ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

وەزیری پلاندانان: ئەنجامدانی سەرژمێری مەترسی بۆ كورد و توركمان هەیە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی سەرژمێری مەترسی بۆ كورد و توركمان هەیە.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عیراق، مەترسی بۆ سەر كورد و برا توركمانەكان هەیە، چونكە ئەگەر بگەڕێینەوە مێژووی سەرژمێری لە عیراق تەنیا كورد و توركمان كاریان لەسەركراوە كە ژمارەیان كەم بكرێتەوە لەو شوێنانەی كە لە دانیشتوانە ڕەسەنەكانن، بۆ نموونە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا كورد لە كەركوك نزیكەی 50% بووە و توركمان نزیكەی 23% بووە، لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ كە بەبێ هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، ڕێژەی كورد لە 50%وە بووەتە 20%، ڕێژەی توركمان لە 23%ەوە بووەتە 6%، لەبەرامبەریشدا ڕێژەی عەرەب لە ساڵی ١٩٥٧ كە 27%بووە، لە ساڵی ١٩٩٧ بووەتە 72%

وتیشی”تەنیا هەر كورد هەست بەو مەترسییە ناكات، بەڵكو توركمان و مەسیحیی و كلدانەكانیش هەستی پێدەكەن، چونكە دوای شەڕی داعش گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی بەسەر هەندێك ناوچەدا هاتووە”.

سەبارەت بە هەڵوێست و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ بەشدارییكردنییان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عیراق، ناوبراو ئاشكرایكرد، لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە لە ئەنجومەنی وەزیران، منیش هێندەی شەڕم لەسەر كورد كرد، ئەوەندەش شەڕم لەسەر توركمان كردووە، چونكە زوڵم لەوانیش كراوە، پێمانوایە كەركوك ناوچەیەكی كوردستانییە و هەموو پێكهاتەكان تێیدا دەژین، لە هەولێریش كورد نەتەوەی یەكەمە و توركمان نەتەوەی دووەمە، كولتووری پێكەوەژیان هەیە و پێمان وایە كوردستان شوێنی كورد و توركمانە، توركمان بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان.

ڕونیشیكردەوە، ڕێگاچارەیەك پێشنیار دەكەین كە خزمەتی هەموو هاوڵاتییان دەكات بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، پێشتر شەڕی كورد و توركمان بوو كە زوڵمیان لێكرابوو، بەڵام دوای شەڕی داعش برا ئێزدی و مەسیحییەكانیش گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەكانییاندا هاتووە و ئەو رێگاچارانەی باسمان كردووە لەگەڵ شاندی بەغدا پێشوازیی لێكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بەشداری لە پڕۆسەیەكدا بكەین ئەگەر ئاساییكردنەوەی ڕەوشی تێدا نەبێت.

کوردستان

هۆڵەندا: دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەینەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەنەوە.

ئانك بێیلێڤڵد وەزیری بەرگری هۆڵەندا لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی باسی لەوەكردووە، سەربازانی هۆلەندا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دەست بە ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان و هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكاتەوە.

وەزیری بەرگری هۆڵەندا ڕاشیگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عیراق داوای لە هێزە هۆڵەندییەكان نەكردووە عیراق جێبهێڵن، چونكە لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا هەنگاوێكی لەو چەشنە زیان بە سەقامگیریی وڵاتەكە دەگەیەنێت.

بە وتەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، نزیكەی ٥٠ سەربازی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان جێگیر كراون و بڕیارە دەست بە ڕاهێنانی سەربازی بۆ پێشمەرگە بكەنەوە.

بەهۆی قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوایی لەنێویاندا هۆڵەندا بە شێوەیەكی كاتی مەشق و ڕاهێنانی هێزە سەربازییەكانی عيراق و پێشمەرگەیان ڕاگرتبوو.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزیری پێشمەرگە داوای خەرجكردنی دوو جۆر دەرماڵە بۆ پێشمەرگە دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات دەرماڵەی بڕوانامە ‌و دەرماڵەی پایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج بكرێت.

لەو نووسراوەدا كە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە داوا دەكات بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 21ی ساڵی 2008، دەرماڵەی پایە ‌و بڕوانامە بۆ گشت ئەفسەر‌ و پلەدار‌ و پێشمەرگەكانی وەزارەت خەرج بكرێت.

هەر لە نووسراوەكەدا، ڕێژەی دەرماڵەكان بەپێی مووچەی بنەڕەتی دیاریكراوە، بەجۆرێك دەرماڵەی بڕوانامە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا بەڕێژەی لە100%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لە 75%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە45%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لە35%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی لە 25% و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ناوەندی ‌و بەرەو خوارەوە 15%.

هەروەها دەرماڵەی پایە بۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی 25%، بۆ بەرپرسی بەش لە 20% و بۆ بەرپرسی هۆبەش لە 15%ی مووچە بنەڕەتییەكەی بۆ خەرج بكرێت.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

خەڵك؛ ژمارەی حاجییان ئاشكرادەكات
سبەینێ‌ تیروپشك بۆ ناوى حاجيیانی ئەمساڵ دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە سبەینێ‌ تیروپشك بۆ حاجییانی ئەمساڵ (2020) ئەنجام دەدرێت و دەشڵێت: “پشكی هەرێم 4 هەزار و 500 حاجییە”.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، “بەپشتیوانی خوای گەورە سبەینێ‌ یەك شەممە ١٩⁄ ١⁄ ٢٠٢٠ لەدیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەئامادەبوونی دادوەران و لایەنی پەیوەندیدار، تیروپشك بۆ ناوی حاجییان بۆ ئەمساڵ ٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت”.

ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 2017 دا 86 هەزار كەس ناوی نووسی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و لەو ساڵەدا تیروپشك بۆ ناوی حاجییان بۆ ساڵەكانی (2017 و 2018 و 2019) ئەنجام درا.

ئاشكراشی كرد، ئەو ناوانەی لای ئێمە ماون و حەجیان ئەنجام نەداوە 72 هەزار و 202 كەسن و داوای ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەكەن، بۆیە تیروپشكیان بۆ دەكرێت و بۆ ئەمەش ناوی 4 هەزار و 500 كەس ڕادەكێشرێت بۆ ئەوەی لەمساڵدا فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

أ.ح

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان