نرخی نەوت دابەزی بەڵام بەنزین هەرزان ناكرێت



سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی و بوونی بەنزینی 800 دیناری حكومی و كەم بوونەوەی خواست لەسەر بەنزین بەهۆیی نەمانی وەرزی گەرماوە، بەڵام نرخی بەنزین لە هەرێم لەجیاتی هەرزان كردن، گران دەكرێت.

ئەمڕۆ شەممە 26-11-2022، جارێكی دیكە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی ڕووی لە دابەزین كرد و نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت دۆلارێك و 37 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزی.

هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساس، بۆ ماوەی 3 هەفتەی بەردەوامە لە ئاستی هەفتانەدا دابەزین بەخۆیانەوە دەبینین، بەوپێیەی لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 3.8٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە ڕێژەی 3.9٪ دابەزیون.

محەمەد، كە شۆفێرە لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی و هەروەها كەم بوونەوەی بەكارهێنانی بەنزین بەهۆی ئەوەی ئێستا تەبرید بەكارناهێنرێت، بەڵام نرخی بەنزین گرانە و هەرزان ناكرێت.

وتیشی، “لە دوو هەفتەی ڕابردوودا 50 دینار لە نرخی بەنزین داشكێنرا و لیترێك نۆرماڵ بوو بە 925 دینار و موحەسەن 1125 دینار، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی نرخی نەوتی جیهانی بەرزببێتەوە، هەفتەی پێشوو نرخی بەنزین 50 دینارەكەی خرایەوە سەر و گران كرایەوە”.

گران كردنەوەی نرخی بەنزین لەكاتێكدایە، كە چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆش جارێكی دیكە دابەزیوە و نرخی بەرمیلێك لە 80 دۆلار نزیك بۆتەوە.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین نییە و بەنزین لە دەرەوە كەم دێت و ئەوەی هەیە زیاتر ناوخۆییە، بۆیە نرخەكەی گرانە.

كاروان، كە شۆفێرێكە لە سلێمانی و ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بە غاز بۆ (خەڵك) دەڵێت: “گرانی نرخی بەنزین كاریگەری لەسەر هەموو شتێك دروست كردووە و كەس ئامادە نییە نرخی بەنزین هەرزان بكات لەكاتێكدا نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین”.

وتیشی، “ئەگەر گرانی بەنزین هۆكاری بەرهەمی ناوخۆبێت، خۆ ئێستا 3 پاڵێوگە لە هەرێم هەیە و حكومەتیش بەنزینی بە 800 دینار لە زۆربەی بەنزینخانەكان خستۆتە بەردەست، كەوایە بۆ گرانە؟”.

دابەشكردنی ئارد بەسەر هاووڵاتیانی هەرێم دەستی پێكرد
پێشت دابەشكردنی ئارد بەسەر هاووڵاتیانی هەرێم دەستی پێكرد
بەنداوێكی هەرێم سەرڕێژی كرد
دواتر بەنداوێكی هەرێم سەرڕێژی كرد