ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

كورد لە نەینەوا بە لیستی یەكگرتوو بەشداریی هەڵبژاردن دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی لیستی یەكگرتووی كورد لە نەینەوا كۆبووەوە و بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی پارتیش لە موسڵ ڕایدەگەیەنێت كە پارتی لەگەڵ یەكگرتوویی كوردە لە موسڵ و لە هەفتەی داهاتووشدا، مەكتەبی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنەكانی تری كورد كۆدەبێتەوە.

مەناف حەسەن، بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی پارتی لە موسڵ بە ماڵپەڕی حزبەكەی ڕاگەیاندوو”ئەمڕۆ، دووشەممە، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لەگەڵ ھەرسێ لقی نەینەوای پارتی كۆ بووەوە و تێیدا پرسی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا، لە ئەنجامدا بڕیاری ئەوەمان دا كورد لە نەینەوا بە یەك لیست بەشداریی ھەڵبژاردن بكات، چونكە پێشتر بڕیار دراوە لە كەركووك یەك لیستی كوردی ھەبێت، پێمان وایە لەبەر ڕەوشی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە و ئەو ستەمەی بەھۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەوە لە كورد كراوە، پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بچێتە نێو ئەو ھەڵبژاردنەوە.”

بە وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی””ئەمڕۆ ئێمە لای خۆمانەوە بڕیاری ئەوەماندا ئامادەین لەگەڵ لایەنەكانی كورد لیستێكی كوردی پێكبێنین، لەبەر بەژەوەندیی گەلی كورد كادیرانی پارتی لەگەڵ ئەوەدا بوون لە هەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی داهاتوودا دەنگی كورد پەرت نەبێت.”

مەناف حەسەن دەڵێت”بەپێی زانیاریی ئەوان لایەنەكانی تری نەینەواش لەگەڵ ئەوەن لیستی كوردی دروست بكرێت و بەشداریی هەرلایەنە و بەتەنیا زیانی بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان دەبێت، بڕیارە ڕۆژی شەممەی داھاتووش مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی پێكهێنانی لیستی ھاوبەشەوە لەگەڵ لایەنەكانی كورد كۆ ببێتەوە و یەكلا بكرێتەوە.”

عێراق

قەیرانی كەمبوونەوەی غاز سەریهەڵدا
پەرلەمانتارێك: سامانەسروشتییەكان دڵنیاییەكەی ڕاستدەرنەبوو

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە ماوەی ڕابردوودا كاروان گەزنەی پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، قەیرانی كەمبوونەوەی غاز سەرهەڵدەدات و وەزارەتی سامانەسروشتییەكان ڕەتیكردەوە و ڕایگەیاند، ئەو زانیارییانە دورن لە ڕاستییەوە، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە قەیرانی كەمبوونەوەی غاز دەستی پێكردووە و پەرلەمانتارەكەش دەڵێت” ئەمرۆ نرخی تەنێك غاز گەشتۆتە سەرووی ٧٥٠٠٠٠ دینار كە ئەمەش وا دەكات نرخی بتلێك غازی تجاری بەرزببێتەوە بۆ نزیكەی ١٠٠٠٠ دینار و وە لە بازاریش دەستناكەوێت”

كاوان گەزنەی لە نوسینێكدا نوسیویەتی”دوابەدوای ھۆشداریمان لە دوو مانگی رابردوو سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی غاز ، بەڵام ھەر زوو و وەك ھەمیشە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوور لە خەمخۆری و بەدواداچوون رەتی پێشبینی و ھۆشداریەكەیان داینەوە و دلنیایان دا لە بەرزنەبوونەوەی نرخ و درووست نەبوونی قەیرانی غاز.”

هەروەها وتویەتی”ئەمڕۆ بە پێچەوانەی دڵنیایی ئەوان بەداخەوە جارێكی دیكە قەیرانی غاز درووستبوو. ئەمرۆ نرخی تەنێك غاز گەشتۆتە سەرووی ٧٥٠٠٠٠ دینار كە ئەمەش وا دەكات نرخی بتلێك غازی تجاری بەرزببێتەوە بۆ نزیكەی ١٠٠٠٠ دینار و وە لە بازاریش دەستناكەوێت.”

ئەو پەرلەمانتارە ڕونیكردووەتەوە، دوو هۆكار لە پشت قەیرانەكەوەیە:

یەكەمیان كەمتەرخەمی وەزارەت لە بەدواداچوونی نرخی تەندەر و زیادكردنەكەی و دانەنانی رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردن لە بەرزكردنەوەی نرخەكەی كە ئەمەش وایكرد كۆمپانیای براوەی تەندەر بەرزترین نرخ لێبدات بێ ئەوەی بیر لە داھات و گوزەرانی خەلكی ھەرێمی كوردستان بكاتەوە.

ھۆكاری دووھەمیش بریتیە لە بێ دەسەلاتی حكوومەت بەرامبەر ئەو كۆمپانیایەی كە لە سالی پارەوە تا ئێستا تەندەری بە بازاركردنی غازەكەی لە دەستدایە و دەستیكردووە بە عەمباركردنی غازەكە لە مەخزەنی تایبەتی خۆی بە مەبەستی دروستكردنی پالەپەستۆ لەسەر بازار بە دەرەجە یەك و دواتریش لەسەر كۆمپانیا ركابەرەكەی كە بۆ ئەم ساڵ تەندەرەكەی بە نرخی زۆر بەرز لێداوە.

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا وتویەتی”سەیرە حكومەت دەرەقەت كۆمپانیایەك نەیەت و بە ویستی خۆی بتوانێت غاز عەمبار بكات!! پێویست بكات، ھەم تەندەرەكەش و ھەمیش درێژكرندەوە نا یاساییەكەی وەزارتیش بلاو دەكەمەوە.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هیومان رایتس وۆچ: عیراقییەكان هەست دەكەن حكومەتەكەیان خزمەت بە ئێران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە بەكارهێنانی گوللـە لەلایەن هێزە عیراقییەكان لە دژی خۆپیشاندەران دەردەبڕێت، باس لەوەش دەكات كە عیراقییەكان هەست دەكەن حكومەتەكەیان خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات.

كینیت رۆت، بەڕێوەبەری ڕاپەڕاندن لە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەین بەرانبەر بە ڕەوشی عیراق، و بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر و گوللـە لە دژی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراق”، ئاماژەی بە تەوژمێكی نوێی ناڕەزاییش كردووە لە عیراق و لوبنان و تەنانەت ئێران.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی هیومان رایتس وۆچ”لە لوبنان گۆڕانكاریی لە ڕێڕەوەكاندا كرا، بەڵام نازانین عیراق بەرەو كوێ‌ دەچێت، لە عیراق و لوبنان نیگەرانی بەرانبەر بە كاریگەریی ئێران هەیە، هەرچەندە جۆر و ئاستەكانی لەم وڵات بۆ ئەوی تر جیاوازە”.

بەڕێوەبەری ڕاپەڕاندن لە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، دەڵێت”ئاستی هەژموونی ئێرانی لە عیراق، ناڕەزاییەكی فراوانی لێكەوتووەتەوە، چونكە هەستی ئەوە لای عیراقییەكان دروستبووە كە حكومەتەكەیان خزمەت بە گەل ناكات، بەڵكو خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكات، خۆپیشاندانەكانیش لەو وڵاتە لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەلایەن ئەمریكاییەكانەوە، ڕویان لە پاشەكشە كرد، بەڵام دواتر گەڕانەوە و توندتربوون”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ئەمریكا: ئامادەین لەسەر بوونی هێزەكانمان گفتووگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراقدا بكەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
نێردەی تایبەتی سەرۆك ئەمریكا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئامادەیی وڵاتەكەی دەخاتەڕوو بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراق و ڕێككەوتن لەبارەی ڕەوشی هێزەكانی ئەمریكا.

جیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆك ئەمریكا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق لە ئێستادا ڕاگیراون، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، زانیاریی لەگەڵ عیراقییەكان ئاڵوگۆڕدەكات”.

بە وتەی جێفری”ڕێككەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عیراق، مانەوەیە بۆ تێكشكاندنی داعش، هەوڵەكانیشتمان لە جەنگی دژ بە داعش پێویستە بەردەوامبن، لەو جەنگەشدا ناسرەوین”.

سەبارەت بە بوونی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق، ئەو بەرپرسە دەڵێت”ئامادەین لەگەڵ حكومەتی عیراقی گفتووگۆ بكەین و ڕێككەوتن لەسەر ڕەوشی هێزەكانی ئەمریكا بكەین، ئەركمان لە عیراق بەپێی ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2014یە كە ئامانج لێی لەناوبردنی مەترسییەكانی داعشە”.

نێردەی سەرۆكی ئەمریكا باس لە 11 هێرش و پەلامار دەكات كە لە عیراقدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە لەو دەمەی هەڵكوترایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.

لە درێژەی قسەكانیدا جیمس جێفری وتی”ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە، حكومەتی نوێی عیراق ملكەچی ئێران نەبێت، دۆسێیەكەش تەنیا پەیوەندی بە عیراقەوە هەیە، لەئێستاشدا بزاوتنێك لە شەقام هەیە و پێویستە عیراقییەكان بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی حكومەت بدەن، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لەو ڕووەوە دەستوەردان لە كاروباری عیراقدا ناكات، چونكە بابەتی كاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لە عیراق، تەنیا پەیوەندی بە عیراقییەكانەوە هەیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان