ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پۆستەكەی هەڤاڵ ئەبوبەكر دەدرێتەوە بە یەكێتی؟

خەڵك- بەشی هەواڵ

بە نافەڕمی باسی ڕادەستكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی كراوە لە گۆڕانەوە بۆ یەكێتی، چونكە بەشێك لە یەكێتییەكان پێیانوایە گۆڕانیش وەك یەكێتی دوو ساڵی خۆی تەواو كردووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بۆچونە لای بەشێكی زۆری كادیرانی یەكێتی دروستبووە بۆ گەڕانەوەی ئەو پۆستە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەریەك لە پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك گۆڕان و بڕیاریش هەیە زۆربەی بەرپرسەكانی سنوری سلێمانی بگۆڕێن.

كەریم عەلی، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بابەتە تائێستا بەفەڕمی قسەی لەسەر نەكراوە و نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا.

وتیشی”ئێمە پابەندی بڕیاری سەركردایەتی گۆڕانین و ئەوان پێشتر لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوتوون لەسەر پارێزگار، بەڵام ئێستا هیچی تازە نییە و ئەگەر بشكرێت، ئێمە پشتیوانی بڕیاری گۆڕانین”.

ڕێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تائێستا بڕیاری تازەی یەكێتی بە فەڕمی نییە بۆ ئاڵوگۆڕی پارێزگار.

یەكێتی و گۆڕان لە كۆتایی ساڵی 2014 دا ڕێككەوتن لەسەر پارێزگار، بەشێوەیەك دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی و دوو ساڵی دووەم بۆ گۆڕان بێت و بەوەش كۆتایی ساڵی 2016 پۆستەكە بەر گۆڕان كەوت، بەڵام بەهۆی داننەنانی گۆڕان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ كۆتایی ساڵی 2017 دواكەوت.

کوردستان

حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی وڵاتان و ڕێكخراوەكان دەكات

خەڵك-ئارام سەردار
ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٥ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۹ حكومەتی هەرێم لەگەڵ كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان تایبەت بەڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان كۆبووەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لەباری ئەگەری هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، پەیامی حكومەتمان گەیاندە كۆنسوڵخانەكان و ئەو هاوكاری و پێویستیە مرۆییانەی پێویستن و ئامادەكاریان، كە پێویستە لە ڕووی مرۆیی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكەن.

دەشڵێت: “وەك حكومەت پێمان باش بوو، كە كونسوڵخانەكان و نوێنەری دیبلۆماسی وڵاتان هاوكاربن و پەیامی حكومەت بە ڕوونی پێیان بگات، تاوەكو ئەوانیش ئەم داواكاریانەی ئێمە ئاڕاستەی وڵاتەكانیان بكەن و وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.

بەوتەی جوتیار عادل، “بۆ هاوكاری ئاوارەكان و پەنابەران وەكو حكومەت تا توانامان هەبێت هاوكار دەبین و پێویستییەكانیان بۆ دابین دەكەین، بەڵام بەهۆی سنورداربوونی توانای حكومەت داوا لە هەموو لایەك دەكەین لە كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی و ڕێكخراوەكان هاوكارمان بن، لەگەڵ حكومەتی عیراقیش گفتووگۆمان كردوە و پلانێكی باشمان داناوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، چاوەڕوانیشین وەڵامی وڵاتان ئەرێنی بێت”.

وتیشی، “پێشبینی دەكەین لە ٥٠ هەزار بۆ ٢٥٠ هەزار كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببن، تاوەكو ئێستاش نزیكەی ٢٠٠ خێزان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و بە پێی پێویست هاوكارمان كردون، وەك هەرێمی كوردستانیش لە هەر چوار پارێزگا ئامادەكاریان كردوە بۆ پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی فشارێكی گەورەمان لەسەرە وەك حكومەت و داوای هاوكاریمان لە وڵاتان كردوە، ئێمەش ئامادەین ئەوەی لەتوانادابێت هاوكاری ئاوارەكان بكەین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

خوێندنی باڵا كرێی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان كەم كردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی باروگوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لەبەر ڕۆشنایی كارنامە و پلانی حكومەت و وەزارەتەكەمان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان (ئەهلی) كرێی خوێندن بەڕێژەی (٢٥%) كەم دەكرێتەوە.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێ شەممە (١٥/١٠/٢٠١٩) لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك و نوێنەری زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە هەریەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەشێك لە زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان كواڵێتی خوێندن و ئاستی زانستیان باشە و جێگەی ڕەزامەندی وەزارەتەكەمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوەیە گرنگی زیاتریان پێبدرێت، هیوادارین زانكۆكانی تریش ئەم ئەزموونی پێشكەوتن و بەرزكردنەوەی كوالێتی بەهەند وەربگرن و ژینگەیەكی لەبارو گونجاو بۆ فێرخوازانی هەرێمەكەمان بڕەخسێنین.

ڕاشیگەیاند، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پلانی وەزارەتەكەمان پێداچونەوە بە كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان لە ئەولەویاتی كارەكانمان بون، بۆ ئەمەش لە خوێندنی حكومی (پارالێل + ئێواران) كرێی خوێندن لە (٤٥%) كەمكرایەوە.

ئاشكراشی كرد، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە ئەنجومەنەكە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردرانە، بڕیاردرا كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بەڕێژەی (٢٥%) كەمبكرێتەوە.

وتیشی، “سوپاسی ئەو زانكۆ و پەیمانگە تایبەتانە دەكەین، كە لەلایەن خۆیانەوە كرێی خوێندنیان بەڕێژەیەك كەمكردۆتەوە و ڕەچاوی بارو گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان كردوە، كە ئەمەش لای ئێمە جێگەی دەستخۆشیە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بكوژی هەڤرین خەڵەف و هاووڵاتیە كوردەكانی ڕۆژئاوا ئاشكراكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، حاتم ئەبو شەقرا بكوژی هەفرین خەلەف و هاووڵاتیانی مەدەنی ڕۆژئاوای كوردستانە.

مستەفا بالی، وتەبێژی هەسەدە لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “حاتم ئەبو شەقرا 9 هاووڵاتی مەدەنی ڕۆژئاوای كوردستانی بە چەكی ئێم فۆڕ كوشتووە، جگە لەوەش بكوژی هەڤرین خەڵەف، سەرۆكی پارتی داهاتووی سوریاشە”.

ئاشكراشی كردووە، “حاتم ئەبو شەقرا پێشتر یەكێك بووە لە چەكدارەكانی ڕێكخراوی قاعیدە و ئێستاش لە ڕیزی سوپای بەناو نیشتیمانی سوریایە، كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە پشتگیریان دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو هێزە بانگەشەی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە دەكات”.

ماوەی هەفتەیەكە هێرشی داگیركاری سوپای توركیا و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك شەڕڤان و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان