ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممەهەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە و تاوتوێی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و یەك لیستی كورد لە كەركووك بكەن. ھاوكات باس لە ئامادەكارییەكان بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەكرێت.

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە میدیای حزبەكەی وتووە”ئەمڕۆ جارێكی دیكە ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی سەرەكی تاوتوێكردنی پێكھیێنانی لیستێكی كوردییە لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان”.

بەپێی زانیارییەكان “لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆدا، پارتی و یەكێتی ئامادەكارییەكان بۆ كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ماون لە كابینەی نوێی حكوومەتدا، بە ھاوبەشی چارەسەری بكەن، لە پێناو حكوومەتێكی بەھێز”.

کوردستان

پسپۆڕێكی دەروونی: باشتر وایە وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە یەكجار دەرئەنجامێكی گشتی كۆرۆنا بڵاوبكاتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

د. ڕەوشت ڕەشید پزیشكی پسپۆڕی دەروونی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەیامێك ئاڕاستەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكات و ڕایدەگەیەنێت:”باشتر وایە ڕۆژانە یەك جار دەرئەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە ڕۆژێكدا چەند جارێك دەرئەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك تووشی سترێس و دڵەڕاوكێی زیاد لە پێویست نەبن”.

 

دەقی پەیامەكەی د. ڕەوشت ڕەشید:

 

پەیامێك بۆ راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرەنجامەكانی كۆرۆنا:

ماندوو نەبن.

ئاگادارین كە لەماوەی رابردوودا ئەركێكی زۆرتان كێشاو كەمتەرخەمیتان نەكردوە لە بلاوكردنەوەی هوشیاری و زانیاری دەربارەی نەخۆشی كۆرۆنا و راگەیاندنی داتا دەربارەی ژمارەی پشكنین و كەرەنتینكراوان و توشبووان. ئەم كارەتان جێگەی دەستخۆشیە. هاوكات چەندتێبینی و پێشنیارێكی بچوكم هەیە هیوادارم بە سنگێكی فراوان و بە مەبەستی سود بۆ هاوڵاتیان و توشبووان لێمانی قەبوڵ بكەن:

۱ـ باشتر وایە رۆژانە یەك جار دەرەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە رۆژێكدا چەند جارێك دەرەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك توشی سترێس و دڵەراوكێی زیاد لە پێویست نەبن.

۲ـ باشتر وایە دەرەنجامەكان لە سایتی فەرمی وەزارەتی تەندروستی بڵاوبكرێنەوە نەوەك بە تەلەفۆن و نامەی نا فەرمی بدرێت بە كەناڵەكانی راگەیاندن یان سایتەكانی ئینتەرنێت، ئەمەش بۆئەوەی داتاكان بە هەڵە بڵاونەبنەوەو خەڵك توشی بێمتمانەیی نەبن.

۳ـ بلاوكردنەوەی داتا وەكو خۆی و راستگۆیانە كارێكی ئەخلاقیەو ئێمەش بەرز دەینرخێنین، بەڵام بڵاوكردنەوەی وردەكاریی دەربارەی كەسە توشبووەكان و پیشەیان و هەندێك جار ناویان ( بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی ناوی پزیشكانی توشبوو) كارێكە دوورە لە بنەماكانی پاراستنی ماف و نهێنیەكانی نەخۆش و رەنگە ئەمە وا بكات خەڵكانێكی زۆر لەبەر ئاشكرابوونی ناوەكانیان نەرۆن بۆ پشكنین یان نەخۆشخانە. ( ئەگەر كەسەكە خۆی باسی كردو رایگەیاند ئەوە ئازادە بەڵام ناكرێت لە دەزگا فەرمیەكان ناویان بڵاوبكرێتەوە) . دیارە ئەم حاڵەتە زیاتر لە سۆشیەل میدیا و پەیجی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەبینرێت و رەنگە كاری راگەیاندنی وەزارەت بێت هەوڵبدات ئەو پەیج و لایەنانە ئاگادار بكاتەوە كە هیچ زەرور نیە ناو یان وردەكاری توشبووان بڵاو بكرێتەوە.

٤ـ لە سەرەتای هەموو دەرەنجامێك وشەی گومانلێكراوان بەكار دێت كە من پێم وایە ئەم وشەیە جۆرێك لە ستیگماو كاریگەریی دەروونیی خراپ لای خەڵك دروست دەكات بۆیە لابردنی ئەم وشەیە بە كارێكی باش دەبینم بەتایبەت كە لابردنی هیچ لە مانا ناگۆڕێت و ( دەستەواژەی گەڕان بەدوای توشبووان ) ماناكە دەبەخشێت و هیچ كەموكوڕیەكی نیە.

دووبارە هیوای سەلامەتی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم هەموو لایەك دوور بن لە دەردو بەڵا.

د. رەوشت رەشید
پزیشكی پسپۆری دەروونی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

“كازمی بەڵێنیدا شایستە داراییەكانی ھەرێم بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”


خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت:” مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیداوە بابەتی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند:  بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عيراق، ئەمڕۆ شەممە،لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەتەوە و “لەكۆبوونەوەكەدا بابەتە گرنگەكانی ئێستای ناو گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، هەروەها پەلەكردن لە ھەڵگرتنی ھەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تاووتوێكراون”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەختی لەوەش كردووەتەوە:”سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیدا كە بابەتی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەخمور.. جوتیاران هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن


خەڵك – ئارام سەردار

جوتیارانی سنووری شارۆچكەی مەخمور ڕایدەگەیەنن، ئەگەر كێشەی سستی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆی مەخمور چارەسەر نەكرێت، ئەوا ڕۆژی دووشەممە ۸ی حوزەیران گردبوونەوە ئەنجام دەدەن.

گۆران دیبەگەیی، پارێزەری جوتیارانی ناوچە دابڕاوەكان بە( تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەئێستادا بەدووری 19كیلۆمەتر لە نێوان چوارڕیانی شارەدێی دیبەگە تا دەروازەی بازاڕگەی شارۆچكەی مەخمور بارهەڵگرانی گەنمی جوتیاران لە سەرەی سایلۆی مەخموردان تا بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لەم ووتیارانە وەردەگیرێت، بەڵام پڕۆسەكە زیاتر لە بیست ڕۆژ دەخایەنێت.

دەشڵێت، ‌بەردەوام سەرەی بارهەڵگرەكانی گەنمی ووتیاران لە زیادبوونە ئەمەش وا دەكات جوتیاران ڕەنجی ئەمساڵیان بەڕێژەی زۆر بەفیڕۆ بچێت، چونكە كرێی ڕۆژانەی بارهەڵگرەكانیان دەكەوێتە سەر.

گۆران دیبەگەیی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەبێت وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و قائیمقامیەتی شارۆچكەی مەخمور مشورێك لە جوتیارانی سنوورەكە بخۆن، بەپێچەوانەوە ڕۆژی دووشەممە كاتژمێر یانزەی پێش نیوەرۆ لەگەڵ جوتیانی سنوورەكە گردبوونەوەیەك لە چوارڕیانی شارەدێی دیبەگە ئەنجام دەدەین قبوڵی سستی سایلۆی مەخمور لەوەرگرتن و ڕێگری لەواستە كردن و بۆ پێشخستی سڕە ناكەین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان