ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هاتوچۆی سلێمانی هۆكارەكانی قەرەباڵغی شەقامەكان ئاشكرا دەكات

خەڵك –بەشی هەواڵ

دوێنێ لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتووچۆ لە شەقامەكانی شاری سلێمانی دروستبووە.

كاروان سدیق وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی هۆكارەكانی ئەو قەرەباڵغییەی ڕونكردووەتەوە و نوسیویەتی “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەیەكەم رۆژی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگا و زانكۆو پەیمانگاكان گرفتی هاتووچۆ لە بەشی زۆری شەقام و یەكتربڕو گۆڕەپانەكان بەدی دەكرا، لەهەندێك شوێن گەیشتە خنكانی هاتووچۆ وەلەكاتی تەواو بوونی دەوامی ئەو شوێنانە هەمان گرفت بەدی كرا، لۆدو قەرەبالغییەكی زۆر دروست بوو، وە هۆكاری دروستبوونی ئەم گرفتە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە”.

1. زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل كە ئامارەكان دەری دەخەن تۆماری ئۆتۆمبێل لە ئێستادا (٥٥٢،٧٨١) ئۆتۆمبێل تەنها لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە جگە لە ئۆتۆمبێلە میرییەكان، ئەمە جگە لەوەی كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆری ئوتومبیلی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، شارەكانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی شاری سلێمانی دەكەن، وە تەنها لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ (٢٠١٩) تۆماری یەكەمجاری ئۆتۆمبێل لە هاتووچۆی سلێمانی (٢٦،٤١٥) ئۆتۆمبێل تۆمار كراوە. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە كە ئەم ژمارە ئوتومبیلە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان و دۆخی ئێستای شەقامەكان دەگونجێت!
2. هاوكات لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل پڕۆژەی گرنگی ستراتیجی لە شاری سلێمانی بەدی ناكرێت، شەقام و گۆڕەپان و یەكتربڕو ڕێگاوبانەكان تا ڕادەیەك هەمان دۆخی ساڵانی پێشووتریان هەیە، فراوان بوون و نۆژەنكردنەوە بە پێی پێویست بەدی ناكریت.

3. نەبوونی پڕۆژەی گرنگ لە بواری هاتووچۆ كە هاوكار و یارمەرتیدەر بێت بۆ بەردەوام بوونی جوولەی هاتووچۆ و دروست نەبوونی لۆدو قەرەبالغی، وەك دروست كردنی (ئەندەرپاس، ئۆڤەرپاس و نەفەق)

4. خراپی سیستەمی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بۆیە هاوڵاتییان بە گشتی بۆ هەموو كارەكانی خۆیان ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەكار دەهێنن، وە ئەمڕۆ ئەم هۆكارە بە ئاشكرا بەدی كرا كە دایكان و باوكان ئۆتۆمبێلی خۆیان بەكارهێنا بۆ گواستنەوەی قوتابییەكانیان وە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامەكان بەدی كراو بووە هۆی دروست بوونی لۆدو قەرەباڵغی.

5. باش دیراسەنەكردنی ئەو پڕۆژانەی كە لەبواری هاتووچۆ لە ماوەی رابردوو لە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە وە دیارینەكردنی بەدیلی گوونجاو بۆ ئەو پڕۆژانە بە نموونە دانانی ترافیكی پەڕینەوەی پیادەكان لە هەندێ لە شەقامەكان بووەتە هۆی دروستكردنی لۆدو قەرەباڵغی، دەكرا لە رابردوو پێشبینی ئەم حالەتانە بكرایە لە جیاتی دانانی ترافیك پردی پەڕینەوەی كارەبایی دابنرایە. هەروەها دروستكردنی تاسەی دەستكرد (لەمپەری دەستكرد) كە ئامانج لە دانانی كەمكردنەوەی خێرایی و رووداوی هاتووچۆیە بەڵام لە هەندێ لە شەقامەكان بووەتە هۆی دروستكردنی لۆدو قەرەباڵغی.

6. هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی و كەل وپەلی بیناسازی و لە شەقامەكان لەكاتی دەستپێكردنی دەوامی فەرمی و لەكۆتایی دەوامی فەرمی هۆكارە بۆ دروست بوونی لۆد لەسەر شەقامەكان.

7. كار نەكردن و دەست پێنەكردن لە دروستكردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری شاری سلێمانی كە دەكرێت بڵێین بە دروستكردن و تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە بەشێكی باش لە گرفتی لۆدو قەرەباڵغی شاری سلێمانی چارەسەر دەكرێت.

8. زیادەڕەوی (تجاوز) لەسەر شۆستەو شەقامەكانی ناوشار وە زیادبوونی ئەم سەرپێچییە بە ئاشكرا بەدی دەكرێت.

9. كار نەكردن بەپێی پێویست بە پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی، دروستكردنی چەندین پڕۆژەی گەورە لەسەر یەك شەقام و لە یەك ناوچە و ڕەچاو نەكردنی ژمارەی سەردانیكەرانی ئەو پڕۆژانە، بۆ نموونە دروستكردنی چەندین قوتابخانەو خوێندنگە لە یەك شوێندا.

کوردستان

حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی وڵاتان و ڕێكخراوەكان دەكات

خەڵك-ئارام سەردار
ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٥ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۹ حكومەتی هەرێم لەگەڵ كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان تایبەت بەڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لەباری ئەگەری هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، پەیامی حكومەتمان گەیاندە كۆنسوڵخانەكان و ئەو هاوكاری و پێویستیە مرۆییانەی پێویستن و ئامادەكاریان، كە پێویستە لە ڕووی مرۆیی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن.

دەشڵێت: “وەك حكومەت پێمان باش بوو، كە كونسوڵخانەكان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان هاوكاربن و پەیامی حكومەت بە ڕوونی پێیان بگات، تاوەكو ئەوانیش ئەم داواكاریانەی ئێمە ئاڕاستەی وڵاتەكانیان بكەن و وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.

بەوتەی جوتیار عادل، “بۆ هاوكاری ئاوارەكان و پەنابەران وەكو حكومەت تا توانامان هەبێت هاوكار دەبین و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین، بەڵام بەهۆی سنورداربوونی توانای حكومەت داوا لە هەموو لایەك دەكەین لە كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوەكان هاوكارمان بن، لەگەڵ حكومەتی عیراقیش گفتووگۆمان كردوە و پلانێكی باشمان داناوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، چاوەڕوانیشین وەڵامی وڵاتان ئەرێنی بێت”.

وتیشی، “پێشبینی دەكەین لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن، تاوەكو ئێستاش نزیكەی ٢٠٠ خێزان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و بە پێی پێویست هاوكارمان كردون، وەك هەرێمی كوردستانیش لە هەر چوار پارێزگا ئامادەكاریان كردوە بۆ پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی فشارێكی گەورەمان لەسەرە وەك حكومەت و داوای هاوكاریمان لە وڵاتان كردوە، ئێمەش ئامادەین ئەوەی لەتوانادابێت هاوكاری ئاوارەكان بكەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

خوێندنی باڵا كرێی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان كەم كردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی باروگوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەبەر ڕۆشنایی كارنامە و پلانی حكومەت و وەزارەتەكەمان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان (ئەهلی) كرێی خوێندن بەڕێژەی (٢٥%) كەم دەكرێتەوە.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێ شەممە (١٥/١٠/٢٠١٩) لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك و نوێنەری زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە هەریەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەشێك لە زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان كواڵێتی خوێندن و ئاستی زانستیان باشە و جێگەی ڕەزامەندی وەزارەتەكەمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوەیە گرنگی زیاتریان پێبدرێت، هیوادارین زانكۆكانی تریش ئەم ئەزموونی پێشكەوتن و بەرزكردنەوەی كوالێتی بەهەند وەربگرن و ژینگەیەكی لەبارو گونجاو بۆ فێرخوازانی هەرێمەكەمان بڕەخسێنین.

ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پلانی وەزارەتەكەمان پێداچونەوە بە كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان لە ئەولەویاتی كارەكانمان بون، بۆ ئەمەش لە خوێندنی حكومی (پارالێل + ئێواران) كرێی خوێندن لە (٤٥%) كەمكرایەوە.

ئاشكراشی كرد، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە ئەنجومەنەكە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردرانە، بڕیاردرا كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بەڕێژەی (٢٥%) كەمبكرێتەوە.

وتیشی، “سوپاسی ئەو زانكۆ و پەیمانگە تایبەتانە دەكەین، كە لەلایەن خۆیانەوە كرێی خوێندنیان بەڕێژەیەك كەمكردۆتەوە و ڕەچاوی بارو گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان كردوە، كە ئەمەش لای ئێمە جێگەی دەستخۆشیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بكوژی هەڤرین خەڵەف و هاووڵاتیە كوردەكانی ڕۆژئاوا ئاشكراكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، حاتم ئەبو شەقرا بكوژی هەفرین خەلەف و هاووڵاتیانی مەدەنی ڕۆژئاوای كوردستانە.

مستەفا بالی، وتەبێژی هەسەدە لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “حاتم ئەبو شەقرا 9 هاووڵاتی مەدەنی ڕۆژئاوای كوردستانی بە چەكی ئێم فۆڕ كوشتووە، جگە لەوەش بكوژی هەڤرین خەڵەف، سەرۆكی پارتی داهاتووی سوریاشە”.

ئاشكراشی كردووە، “حاتم ئەبو شەقرا پێشتر یەكێك بووە لە چەكدارەكانی ڕێكخراوی قاعیدە و ئێستاش لە ڕیزی سوپای بەناو نیشتیمانی سوریایە، كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە پشتگیریان دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو هێزە بانگەشەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە دەكات”.

ماوەی هەفتەیەكە هێرشی داگیركاری سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان