ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم لەیاسای بوجەدا- نەخشە ڕێگای دانوستان

ئەحمەدی حاجی ڕەشید

 

بەشی یەکەم

کێ لاوازە

لە دونیای سیاسەتدا هەمیشە ئەوە باوە وەک پێناسە کە سیاسەت کردن هونەری ئەوەیە کە دەکرێت،(فن الممکنات).

خۆ ئەگەر لەوە زیاتر و وردتر پێناسەیەکی تازە بکەین بۆ سیاسەت کردن کە پێناسەیەکی وردترو مەنتیقی تر بێت ئەوا دەگەینە ئەو پیناسەیەی کە دەڵێت: سیاسەت کردن بریتیە لە دۆزینەوەی ئەو دەرچەیەی نیوان واقع و مومکندا هەیە.
بەواتای ئەوەی، ئەوەی دەمانەوێت و هەوڵی بۆ دەدەین مەرج نیە واقع ڕێگەمان بدات بەدەستی بهێنین، یان هەندی دەسکەوت بەدەست دەهێنین کە مومکن نەبوە لەو زەمەنە بەدەستی بهێنن لەناکاو واقعێک روی داوەو بوەتە مومکن وەک روخانی رژێمی پێشوو یان شەڕی داعش و ناوچەکانی دەرەوەی ناوچە کوردستانیەکان یان ئەوەی دوای ریفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر ڕوویدا.

لێرەوە دەبێت ئەوە ڕوون بێت بۆ بەرپرسانی هەرێم: چی مومکنە کەهەوڵی بۆ بدرێت لە چوارچێوەی ئەو واقعەی کەهەیە.

سەرەتا با وێنەی واقعی عیراق بخەینە بەردیدی هەمووان لانیکەم ئەوەی کە ئێمە دەیبینین تابزانرێت چ شتێک مومکنە هەوڵی بۆ بدەین لەم کات و سات ، و ئەم واقعەی ئیستا.

عیراق لە ئیستادا 
لەسەر ئاستی دەرەوە : بە ئاڵۆزترین بارودۆخی سیاسیدا گوزەر دەکات و بەرپرسەکانی خۆیان بۆ یەکلایی ناکرێتەوە  چ بەرەیەک یان میحوەرێک هەڵبژێرن، میحوەری ئەمریکی خلیجی یان میحوەر و بەرەی ڕوسی ئێرانی .

لەسەر ئاستی ناوخۆیی :عیراق وەک دەوڵەت لەهەندێ جومگەو بڕگەدا لەقۆناغی (الدولة العمیقة) وە هەنگاوی ناوە بۆ قۆناغی (اللا دولة) و حکومەتیش رفێندراوە (اختطاف ) لە لایەن هێزە چەک بەدەستەوەکانەوە.

رۆژانە سیادەی عیراق پێشێل دەکرێت لە هەموو سنورەکانیەوە، ئیسرائیل بە ئاشکراو بێ پەردە بۆردومانی گەنجێنەکانی حەشدی شەعبی دەکات لە قوڵایی عیراقدا و ناشتوانێت هیچ وڵامێکی بدەنەوە چونکە نە هێزی فڕۆکەوانی عیراق دەتوانێت سنووری وڵاتانی دیکە ببەزێنێت و نە دۆستەکانیشی لە سوریاو لوبنان ئەوەی بۆ دەکەن و کار گەشتوەتە ئەوەی بەهانە دەهێننەوە بۆ ئیسرائیل و عیراق تاوانبار دەکەن کە گوایە ئەو گەنجینانەی کەلێیان دراوە جبەخانەی وڵاتانی دراوسێن ئەم لێدوانانەش لەلایەن هێزە شیعیەکانی ترەوە باس کراون ، بۆیە شتێک نەماوە بەناوی ئاسایشی نیشتمانی ، ڕاستە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیمان هەیە بەڵام هێندەی لە خزمەت تایەفەو گروپ و حزب و کەسایەتیەکاندایە هێندە لەخزمەت بەهای نیشتمانپەروەریدا نیە.

بەهەمان ڕێتم ڕێژەی گەندەڵی و فەساد گەیشتوەتە ئاستە مەترسیدارەکانی ستانداردی جهانی، ناشەفافی حکومەت و پشک پشکێنە شۆر بوەتەوە بۆ جومگە سەرەتاییەکانی بەڕێوەبەراتیەکان، خزمەت گوزاریەکان لە خراپترین ئاستدان .

ئابوری عیراق لە دۆخێکی پڕ مەترسیدایە و بڕی قەرزەکانی لە (۱۲٤) ملیار دۆلارەوە ڕێژەکەی بەرەو هەڵکشان دەڕوات بەهەردوو تەوەرەکەیەوە چ قەرزی دەرەکی بێت کەلەبوجەی ۲٠۱۹ ڕێگریمان لێکردوە چیتر نابێت عیراق قەرزی دەرەکی نوێ بکات ئەگینا زیاتر دەبوو، چ قەرزە ناوخۆیەکان بێت کەدەزگاو دامەزراوەی دارایی و بانکی نەماوە پارەی لێ وەرنەگیرابێت بەقەرز تاکار گەشتوەتە ئەوەی ساڵی ۲٠۱۹ بڕی (۷) ترلیۆن دینار قەرز کراوە لەسندوقی خانەنشین.

کەدێنە سەر گومرگ ئەوا بۆ زانینی دۆخی خراپی گومرگ وتەکەی کاظم العقابی کە لەلێژنەی دارایدا باسی کرد بەسە بۆ ئەوەی بزانین دۆخی گومرگ چۆنە، لەو کۆبونەوەدا بەرپرسی دەروازە سنووریەکانی عیراق وتی لە باکوری بەسرە لەکۆی (۹) دەروازەی سنووری لە(٥) دەروازەدا لەدوای نیوەڕۆ حکومەتیان تیدا نامێنێت و میلیشیا چەکدارەکان بەکەیفی خۆیان کاڵاو کەل و پەل هاوردە دەکەن.

سەبارەت بەداهاتە نەوتیەکان

عیراق لە سەقفی هەناردەکردنی (٤٠٠٠٠٠٠) چوار ملیۆن بەرمیل نەوت نزیک بوەتەوەو هێشتا تەهریب هەر هەیە کەرۆژانە خۆی دەدات لەنزیک (۲٠٠٠٠٠)دوو سەدهەزار بەرمیل نەوت  ئەمەش بە وتەی عدنان الجنابی سەرۆکی لێژنەی نەوت و ووزەی پەرلەمان لە خولی دووەمدا.

ئەگەر باسی دەسەڵاتی نەختینە بکەین (البنک المرکزی) تەنها ئەوەندە بەسە لێژنەی دارایی پەرلەمان هەرچەند دەکات لەو بابەتە تێناگات کەبۆچی ئەم بانکە لەماوەی تەنها (٤) رۆژدا نزیکەی (۱) یەک ملیار دۆلار دراوی قورسی دۆلار دەخاتە بازار لەم کاتەدا کەچالاکی بازرگانی لەعیراقدا لە ئاستێکی لاوازدایە ، بەپێی ئەو شیکاریەی سەرۆکی لێژنەی دارایی دەیکات بۆ مەزادی دراوی دۆلار کە ساڵانە نزیکەی (٤٠_٥٠) ملیار دۆلار لەڕێگەی بانکی مەرکەزیەوە دەخرێتە بازار بەمەبەستی وەبەرهینان و هاوردەکردن خۆ ئەگەر لانی کەمی گومرگ بخەمڵێنین کە٥٪ بێت دەبێت وەزارەتی دارایی نزیکەی (۱٠) ملیار دۆلار گومرگی دەست بکەوێت کەلە راستیدا بری گومرگ لە (۳) تیپەر ناکات ئەی باقی ئەو داهاتە لە کوێیە یان ئەو دراوە دەخرێتە بازارەوە بۆ کوێ حەواڵە دەکرێت!

هەموو ئەمانەی پێشوو کە خستمانەڕوو کە مشتێکە لە خەروارێک پیمان دەڵێن بەزمانی ڕوون ڕاشکاو:

عیراق وەک وڵات و حکومەتەکەی وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن وڵاتێکی لاوازی بێ ئیرادەی سیادە نوقسانی تاسەر ئێسک گەندەڵی ناشەفافی شپرزە.

بەڵام دەبێت بەرپرسانی هەرێم بزانن ئەم لاوازیە بەرانبەر کێیە

ریکلام

وتار

بەئاگایی و نائاگایی

عەبدوڵا تۆفیق

زۆرجار گوێمان لە ووشەی بەئاگایی و نائاگایی بووە بەتایبەت لە بواری دەروونناسیدا کە لەوێدا گرنگیەکی زۆری پێدراوە. ئەوەی شایانی باسە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا بەشێکی گەورەی گرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەوکەسانەی کە ڕاهێنانی دەروونی ئەنجام ئەدەن ئۆتۆماتیکی هەردوو بەشەکە بەشێوەیەکی پڕاکتیکی و ژیرانە بەکاردەهێنن. مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکە کە خودای گەورە توانای پێداوە کە لە هەردوو بارەکەدا بژی. مرۆڤ نزیکەی سێ بەش لە ژیانی لەناو نائاگایدا بەسەر ئەبات، کە ئەویش پێكهاتووە لە خەو، خەون، خەونی ڕۆژانە، بیرکردنەوە و فەنتاسیا.
ڕۆژانە سەدان و هەزاران جار دەچینە ناو نائاگاییەوە، وە ئەگەر نائاگاییەکەمان قوڵتر بوویەوە ئەوکاتە دەچینە بارێکیترەوە کە بە ترانس ناو ئەبرێت. هەریەك گوێگرتن لە مۆسیقا، سەیرکردن و گوێگرتن لە کەسێك، بیرکردنەوە، خەون و فەنتاسیا ئەمانە شوێنیان لە نائاگایدایە لە مێشکی مرۆڤدا. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ لەوکاتەدا ئاگای لەجەستەی خۆی نامێنێ و شتەکانی دەوروبەری کەمتر گرنگیان ئەبێ و تەرکیزی بۆیان نامێنێ. بۆنمونە: ئەوکاتەی کە کەسێك سەیری یاریەکی سەرنجڕاکێش دەکات لە تەلەڤزیۆندا ئەو بەتەواوی لە تەلەڤزیۆنەکەدا دەبێ، تەواوی سەرنجی لە یاریەکەدا کۆدەکاتەوە، هەربۆیە زۆرجار ئەگەر قسەشیان لەگەڵدا بکرێت ئەوان گوێیان لێنابێ. ئەوان تەنها جەستەیان لە ژورەکەدایە و نائاگاییان لەوێ نەماوە. ئەگەر کەسێك بەو شێوەیە تەنها بە جەستە لەوێ ئامادەبوو، ئەوکاتە ئەتوانین کە بڵێین ئەو کەسە لەو شوینەدا ئامادەنییە. ئامادەبوونی کەسێك لە شوێنێکدا پێویستی بەئامادەبوونی هەردوو بەشەکە هەیە (بەئاگایی و نائاگایی). لەو کاتەدا کە خوێندکارەکان لە پۆلەکەدا خەیاڵیان ڕۆشتووە ئەوان گوێیان لە مامۆستا و هاوپۆلەکانیان نابێ، مەگەر دەستیان لێبدرێت و بیان جوڵێنن هەتا بەئاگاییان بۆ بگەڕێتەوە.
باوکی دەروونناسان (سیگمۆن فرۆیدیش) لە کۆتایی (١٨٠٠)کاندا تیۆری و شیکردنەوەی خۆی هەبوو لەسەر ئەم دوو بەشە گرنگەی مرۆڤ کە تەواوکەری یەکن. بەڵام دەیان ساڵی خایاند کەس نەما باسی ئەم بوارە بکەت هەتا ساڵی (١٩٨١) لە لایەن پزیشکی دەرووناسی ئەمریکی (ڕۆگر سپارێ) لەسەر شیکردنەوەکەی بۆ هەردوو بەشەکەی مێشك (بەئاگایی و نائاگایی) توانی خەڵاتی (نۆبڵ) بەدەست بهێنێت. (سپارێ) لای ڕاستی بە لای نائاگایی شیکردەوە کە ( خەون، خەونی ڕۆژانە، ئاواز، فەنتاسیا، هەست، گرفت چارەسەرکردن، سیمبول، تەماشاکردن و خۆناسین) لەخۆ دەگرێت. لای چەپیش لای نائاگایی کە (مەنیق، زیرەکی، ماتماتیك، توانی خوێندنەوە، توانای نوسین، زمان، شت لێکدانەوە، من”خود”) لەخۆ دەگرێت. کەواتە هەرکات تۆ بەهۆی بیرکردنەوەیەکەوە ئاگات لەخۆت و دەوروبەرت نەما ئەوا تۆ چوویتە ناو نائاگاییەوە/ لای ڕاستی مێشکت.
بەکارهێنان و چوونە ناو نائاگاییەوە بەشێوەیەکی دروست و باش کاریگەریەکی زۆری هەیە لەبوارەکانی زانست، وەرزش، گرفت چارەسەرکردن، داهێنان و بواری ڕامیاریدا و …تاد. زۆر جار پرسیار لە لایەن دەروونناسەکانەوە لە وەرزشکارە سەرکەوتووکان کراوە؛ کە چ هۆیەك هەیە لە پشت ئەو سەرکەوتنانەیانەوە، وەڵامی وەرزشەوانەکان زۆرجار بە (خۆشم نازانم بۆچی) دراوەتەوە. بەڵام ئەوان پێش یاریەکەیان ئەوەیان هەست پێکردووە کە ئەوان سەرکەوتو ئەبن.
لە یاریەکانی وەك (مەلەوانی، یاری تێنس، گۆڵف، یاری سەربەفر، باسکە، فۆتبۆڵ و یاریەکانی گۆڕەپان و زۆریاری تری وەك زۆرانبازی و کاراتێ؛ …) هەمیشە ڕاهێنانی دەروونی بۆ پرۆگرامکردن و چوونی وەرزشەوانەکان بۆ لای ڕاستی میشك (نائاگایی) بە شێوەیەکی بەئاگایی، لەوێدا بڕوا بەخۆبوونیان بەهێزتر دەبێت ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە. ئەو یاری چیانە سوودیان لەو پڕۆگرامکردن و چوونە ناو نائاگایی کردووە هەتا لەو رێگەیەوە ئەوان بتوانن ئاسانتر بچنە ناو باری ترانسەوە، بەو هۆیەشەوە ئەوان هەستی دلنیایی و سەرکەوتن لە یاریەکەدا هەست پێدەکەن. بەهۆی ئەو ڕاهێنانە دەروونیەوە ئەوان تەواوی سەرنجیان لەوە دەبێت کە دەیکەن و هیچیتر نابینن و نابیستن بۆ ئەوەی خەیاڵ و سەرنجیان بشێوێنێ، لای ئەوان هەر ئەوکاتە بوونی هەیەو ڕێگر نابینن لەبواری پزیشکیشدا چوونە ناو نائاگایی کاریگەرێەکی بەرچاوی هەیە. ئێستا لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا پزیشکەکان دەچن کۆرسی تایبەتی دەخوێنن و خۆیان فێری ڕاهینانی دەروونی دەکەن، بۆئەوەی بتوانن لە بوارە جیاجیاکانی تەندروستی و پزیشکیدا بەکاری بهێنن. بۆ نموونە لە بواری نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی دداندا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە. هەروەها بۆ نەخۆشیە دەروونیەکان و ماندوبوون، سترێس، حەوانەوە و گەڕانەوەی وزە و دەسەڵات. خەواندن (هیپنۆس) زانستێکی گرنگە و لە زۆر وڵاتدا گەشەی سەندووە، بەتایبەت لە نەخۆشخانەکاندا کەسانی پسپۆڕ بۆ زۆر چارەسەری دەروونی و نەشتەرگەری بەکاری ئەهێنن.
بە ئەزموونەوە ئەڵێم کە هاوکاریەکی زۆری بواری تەندروستی دەکات، بۆ کەمکردنەوەی ئازار، ترس و فۆبیا و زۆر کێشەی تر.
ئەبێت ئەو هۆکارانە چی بن لە پشت ئەو کەسانەوەی کە دەتوانن تیر و شمشێر و دەرزی لە لەشی خۆیان بچەقێنن؟ لە وڵاتی هیندستان لە شاری بۆمبای ساڵانە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە ئاهەنگی تایبەتی خۆیاندا نزیکەی چل ملیۆن کەس کۆدەبنەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان. لەوێدا زۆربەی بەشداربووان لەو جۆرە کارانە ئەنجامدەدەن، کە دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی تەماشاکەران و شوێنی پرسیار لە لایان. لە کوردستانیش لە هەندێ شوێن و لای هەندێ لە تەریقەتەکان جۆرێ لەم شێوازە بەکاردەهێنن، کە لەشی خۆیان ئەبڕن و شوشە دەکرمێنن. زۆر کەم ڕوویداوە کە ئەوان دووچاری حاڵەتی ناڕەحەت بووبن کە پێویستیان بە چارەسەر بووبێ دوای ئەنجامدانی ئەو کارەیان، یان مردن. ئەوەش دەزانین کە زۆر لەوانەی کە لە بواری جادووگەریدا کاردەکەن بەشێوەیەك توانایەکی تایبەتیان بەکارهێناوە. جادووگەرەکە هاوکاری کەسانی تر دەکات؛ بۆ ئاوات خواستنیان بە تێکدانی دەروونی کەسێك، ماڵی کەسێك، تەنانەت بە مردنی کەسێك⁄ ڤودۆ.
لە دێر زەمانەوە هەتا ئێستاش، کە زانست لەم سەد و پەنچا ساڵەی پێشوودا پەرەی سەندووە، کەچی هێشتا زۆر کەس وادەزانن کە ئەو کەسانەی ئەو توانایەیان هەیە تەنها بەهرەیە، یان بوێریە. بەڵێ ئەوان بوێرن کە توانیویانە بگەڕێن هەتا ئەو هێزە گەورە بدۆزنەوە، کە ببێتە هاوکاریان و پشت بەو هێزە ببەستن، کە پێیان وایە لە سەر و توانای مرۆڤەوەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان سەلمێندراوە، کە هەموو کەس ئەم توانایەی تیایە، ئەگەر متمانەی بەخۆی بەهێزبێت و ئەو سەرچاوەیە بدۆزێتەوە کە لە ناو خۆیدا هەیە و خودا پێی داوە. کەوابوو نابێ ئەو توانایە ببەستینەوە بە بەتوانایی، یان هێزو بەهرەیەك. ئێمە هەموو دەتوانین لەو جۆرە کارانە بەکاربهێنین ئەگەر توانیمان بەشێوەیەکی زانستی بچینە ناو نا ئاگایمانەوە.
دەبێ بڕوای تەواومان بەوە هەبێ کە دەیکەین و هەموو چەقی قورسایمان/ تەرکیزمان بخەینە گەڕ. ئەو کەسانەی کە لەو جۆرە کارانە دەکەن بە تەواوی خۆیان دەدەنە دەست ئەو شتەی کە ڕوودەدات و تەواو بیریان لێکردوەتەوە.
ئەوان ویستێکی بەهێزیان هەیە لەسەر ئەو کارە، ئەو هەموو شتانە لە کەسەکەدا کۆدەبێتەوە و بەکردنی ئەو جۆرە کارانە هیچ هەست بە ئازار ناکەن لە جەستەیاندا.
من لە کۆرسێکی لە بەشی پڕاکتیزەکردنەکەیدا بە سەر خەڵوزی داگیرساودا ڕۆشتم. دەتوانم بڵێم کە بێجگە لەو توانا و ئارەزووەی مرۆڤ هەیەتی لەسەر بە ئەنجامدانی ئەو جۆرەکارانە دەوروبەر و قەرەباڵغی و دەنگە دەنگی بەرز هاندانێك دروست دەکات، کە کەسەکە کارەکە بە ئاسانتر بەئەنجام بگەیەنێت. ئەو وتەیە زۆر شوێنی خۆی دەگرێت کە دەڵێ: ئەو بتوانێ منیش دەتوانم !

 

پسپۆڕی ڕاهێنانە دەروونیەکان*

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کورد دەکرێت دەروێش بێت

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

ئەم ناونیشانی بابەتە(کورد دەبێت دەروێش بێت) لەگەڵ ئەوەی بەدودا دێت..ئەوەندە دەمەوێ رستەو مەغزایەکی پرسیاری هەبێت و دەستەواژەیەک بێت کە رامان و هەڵوێست وەرگرتنیکی هۆشمەندانەی تیا فەراهەم بێت، چارەکی ئەوەندە نامەوێ هەواڵی یان بەیانی و چوزانم شێوە بریارو ئیلزامی گوتەنی لەبەرخۆوە بێت. لێرەوە بۆ ئەو مەبەستە لە سێ دەروازەوە دەکەومە شەن و کەوی..
یەکەم: جێی خۆیەتی مرۆڤ قسە لەسەر هەرشتێ بکا سەرەتا ئەو شتە بناسێنێت، بۆیە دەپرسین دەروێش کێیە؟
وشەی(دەروێش) وشەیەکى ماچۆگۆیە-هەورامی ئیستا- لە (دەیرواچ= گوتەی دەیری )عەرەبەکان بە(دەیرواچ= دەیر ویتش) بۆیەکەم جار نوسیویانەتەوە، دواتر بوە بەدەرویش، واتە وشەیەکی لیکدراوی کۆنە کە(گۆرانەکان-ماچۆگۆ)ەکان بەوانەیان گوتوە کە لە (دەیر- معبد- خەڵوەت-چلانە) دا ماونەتەوەو خواپەرستیان کردووە، ئەوەندە ماونەتەوە لە خەڵوەتدا رەفتارو هەڵسوکەوتیان گۆراوە بەبەراورد هەڵسوکەوتی عامەی خەڵکی ، هەربۆیە بەهەندێ لەدەروێشەکانیش وتراوە دێوانە، واتە ئەوانەی کەدێو خێوودەسی لێوەشاندوون وهەڵسوکەوت گۆراون بەبەراورد رەفتاری عامەی حەڵکی!! ..یان بەواتایەکی تر (دەیروێش) ئەوانەی کە لە دەیردا دەمێننەوە کەهاتنەدەرەوە قسەکانیان هی دەیرو مەعبەدە، یان ئەوانەی کە لەناو کۆمەڵدان و قسەو مامەڵەیان وەک هی کەسانی ناو پەرستگاو دەیرەکان وایە..
لە فۆلکۆری هەورامیدا هاتووە:
(چی خودای نەکەردا دێوانە، دەیری… تو بەینە پەی لایم، عاقیبەت خەیری).
مەحوى شاعیر لە دێڕە شیعرێکیدا ئاماژەى بە (دەیر) کردووەو (دەیر) لاى مەحویش هەمان واتاى هەورامی هەیە، وەکو ئەڵێت:
دیارم دەیرى عیشقە، جێ بە سوتن بێ لەوێ دەگرم.
کە من مشتێ چڵ و چێوم، بەچى بم، کەڵکى کێ دەگرم
لێرەدا دەروێش کەسی عاشق و ڕوو لەخواو یەکلابوەوەیە بۆ ئەو زاتەی کە دەیپەرستێ و عیشقبازی لەگەڵ دەکات، ئەمەش نەریتێکی کۆنی مرۆییە، کەمرۆڤ کاتێک دەری ژیانی راستەقینەى دەس نەکەوتووەو، بینیویەتی روخسارگەراییو مادە باڵی بەسەر جەوهەرو مەعنەویەتدا کێشاوە، مرۆڤەکان چەقیوی دونیای شەرو ململانێکانیان بوون و شەرەکانی مرۆڤ هەموویان چوونەتە دەرەوەی خۆو لەگەڵ دەرەوەیان، بەمەش گیانی خۆپەسەندی گەورەترو زاڵتر بووە، ئەمەش بوەتە نەریت و سەراپای پیگەیاندنی کۆمەلایەتی وەک نەریت تەنیوە، ئەوەش وایکردوە کەئازادی لەگیانەڵادا بێو، قریوەی کۆیلایەتی هەموو کونج و قوژبنەکانی کۆمەڵگەی بگرێتەوە ، مرۆڤی هوشیاربەو دۆخەش وێڵو دەیری کردوە و بەشوێن ئازادی و شکۆی خۆی گەراوە، لەکۆمەڵگەی وەها یان گۆشەگیر یان تەرابووەو دوورکەوتوەتەوە، بەمەش دەروێشی و ژیانی دەیری بوەتە دەرچەیەک بۆ خۆپەنادان لەو دۆخە نەخوازراوە… سەرەتا ئەمە لەسەر ئاستی تاک بووە، بەڵام کاتێ کەسی دەیری و دەروێش هەوڵی رزگارکردنی ئەوانی تری داوە ئیتر شوێنکەوتەو مونتەمی بۆ درووست بووە رچەو رێچکەکەی بوەتە ڕووگەی وەلائو دۆستی بۆ مونتەمی و لایەنگرو شوێنکەوتەی بۆ درووستبووە.
هەر ئەم دەروێشایەتیە بوەتە رێگەیەکی چاکسازی و هەوڵێک بۆ گیرانەوەی دادو شکۆی مرۆیی. سەرەتا ئەم ریگەیە وەسیتی تیا نەبووە، بەمانا مرۆڤ و خودا لەنێو خەڵوەت ومەعبەد (دوور لەکۆمەڵگەی چەقیو لەروخسارگەرایی و موزەیەفدا!!) خەریکی خۆناسین و خوا ناسین و چنینی تەونی خۆشەویستی و عیشق بووە، تەنها خۆی و خودا خودا وەک تاکە نورو رۆشناییەک کەلێیەوە واتای بوونی مرۆیی و سەرچاوەیەک بۆ رۆشنایی و تەجەلایی رۆحی و گەوزانی لەنێو میهرو دۆستایەتیدا دەسکەوتووە.
نموونەی ئەمانەش پێغەمبەران و پیاوچاکان و چاکسازان وخەڵوەکێشانی رای حەقیقەت لە دەروێشان و پیاوانی تەصەوف بوون، پاشان بەگەرانەوەی ئەمانە بۆ ناو کۆمەڵگە ئیتر ئەمانە بوونەتە وەسیت ونێوەندێک کە خەڵکانی تر لە رێگەی ئەمانەوە پەییان بەو رۆشنایی و راستەقینەیە بردووە، سەرەتا پەیوەندی خەلکی بەم وەسیتانەوە تەنها خۆشەویستی بۆ ئەو حەقیقەتە بووە کەلە ریگەی ئەمانە پێی گەیشتوون!!، نەوەک ئەمان سەرچاوەکەبن و وەلائیان بۆ ئەمانە بێت.
بەڵام مانەوەی زیاتری ئەمانە تێکەلبوونی نەریت و خواستی خودپەسەندی سەرچاوەکەیان لێڵکردووە جاری واهەبووە کە وەسیتەکە یان بکرێتە بەشێک لە سەرچاوە راستەقینەکە وەک ئەوەی مەسیح کرایە کوری خوا، یان وەسیتەکان خۆیان ببنە جێگرەوەی سەرچاوەی راستەقینەکە وەک ئەوەی لەزەمەنی فیرعەونەکاندا روویدا.. ئەم لێتێکەڵبوونەو ئەم شێوانی پەیوەندی وەسیت و سەرچاوە راستەقینەیە لای شوێنکەوتووان ئەو مۆتەیە بووە کە دواجار بوەتە هۆکاری کوێربوونەوەی کانی راستەقینەی حەقیقەتەکە.
دواجار لەمەوە دەتوانین بڵیێن کە دەروێشایەتی هەوڵێکی جوانی مرۆیی بووە بۆ گەران بە شوێن راستەقینەداو خەمێکی ئینسانی و ئازادی لەپشت هەنگاوەکانیەوە هەبووە، ئیتر تاچەندە توانیویەتی لەکوردەواری ئێمەدا خۆی بچەسپێنێى و بەدەم خواست و خەمی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواریەوە بێ؟! چەند لەمپەرو بەرگر لەبەردەمیدا بووە تاچەند توانیویەتی ئەوەی لەهەگبەیدایە ئەنجامی بدات و ئەو میکانیزمانەی چەندە گونجاو ئەرینی بوون کەلەگەڵ واقیعدا بێنەوە؟ چەندە ئاسایش و ماناکانی ئازادی بۆ رۆحی کۆمەڵگە لە رێگەیەوە گەراوەتەوە ؟ هەروەها چەندە وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بووە ئەوە زەمەن و مێژوو خەڵکەکەی با وەڵام بدەنەوە.
دووەم: پرسی دەروێشی پرسێکی ئینتیماییە یان وەلائیە؟
(ئینتیما) ئەگەر چی ئەم چەمكە لە كوردیا بەواتای (لایەنگر) خستویانەتە ناوبازاری وشەو نوسینەوە، بەڵام لەراستیدا ئەم كارە لاسەنگەو واتای لایەنگر پر بەپێستی چەمكی ئینتیما نیە، چونكە لە ئینتیمادا جۆرێك لە وابەستەیی ئەركەكی و كەتواری و یاسایی بوونی هەیە، واتە وشەی وابەستە گەر لەكوردیا واتاكەی بدەین بەدەستەوە دەكرێت بڵێین كە زیاتر وابەستەیی تاكە بەلای ئەوەدا كەدەیەوێت و هەیە لەناویدا چ مادی و چ مەعنەوی كە ئایا تاقمێكە یان لایەنێكە یان دەزگایەكی سیاسیە یان رۆشنبیری و هزریە. دەكرێت وابەستەیی (ئینتیما) بوونیش بۆ خێزان بۆ بنەماڵەو خێڵ و هۆز لەسەر بنەمای خوێن هەبێت. بۆیە لایەنگیری دەكرێت لایەنێكی سایكۆلۆژی و عەمەلی بێت وەك دەركەوتەی وابەستەیی (ئینتیما) دەربكەوێت و شوێنەواری هەبێت بەڵام لایەنگیری بریتی نیە لەمانای پربەپێستی ئینیتما بۆیە ئێمە لێرەدا لەبری ئینتیما چەمكی وابەستەیی، بەكاردەهێنین.نەك لایەنگیری.
بەڵام هەرچی چەمكی (ولاء- دۆستی) بەمانای نزیكی و خۆشەویستی و هاورێیەتی و پشتیوان و مەیل و سۆزداریي دێت، كەئەمانەش ئاماژەن بۆ بوونی پەیوەندیەكی رۆحی و دەروونی و سۆزی كە تاك پەیوەست دەكات بە دەستەیەكەوە یان دەزگایەكەوە یان پرۆژەیەكەوە یان بیرۆكەو ئایدیایەكەوە یان هەرشتێكەوە .. دیارە بەو پێیەش كەئەمە پەیوەندیەكی سۆزی و رۆحی و مەعنەویە لەسەر بنەمای رەزامەندیی و خودبژاریدایە.ئاماژەكانیشی دەرناكەون مەگەر لەرێگەی شوێنەوارو داكەوتەكانیەوە نەبێت، بەپێچەوانەی وابەستەیی (ئینتیما) كەلەسەر كۆمەڵێك هۆكارو ڕوداوی دیاریكراو زانراو دەوەستێت.
دەروێشایەتی پرسێکی وەلائی هەیە، دەکرێت چەندان کەسی چەند ئینتیمایی جیاواز کۆبکاتەوە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەوەی دەروێشی راستەقینە دەبەستێتەوە بە رێچکەو شێخەکەیەوە وەک وەسیت پرسی ئینتیما نیە بۆ شێخەکەی بەڵکو عیشق و خۆشەویستی نواندنێکی دەروێشە بۆ ئەو سەرچاوە ئیلهام و ئاسودەبەخشە رۆحیەی کە پێیگەیشتوە لەوێوە. هەر بۆیە ئەوەی بۆ شێخێک دەکرێت خۆشەویستی و وەلاء بۆ شێخەکە نیە لە راستیدا بەڵکو بۆ ئەو شوێنەیە کە شێخ توانیویەتی دەروێش بگەیەنێتە سەری و دەروونی تیا جێگیربکات و تەونی وەڵائی بۆ بچنێ لە هەست و شعووریدا.
سێیەم: کورد لەکوێدا پێویستە دەروێش بێت و پێویستە دەروێش بێت؟
ئەگەر بریار بێ دەروێشایەتی لە بنچینەدا وەسیلەیەک بێت بۆ تێکشکاندنی بتی خۆپەسەندی و جەهل و ستەم و نادادی و کوێرانە مونتەمی بوون و تەنها بەرژەوەندی خوازی ؟!! و هەوڵیک بێت کە لە رێگەی هەست و شعورى مرۆڤ ویستەوە داكەوتەو شوێنەواری پراكتیكی هەبێت، ئەوا نا هەژمارو نەناسراوە تاوەكو لە واقیع و كرداردا خۆی نومایان ئەكات وئافرێنەری دۆستایەتی دە بێ .
دەروێشایەتی ئەگەر ئەو دڵسۆزی و مەیلداریە بێ بۆ ئەوشتانەى کە ویستی خۆشەویستین و بەدووی چاکەی گشتیوەن، ئەوە شتێكی خۆرسك و خۆویستەو رەزامەندی وەرگرتوە لای خودەوەو نەسەپێنراوەو كەسیش ناتوانێت بیسەپێنێت و هەرکات بیەوێ دەرکەوتەی سەرسامکەری دەبێت!.
دەروێشایەتی ئەگەر دلسۆزی و سۆزداریەكی بێمەرج بێت، .بەومانایە بەهایەك بێت مرۆڤ بۆ خۆی و وەک هەستێکی خۆشەویستی و دۆستی لەپێناویدا بونیادی نابێ، ئەوا هەر گیز لەپێناو بەرژەوەندیەكدا ناچەمێت .
دواجار دەروێشایەتی راستەقینە هەستێکی دۆستایەتی تایبەتە بۆ سەرچاوەیەکی مەعنەوی (کەلای دەرویشەکانی ئیمە –خودا-یە) کە ئارامبەخشی دڵ و سوکنادەری ئازارو مەینەتەکانیانە، دەکرێ لەدەرەوەى دەروێشیشەوە ئەم هەستەهەر کەس بە ئاراستەیەكی دیایكراو جڵەوی بکات بۆ بابەتێك هەیبێ و ببێتە خاوەنی، وەك ئەوەی مرۆڤێك دۆستی و وەلائی بۆ نیشتمان یان بۆ نەتەوە، یان بۆ تاقمو پێڕێكی دیاریكراو یان بۆ كەسێك یان دامەزراوەیەك یان پرۆژەیەكی دیاریكراو یان پیشەیە یان بیرو ئایدیایەك. بۆیە تاکی کوردی دەکرێت دەروێشی راستەقینە بێت و عەوداڵی دۆزینەوەی حەقیقەت بێت، وابەستەی نەریـتێکی دیاریکراو نەبێت، وەلائی بۆ بنەما مرۆییەکان بێت و چوارچێوە ئینتیماییەکانی کۆت و دیلی نەکەن، ئازادی و شکۆو مرۆییەکەی نەیبەستنەوە بە بتی ئایدیۆلۆژیاو پارت ورەنگ و تاقم و بنەماڵەو بەرژەوەندی کەسی و هتد یەوە.
بۆیە کورد دەکرێت دەروێشی راستەقینە بێت بۆ ئەوەی ئەو روخسارگەرایی و موزەییەف و درۆو دەلەسەیەی ئەمرۆی بۆ خولقاندوە کەناتوانێت تام لەو بەهەشتە پرخەیرو جوانەی کوردستان بکات رزگاری بکات و دووری بخاتەوە لەکۆیلایەتی حیزب و دەستەو تاقمی بەرژەوەندی خوازی تەنها بۆخۆوە. دواجار کورد لەوجۆرە دەروێشایەتیە موزەیەفە دەبێ رزگاری بێ کە دەبێتەوە کۆیلە بۆ وەسیت و ئەوانەی ئاین و رێچکە دەکەنە خزمەت خۆیان و ئەوانی دەروێشیش مەقاش.!!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

كورد قه‌رزاى ته‌كیه‌ و خانه‌قاكانه‌

محەمەد فاتیح

لاى هه‌موان رونه‌ په‌یڕه‌وانى ئایینى ئیسلام له‌ نێو كورددا “به‌ده‌ر له‌سه‌له‌فى و وه‌هابى و توندڕه‌وه‌كانى دیكه‌” زۆر نه‌رمونیان و مرۆڤ دۆستن ، جیاواز له‌نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ كه‌ زۆربه‌یان به‌ توندى ئه‌و ئایینه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن .
بێگومان ئه‌و نه‌رمونیانیه‌ى له‌لایان كورده‌وه‌ به‌دیده‌كرێت بۆ په‌یڕه‌وكردنى ئایینى ئیسلام ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پیاوانى ته‌ریقه‌ت و ئه‌هلى ته‌سه‌وف ، كه‌ هه‌میشه‌ ته‌كیه‌ و خانه‌قاكانیان بنكه‌ى زانست و مه‌عریفه‌ و كۆڕى زانیارى و گۆرانى چڕین بووه‌ .

كه‌ڵه‌ زانایان و نوسه‌ران و رۆشنبیران و شاعیرانى كوردیش ، زۆربه‌یان مه‌لا بونه‌ و په‌روه‌رده‌ى حوجره‌ و ته‌كیه‌ و خانه‌قا بونه‌ ، یه‌كێك له‌و شاعیره‌ گه‌ورانه‌ش كه‌ تاكو ئێستاش له‌ژیاندا ماوه‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌ زۆر جار خۆى باسى ئه‌وه‌ ده‌كات : له‌ته‌كیه‌كه‌ى باوكى هێنده‌ گوێڕایه‌ڵى زانست و زانیارى و شیعر بوه‌ ، هه‌ر له‌وه‌ ته‌كییه‌وه‌ عاشقى شیعر بوه‌ ، به‌هه‌مان شێوه‌ هونه‌رمه‌ند میقداد كه‌ مه‌قامبێژێكى به‌توانا بوو له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق و جیهانى عه‌ره‌بیش له‌چاوپێكه‌وتنێكدا وتى : من له‌ ته‌كیه‌وه‌ فێرى مه‌قامبێژى بومه‌ و تاكو ئێستاش كه‌ ده‌چم بۆ ته‌كیه‌ له‌وێ مه‌قام ده‌چڕم ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ مامۆستا میقداد ئایین په‌روه‌ر نه‌بوو به‌ڵكو شیوعى بوو !
پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ بوه‌ستین ، هونه‌رمه‌ندێكى شیوعى له‌ ته‌كیه‌كدا كه‌ بۆ خواپه‌رستیه‌ مه‌قام ده‌خوێنێت و مه‌قام و گۆرانى ده‌ڵێت ، شاعیرێكى گه‌وره‌ش ده‌ڵێت : من به‌هۆى ته‌كیه‌كه‌ى باوكمه‌وه‌ عاشقى شیعر بووم !
ئه‌مه‌ و به‌ده‌یان چیرۆكى راسته‌قینه‌ى دیكه‌ش هه‌ن سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ، واتا ئێمه‌ى كورد به‌هۆى ته‌كیه‌ و خانه‌قا و حوجره‌كانه‌وه‌ زۆر به‌ شێوه‌یه‌كى جوان ئایینمان په‌یڕه‌وكردوه‌ و شیكردنه‌وه‌مان بۆ كردوه‌ ، به‌ڵام له‌ئێستادا جۆره‌ها بیر و بیرۆكه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتى توندڕه‌وى تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واى بووه‌ و خه‌ریكه‌ ئێمه‌ش پشت له‌ خانه‌قا و ته‌كیه‌ و حوجره‌كان ده‌كه‌ین كه‌ فێرى زۆر شتى جوانى كردوین ، له‌هه‌موى جوانتر ، رێزگرتن له‌ مرۆڤ و له‌ بیروباوه‌ڕ و بیروبۆچونه‌ جیاوازه‌كان !
كه‌چى ئێستا له‌م سه‌رده‌مى عوله‌مه‌یه‌دا ، هێنده‌ى ته‌كیه‌ و خانه‌قا و حوجره‌كانمان پێناكرێت و سوكایه‌تى به‌یه‌ك ده‌كه‌ین و خه‌ریكه‌ شیرازه‌ى مرۆڤ بونیش ببچڕین !
ئێمه‌ قه‌رزارى ته‌كیه‌ و خانه‌قا و حوجره‌كانین ، هه‌تاكو ئه‌وان پێشڕه‌وێتى ئایینیان ده‌كرد له‌ كوردستان ، خه‌ڵكى ئازاد و سه‌ربه‌ست ده‌ژیا ، كه‌س مه‌لعونى نه‌ده‌كردین و نه‌ینه‌ناردین بۆ دۆزه‌خ و هێنده‌ش وه‌كو ئێستا دواكه‌وتو نه‌بوین !

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان