هێرشەكەی ئۆكراین لەنێو خاكی ڕووسیا مۆسكۆی توڕەكرد



سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند هێرشە چەكدارییەكەی ناوچەی بریانسك لە وڵاتەكەی كردەی تیرۆریستیی بووە و، ئەوان ناتوانن سەركەوتوو بن و سەركوتیان دەكەین.

لە میانی چالاكییەكدا كە بەشێوەی ئۆنڵاین بەشداریی كرد، پوتین باسی لەو هێرشە چەكدارییە كرد كە دەگوترێت لەلایەن گرووپەچەكدارەكانی سەربە ئۆكراین لە ناوچەی بریانسكی رووسیا ئەنجامدراوە.

پوتین ئەو هێرشەی بە كردەی تیرۆریستیی ناوزەند كرد و، رایگەیاند: “سەربازانی رووسیا هاووڵاتییانمان لە نازی و تیرۆریستان دەپارێزن كە هەشت ساڵ لە دۆنباس خەڵكیان ئەشكەنجە دەدا و دەكوشت و لە مۆسكۆ داریا دوگینایان كوشت. ئەمانە ئەمڕۆش كردەیەكی تیرۆریستییان ئەنجامدایەوە. تاوانیان ئەنجامدایەوە. هاتنە ناو سنوورەكەمان و تەقەیان لە مەدەنی كرد”.

وتەبێژی كۆشكی كرملین، دیمیتری پێسكۆڤ، دەربارەی ئەو پەلامارە چەكدارییە روونكردنەوەی بۆ رۆژنامەوانان دا و رووداوەكەی بە “پەلاماری تیرۆریستی” ناوبرد و رایگەیاند: “لە ئێستادا رێوشوێنی پێویست گیراونەتە بەر بۆ لە چالاكی خستنی تیرۆریستەكان. وەك هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ راكێشانی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە”.

راشیگەیاند: “پوتین لە كۆشكی كرملین بەشێوەیەكی بەردەوام زانیاری لە هێزە ئەمنییەكان وەردەگرێت دەربارەی رووداوەكە. هەریەك لە بەڕێوەبەری دەزگای خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدراڵی رووسیا (FSB)، ئالێكساندەر بۆرتنیكۆڤ، وەزیری بەرگریی، سێرگی شۆیگو، بەڕێوبەری دەزگای خزمەتگوزاری پاسەوانی نیشتیمانی فیدراڵی (رۆسگڤاردیا)، ڤیكتۆر زۆلۆتۆڤ، راپۆرت دەدەنە پوتین. لە ئێستادا تیشك دەخرێتە سەر رووداوەكانی شاری بریانسك لە دوای پەلاماری چەكدارە ئۆكراینییەكان”.

وتەبێژی كۆشكی كرملین، باسی لەوەش كرد بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەرۆكی رووسیا سەردانەكەی بۆ شاری ستاڤرۆپۆڵ هەڵوەشاندووەتەوە، “پوتین بەشداری كردنەوەی ساڵی مامۆستایان دەكات و لەگەڵ بەشداربووانی پڕۆگرامی پەروەردە و خوێندن، كۆدەبێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی دیار، ئەم كارە لەڕێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە ئەنجام دەدات”.

دمیتری پێسقۆڤ وەڵامی ئەو پرسیارەشی نەدایەوە كە “ئایا دوای پەلامارەكانی شاری بریانسك، ‘ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت’ی رووسیا لە ئۆكراین، بەهەمان رەوتەكەی جاران بەردەوام دەبێت یان رەوتەكەی دەگۆڕدرێت؟”.

لە لایەكی دیكەشەوە گرتەی پەلامارە چەكدارییەكە بۆ سەر شاری بریانسك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە.

پارێزگاری شاری بریانسك، ئالێكساندەر بۆگۆماز، ئەوەی خستبووەڕوو لە ئاكامی هێرشی گرووپێكی ئۆكراینی بۆسەر گوندێكی سەر بە پارێزگای بریانسك، كەسێك كوژراوە و هێزە سەربازییەكانی رووسیاش، هەموو رێوشوێنێكی پێویستییان گرتووەتەبەر بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپە.

ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەكانی رووسیادا بڵاوكراونەتەوە باس لەوە دەكەن كە گرووپە پەلاماردەرەكە نزیكەی شەش كەسیان لە ماركێتی گوندەكە بە بارمتە گرتووە و لە نێوان گرووپەكە و سەربازانی دەزگای خزمەتگوزاری پاسەوانی نیشتیمانی فیدراڵی (رۆسگڤاردیا)، پێكدادان روویداوە.

ئێران ئاسانكاری بۆ گەشتیاران دەكات
پێت ئێران ئاسانكاری بۆ گەشتیاران دەكات
راوەماسی قەدەغەدەكرێت
دوات راوەماسی قەدەغەدەكرێت
پەیوەندیدر