ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

“هەرێم و ناوەند دان بە زانكۆكانی یەكتردا دەنێن”

خەڵك – بەشی هەواڵ

بە مەبەستی چارەكردنی كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان لە نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیارە لیژنەیەكی حكومەتی ناوەند سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.

محەمەد شاكر پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی فەڕمیی حزبەكەی ڕاگەیاندووە: “دوای چەندین هەوڵی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەران، توانیویانە كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكەن، حكومەتی عیراق بڕیاریداوە دان بە 9 زانكۆی هەرێمی كوردستاندا بنێت، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سێ لیژنە پێكهاتوون و بڕیارە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری كوالێتی خوێندن و ئاستی زانستیی ئەو زانكۆیانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، هەر كاتێك مەرجی یاسایی لەو زانكۆیانەدا هەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دانیان پێدا دەنێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنحومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشیخستووەتەڕوو: “لە بەرامبەر دانپێدانیان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاریداوە دان بە چوار زانكۆی ئەهلی لە كەركوك و موسڵ بنێت، چونكە بە هۆی كەمیی دەوام و نەبوونی مەرجی پێویستەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دانی بەو چوار زانكۆیەدا نەدەنا، بەڵام كێشەكە چارەسەركراوە”.

محەمەد شاكر ڕوونیشی كردووەتەوە، “چارەسەركردنی كێشەی دانپێدانانی زانكۆكان سوودی بۆ هەردوولا دەبێت، چونكە لەلایەك دان بە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا دەنرێت و لەلایەكی تریشەوە چارەسەركردنی كێشەی ئەو چوار زانكۆیەی لە كەركوك و موسڵ هەن، لە بەرژەوەندیی قوتابیانی هەرێمی كوردستاندایە، لەبەر ئەوەی زۆرێك لە دەرچووان و قوتابییەكانی ئەو چوار زانكۆیە، خەڵكی هەرێمی كوردستانن”.

عێراق

سائیرون: حەلبوسی دژی هەڵبژاردنی پێشوەختە

خەڵك – بەشی هەواڵ

هاوپەیمانی سائیرون، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە پەكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت و یاریكردن بە كات تۆمەتبار دەكات.

هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێگرە لە بەردەم تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بە ئامانجی مانەوەی لە پۆستەكەیدا.

هاوپەیمانی سائیرون ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هیچ ئیرادەیەكی سیاسی ڕاستەقینە نابینن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، جێگەی سەرسوڕمانیشە كە محەمەد حەلبوسی بە ئاشكرا پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، بەڵام بە نهێنی لە دژیەتی و نایەوێت بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن جەخت لە بەهێزكردنی پێگەی عیراق دەكەنەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمڕۆ 8/8/2020، لە كۆشكی بەغدا، پێشوازیكرد لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەكییەكانی وڵات و چۆنیەتی بەرزكردنەوە و بەرەوپێشبردنی بۆ ئاستێكی بەرزتر لەگەڵ وڵاتان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی بەهێزكردنی پێگەی عیراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كردەوە، تا عیراق ببێتە بەشێك لە ڕەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگی بونیادنەر بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە نیوان وڵاتانی ناوچەكەدا، ھاوكات دوپاتیشیكردەوە لەگرنگی ڕۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی عیراق لە كاروانی پەیوەندییە دەرەكییەكان، بەجۆرێك ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئاشتی و پێشكەوتن لە نێوان گەلان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لەو دیدارەدا دواین پێشهاتەكان لەسەر ھەردوو ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و كاریگەریان لەسەر گۆڕەپانی عیراق تاووتوێكرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عیراق؛ لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 3 هەزار و 325 حاڵەتی نوێ و 78 مردن تۆماركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ڕایدەگەیەنێت ، بەردەوام ژمارەی تووشبووان كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە و ئەمڕۆ شەممە 3 هەزار و 325 كەس تووشبوون و 2 هەزار و 307 كەسیش چاكبوونەوە 78 كەسیش گیانیان لە دەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2020 پشكنین بۆ 17 هەزار و 125 ئەنجامدراوە و 3 هەزار و 325 كەس ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیف دەرچوون، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون و 104 كەسیش لە سلێمانی و هەولێر 259 توشبوو تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاندووە ، هەر ئەمڕۆ 2 هەزار و 325 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەوە، كە زۆرینەیان لە بەغدا بوون هاوكات 78 حاڵەتی مردنیش بەو ڤایرۆسە تۆماركرا.

ئاشكراشی كردووە، كۆی گشتی تووشبووان بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 147 هەزار و 389 كەس و چاكبوونەوەش 105 هەزار و 504 كەس و مردنیش 5 هەزار و 310 كەس و دەشڵێت:” هێشتا 36 هەزار و 575 كەس لەژێر چاودێری پزیشكیدان و 577 توشبوون لە چاودێری چڕدان”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان