ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

بڕیاری لابردنی بورجی ئینتەرنێتی سەر ماڵان دەركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
حكومەتی عیراق بڕیار دەدات بە لابردنی بورجەكانی تایبەت بە ئینتەرنێت، كە لەسەر خانوو و باڵەخانەی هاووڵاتیان دانراون.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانی گشتی، كە ئاڕاستەی خاوەن بورجەكانی ئینتەرنێت كراوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، بڕیار دراوە بە لابردنی ئەو بورجانەی ئینتەرنێت، كە لەسەر خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان دروست كراوە.

بەپێی نووسراوەكە، كە ئەمڕۆ 11ی ئەیلول دەركراوە، بڕیار دراوە خاوەنی ئەو بورجانەی ئینتەرنێت (كۆمپانیاكان) لە ماوەی 3 ڕۆژدا لە بەرواری ئاگاداربوونیان بە بڕیارەكە، بورجەكان لابەرن.

ئابوری

لە سلێمانی هۆڵی لەشجوانی فتنس داخرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی پابەندنەبون بە جێبەجێكردنی ڕێنمایەكانی خۆپارێزی لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت هەردوو فتنس-ی سلێمانی دادەخات و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكاتەوە‌.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبونی بەو ڕێنماییانەی لەلایەن ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی، بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە بڵاویكردەوە، لەلایەن لیژنەی مەلەوانگە و شوێنە وەرزشییەكانی قائیمقامیەت‌ هۆڵی لەشجوانی فتنسی سلێمانی (یەك، دوو)‌ دادەخرێت.

وتیشی، “بەمەبەستی خۆپارێزی و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەكە، ڕێنمایی بڵاوكردۆتەوە و جەختی لە داخستنی مەلەوانگە، هۆڵی لەشجوانی، گەیم سەنتەرەكان كردۆتەوە، چونكە ئەم شوێنانە دەبێتە هۆی دروستبونی قەرەباڵغی”.

ڕاشیگەیاند، لیژنە هاوبەشەكان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی چاودێری وردی هەموو ئەو شوێنانە دەكات، لەكاتی كردنەوەی شوێنەكە، دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، هۆڵی لەشجوانی فتنس-ی سلێمانی (یەك، دوو) دادەخرێت و بەهۆی سەرپێچیكردنیشەوە خاوەنەكەی ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ڤایرۆسەكە، 5 تریلیۆن دۆلار زیانی لەبازاڕەكانی جیهان داوە

لوقمان غەفوور

بەهۆی ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) پشكی بازاڕەكانی جیهان داڕمانی گەورەی بەخۆیەوە دیوە، ئەمە ئەو ترسەیە كە ئابووریناسانی ئەمریكایی دوو مانگە سەرقاڵكردووە و ئەم هەفتەیە بە خراپترین هەفتە دانراوە لە دوای قەیرانی ئابووری جیهان لە ساڵی 2008 ەوە. تێكڕاش زیانی تۆقێنەرەكە (COVID-19) بە پێنج تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

بەپێی هەواڵێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی چاپی ئەوروپا، قەیران دەبینرێت و هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ پێچەوانەكردنەوەی ئەو قەیرانە لەكاتێكدا بازاڕی سەرەكی ئەوروپا سەرلەبەیانی ڕۆژی 28ی فێبریوەری بە ڕێژەی %3 دابەزینی تری بەخۆیەوە بینی. هەموو چاوەكانیش لەسەر ئەمریكان كە بتوانێت سەلامەتی بازاڕی جیهان ڕاگرێت بە ناردنی قەواڵە داراییەكانیی كە ببێتە هۆیەك بۆ پاراستنی جیهان لەمكاتەدا.

ئومێد دەكرێت دەردەكە لە مانگی مارچ-دا كۆتایی بێت و چالاكی ئابووری بەخێرایی گەشەبكاتەوە بۆ سروشتی خۆی.

وۆل ستریت جۆرناڵ نووسیەتی، ئێستا گرەوەكە لەسەر ئەوەیە یەدەكی فیدراڵی (دەستەیەكی بانكی فیدراڵییە لە ئەمریكا كارەكانی بانكی ناوەندی ڕێكدەخات و ساڵی 1913 دامەزراوە) لە نزیكترین كاتی مانگی داهاتوودا ڕێژەی نرخی سوودەكانی ئەمریكا كەمكاتەوە و چاودێری بانكە ناوەندییەكان بكات لەم نەخۆشی ئابوورییەدا لەماوەی قەیرانەكە و لاوازبوونی جیهاندا.

جۆن لاو سەرۆكی پشكەكانی ئاسیا لە بانكی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئێس ئی ئای بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریكا بە ئێن بی سی نیوز-ی ڕاگەیاند:” وەبەرهێنەران هەوڵدەدەن نرخەكان دیاریكەن لە خراپترین سیناریۆدا و ترسی گەورە ئەوەیە چی لە بازاڕی ئەمریكا ڕوودەدات و بازاڕەكانی دەرەوەی ئاسیا ڕوودەدەن”.

لەناوبردنی هاتوچۆكردنی نێودەوڵەتی لەنێوان وڵاتاندا، زیاتركردنی بەربەستەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان تەنگی بەئابووری جیهان هەڵچنیوە.

بەهۆی نەخۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس، كە چین سەرچاوەكەیەتی، بازاڕەكانی جیهان زیانی گەورەیان بەركەوتووە، لەكاتێكدا تا ڕۆژی 28ی فێبریوەری نەخۆشییەكە لە جیهاندا 84 هەزار و 112 كەس تووشی بووە و 2 هەزار و 876 كەسیش مردوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بووە”

خەڵك- بەشی هەواڵ
مانگی شوبات-ی 2020 كۆتایی دێت و هێشتا بەشێكی زۆری فەرمانبەران مووچەی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و میدیاكانی پارتیش زانیاری جیاواز بڵاودەكەنەوە و هەندێكیان دەڵێن، “بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی دارایی عیراق كێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست كردووە و سیاسی نییە” و هەندێكی دیكەشیان دەڵێن: “بابەتەكە سیاسییە”.

د.ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی پێنج شەممە 27ی شوبات، لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عێراق دیدارم هەبوو لەسەر دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و پێی ڕاگەیاندووە، كە بابەتەكە كێشەیەكی ئیداری بووە، كە بەهۆی بەڕێوەبەرێكی گشتی دروستكرابوو.

دەشڵێت: “وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندم، فەرمانەكە دەرچووە و كێشەكە چارەسەر بووە و دڵنیایی دایە فەرمانبەران پارە دەنێردرێ”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق، كە لەفراكسیۆنی پارتی-یە دووپاتی كردەوە، “كێشەی سیاسی نییە و هونەری بووە”.

بەڵام دەزگای میدیایی (خواكوڕك) بڵاویكردۆتەوە، “بۆ جارێكی تر مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دواخراوە، سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن بەغدا ئەو پارەیە وەك گوشار دژی كورد بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی هەرچی بیەوێـت بە كورد بيكات”.

دەشڵێت: “بڕیاردەری لێژنەی دارایی هۆكاری دواكەوتنی مووچە و بودجەی كوردستانی بۆ هۆكاری تەكنیكی گەڕاندۆتەوە، بەڵام سەرچاوە سیاسیەكانی بەغدا ئاشكرای دەكەن، كە بەئەنقەست مووچەى كوردستان ڕاگیراوە و وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنرێت دژی كوردستان”.

لە ساڵی ڕابردوودا بەغدا و هەرێم ڕێككەوتن بۆ ساڵی 2020 بەرامبەر بودجە و مووچەی هەرێم، ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عیراق بكرێت، بەلام مانگی شوبات كۆتایی هات و هیچ بڕە نەوتێك نەدراوە بە عیراق و لای خۆشیەوە لیژنەی دەستپاكی پەڕلەمانی عیراق داوا لە حكومەت و وەزارەتی دارایی دەكات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگرن بەهۆی ئەوەی نەوتیان ڕادەست نەكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان