ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

كۆبوونەوەی پەڕلەمانى عيراق كرا بە نهێنی

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عیراق بڕیاریدا كۆبوونەوەی ئەمڕۆ تایبەت بكات بە دۆخی ئەمنی وڵات و بۆ ئەوەش كۆبوونەوەكەی كردە نهێنی.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لە پەڕلەمانی عیراق ئەنجام درا لەسەر دۆخی ئەمنی وڵات و ئەو پێشێلكارییانەی لە چەند ناوچەیەك ڕوودەدەن، كە دواهەمینیان تەقینەوەكەی كەربەلا بوو.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕاپۆرتی تایبەتی لەسەر دۆخەكە هەبوو، بۆیە سەرۆكایەتی پەڕلەمان بڕیاریدا كۆبوونەوەكە بكاتە نهێنی.

جەختیشی كردەوە، كە بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسایەكیش بكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەیانی ئەمڕۆ بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاند، كە لیژنەكەیان تەواوی كەموكورتی و كەمتەرخەمییەكانی لایەنی ئەمنی و هەواڵگری تۆمار كردووە لە ڕووداوەكەی كەربەلا و بەوهۆیەوە داوایان لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان كردووە كۆبوونەوەیەك سازبكات و بەنهێنی ئەنجام بدرێت.

عێراق

“دەركردنی یاسا بە پەلە هەڵەیەكی گەورەیە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، “ھەڵەی گەورەیە ئەگەر لەژێر فشار و بۆ ڕازیكردن، یاسای بەپەلە و باش دراسە نەكراو دەربكرێت”.

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیویەتی:”ھەڵەی گەورەیە ئەگەر لەژێر فشار و بۆ ڕازیكردن، یاسای بەپەلە و باش دراسە نەكراو دەربكرێت جا چ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت یا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و چەند پارێزگایەكی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە چەند پڕۆژە یاسایەك ئامادەكراوە لە ناویشیاندا هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عیرا و ژمارەیەكیش لەو پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراون بۆ دەنگدان لەسەری و پەسندكردنی.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هیومان ڕایتس وۆچ: پێویستە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دادگایی بكرێن

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بواری مافەكانی مرۆڤ داوا لە حكومەتی عیراق دەكات لێپرسینەوە و دادگایی هێزە ئەمنییەكان بكات.

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ، لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی عیراق هێرشیان كردووەتە سەر فریاگوزار و ئەو كەسانەی بەهانای خۆپیشاندەرانەوە چوون و یارمەتیان پێشكەش كردوون لەمیانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان و هێزە ئەمنییەكان فیشەك و غازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر فریاگوزارەكان و چادرەكانیان بەكارهێناوە و بەهۆیەوە فریاگوزارێك گیانی لەدەستداوە.

لەوبارەیەوە سارە لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: فریاگوزارەكان بوونەتە قوربانی بەكارهێنانی هێزی زیاد لەپێویستی دەوڵەت لە عیراقدا.

هیومان ڕایتس وۆچ داوایكردووە، پێویستە لەسەر حكومەتی عیراق زامنی لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ بكات لەهەر حاڵەتێكی گیان لەدەستدان لەسەردەستی هێزە ئەمنییەكان بە یارمەتی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئەگەر پێویست بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عادل عەبدولمەهدی هۆشداری دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، چەند لایەنێك دوور لەدامەزراوەكانی دەوڵەت چالاكوان و كەسایەتییەكان دەڕفێنن.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی ڕفاندنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان ڕایگەیاند: ئەو كارانە هەندێك لایەن ئەنجامی دەدەن كە وای دەردەخەن سەربە دامەزراوەكانی دەوڵەتن.

وتیشی: كامێراكانی چاودێری دیاردەی ڕفاندنی لیوا یاسر عەبدولجەباریان لە ناوچەی جادریە تۆمار كردووە.

عادل عەبدولمەهدی بە توندی ئیدانەی ئەو هەوڵەی كرد و ڕایگەیاند، هەر كەسێك ئەو تاوانەی كردبێت، سزای خۆی وەردەگرێت، داواشیكرد دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێك ئەو پلەدارە سەربازیی ئازاد بكرێت.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕاشیگەیاند، فەرمانگە ئەمنییەكان و دادگا تایبەتمەندەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوەی پێوست بۆ ناسینەوەی ڕفێنەران كردووە و هۆشدارییدا لەوەی هەر لایەنێك ئەو كارە بكات یان پەردەپۆشی بكات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا، عەبدولمەهدی جەختیكردەوە، بەهیچ جۆرێك كاری ڕفاندن قبوڵ ناكرێت و وتی: ئەو كارانە سەرپێچییە لە یاسا و ڕێنماییەكان و دەوڵەت لێی بێبەرییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان