ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“شارێكی پیشەسازی لە گەرمیان دەكرێتەوە و 68 كارخانەی ئێرانیش دێنە سلێمانی”

خەڵك – بەشی هەواڵ

كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە پارێزگای سلێمانی پێشوازی لە سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی كرد.

بە مەبەستی پیرۆزبایی دەست بەكاربوون لە كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یاسین مەحمەد ڕەشید، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی، لەلایەن ( مەهدی شوشتری) كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سلێمانی، پێشوازی كرا و لە كۆبوونەوەیاندا چەندین خاڵی گرنگ لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەت لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

لەو بارەیەوە، یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی (خەڵك)ی ڕاگەیاند” لە كۆبوونەوەكەدا باسمان لە سەردانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری بازگانی كرد، كە دێن و خاڵە سنوورییەكان بەسەر دەكاتەوە كە بڕیارە بەم نزیكانە بە یاوەری شاندێك بێنە ناوچەكە و ئەگەریش هەیە سەردانی بەرپرسانی هەرێم بكات .

یاسین مەحمود ڕەشید، وتیشی: لە میانی هاتنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری بازگانی بۆ هەرێمی كوردستان، 4 مەرزی تر لە نێوان پارێزگای سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبنە نێودەوڵەتی، كە هاووڵاتیان دەتوانن هاموشۆی لێوە بكەن و بەمەش ئەو گوشارە لەسەر ئەو خاڵە سنووریانەی تر نامێنێت كە لە ئێستادا بە هۆی سەردانی وڵاتانی یەكتری دروست بووە.

بە وتەی یاسین مەحمود ڕەشید، لە داهاتوویەكی نزیكدا، شاری پیشەسازی گەرمیان دەكرێتەوە كە وڵاتی ئێران لای خۆیەوە بڕیاریداوە كارەبا و سووتەمەنی بۆ دابین بكات و هەرێمی كوردستانیش زەوی پێویستی بۆ پڕۆژەكە تەرخانكردووە، كە لەو شارە پیشەسازییەدا وێڕای جێگیركردنی دەیان كارخانەی گەورە، هەلی كاری باشیش بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت، كارگەكانیش كارگەی بەرهەمهێنان دەبن.

ئەوەشی وت، لە داهاتوویەكی نزیكدا، 68 كارخانە لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت لەلایەن كۆمپانیاكانی هەرێم و ئێران بە هاوبەشی دادەنرێن، كە ئەم هەوڵە لە ڕاسپاردەكانی سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی بووە كاتێك لە سەردانیدا بۆ لای بەرپرسانی عیراق لە بەغدا بەرباسی خستوون لە پێناو دروستكردنی شارە پیشەسازییەكان لە عیراقدا و لە هاتنی بەرێز جەواد زەریفیش بۆ هەرێمی كوردستان ئەم هەوڵە هاوبەشەی نێوان هەرێم و ئێران بۆ دانانی كارخانەی هاوبەش جەختی لەسەر كراوەتەوە.

هاوكات لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی و كونسوڵی ئێران لە سلێمانی باس لەوە كراوە، كە لە خاڵە سنوورییەكاندا، ژوورێكی تایبەت بە ڕاییكردنی كاروبارەكانی هاتوچۆی وەبەرهێنەر و بەڵێندەر و بازرگانانی هەرێم بكرێتەوە تا كار ئاسانی هاتوچۆیان بۆ بكرێت و تایبەتمەندییان بدرێتێ‌، هەردوو لاش كۆك بوون لەسەر بوونی ناوچەیەكی ئازاد لە نێوان مەریوان و پێنجوێن لە شوێنێكی دیاریكراوی خاكی ئێراندا تا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە بێ‌ ڤیزا بچنە ئەو ناوچە ئازادە و شمەك و كاڵای خۆیان بكڕن وەك ئەوەی وڵاتی ئێران ئێستا لە خاڵی سنووری شەلەمچە لەگەڵ هاووڵاتیانی عیراق لە بەسڕە دەیكات .

پەیوەست بە كێشە و گرفتەكانی گواستنەوەش، هەردوولا گفتۆگۆیان كرد، لەسەر بوونی كۆمپانیایەكی هاوبەشی گواستنەوە و گەیاندن كە لە ئێستادا وەك پێویست نییە، بۆیە بڕیار درا كە لە كەمترین ماوەدا كۆمپانیایەك بۆ كاری گواستنەوە دابمەزرێت، هەروەها باسیش لە هاوسەنگ كردنی كاری بازرگانی نێوان هەردوو لا كرا بە جۆرێك كە دەبێت بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمیش بڕواتە وڵاتی ئێران و كاریش بكەن بۆ بووژاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

مەهدی شوشتری كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەیەكە لە پارێزگای سلێمانی دەست بەكاربووە و بە پێی زانیارییەكانی (تۆڕی میدیایی خەڵك) ناوبراو دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران.

ئابوری

لیرەی توركی كەمترین نرخی تۆمار كرد لە مێژوودا

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

بەهۆی سەپاندنی سزای ئابووری لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەسەر توركیا و بەردەوامی ئەو هەڵئاوسانە ئابورییەی كە لە وڵاتەكە ڕوویداوە، ئەمڕۆ نرخی لیرەی توركی گەیشتە نزمترین ئاست كە لە مێژودا تۆمار كرابێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە بەپێی بۆرسەی جیهانی نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 763 لیرەی توركی بووە، ئەوەش كەمترین ئاستە كە لە مێژودا تۆمار كرابێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە پێنج شەممەی داهاتوو حكومەتی توركیا بڕیارەی زیادكردنی سوود بە بانكی وڵاتەكەی بدات، بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرزكردنەوەی نرخی دراوی وڵاتەكەی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

شێوازی لێبڕینی موچە ئاشکرادەکرێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان شیوازی لێبڕینی موچەی موچەخۆران ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، کاری نایاسایی لەناو نایاسایی دەکرێت.

 

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، موچەی ئایندە موچەی بەلێڕینەوەیە، بەڵام دەرناکەوێت کە لە ٪٢١ لێبڕاوە، ئەمیش یەکێکی ترە لە اجتهادو داهێنانە نایاساییەکانی حکومەت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، بە پێی بەدواداچونەکان، حکومەت و وەزارەتی دارایی میکانیزمێکی نوێیان پەیڕەوکردوە بۆ دابەشکردنی مووچە،
بەجۆریکە نایاسایی لەناو نایاسایی ڕوودەددات، بە شێوازێکی ژمێریاری لە سەدا ٢١ دەبڕن، کە بە هیچ شێوەیەک مووچەی لە سەدا ١٠٠ نامێنێت، بەڵکو دەبێیت بە لە سەدا ٧٩.


ئەوەشی خستەڕوو، میکانیزمەکە بە شێوەیە دەبیت:
بڕینی ٪٢١ لە مووچەی بنەڕەتی.
بڕینی ٪٢١ لە دەرماڵەی بڕوانامە.
بڕینی ٪٢١ لە زەوجی و منداڵ.
بڕینی ٪٢١ لە جوگرافیا.
بڕینی ٪٢١ لە ترساناکی.
بڕینی ٪٢١ لە خانەنشینی.
بڕینی ٪٢١ لە باج.
بڕینی ٪٢١ ئەگەر هەر ماددە و فەصڵیکی تر هەبێت.

 

وتیشی: بۆ دەڵێین نایاسایی لە ناو نایاسایی دەکریت، چونکە مووچەی بنەڕەتی بە یاسا ڕێکخراوە هەر دەبێت بە یاسا ببڕێت، نەک بە ڕێنمایی لە وەزارەتی دارایی.

 

ئاشکراشیکرد، میکانیزمەکە بەم شێوەیە جێبەجیدەکرێت:

٪٢١ بڕی چەک ، بڕی شایستە ٪٢١ = (پۆینت دەردەچێیت تا ژمارە ٥)
ئەو پۆینتەی کە دەرچووە (هەریەک لە مووچەی بنەڕەتی و زەوجی و منداڵ و بڕوانامە و ترسانکی جوگرافی و باج و خانەنشینی .ئەگەر فصل و ماددەی تر هەبوو)
کۆی مووچە و دەرماڵە دەردەچێت — کۆی لێبڕینەکە = بڕی چەک.

ئەگەر جیاواز دەرچوو ئەو کاتە جیاوازەییەکە ٪ (هەریەک لە بنەڕەتی و بروانامە و هتد دەکەین )
لێردا بڕی شایستە دەردەچێت.

ئەم کردارە لە کۆی گشتی دەکرێت، دەستکاری لیستی مووچە ناکرێت ،لە کۆتاییدا ٪٢١ نامێنێت و مووچە دەبێت بە ٪٧٩.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کردارەش نازانرێت بۆ ئەوەی هیچ لە ئەستۆ گرتنێک بۆ حکومەت نەمێنێت بەرامبەر بە مووچەخۆران یاخود لە ترسی چاودێری دارایی بەغداده، بۆیە پێوستە حکومەت و وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە بدەن بە پەرلەمان و موچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو دابەزیوە.

ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ سێ شەممە، 22ی ئەیلولی 2020، بەشێوەیەك بووە كە نرخی‌ نەوتی برێنت بە 41 دۆلار و 63 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 39 دۆلارو 50 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان