ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

قوباد تاڵەبانی: حوكمڕانی باش ڕێگر دەبێت لە پەلكێشانی تیرۆر

خەڵك – بەشی هەواڵ

قوباد تاڵەبانی لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕایگەیاند، حوكمڕانی باش و ڕەشید ڕێگر دەبێت لەپەلكێشان و تەشەنەكردنی تیرۆر.

لەو دیدارەدا قوباد تاڵەبانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە 11/9/2019، دۆخی ئێستای ناوچەكەی بۆ بەشدارانی دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕوونكردەوە و باسی لەوەكرد بەشی زۆری یاخیبوون و توندڕەوی عیراق و ناوچەكە سەرچاوەكەی هەست بە پەراوێزخستن و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی ژیانە و بەحومكڕانی تەندروست و ڕەشید دەكرێت پێشی پێ بگیڕێت.

ھەروەھا تاڵەبانی ئەوەی ڕوونكردەوە، كە ئەوان پشتیوانی هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەهدی دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی عیراق و ڕاستكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی بەركار لە عیراق.

پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند: بەمەبەستی بەشداریكردن لە دیداری زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت، ئەمڕۆ 11/9/2019، قوباد تاڵەبانی سەردانی لوبنانی كردووە، جگە لەوەش سەردانەكە هەندێك دیداری سیاسی و چالاكیتر لەخۆدەگرێت.

کوردستان

گۆڕان: بەشداریکردنمان لەحکومەت، بەمانای وازهێنان نییە لەڕەخنە و بۆچوونەکانمان

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، سورین لەسەر هەموو ئەو دروشم و بەرنامانەى هەمانبوە و فشار دروست دەکەین بۆ جێبەجێ کردنیان، دەشڵێت: “کاتێک لەبرى باشبونى موچە دۆخەکە خراپ بێت، بێگومان خەڵک رەخنە دەگرێت و رەخنەکانیش رەوایەتى خۆیان هەیە”.

عەدنان عوسمان وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆى دەنگى گۆڕان ڕایگەیاند، بەشداریکردنى هەر هێزێکى سیاسى لە حکومەت، بە ماناى وازهێنانى لە بەرنامەکانى رابردوى نییە.

 

وتیشى: “بزوتنەوەى گۆڕان لەپێناو بەرەو پێشبردنى بەرنامەکانى، بەشدارى لە حکومەتدا کردوە، ئەم بەشداریکردنە بە ماناى وازهێنان لە رەخنە و بۆچونەکانى رابردو و قسەکانمان نییە، ئێمە سورین لەسەر هەموو رەخنە و دروشمەکانمان و دەمانەوێت هەموو ئەوانە بەرجەستە بکرێت و بکرێتە کردار، بزوتنەوەى گۆڕان بە بەرنامە و پاکێجى خۆیەوە چوەتە دەسەڵات و کاریان لەسەر دەکات”.

لەبارەى ئەو رەخنانەى لە بزوتنەوەى گۆڕان دەگیرێت، عەدنان عوسمان رایگەیاند، بەشێک لە رەخنەکان بریتى بووە لەوەى کە بزوتنەوەکە پەیامى چاکسازى و دادپەروەرى و بەدامەزراوەیى کردنى دامودەزگاکانى هەبووە، بەڵام لە بەشداریکردنى ئێستا و پێشوى لە حکومەتدا، ئەگەر تەماشاى واقعى کوردستان بکەین بەو شێوەیە نەبوە کە ئێمە ویستومانە، هێشتا ئەو قۆناغە گرنگانەى کە پێویستە رەنگدانەوەى هەبێت لەسەر ژیانى خەڵک و هەرێمى کوردستان و دامەزراوەکان، بەوشێوەیە نەبوە.

دەشڵێت: “بزوتنەوەى گۆڕان بەرامبەر رەخنەکان لەسەر دوو ئاست قسەى خۆى هەیە، یەکەم؛ ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین لە حکومەت و پەرلەمان و حکومەتە خۆجێیەکان و پەیوەندیە سیاسیەکانمان لەگەڵ لایەنەکانى بەشدار لە حکومەت، بۆ ئەوەى هەنگاوى خێرابنرێت و فشار دەکەین. بوونى ئێمە لە حکومەت بەهێزبوونى فشارەکەیە و نەبوونى ئێمە لاوازبوونى فشارەکەیە.
دوەم؛ چارەسەرى (29) ساڵى گەندەڵى و نادادپەروەرى و بێ سیستمى کاتى دەوێت، هەبوونى فشار و دانانى کات بۆ جێبەجێ کردنى بەرنامەکان گرنگە، بەڵام هەندێک هەنگاو دەرفەتى دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا خوازیارى ئێمە ئەوەیە بەشێکى زۆر لە پرسەکان بە زوترین کات چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى، خەڵک مافى خۆیەتى کە دەیەوێت لە ماوەیەکى کەمدا چارەسەرى پرسە گرنگەکان رەنگبداتەوە لە ژیانیدا، کاتێک لەبرى باشبونى موچە دۆخەکە خراپ بێت، لەبرى ئەوەى پەرلەمان بەرەو بەهێزى بڕوات؛ لاواز ببێت، بێگومان رەخنە دەگرێت و رەخنەکان رەوایەتى خۆیان هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

توركیا شەهیدكردنی دوو گەریلای راگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی سوپای توركیادا، دوو گەریلای پەكەكە لە ناوچەی ئاڤاشین لە هەرێمی كوردستان كوژراون.

لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی بۆسەر ناوچەی ئاڤاشین، دوو گەریلای پەكەكە كە لە ئامادەكاریدابوون بۆ ئەنجامدانی هێرش شەهید كراون.

لە راگەیەندراوەكەدا، جەخت لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكان كراوەتەوە.
تاكو ئێستا هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە هیچ رونكردنەوەیەكی لەبارەی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی بەرگری توركیاوە نەداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەرێمی كوردستان هەل بۆ وەبەرهێنەرە ئیسپانییەكان دەڕەخسێنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق خوان خوسیە ئیسكوبار و شاندێكی بازرگانیدا كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختیكردووە لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیسپانیا بە تایبەت لەلایەنی ئابووری و بازرگانییەوە.

وتیشی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی سەرجەم پشتیوانی و كارئاسانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی ئیسپانی بۆ رەخساندنی هەلی كار و وەبەرهێنان لە هەرێم و بەشداریكردن لە كەرتی ئابووری لە كوردستان.

هەردوولایەن تاوتوێی رەوشی گشتی ناوچەكە، پرۆسەی سیاسی عێراق، پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكانیان، ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسییەكانی تیرۆر و دۆسێ گرنگەكانی دیكەیان كرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان