامی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا بە دوور دەبێت، وە دەبێتە هۆی خۆشی و خۆشگووزەرانی میللەت، بەمەش ئێستا و ئایندەی خۆی و نەوەکانی مسۆگەر دەکات، وە لە بەرامبەریشدا ژیانی کۆمەڵگا و میللەت پارێزراو ئارام دەبێت. ئەمەش، وادەکات کە هەمووان لە کۆمەڵگا، بە تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات گرنگی بە هەموو لایەنەکانی تەندروستی بدەن، نەک بۆ ئەوەی تەنیا تەندروست بین بەڵکو بۆ ئەوەی ئێستاو و ئایندەی میللەت و هاووڵاتیانمان مسۆگەر بێت و ووڵاتەکەمان لە خۆشی و خۆشگوزەرانیدا بێت، وە لە پشێوی و ئاژاوەگێری بەدوور بێت.

هەروەك ڕوونە ڤایرۆسی كۆرۆناش یەك لەو ڤایرۆسە گوازراوانەیەكە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە و خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان ژیانی خۆت و خانەوادەو هاووڵاتیان دەپارێزیت، پاراستنی تاكەكانیش لە ئەستۆی هەمووانە و باپەندبوونت بە ڕێنماییەكان نیشانەی كەسایەتی و تەندروستبوونتە.

لێرەشەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكەین كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژبكەن بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین.

لەم ڕۆژەدا دەستی ماندووی پزیشكان و پەرستاران و سەرجەم كارمەندانی تەدروستی دەگوشین، ئەوان ئێستا لە سەنگەری بەرگرین لەم ڤایرۆسەو خۆیان كردوەتە قەڵغانێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارێزراوبن، هاوكات دەستخۆشی لە برایانی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەكەین كە شەو رۆژ كاردەكەن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.

هیواخوازین هەمووان بەیەكەوە بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسەیەبین و هەرێمی كوردستان پارێزراوبكەین.

د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
7 نیسان 2020

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ژمارەیەك بەرپرسی هەرێم و سەرجەم هاووڵاتیان دەكات


خەڵك-بەشی هەواڵ

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیداری گەرمیان و ڕاپەڕین، دوایین پێشهاتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای لە هەرێم تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 7/4/2020 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لایەنە پەیەندیدارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم، دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی حكومەت و لایەنە پەیوندارەكانی بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە تاوتوێ كرد و لە دۆخی پارێزگاكان و هەردوو سنووری گەر‌میان و ڕاپەڕین و بەڕێوەچوونی كارەكان و پێداویستی و كەموكورییەكان و كاریگەریی دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی پەتاكەی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی پرسییەوە.

بارزانی، سوپاس و دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگا و ئیدارەكان و یەكە كارگێڕییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ و كارمەندانی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و هەموو ئەوانە كرد كە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا‌ بەشدارن و هەموو هەوڵێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەدەن.

سەرۆكی هەرێم، سوپاسی هاووڵاتییانی كوردستانی كرد كە پابەندی ڕێنماییەكانن بۆ خۆپاراستن و داوای كرد هەموان بەردەوام بن لە پابەندی و هاوكاریی هەوڵەكانی حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ژینگە

بڕی باران بارین لە شارەكانی هەرێم بڵاوكرایەوە


خەڵك-بەشی هەواڵ

 

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بڕی باران بارینی لە 24 كاتژمێری ڕابردوو لە شارەكانی هەرێم بڵاوكردەوە.

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین باران لە ناوچەی چوارتا سەر بە پارێزگای سلێمانی بە بڕی 3.5 ملم باریوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان