ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ژنێكی گەنج لە بۆكان ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا

خەڵك – بەشی هەواڵ
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، ژنێكی لاوی خەڵكی بۆكان، كە پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بە هۆی قووڵی برینەكانیەوە گیانی لەدەستدا، دەشڵێت: “بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ناوبراو ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو”.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوار شەممە 11-9-2019 ژنێكی خەڵكی بۆكان بە ناوی (بەیان كەریمی) بە هۆی سووتانەوە لەنەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.

ڕاشیگەیاندووە، بەیان كەریمی دایكی منداڵێكی تەمەن ٤ ساڵانە، دوو ڕۆژ پێشتر بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

ئەمە لە كاتێكدایە، بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩وە لانیكەم ٩٥ ژن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

کوردستان

بەرپرسێكی یەكێتی: داعش جموجۆڵی دەستپێنەكردووەتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە بەهۆی شەڕی داعشەوە بۆشایی ئەمنی بۆ داعش دروستبووە و چالاكییەكانیان زیاتر بووە لە سوریا و چەند ناوچەیەكی عیراق، بەتایبەتی لە ناوچەكانی موسڵ، بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە.

ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەكدارانی داعش چالاكیان زیادینەكردووە و بەمەبەست پارتی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكاتەوە، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی بۆ نزیك مەخمور.

وتیشی”داعش بە ئاشكرا لە ناوچەكەدا هەن و هاوپەیمانانیش هاوكاریان دەكەن، پێشمەرگەش ناتوانێت ڕێگرییان لێبكات، بەڵام ئەوەی چالاكییان زیادی كردبێت، ڕاست نییە”.

ساڵی ڕابردوو پێشمەرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتێكی سەربازییان بۆ سەر چیای قەرەچۆغ دەستپێكرد بۆ دەستگیركردن یان كوشتنی چەكدارانی داعش و بەهۆیەوە چەند پێشمەرگەش شەهید و برینداربوون.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ڕونیكردەوە، هەڵمەتە سەربازییەكان ئەگەر بكرێن لە ناوچەكەدا بە فەرمانی ئەمریكا دەكرێت و ساڵی ڕابردووش بەهۆی ڕەچاونەكردنی ڕێنماییەكانی ئەمریكاوە چەندین پێشمەرگە شەهید و برینداربوون و ئێستاش ئەمریكا لەگەڵ بوونی داعشدایە لە ناوچەكەدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوەی دووهەم بۆ پرۆژەیاسای تاپۆكردنی زەوییە بێتاپۆكان دەكات

خەڵک-ئارام سەردار
بڕیارە لەدانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹ په‌ڕله‌مانی کوردستان
خوێندنەوەی دووەم دەكرێت بۆ پێشنیازی یاسای (بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەركراوە لە سنووری شارەوانییەكان)، فڕاكسیۆنی پارتیش پێشنیاریەکانی خۆی لەسەر ئەو پێشنیازە یاسایە دەخاتەڕوو.
پێشه‌وا هه‌ورامی بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشنیازی یاسای (بە خاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەركراوە لە سنووری شارەوانییەكان)، پرۆژه‌یه‌كی گرینگە ‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و ڕێكخستنی شاره‌كان ، دیاری كردنی زێده‌ڕۆییه‌كان.

دەشڵێت، میکانزمی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ دوای ده‌رچونیه‌وە دەبێت، بەڵام لێمان ڕوونە سەرجەم ئەو زەویانەی کەوا بەشێوەی زێده‌ڕۆ خانوویان لەسەر دروست كراون خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تن، بەپێی پێشنیازە یاساییەکە خەڵکەکە دەبن بەخاوەنی خانووی خۆیان و لەسەریان تاپۆ دەکرێت، ئامانجێکی تری پێشنیازە یاساییەکەش ڕێكخستنەوە و گه‌شه‌پێدانی شاره‌كان دەبێت بەشێوەیەک‌ داهاتی وەرگیراو بەپێی یاساکە کە دیاری كراوه‌ دەبێتە هۆی دابینکردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و شوێنانه‌، کە لەئێستادابەشێکی زۆری ئەو شوێنانە خزمەتگوزاریان نیە، بەتایبەت دروستکردنی ڕێگا و قووتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ .

سەبارەت بەپێشنیارەکانیشیان وتی “داوامان کردووە کەس و کاری شەهیدان و برینداران و پەککەوتوانی شەڕ لە باج و ڕسووماتی ئەو یاسایە ببەخشرێن و لەهەمان کاتدا یاساکە كه‌مترین بارگرانی مادی له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروست بكات و ڕەچاوی گوزەرانی هاوڵاتیان بکرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەقینەوەیەك لە قامشلۆ ڕوویدا

خەڵك –بەشی هەواڵ

كەمێك لەمەوبەر تەقینەوەیەك لە شاری قامشلۆ ڕوویدا.

بەپێی سەرچاوەكان، تەقینەوەیەك لە شاری قامشلۆ ڕوویداوە كە خۆكوژی بووە بەهۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بووە.

تەقینەوەكە لە نێو بازاڕی شارەكە ڕوویداوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ئامارێك لە بارەی زیانە گیانی و ماڵییەكانەوە بڵاونەكراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان