ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هەوڵ دەدرێت مووچەی پێشمەرگە هاوتای هێزە عیراقییەكان بكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدرێت مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە هاوتای مووچەی هێزە عیراقییەكان بكرێت، سەرگرتنی ئەم هەوڵەش وابەستەی سەركەوتنی دانوستانەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دەكات.

عوسمان سێدەری، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتن، سەردانی سەرۆك كۆماریش بۆ هەولێر هەر لەو بۆتەیەدایە و باس لە هەموو ئەو خاڵانە كراون كە لە دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ گرنگی تایبەتی خۆیان دەبێت، یەكێك لەو خاڵانەش هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەیە لەگەڵ هێزە عیراقییەكان”.

بە وتەی عوسمان سێدەری:”لەو پێناوەدا كاری زۆركراوە و هەوڵەكانیش چڕدەكرێنەوە، بەڵام لەئاكامدا چاوەڕوانی بەرەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبن، تا بزانیین بەكوێ‌ دەگەن”.

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان، هاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە وابەستەی بەرەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرد و وتی:”هەنگاوەكە پەیوەندی بە ڕێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵەوە هەیە، گەر هەردوولا لەسەر پرسی نەوت و بودجە ڕێبكەون، ئەوا خاڵەكانی تریش بەو بڕگەیەی پەیوەندى بە هاوتاكردنی مووچەی پیشمەرگەوە هەیە لەگەڵ هێزە عیراقییەكان، بەرەنجامی باشى دەبێت”.

پێشتر نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، كاری جددی دەكەن بۆ ئەوەی مووچەی هێزی پێشمەرگە هاوتای هێزە عیراقییەكان بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێكی لیژنەكەیان سەردانی بەغدا دەكات.

کوردستان

هۆڵەندا: دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەینەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا ڕایدەگەیەنێت، دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەنەوە.

ئانك بێیلێڤڵد وەزیری بەرگری هۆڵەندا لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی باسی لەوەكردووە، سەربازانی هۆلەندا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دەست بە ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان و هێزە چەكدارەكانی عیراق دەكاتەوە.

وەزیری بەرگری هۆڵەندا ڕاشیگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عیراق داوای لە هێزە هۆڵەندییەكان نەكردووە عیراق جێبهێڵن، چونكە لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا هەنگاوێكی لەو چەشنە زیان بە سەقامگیریی وڵاتەكە دەگەیەنێت.

بە وتەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، نزیكەی ٥٠ سەربازی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان جێگیر كراون و بڕیارە دەست بە ڕاهێنانی سەربازی بۆ پێشمەرگە بكەنەوە.

بەهۆی قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكانی ئێران و ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوایی لەنێویاندا هۆڵەندا بە شێوەیەكی كاتی مەشق و ڕاهێنانی هێزە سەربازییەكانی عيراق و پێشمەرگەیان ڕاگرتبوو.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزیری پێشمەرگە داوای خەرجكردنی دوو جۆر دەرماڵە بۆ پێشمەرگە دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات دەرماڵەی بڕوانامە ‌و دەرماڵەی پایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە خەرج بكرێت.

لەو نووسراوەدا كە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە داوا دەكات بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 21ی ساڵی 2008، دەرماڵەی پایە ‌و بڕوانامە بۆ گشت ئەفسەر‌ و پلەدار‌ و پێشمەرگەكانی وەزارەت خەرج بكرێت.

هەر لە نووسراوەكەدا، ڕێژەی دەرماڵەكان بەپێی مووچەی بنەڕەتی دیاریكراوە، بەجۆرێك دەرماڵەی بڕوانامە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دكتۆرا بەڕێژەی لە100%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر لە 75%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە45%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لە35%، بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی لە 25% و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ناوەندی ‌و بەرەو خوارەوە 15%.

هەروەها دەرماڵەی پایە بۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی 25%، بۆ بەرپرسی بەش لە 20% و بۆ بەرپرسی هۆبەش لە 15%ی مووچە بنەڕەتییەكەی بۆ خەرج بكرێت.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

خەڵك؛ ژمارەی حاجییان ئاشكرادەكات
سبەینێ‌ تیروپشك بۆ ناوى حاجيیانی ئەمساڵ دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە سبەینێ‌ تیروپشك بۆ حاجییانی ئەمساڵ (2020) ئەنجام دەدرێت و دەشڵێت: “پشكی هەرێم 4 هەزار و 500 حاجییە”.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، “بەپشتیوانی خوای گەورە سبەینێ‌ یەك شەممە ١٩⁄ ١⁄ ٢٠٢٠ لەدیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەئامادەبوونی دادوەران و لایەنی پەیوەندیدار، تیروپشك بۆ ناوی حاجییان بۆ ئەمساڵ ٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت”.

ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 2017 دا 86 هەزار كەس ناوی نووسی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و لەو ساڵەدا تیروپشك بۆ ناوی حاجییان بۆ ساڵەكانی (2017 و 2018 و 2019) ئەنجام درا.

ئاشكراشی كرد، ئەو ناوانەی لای ئێمە ماون و حەجیان ئەنجام نەداوە 72 هەزار و 202 كەسن و داوای ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەكەن، بۆیە تیروپشكیان بۆ دەكرێت و بۆ ئەمەش ناوی 4 هەزار و 500 كەس ڕادەكێشرێت بۆ ئەوەی لەمساڵدا فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.

أ.ح

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان