ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

“سێ‌ ملیۆن ئێرانی بەشداریی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن دەكەن”

خەڵك- بەشی هەواڵ

نوێنەری ڕابەری باڵای ئێرانی بۆ كاروباری حەج و زیارەت ڕایدەگەیەنێت، لانی كەم سێ‌ ملیۆن ئێرانی خۆی بۆ بەشداریی لە مەراسیمی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن لە كەربەلا ئامادەكردووە.

ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی لە زاری عەبدولفەتاح نەواب، نوێنەری ڕابەری باڵای ئێرانی بۆ كاروباری حەج و زیارەت بڵاویكردەوە”لە میانی كۆبوونەوەی لیژنەی كلتوری و ڕێنماییەكانی سەر بە لیژنەی چلەی ئیمام حسێن، ڕاوبۆچوونی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی، تەئكید لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە گەلی عیراقی كردووەتەوە، بەو پێیەی خزمەتكاریی ئیمام حسێنن (د.خ)”.

بە وتەی نەواب”گەلی عیراق كە عاشقی پێشكەشكردنی خزمەتە بە زیارەتكارانی ئیمام حسێن درودی خودای لێبێت، بەڵام زۆر هەستیارن، بۆیە لەبەر ئەوەی ئێمە دوژمنان چاویان تێبڕیوین و دەیانەوێت نێوانی ئێران و عیراق تێكبدەن، پێویستە بایەخ بە پێگەی گەلی عیراق بدرێت”.

نوێنەری ڕابەری باڵای ئێرانی بۆ كاروباری حەج و زیارەت دەڵێت”میوانداریكردنی سێ‌ ملیۆن زیارەتكار كارێكی مەزنە، بۆیە پێویستە ڕێز لە مەرجەعەكانی عیراق و بە تایبەت ئایەتوڵڵا سیستانی بگیرێت و ڕەچاوی ڕێنماییەكانی سەماحەتی بكرێت لە بەرنامەی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن”.

عێراق

كێشەكانی كوردستانیش بەدەرناكات
سائیرون: هەموو كێشەكانی عیراق و ناوچەكە دەستی دەرەكی لە پشتە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون ڕایدەگەیەنێت، هەموو كێشەكانی عیراق و ناوچەكە دەستی دەركییەكان لە پشتەوەیە، بەو كێشانەش كە لە هەرێمی كوردستان دروستدەبن.

حەسەن جەلال، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند”هەموو ئەو كێشانەی لە عیراق و ناوچەكەدا هەن، دەستی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەن كە لەگەڵیاندا ڕێكەوتوون، ئەوەی لە عیراقیش ڕوودەدات لە هیچ وڵاتێكی جیهان ڕووینەداوە، بە هەمان شێوە هەرێمی كوردستانیش هەر گیرۆدەی ئەو كێشانەیە كە دەستی دەرەكییان لە پشتە”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی سائیرون”هەرێمی كوردستان نەك هەر بەشێكە لە عیراق، بەڵكو تەواوكەریی عیراقە و هەموان لەیادمانە كە چۆن دوو ساڵ لەمەوبەر پیلانێك لە دژی كوردستان بەڕێوەچوو، بۆیە لەئێستادا هەموان پێویستمان بە یەكڕیزی و یەك دەنگی هەیە”.

حەسەن جەلال لە میانی قسەكانیدا، بەدووری نەزانی لەڕێی ڕێكەوتنێكی دەرەكییەوە، جارێكی تر هەوڵ بۆ گێڕانەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەكان بدرێت بۆ عیراق.

پێشتر حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندبوو”بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان ئەمریكا و توركیا و ڕوسیا، هەوڵ دەدرێت جارێكی تر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بگێڕدرێتەوە بۆ عیراق”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

نامەیەكی ڕەوانەكردووە
ئۆپیك لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە عیراق ئاگاداردەكاتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە پارێزگەی بەسرە ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكردنی نەوت (ئۆپیك)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە نامەیەكی بۆ عیراق ناردووە، لە نامەكەشدا ئاماژە بەو ڕێژە زیادە نەوتە كراوە كە لەدەرەوەی چوارچێوەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ)، هەناردەكراوە.

عەلی شەداد فارس، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگەی بەسرە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان پابەندی یاسای بودجەی فیدراڵی نییە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بە بەغدا، دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان، ڕۆژانە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەبێ‌ ئاگاداریی حكومەتی فیدراڵ “.

بە وتەی عەلی شەداد”بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان ئەندامانی ڕێكخراوی ئۆپیكدا كراوە، دەبێت عیراق ڕۆژانە 3 ملیۆن 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بەڵام بڕی 3 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت لەسەر عیراق حیسابە كە هەناردە دەكرێت، واتا ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە بڕێكی زیاتر لە ڕێژەی دیاریكراو هەناردە دەكرێت و هەرێم بەبێ‌ ئەوەی نەوتی هەناردەكراوی ڕادەستی بەغدا بكات، هاوبەشە لە نەوتی فرۆشراوی بەسرە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزەی پارێزگەی بەسرە دەڵێت”عیراق لە 16ی تشرینی یەكەمی 2019 لەلایەن ڕێكخراوی ئۆپیكەوە پرسیاری لێكراوە سەبارەت بە هۆكارەكانی پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بە هەناردەكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە دەرەوەی چوارچێوەی سۆمۆ”.

عەلی شەداد پێیوایە”هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی یاسا و ڕێنماییەكانی حكومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە دەكات و ئەمەش كاریگەریی نەرێنی بۆسەر سیاسەتی نەوتی عیراق دەبێت لە دەرەوەی وڵات، پرسیارەكەی ئۆپیكیش لە عیراق، لەبارەی هۆكارەكانی هەناردەی نەوتی كوردستانە لە دەرەوەی سۆمۆ كە ڕێژەكەی و داهاتەكەشی نادیارە”.

دوو شەممەی ڕابردوو، لیژنەی نەوت و وزە ڕایگەیاندبوو، دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی لە دژی هەرێمی كوردستان قبوڵ كردووە كە تایبەتە بە پابەندنەبوونی هەرێم بە بڕگەكانی یاسای بودجەی 2019.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ئۆغڵۆ: كورد پابەندی ڕاسپاردەكەی مام جەلال نەبوو لەبارەی كەركوكەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كورد پابەند نەبوو بە ڕاسپاردەكەی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق سەبارەت بە كەركوك كە داوای كردبوو پارێزگەكە بۆ هەموان بێت و تەنیا لەلایەن پێكهاتەیەكەوە قۆرخ نەكرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، نیازی معمار ئۆغڵۆ  پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”دۆسێی كەركوك دۆسێیەكی ئاڵۆزە و بە ڕاستی نابێت لەلایەن پێكهاتەیەكەوە، یان حزبێكی سیاسییەوە قۆرخ بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەدات میرنشینی كەركوك زیندووبكاتەوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە توركمانە”پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت سیمای نەتەوەیەك بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بكات، ئەمەش پێچەوانەی ڕاسپاردەكانی مامە جەلال تاڵەبانییە كە ڕەتیكردبووەوە پارێزگەكە بۆ حزبێك یان لایەنێك یان گروپێكی دیاریكراو بێت”.

مام جەلال لە كاتی خەباتی پێشمەرگایەتی و لەو دەمەش كە بووە سەرۆك كۆماری عیراق، بەردەوام جەختی لەسەر كوردستانی بوونی كەركوك كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕاوای وابوو كە دەبێت لە كەركوكدا ڕێز لە هەموو پێكهاتەكان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت لەژێر هیچ بیانوویەكدا ستەم لە پێكهاتە و دانیشتوانی پارێزگەكە بكرێت، بەپێویستیشی زانیبوو ئیدارەی شارەكە لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی كەركوكدا بەشێوەیەكی یەكسان دابەشبكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان