ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

مەلا بەختیار: هیچ ئسوڵێك ئەمە قبوڵ ناكات پارتی كردویەتی


خەڵك – بەشی هەواڵ
لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی لەمێژوودا، تەنها بۆ ڕزگاركردنی كوردستان دانەمەزراوە، دەشڵێت: “بە ناڕەوا ڕێگە لە مەحمود سەنگاوی گیراوە، لەكاتێكدا پارتی قەت نەدەبوو ئەمە بكەن، چونكە هیچ ئسوڵێك ئەمە قبوڵ ناكات”.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ 21ی ئەیلول لەچوارچێوەی دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك لەكادرانی كۆمیتەكانی دەڤەری پشدەری حزبەكەی ڕایگەیاند، ئومێدەوارین یەكێتی بگاتە ئەو قۆناغەی ڕەخنەیەكیشی پێویست نەبێ‌، بەشێوەیەك هەموومان لەمایەشی بخۆین لەسایەشیدا بژین! حزبێك بێ‌ لەهەموو حزبەكانی تر كاریگەرتر بێ ‌‌و بتوانێ‌ باقی پەیامەكانی‌ و ئەركەكانیشی لەمێژوودا بەجێبهێنێت.

وتیشی، “یەكێتی لەمێژوودا، تەنها بۆ ڕزگاركردنی كوردستان دانەمەزراوە، بەڵكو دوو ئەركی گەورەی دیكەشی هەیە، كە هێشتا بەدینەهێناوە، ئەوانیش یەكەم دیموكراسییە، كە ئێستا لەسەرەتای ڕێگەی پڕۆسەی دیموكراسین‌ و ئەركی دووەمیشی دادپەروەرییە، وەكو سۆشیال دیموكرات”.

ڕاشیگەیاند، هەرحزبێكیش سۆشیال دیموكرات بێت‌ و نەتوانێ‌ تەواوی ئەركەكانی دیموكراسی بەدیبهێنێت، مەحاڵە بتوانێ‌ دادپەروەری بەدیبهێنێت. بۆیە وەكو یەكێتی، ڕێگەیەكی دوور و درێژمان لەبەردەمدا ماوە‌ و بەداخەوە لەم ڕێگە دوور و درێژەی لەبەردەمماندایە، یەكێتی لەناوخۆیدا دووچاری ئەم هەموو كێشە و بێشەیە بووە ‌و لەدەرەوەی خۆشمان هەروەها، بۆیە یەكێتی تەنها بەكۆنگرەیەكی ڕواڵەتی ناتوانێ‌ متمانە بگێڕێتەوە و ئۆرگانەكان ببوژێنێتەوە.

لە بارەی ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی لە بازگەیەكی سماقوڵی مەلا بەختیار وتی، “قەیرانێكی بچووك لەبازگەیەكدا، كە بە ناڕەوا ڕێگەیان لە مەحمود سەنگاوی گرتووە لەكاتێكدا پارتی قەت نەدەبوو ئەمە بكەن، چونكە هیچ ئسوڵێك ئەمە قبوڵ ناكات، كە پارتی كردویەتی ‌و باوەڕ ناكەم لێپرسراوەكانی خۆشیان پێیان خۆش بووبێت ئەمە ڕوویداوە، چونكە خەریكە لەسەر كێشەیەكی بچووك، نێوان یەكێتی ‌و پارتی تێكبچێت، بەڵام خۆشحاڵم مەكتەبی سیاسی زۆر بە ئارامی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا كردووە”.

کوردستان

تەندروستی هەرێم: 66 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی دەستنیشان كران


خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، 66 تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكران.

تەندروستی هەرێم ئەوەشیخستووەتەڕوو: تووشبووەكان 38 پیاو و 24 ئافرەت و 2 كوڕی گەنج و 2 منداڵن، 13 تووشبوو بەركەتووی تووشبووانی پێشوون و تووشبووانی تر نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە.

تەندروستی هەرێم ڕوونیشیكردووەتەوە: سێ تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی چەمچەماڵ، دوو تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی پێنجوێن، یەك تووشبوو دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخان و شەست تووشبووش دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دەرەنجامی نوێ …

لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان و تووشبووان، شەست و شەش تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانكران، سی و ھەشت پیاو و بیست و چوار ئافرەت و دوو كوڕی گەنج و دوو منداڵ، سێزدە تووشبوو بەركەتووی تووشبووانی پێشوون وە تووشبووانی تر نیشانەی نەخۆشیەكەیان هەیە.

سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ.
دوو تووشبوو دانیشتووی قەزای پێنچوێن.
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای دەربەندیخان.
شەست تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانی.

وەزارەتی تەندروستی
٦ حوزەیران ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پسپۆڕێكی دەروونی: باشتر وایە وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە یەكجار دەرئەنجامێكی گشتی كۆرۆنا بڵاوبكاتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

د. ڕەوشت ڕەشید پزیشكی پسپۆڕی دەروونی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەیامێك ئاڕاستەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكات و ڕایدەگەیەنێت:”باشتر وایە ڕۆژانە یەك جار دەرئەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە ڕۆژێكدا چەند جارێك دەرئەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك تووشی سترێس و دڵەڕاوكێی زیاد لە پێویست نەبن”.

 

دەقی پەیامەكەی د. ڕەوشت ڕەشید:

 

پەیامێك بۆ راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی بڵاوكردنەوەی دەرەنجامەكانی كۆرۆنا:

ماندوو نەبن.

ئاگادارین كە لەماوەی رابردوودا ئەركێكی زۆرتان كێشاو كەمتەرخەمیتان نەكردوە لە بلاوكردنەوەی هوشیاری و زانیاری دەربارەی نەخۆشی كۆرۆنا و راگەیاندنی داتا دەربارەی ژمارەی پشكنین و كەرەنتینكراوان و توشبووان. ئەم كارەتان جێگەی دەستخۆشیە. هاوكات چەندتێبینی و پێشنیارێكی بچوكم هەیە هیوادارم بە سنگێكی فراوان و بە مەبەستی سود بۆ هاوڵاتیان و توشبووان لێمانی قەبوڵ بكەن:

۱ـ باشتر وایە رۆژانە یەك جار دەرەنجامێكی گشتی بڵاوبكرێتەوە نەوەك لە رۆژێكدا چەند جارێك دەرەنجامی نوێ بڵاوبكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە خەڵك نەشێوێت و خەڵك توشی سترێس و دڵەراوكێی زیاد لە پێویست نەبن.

۲ـ باشتر وایە دەرەنجامەكان لە سایتی فەرمی وەزارەتی تەندروستی بڵاوبكرێنەوە نەوەك بە تەلەفۆن و نامەی نا فەرمی بدرێت بە كەناڵەكانی راگەیاندن یان سایتەكانی ئینتەرنێت، ئەمەش بۆئەوەی داتاكان بە هەڵە بڵاونەبنەوەو خەڵك توشی بێمتمانەیی نەبن.

۳ـ بلاوكردنەوەی داتا وەكو خۆی و راستگۆیانە كارێكی ئەخلاقیەو ئێمەش بەرز دەینرخێنین، بەڵام بڵاوكردنەوەی وردەكاریی دەربارەی كەسە توشبووەكان و پیشەیان و هەندێك جار ناویان ( بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی ناوی پزیشكانی توشبوو) كارێكە دوورە لە بنەماكانی پاراستنی ماف و نهێنیەكانی نەخۆش و رەنگە ئەمە وا بكات خەڵكانێكی زۆر لەبەر ئاشكرابوونی ناوەكانیان نەرۆن بۆ پشكنین یان نەخۆشخانە. ( ئەگەر كەسەكە خۆی باسی كردو رایگەیاند ئەوە ئازادە بەڵام ناكرێت لە دەزگا فەرمیەكان ناویان بڵاوبكرێتەوە) . دیارە ئەم حاڵەتە زیاتر لە سۆشیەل میدیا و پەیجی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەبینرێت و رەنگە كاری راگەیاندنی وەزارەت بێت هەوڵبدات ئەو پەیج و لایەنانە ئاگادار بكاتەوە كە هیچ زەرور نیە ناو یان وردەكاری توشبووان بڵاو بكرێتەوە.

٤ـ لە سەرەتای هەموو دەرەنجامێك وشەی گومانلێكراوان بەكار دێت كە من پێم وایە ئەم وشەیە جۆرێك لە ستیگماو كاریگەریی دەروونیی خراپ لای خەڵك دروست دەكات بۆیە لابردنی ئەم وشەیە بە كارێكی باش دەبینم بەتایبەت كە لابردنی هیچ لە مانا ناگۆڕێت و ( دەستەواژەی گەڕان بەدوای توشبووان ) ماناكە دەبەخشێت و هیچ كەموكوڕیەكی نیە.

دووبارە هیوای سەلامەتی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم هەموو لایەك دوور بن لە دەردو بەڵا.

د. رەوشت رەشید
پزیشكی پسپۆری دەروونی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

“كازمی بەڵێنیدا شایستە داراییەكانی ھەرێم بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”


خەڵك – بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت:” مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیداوە بابەتی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند:  بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عيراق، ئەمڕۆ شەممە،لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەتەوە و “لەكۆبوونەوەكەدا بابەتە گرنگەكانی ئێستای ناو گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، هەروەها پەلەكردن لە ھەڵگرتنی ھەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تاووتوێكراون”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق جەختی لەوەش كردووەتەوە:”سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیدا كە بابەتی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بخاتە ناو بەرنامەی لەپێشینەی كابینەكەی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان