ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

كوتلە عیراقیەكان لە دژی هەرێم یەكدەگرن
مووچەی فەرمانبەران لەنێوان ململانێی هەولێر و بەغدا بەنادیاری ماوەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە پەڕلەمانی عیراق كوتلەكان دژی دانانی پشكی هەرێم لە بودجە یەكدەگرن و هۆكارەكەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە یاسای بودجە و ڕادەست نەكردنی نەوت دەگێڕنەوە و پەڕلەمانتارێكی كورد دەڵێت: “حكومەتی هەرێم یاری بە قووتی هاووڵاتیان دەكات”.

فازڵ فەتلاوی، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە كوتلەی صادیقون بە (عەهد نیوز)ی ڕاگەیاندووە، هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە جێبەجێ‌ كردنی بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدڕاڵی ئەمساڵ، كە تێیدا دیاریكراوە دەبێت بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات.

ڕاشیگەیاندووە، كە بودجەی ساڵی 2020 تووشی كێشە دەبێت بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لایەنە سیاسیە گەورەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دانەنێن، چونكە پابەند نەبووە بە جێبەجێ‌ كردنی پابەندیەكانی سەرشانی و ئەو ڕێككەوتنەی لەژێر چەتری پەڕلەمان كرا.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەوە كێشەی سەرەكی و واقعیە و دەبێت بەرپرسانی هەرێم ئەوەی لە دەستوور هاتووە جێبەجێی بكەن.

هاوكات، غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان یاری بە قووتی خەڵكەكەی دەكات و ئەوەی دەیكات لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان نیە، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت بودجەی ساڵی داهاتوو بۆ هەرێم باش نابێت.

وتیشی، “بە وتەی پەڕلەمانتارانی عیراق لە هیچ وڵاتێكی فیدڕاڵی دونیا نیە، هەرێمێك داهاتی ناوخۆی و نەوتی خۆی سەربەخۆ بفرۆشێت و هیچ بڕە پارەیەك ڕادەستی ناوەند نەكات، كەچی پارەی لە ناوەندە بۆ بێت، ئەمە هیچ قسەیەكی بە ئێمەی نوێنەرانی كورد نەهێشتۆتەوە”.

ڕاشیگەیاند، ئەو لیژنەیەی لەسەر نەوت و داهاتی هەرێم پێكهێنراوە سەردانی هەر شوێنێك دەكات و داوای ئەو پسوڵانە دەكات، كە گوایە هەرێم نەوت یان داهاتی گومرگی یان خاڵە سنووریەكانی ڕادەستی بەغدا كردبێت، دەشڵێت: “هیچ پارەیەك لە هەرێمەوە بۆ بەغدا نەهاتووە، كە لە بودجەی 2019 ئەوە بە یاسا ڕێكخراوە”.

غالب محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “ئەو لیژنەیە بەشێك لە ڕاستیەكانی دەستكەتووە و بەشەكەی دیكەی لای هەرێم دەستمان دەكەوێت، بەڕاستی هەرێم یاری بە قووتی خەڵك دەكات و نوقتە سەری دێڕ، پێم وایە ئەگەر ئەمجارە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لە یاریەكە دەدۆڕێت”.

لای خۆشیەوە، حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (سۆمەریە نیوز) ڕایگەیاندووە، ڕای زۆرینە لەناو لیژنە ئەوەیە پشكی هەرێم بەو شێوەیەی هەبوو لەناو بودجە تازە نەكرێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، حكومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ پابەندبوونێكی خۆی لە هەناردەی نەوت، كە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە بە حكومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ‌ نەكردووە و تا ئێستاش جێبەجێ‌ كردنی بودجە ڕەتدەكاتەوە.

ئاشكراشی كردووە، هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی دەروازە سنوریەكان و گومرگەكانی ڕادەست نەكردووە، كە مەزەندە دەكرێت بە 5 ملیار دۆلاری ساڵانە، ئەمە سەرەڕای پارەی هەناردەی نەوت، كە ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیلە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەردەوام ەبەرپرسانی هەرێم جەخت لەسەر ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكەنەوە و دەڵێن: “لە ڕێككەوتن نزیكین”.

بۆ وەرگرتنی بۆچوونی حكومەتی هەرێم لەو بارەیەوە و زانینی دواین پەرەسەندنەكان لە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

راپۆرت

هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی مشتومڕ دەنێتەوە

 

خەڵك – نزار جەزا

لەپاش هێرشە چەكدارییەكەی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، لەهەرێمی كوردستان هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی لەناو بەشێك لە هاوڵاتیاندا دەستیپێكرد، ئەمەش ڕای جیاوازی لەسەر دروستبووە و بەشێك لە فرۆشیاران پێیانوایە جێگرەوەی كاڵای توركی لەكوردستان نییە، چونكە كوردستان نەگەیشتووە بەئاستی خۆبژێوی و لەم حاڵەدا ئەزمەیەكی گەورە دروستدەبێت، چونكە لەسەدا 50ی زیاتری بەرهەمی كوردستان لەتوركیاوە دێت، لەلایەكی دیكەوە بەرگریكارانی ئەم هەڵمەتە پێیانوایە، دەبێت كوردستان جێگرەوەی كاڵای توركی بدۆزێتەوە.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گروپی تایبەت بەبایكۆتكردنی بەرهەمە توركییەكان دروستكراوە، كە تێیدا جێگرەوەی بەرهەمە توركییەكان بڵاودەكرێنەوە و بەشداربووان تێیدا هانی هاوڵاتیان دەدەن كە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەهۆكاری ئەوەی توركیا كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكوژێت و ئاوارەیاندەكات و ماڵ و ژیانیان دادەڕوخێنێت.

ڕێژەن عەبدوڵا، كە خوێندكاری زانكۆیە و بەتەواوی لەگەڵ ئەوەیە بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە دەبێت یارمەتی بوژانەوەی ئابووری توركیا نەدەین، كە ئەمەش بچوكترین و باشترین هەڵوێستە لەم دۆخەدا خەڵكی ئاسایی پێی بكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەئەوەشدا، پێویستە بازرگانەكانیش بیر لەئەوە بكەنەوە جێگرەوەی كاڵای توركی دابینبكەن، و چۆن خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لەنەهامەتیدا دەژین، پێویستە هەرێمی كوردستانیش هاوخەمیانبێت و بایكۆتی كاڵای توركی بكەن.

لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتەدا هەندێك كەس بەتەنزەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژ بەئەم هەڵمەتە وەستاونەتەوە جەخت لەئەوەدەكەنەوە، ئەگەر بەرهەمی توركی نەكڕن توشی بەدخۆراكی دەبن و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی ژیانی لادێكان، بەهۆكاری ئەوەی تاكو ئێستا حكومەتە 27 ساڵییەكەی باشووری كوردستان نەیتوانییوە كوردستان بگەیەنێتە ئاستی خۆبژێوی.

بۆ بەدواداچونی زیاتری ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕای فرۆشیارە جیاوازەكان سەردانی چەند شوێنێكی جیاوازی كرد و لە وتووێژێكی پەیامنێری (خەڵك) لەگەڵ ژیار لەتیف خاوەنی پۆشاك و كەمالیاتی دانیا دەركەوت، هەموو كاڵاكانی دوكانەكەی توركی و چینین، بەڵام زۆرینەی خواستەكانی لەسەر كاڵای توركییە، چونكە توركییەكە كوالیتی باشترە و لەم ماوەیەشدا بێگومان وەك پێشتر كاڵای توركی دەفرۆشێت.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم هەڵمەتەی كە ئێستا خەڵك دەستیپێكردووە بۆ بایكۆتكردنی كاڵاتی توركی سەركەوتوو نابێت، چونكە زۆرێك لەو بەرهەمانەی لەكوردستان هەیە توركین و جێگرەوەیان نییە، خەڵكیش ناچارە ئەو بەرهەمانە بكڕێت.

لەلایەكی دیكەوە ئەمیر سدیق خاوەنی هەفتەبازاڕی حاجی ساڵح لەوتووێژێكیدا لەگەڵ پەیامنێری (خەڵك) ڕایگەیاند، هەرچەندە لەم ماوەیەدا هەندێك خەڵك سەردانی ماركێتەكەیان كردووە و ویستوویانە بەرهەمی توركی نەكڕن، بەڵام بەگشتی ناتوانرێت بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، چونكە بەرهەمی ناوخۆییمان كەمە یان گرانە، بەنمونە هێلكە كوردییەكە زۆر گرانە و ئێرانییەكەش باش نییە، بۆیە خەڵك بەناچاری توركی دەكڕێت.

بەپێی ئەو ئامارەی (خەڵك) دەستیكەوتووە، لەساڵی 2018دا لەتوركیاوە بەبەهای 10 ملیار دۆلار كاڵاو لەئێرانەوە بەبەهای 6 ملیار كاڵا هاتونەتە هەرێمی كوردستان، لەم رێژەیەش بەشێكی كەمی دەچێت بۆ خوارووی عیراق.

شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی هاوردە و هەناردنكارانی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەدا 50ی كاڵاكانی كوردستان توركین و كۆمپانیایەكی زۆر و جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، بۆیە لەئەگەری بایكۆتكردنی ئەم كاڵا و كۆمپانیایاندا ئەزمەیەك لەهەرێمی كوردستان دروستدەبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەم توركیا پێویستی بەكوردستانە و هەم كوردستانیش پێویستی بە توركیایە، بەڵام كاتێك بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت، دەبێت خەڵكیش بەرگەی ئەو ئەزمەیە بگرێت كە دروستدەبێت، چونكە كوردستان توانای خۆبژێوی نییە.

لەلایەكی دیكەوە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشئەوەی بیر لەلایەنە كوردایەتی و نەتەوایەتییەكە بكەینەوە، دەبێت بیر لەژێرخانی ئابووری كوردستان بكەینەوە كە ئایا ئەگەر بایكۆتی كاڵای وڵاتێك بكەین، ئایا كوردستان دەتوانێت خۆی بژیێنێت؟ ئایا بازرگانەكانمان چەندێك زیاندەكەن؟ ئایا بازرگانەكان دەتوانن جێگرەوەی ئەم كاڵا بایكۆتكراوانە بۆ هەرێم دابینبكەن؟

وتیشی:”چەندان ڕێگەی دیكە هەیە كە لەڕێیەوە بایكۆتی توركیا بكەین، بەنمونە سەرەتا بایكۆتی دراما و گۆرانی و هونەرەكەیان بكەین و گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەكەین، دواتر بەبەرنامە جێگرەوەی كاڵای توركی لەهەرێم دابینبكرێت، دواتر بایكۆتی ئەو كاڵایە بكرێت”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ڕۆژئاوای كوردستان كەوتۆتە بەر هێرشێكی چەكداری توركیا، كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران و برینداربوون و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

كاتی كاراكردنی زانكۆلاین دیاریكرا
سێ‌ بەشی دەرچووان لە خوێندنی خۆڕایی زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیران

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێكەوتی 8-10-2019 ناوی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا و بەپێی ئەنجامەكانی وەرگرتنیش ٧٤%ی دەرچووان لە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكان وەرگیراون و خوێندكارانیش دەتوانن (لەم لینكەوە) ناوەكانیان بدۆزنەوە.

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خوێندكاران سەرمایەی مرۆیی گرنگی ئەم هەرێمەن و ئێمە وەك وەزارەت تەواوی ئامادەكاری و پشتویوانیان دەبین بۆ سەركەوتنیان لەپڕۆسەی خوێندن، ڕاستە چەند سەرنج و تێبینییەك هەبوون لەبارەی دواكەوتنی ڕاگەیاندنی ناوی دەرچووان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەكی ورد و تەكنیكییە بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بتوانین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە زیاتر تاوتوێ بكەین و لەساڵانی داهاتوو ئەو كێشانە نەمێنێت.

كورسی خوێندن بەڕێژەی 30% لە حكومی خۆڕایی زیادكراوە
ئاشكراشی كرد، بەشێك لەهۆكاری دواكەوتنی ناوی دەرچووانیش پەیوەندی بەزیادكردنی پلانەوە هەبوو، كەسەرەتا زانكۆكان پلانیان زیاد كرد و دواتریش ئێمە وەك وەزارەت ڕیژەی 30%ی كورسی خوێندنی گشتیمان زیاد كرد ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنی هەلی زیاتر بە دەرچووان.

ئارام محەمەد وتیشی، “بەگشتی ڕێژەی وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندن بەم شێوەیە بووە ،بۆ پلانی بەخۆڕایی لەزانكۆ و پەیمانگاكان 74% و ئێواران 14% و پارالێڵ 8%، بەم شێوەیە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان دا (٤١٨٣٣) خوێندكار وەرگیران”.

ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە 100% لە خوێندنی خۆڕایی
لای خۆشیەوە خەتاب ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی ڕاگەیاند و وتی، “وەزارەتەكەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات”.

وتیشی، “ئەمساڵ دەرچوانی خولی یەكەم و دوەمی قۆناغی (١٢)ی‌ ئامادەیی لە یەك كاتدا بەسیستمەكانی (زانكۆلاین، پارالێڵ و ئیواران) داوایان پێشكەش كرد كە (٣٨٢٨٤) دەرچوی پۆلی 12ی ئەمساڵ‌ فۆڕمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردووە، لە ئەنجامدا (٢٨١٨٥) خوێندكار، كە دەكاتە ڕێژەی 74% لەپلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) وەرگیران و (٣١٣٦) دەرچووی دیكەش كە دەكاتە 8% لەخوێندنی پارالێڵ وەرگیراون و ٥٥٤٤ دەرچووی دیكەش، كە دەكاتە ڕێژەی 14% لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون بەوەش ڕێژەی وەرگرتن بریتیە لە (٩٦%)ە، ١٤٨١ خوێندكاریش كە دەكاتە ڕێژەی 4% بەهۆی هەڵە پڕكردنەوەی فۆڕم لەهەڵبژاردنی بەشەكان ناویان نەگەڕاوەتەوە و هاوكات ٣٠٥٢ كورسی بەتاڵیش لەزانكۆ و پەیانگاكان ماون بەپێشكەش كردنی سكاڵا ناوی ئەوانەش دەگەڕێتەوە و ڕێژەی وەرگرتن دەبێت بە لە 100%”.

كاتی دۆزینەوەی شوێنی وەرگرتن لە زانكۆكان
د.خەتاب ئەحمەد شێخانی، دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگادار كرد، كە ئێوارەی ئەمڕۆ، لە كاتژمێر (٥) بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆڕمەكانیان پێ‌ پڕكردبووەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە، كە لێیی وەرگیراون.

دەچووانی ساڵانی دیكەش ناویان گەڕاوەتەوە
د.خەتاب شێخانی وتیشی، “جگە لەدەرچووانی ساڵی ٢٠١٩ دەرچووانی ساڵی پاریش، كە ناویان نەگەڕابووەوە داوایان پێشكەش كردووە، كە ژمارەیان ٦٧٩٣ خوێندكارە و ٩٦٥ دەرچوو ناویان لە پلانی گشتی واتە خوێندنی بەخۆڕایی گەڕاوەتەوە و ١٠٢٢ دەرچووش لە خوێندنی پارالێڵ و ٢٩٨١ دەرچووش لە خوێندنی ئێواران ناویان گەڕاوەتەوە و بەمەش ٤٩٦٨ دەرچووی ساڵانی ڕابردوو لەمساڵی خوێندن ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە و بەمەش لەگەڵ دەرچووانی ئەمساڵ كۆی وەرگیراوان ٤١٨٣٣ خوێندكار ناویان لە زانكۆ و پەیمانگاكان گەڕاوەتەوە”.

ماوەی سكاڵا 4 ڕۆژە
لەبارەی پێشكەش كردنی سكاڵاش د.خەتاب شێخانی ڕایگەیاند، ئەو دەرچووانەی سكاڵایان هەیە بەهەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەكە و دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن، كە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە كاتژمێر ١٢ی شەو پێشكەش كردنی سكاڵا بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشی كرد، بۆ دابەینی بەش و كۆلێژەكانیش بەهەمان پڕۆسە و لەنێو سیستمی وەرگرتندا دەرچووان دەتوانن داوای دابەزین بكەن.

ڕاستەوخۆڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگاکان۸/۱۰/۲۰۱۹

Posted by Xelk Media Network on Tuesday, October 8, 2019

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

نرخی مۆلیدە ئەهلیەكان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئەیلولی ڕابردوو لە شارەكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) دیاریكرا، كە لە سلێمانی كەمترین نرخ بووە بەهۆی باشی دۆخی كارەبا و كەمی كاتی كارەبای مۆلیدەوە.

مانگانە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی ئاسایشی ئابووری و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا و كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە خوێندنەوە بۆ كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای مۆلیدە دەكرێت و نرخی ئەمپێری كابەرای مۆلیدە دیاری دەكرێت.

سلێمانی كەمترین پارە بۆ هاووڵاتیان دێتەوە
قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول بە 42 دینار دیاریكرا و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لە نێوان 50 بۆ 70 كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لە مانگی تشرینی‌ یەكەم، بەجۆرێك دەبێت، كە لە كاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆ بۆ 2ی شەو لە ئامادەباشیدا دەبن، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا پێویستە كارەبای‌ مۆلیدە بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

جەخت لەوە كراوەتەوە، پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لە هەولێر نرخی ئەمپێرێك لە 5 هەزار زیاترە
قارەمان مەولود، سەرۆكی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، مانگی 9 لە هەولێر بەشێوەیەكی گشتی 130 كاتژمێر بۆ 150 كاتژمێر كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بە هاووڵاتیان و شوێنە بازرگانیەكان دراوە.

ڕاشیگەیاندووە، نرخی هەر ئەمپێرێك بە 42 دینار دیاری كراوە و تێكڕای نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبا لە هەولێر لە نێوان 5 هەزار و 250 دینار بۆ 7 هەزار و 250 دینارە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی ناو بازاڕ بۆ هەر ئەمپێرێك دەگاتە 9 هەزار و 250 دینار.

لەناو دهۆك جیاوازی لە نرخ هەیە
لیژنەی باڵای مۆلیدە ئەهلیەكان لە پارێزگای دهۆك لە كۆنووسێكدا خشتەی كارەبا بۆ مانگی تشرینی یەكەم و نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئەیلول دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردن لە ئۆڤەرپاسێك لە شەقامی بارزان لەناو دهۆك و بڕانی كارەبای نیشتمانی لە زۆر كاتدا، نرخی ئەمپێری مۆلیدە بە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە 500 دینار زیاترە.

هەر بەپێی كۆنووسەكە، نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بەپێی ناوچەكان دەبێت و كەمترین نرخ 4 هەزار دینارە و لە هەندێكە ناوچە دەگاتە 7 هەزار دینار.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان