ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

هازارد: لەبەردەم زێدان وەک منداڵێکی بچوک دەردەکەوم و هاندەران داوای زیاترم لێدەکەن !

خەڵک سپۆرت – پێگەی یوێفا

ئیدین هازاردی بەلجیکی ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پێگەی یەکێتی تۆپی پیی ئەوروپا ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە، ئەمەش کورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

بۆچی یانەی ڕیاڵ مەدریدت هەڵبژارد؟

هەمیشە یانەی ڕیاڵ مەدرید لە پلانەکانمدا بووە، کە لەیانەی چێڵسی بووم هەمیشە حەزم دەکرد خەونەکانم بە یاریکردن بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید بهێنمە دی، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم ماوەی حەوت ساڵ لە چێڵسی بەردەوام بم، بەڵام هەموو وەرزێک دەستکەوتێکم هەبووو ئەوەش پاڵپێوەنەربوو بۆ بەردەوامبوونم لەو یانەیە.

چ شتێکی ڕیاڵ مەدرید سەرنجی ڕادەکێشایت؟

یانەیەکی ناسراوە و زینەدین زێدان یاریی بۆ کردووە، هەمیشە خەونم ئەوەبوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکەم، بە منداڵیش هاندەری یانەی شاهانە بووم و لەئێستادا خەونەکەم بەدیهێناوە، هیوادارم سود لەم تاقیکردنەوە گەورەیە وەربگرم.

پێتوایە ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ خولی یانە پاڵەوانەکان پەیوەندیەکی قوڵیان هەیە؟

بەڵێ بێگومان، کاتێک دێیتە ئەم یانە مەزنە و ئەو هەموو نازناوە ئەوروپیە لەمۆزەخانەی یانەکە دەبینیت، هەست دەکەیت هاندەران داوای زیاترت لێدەکەن بەتایبەت بۆ چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان.

لەگەڵ زێدان کارکردن چۆن بەڕێدەکات؟

زۆر خۆشحاڵم، هەست دەکەم منداڵێکی بچوکم لەبەردەمیدا، ڕۆژانە لەم ڕاهێنەرە و لە هاوڕێیانەوە فێردەبم، شتێکی ناوازەیە لەگەڵ ڕاهێنەرێک وەها گەورە کاربکەیت، کە قسەی لەگەڵ دەکەیت هەست بەخۆت دەکەیت، لێرە هەموو وەرزێک چەندین ئامانج دیاری دەکرێت، لەبەرئەوەیە خاوەنی زۆرترین نازناون.

بیری گۆڵەکەی زێدانت دەکەوێتەوە بەرامبەر لیڤەرکوزن؟

باوەڕ ناکەم بەشێوەی ڕاستەوخۆ بینیبێتم، چونکە منداڵ بووم و ناچاربووم لەو کاتەدا بخەوم.

بەڵام دواتر بینیوتە، وایە؟

بەڵێ، ڕۆژی دواتر لەگەڵ براکەم سەیرمان کردەوە، لە باخچەی ماڵەکەمان هەوڵماندا لاسایی بکەینەوە و سەرکەوتوو نەبووین، ئەوەش خۆی لەخۆیدا یادگارییەکی خۆش بوو.

جگە لە زێدان چ یاریزانێکی ئەو سەردەمەی ڕیاڵ مەدریدت لەبیرە؟

ڕائول، فیگۆ و ڕۆناڵدۆ، تەماشاکردنیان بەیەکەوە نایاب بوو هەر ئەوەش وایدەکرد سەرنجت بچێتە سەر یانەکە، ئەم ناوە گەورانە بەیەکەوە یارییان دەکرد و بەشێک لەمێژووی یانەکەیان نوسییەوە.

لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئامانجت چییە؟

لە یانەیەکی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید پێویست دەکات ئاستێکی بەهێز پێشکەش بکەم و لەتۆمارکردنی گۆڵدا کەمتەرخەم نەبم، هەوڵدەدەم ئەو کارە بکەم.

ئەو ڕۆژەی بە هاندەرانی مەدرید ناسێنرای هەستت بەچی کرد؟

هەستێکی نایاب و بێوێنە بوو، کاتێک هاتمە نێو یاریگاوە هەستم کرد لە ماڵی خۆمدام، چونکە پێشتر تامەزرۆبووم و زۆر تەماشای ئەم یاریگایەم کردبوو، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەشدا هەستم بە شتێکی جیاواز کرد، بەتایبەت کاتێک ئەو هەموو هاندەرەم بینی و سەرۆکی یانە لەبارەی منەوە قسەی کرد.

هەست بە فشار دەکەیت؟

هەوڵدەدەم بەوپەڕی تواناوە لەنێو یاریگا تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و ئەگەر ئەو کارەش بکەم ئەنجامێکی باشم دەبێت، لەم یانە گەورەیە هەمیشە داواکراوە گۆڵ تۆمار بکەیت و یارییەکان ببەیتەوە، منیش ئەوەم دەوێت، لەچێڵسی بەهەمان شێوە ژیام و هەوڵدەدەم هەمان شت دووبارە بکەمەوە.

چ شتێک لە ئیسپانیا زۆر سەرنجڕاکێش بووە بەلاتەوە؟

هاندەران، هاندەران لێرە زۆر پاڵپشتی یاریزانان دەکەن، لە ئینگلتەرا لایەنگری بۆ یانەکان زۆرە لەلایەن هاندەرانەوە، بەڵام لێرە هەمووان گرنگی بە یاریزانان و یانەکان دەدەن لە گەنجەوە بۆ پیر.

لە ڕیاڵ مەدرید پێویستە چ شتێک لەخۆتدا باشتر بکەیت؟

زۆر شت پێویستیان بە باشترکردنە، یاریکردن لە خولێکی جیاواز واتای فێربونی زیاتر، شێوازی یاریکردن و ئامادەکاری بۆ یارییەکان لێرە جیاوازە، ڕۆژانە شتی زیاتر فێردەبم و خەسڵەتە هونەریەکانم باشتر دەکەم، بەڵام قورسە ئەگەر بڵێم لەڕووی تاکتیکی و هونەریەوە دەگۆڕێم.

جیاوازی نێوان چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید چییە؟

لە چێڵسی کاتێک یارییەکمان دەدۆڕاند هەستمان بە نائارامی و خەمباری دەکرد، چ ئێمە چ هاندەران، هەرگیز هەستم نەکردووە کارەساتبارم، بەڵام لە ڕیاڵ مەدرید بارودۆخەکە جیاوازە، بەنسبەت هاندەرانەوە تۆپی پێ هەموو شتێکە و ئەوەش لەسەر پێی یاریزانان وەستاوە، لێرە دۆراندن کارەساتە.

جگە لە تۆپی پێ هیوایەتت چییە؟ خۆت بەچیەوە سەرقاڵ دەکەیت؟

حەزدەکەم کاتەکانم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەربەرم و هەندێک وەرزشی جیاواز ئەنجام بدەم، هەروەها چونە دەرەوە لەگەڵ هاوسەرەکەم و بابەتی خێزانی تر.

لەدوای تۆپی پێ حەزت بە چ جۆرە وەرزشێکە؟

حەزم لە یاریی باسکەیە،بەڵام ئاساییە بەلامەوە ئەگەر ماوەی سێ هەفتەش یارییەکی باسکە نەبینم، ڕۆژانە یاریی تۆپی پێ دەکەم و شتێکی باشە هەندێجار بەهۆی وەرزشێکی ترەوە کەمێک داببڕێم.

چاوپێکەوتن

لوکاس هێرناندێز: زێدان باشترینی فەرەنسایە و خۆم بە قەرزاری سیمیۆنی دەزانم

خەڵک سپۆرت – سپۆکس سپۆرت

لوکاس هێرناندێزی فەرەنسی بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تۆڕی “سپۆکس سپۆرت” ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

هەواڵی پێکانەکەیی و ئامانجی گەڕانەوەی

ئێستا زۆر باشم و هێشتا ١٠ ڕۆژم لەبەردەمدا ماوە بۆ گەڕانەوە، پەرۆشم بۆ گەڕانەوە و یاریدەدانی یانەکەم، ئامانجم گەیشتنە بەوپەڕی تواناکانم لەنیوەی دووەمی وەرزدا.

دوورخستنەوەی نیکۆ کۆڤاچ

کۆڤاچ ڕاهێنەرێکی نایابە و لە کارەکانی داهاتوویدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام کیمیای ڕاهێنەرەکە لەگەڵ یاریزانان و پێکهاتەی یانەکە نەگونجا و دوورخرایەوە.

ئەگەری بەردەوامبوونی هانز فلیک

بۆچی بەردەوام نەبێت؟! کارێکی باش دەکات و ئاستی پێکهاتەکە بە چاودێری ئەم ڕاهێنەرە بەرزبووەتەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت لەو باوەريدام تا کۆتایی وەرز بەردەوامی پێدەدرێت.

گواستنەوە بە (٨٠) ملیۆن کاریگەرییەکانی ئەو نرخە بەرزە

بڕی ئەو پارەیەی پێمدراوە نابێتە بارگرانی لەسەرم، بەڵام بێگومان دەمەوێت بیسەلمێنم کە شایەنی ئەو پارە زۆرە بووم و متمانەی یانەی بایرن میونشن بەدەست دەهێنم، زۆر پەرۆشم بۆ گەڕانەوەو سەلماندنی تواناکانم.

کاریگەری ڕەخنەکانی ڕۆمەنیگە و ئۆلی هۆنێس

هۆنێس و ڕۆمەنیگە دوو کەسایەتی گەورەن و مافی خۆیانە ڕەخنە بگرن کاتێک پێکهاتەکەمان شایەنی ڕەخنەبێت، بۆ نمونە کاتێک بە فرانکفۆرت دۆڕاین.

لە ڕووبەروبونەوەی فرانکفۆرت چی ڕوویدا؟

نازانم، چونکە لوێ نەبووم، بەڵام کاتێک لەوێ بووم لەوە تێگەیشتم کە ڕەخنەکان ڕووەو سەرکەوتن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ئاڕاستەمان دەکەن، نەک ڕوخاندنمان.

بۆچی پەیوەندی بە بایرنەوە کرد؟

کاتێک ساڵحەمیدزیچ پەیوەندی پێوەکردم دووجار بیرم نەکردەوە و یەکسەر ڕازی بووم، پێویستی نەکرد کەس قەناعەتم پێبکات، هەمیشە حەزم بەوەبوو بۆ یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا یاریی بکەم و بایرنیش یەکێکە لە گەورەکان، خۆشحاڵم ئەو بڕیارەمدا و هەست بە باشتربوون دەکەم.

جیاوازی نێوان بایرن و ئەتلەتیکۆ مەدرید

لە ئەتلەتیکۆ ئەو لایەنە هونەریە بەهێزەمان نەبوو کە لە بایرن بوونی هەیە، لەوێ زیاتر پشتمان بە لایەنە ئابوریەکان دەبەست و گرنگی بە تەکنەلۆجیا دەدرا لەبری توانستە جەستەییەکان.

خەونی گریزمانە

ئەو یاریزانەی حەزدەکەم لە بایرن یاریی لەگەڵ بکەم ئەنتوان گریزمانە، چەندین ساڵ هاوڕێی نزیکی یەکتری بووین و هیوادەخوازم ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندیمان پێوە بکات.

ئەو یاریزانەی لەتەمەنی لاوێتیدا سەرسامی کردووە

دوو یاریزان سەرسامیان کردبووم، لیزارازۆ لەبەرئەوەی لەهەمان پێگەی ئێستای مندا یاریی دەکرد، هەروەها زینەدین زێدان کە باشترین یاریزانی فەرەنسیە لەمێژوودا.

باشترین ڕاهێنەر

دیێگۆ سیمیۆنی، تەمەنم ١٦ ساڵ بوو چاوم پێیکەوت، لەو کاتەوە لەگەڵمدا بووە تائێستا و خۆم بە قەرزاری دەزانم.

بەهێزترهن بەرگریکاری جیهان

ڤێرجیل ڤان دایک، لەئێستادا هیچ بەرگریکارێک لە ڤان دایک باشتر نییە و لەگەڵ لیڤەرپوڵ وەرزێکی بەهێزی بەڕێکرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ڤاڵڤێردی: گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات و دیمبیلی خەمباری کردین

خەڵک سپۆرت – بارسا تی ڤی

ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بارسا ئەنجام دەدات و ئاماژە بە چەندین بابەتی گرنگی ڕۆژ دەدات، ئەمەش کوورتەیەکە لەچاوپێکەوتنەکە:

لەبارەی پێکانی عوسمان دیمبیلیەوە چی دەڵێیت؟

ئەوەی بەسەر دیمبیلی هاتووە خەمباری کردوین، بەر لەوەی توشی پێکان بێت زۆر بەباشی مەشقەکانی ئەنجام دەدا، دڵنیاتان دەکەینەوە کە بە وریاییەوە ئاگاداری دەبین.

هۆکاری پێکانەکانی چییە؟

نازانم پێکانەکەی هەمان پێکانی ماسولکەیی پێشووە یان نا، بەڵام یەکەم جار نییە توشی پێکان دەبێت و چەند جارێک دووبارە بۆتەوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەمانەوێت گرنگی زیاتری پێبدەین و زیاتر ئاگاداری دۆزی جەستەیی بین.

مێسی و سوارێز هاوسەنگی و خۆگونجاندنیان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە کاری کێیە؟

مێسی و سوارێز ماوەیەکی زۆرە بەیەکەوە یاریی دەکەن، لەنێو یاریگادا کە هاوسەنگی بەدەست دەهێنن هەموو هەلێکیان بە گۆڵ کۆتایی دێت.

گرنگ بوو بەرامبەر دۆرتمۆند سەرکەوتن بۆ قۆناغی (١٦)ی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر بکەن؟

بەڵێ، سات بەساتی یارییەکە لەکاتی خۆیدا ژیاین، ئامانجمان ئەوەبوو بەخێرایی سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.

لەڕووی دەرونیەوە بوژانەوە؟

بێگومان، کەمێک لەڕووی دەرونیەوە بوژاینەوە، خۆشحاڵین کە توانیمان بە پلەی یەکەمی گروپە بەهێزەکەمان سەرکەوین، ئێمە پاڵێوراوی سەرەکی بووین و پێویست بوو ئەو ڕاستیە بسەلمێنین.

گریزمان وردە وردە خۆی دەگونجێنێت…

گریزمان لەنێو یاریگادا وزەیەکی زیاترمان پێدەدات، پێویستە لەوەش زیاترمان پێشکەش بکات و لەگەڵ مێسی وسوارێز باشتر خۆی بگونجێنێت، چونکە یاریزانێکی گەورەیە.

پێتوایە لە داهاتوودا دووانەی مێسی و گریزمان سەرکەوتو دەبن؟

ئەوان دوو یاریزانی ناوازەن، یاریزانە گەورەکان زۆر بەباشی لەیەکتری تێدەگەن، بۆ مێسی و گریزمان پێموایە کاتی زیاتریان پێویستە.

ئومتیتی گەڕاوەتەوە سەر ئاستە بەرزەکەی، پێتوایە گەڕاوەتەوە؟

بەڵێ، ئومتیتی یاریزانێکە لە ئاستی باڵادایە و خۆشحاڵین بەگەڕانەوەی، هیوادارین لەسەر هەمان ئاست بەردەوام بێت.

گریزمان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ یاریی دەکات؟

گریزمان بۆ ڕووبەروبونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە، بەڵی بەشداری دەکات.

بەرشلۆنە لە قەیرانەکان دەرباز بووە؟

هەمیشە باس لەوە دەکەن گوایە ئێمە لە قەیرانداین و پاشان باس لە دەربازبوونمان دەکەن، ئەوە بابەتێکی زیندوو و بەردەوامە، بەڵام ئێمە ئامانجمان بردنەوەی سەرجەم ڕووبەڕوبونەوەکانە و هەست ناکەین لەو باردۆخانەدا بین، لە قورسترین کۆمەڵەی خولی یانە پاڵەوانەکان ململانێمان کرد، ماندوبووین و سەرکەوتین، ئەوەش بۆ ئێمە واتای سەرکەوتنی هەیە و دەریدەخات هەمیشە لەسەر ڕێگەی ڕاست بووین.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

مێسی خۆشترین و ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی و باشترین گۆڵ و ڕاهێنەر ئاشکرا دەکات

خەڵک سپۆرت

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندوی یانەی بەرشلۆنە لەچاوپێکەوتنێکدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ و پەیوەندیدار بە خودی خۆیەوە دەداتەوە و باشترین ڕاهێنەر لەژیانی وەرزشییدا دیاری دەکات.

لیۆی ئەفسانەی بارسا و ئەرجەنتین دیدارێک لەگەڵ ئێزگەی “ڕاک ١”ی کەتەلۆنی ئەنجام دەدات و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارە گرنگەکان دەداتەوە:

چۆن بووە باشترین؟

“هەموو وەرزێک هەوڵدەدەم تواناکانم بەرەوپێش ببەم، پێموابێت کارکردن لەگەڵ پیپ گواردیۆلا زۆر بەسود بوو، وەک یاریزانێک زۆر بەرەوپێش چووم”

خۆشترین ساتەکانی ژیانی

“ئەم پرسیارە قورسە، چونکە من لەژیانی وەرزشیمدا بەچەندین ساتی خۆشدا تێپەڕم کرد و چەندین قۆناغم تێپەڕاند، پێموابێت سەردەمی گواردیۆلا خۆشترین ساتەکانی ژیانم بوو”.

ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی

ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ دووچاری پێکان بووم و ماوەی دوو تا سێ مانگ لەیاریکردن دابڕام، دوای ئەوە بۆ قۆناغی ڕیکەڤەری گەڕامەوە بۆ ئەرجەنتین، ئەوە ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی وەرزشییم بوو”.

جوانترین گۆڵ

ئەو گۆڵەی لە ڕۆما بەرامبەر مانچستەر یونایتد بەلێدانی سەر تۆمارم کرد، بەهۆیەوە نازناوی چامپیۆنزلیگمان بەدەستهێنا”.

قورسترین هێڵی بەرگری تا ئێستا ڕووبەڕوی بووەتەوە

یەکێک بەتایبەتی؟ نازانم، ئێمە هەمیشە ڕووبەڕوی ڕکابەرە سەرسەختەکان بوینەتەوە، پێموابێت یانە ئینگلیزیەکان ڕووبەڕوبونەوەیان قورس بووە، ناوی یانەیەک بەتایبەت ناهێنم، چونکە ژمارەیان زۆر بووە”

بەهێزترین ڕکابەر تائێستا ڕووبەڕوی بۆتەوە

“هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یارییەکی دۆستانەی ئەرجەنتین بوو لە ساڵی ٢٠١٠ بەرامبەر ئیسپانیا”

باشترین یاریی

“خولی یانە پاڵەوانەکان، قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید کە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بردنەوەمان بەدەست هێنا، وەرزی ٢٠١٠/٢٠١١ بەرامبەر پێکهاتەکەی جوزێ مۆرینیۆ”

ئەو هاوڕێیەی لێی پەشیمانە

“هەمیشە پەیوەندی توندوتۆڵم لەگەڵ هاوڕێکانم هەبووە و لەو باوەڕەدا نیم لە هاوڕێیەتی هیچیان پەشیمان بم”

باشترین ڕاهێنەر

“بەڕای من گواردیۆلا لەهەمووان باشتر بوو، هەروەها لویس ئینریکی، زۆر نزیکن لەیەکەوە”.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان