ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

پێنج خاڵی گرنگ، دووبارە “خامێس” دەگەڕێننەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی ڕیاڵ مەدرید !

خەڵک سپۆرت

جەیمس ڕۆدریگێزی کۆڵۆمبی لەهاوینی ٢٠١٩ بەفەرمی لە یانەی بایرن میونشنەوە گەڕایەوە بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید، تەنها لە یەک گەڕی خولی ئیسپانیا بەشداری کردووە و میدیاکانی ئیسپانیا چاوەڕوانی زیاتری لێدەکەن.

ڕۆژنامەی “مارکا” ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژە بە ئاستی ئەستێرەکەی کافیتیرۆس دەکات و نوسیویەتی: خامێس لەم هاوینەدا هەوڵی زۆریداوە تا دووبارە توانا جەستەیی و هونەریەکانی بگەڕێنێتەوە، بەڵام هێشتا ئەوەی کردویەتی پێگەیەکی سەرەکی بۆ مسۆگەر ناکات و نایکاتەوە بە ئەستێرەکەی جاران، بەڵکو زینەدین زێدانی ڕاهێنەری فەرەنسی داواکاری زۆر زیاتری هەیە و دەبێت لەماوەی ئەم وەرزەدا یاریزانەکە سەرجەمیان جێبەجێ بکات، دوابەدوای پێکانی ئامانجە سەرەکیەکان دەکرێت ڕاهێنەرە فەرەنسیەکە دووبارە لەپێکهاتەی سەرەکیدا تێهەڵکێشی بکاتەوە.

ئەو خاڵانەش کە پێویستە خامێس جێبەجێیان بکات، بریتین لە:

  • بەدەستهێنانی متمانە و بەردەوامبوون لەسەر ئاستێکی بەرز: یاریزانەکە دەبێت متمانەی بەتواناکانی خۆی هەبێت و لەهەمان کاتدا متمانەی زینەدین زێدان بەدەست بهێنێتەوە، لەوەش گرنگتر بەردەوامبوونە لەسەر ئاستێکی بەرز.
  • نزیکبوونەوە لە گۆڵ: پێویستە ئەستێرەکەی کافیتیرۆس لە نزیک گۆڵی ڕکابەرانەوە یاریی بکات، چونکە مەترسی یاریزانەکە لەو پێگانەدایە نەک لەناوەندی یاریگا کە زیاتر وەک سەنتەرێک دەردەکەوێت.
  • تۆماری گۆڵ: یەکێک لە خاڵە گرنگەکان بریتیە لە تۆمارکردنی گۆڵ، خامێس دەبێت ئەمکارە بکات بۆ ئەوەی متمانەی زیزۆ بەدەست بهێنێت و زیاتر لەبەردەم گۆڵدا وەک دروستکەرێکی گۆڵ لەپێکهاتەکەدا جێگەی بکرێتەوە.

  • هێزی جەستەیی و دوورکەوتنەوە لەپێکان: سەرەتا جەیمس پێویستە توانا جەستەییەکانی بگەڕێنێتەوە، پاشان خۆی لە پێکان بپارێزێت، بەو شێوەیە دەتوانێت بەردەوام بێت لە یاریکردن و هەوڵدان، لە ڕیزەکانی بایرن بەهۆی دابەزینی ئاستی جەستەیی و پێکانەوە نەیتوانی لەپێکهاتەی سەرەکیدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
  • پاڵپشتی هاندەران: هەمیشە مەدریدیەکان پاڵپشتی خامێس بوون، پێویستە یاریزانەکە سود لەم خۆشەویستیە وەربگرێت و بەپێیەکانی لەنێو یاریگادا وەڵامیان بداتەوە، ئەگەر ئەوە ڕووبدات بێگومان فرۆشتنی بەنسبەت ئیدارەی یانەوە مەحاڵ دەبێت.

جیهانی

یوڤانتۆس لە “واندا میترۆپۆلیتانۆ” بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە ڕووبەڕوی ئەتلەتیکۆ دەبێتەوە !

خەڵک سپۆرت

یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی بەدەست پێکانی ئەستێرەکانیەوە دەناڵێنێت و یەکەمین ڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بە پێکهاتەیەکی جیاوازەوە دەست پێدەکات.

ماڵپەڕی “توتۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، لەکۆتا ڕووبەڕوبونەوەی نێوان یانەی یوڤانتۆس و فیورنتینا لە چوارچێوەی ململانێکانی خولی ناوخۆی ئیتاڵیا، دۆگلاس کۆستا و میرالیم پیانیچ و دانێلۆ دووچاری پێکان هاتوون و هەریەکەیان ماوەیەک لە یاریکردن دادەبڕێت، دەستەی پزیشکی یانەکەش وادەی دوورکەوتنەوەیانی دیاری نەکردووە، بەڵام گومان لە بەشداریکردنیان دەکرێت بەتایبەت لەڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید.

سەرچاوەکە ئاماژەی کردووە، جگە لە پێکانی سیانەی ناوبراو بەهەمان شێوە جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاری پۆڵایین پێکراوە و گومان لە بەشداریکردنی گۆنزالۆ هیگواین دەکرێت، هەموو ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن تەواوی ئەو پێنج یاریزانە لە یەکەمین جەولەی چامپیۆنز لیگ بەرامبەر پێکهاتەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بەشداری نەکەن، هەر ئەوەش وایکردووە ماوریزیۆ ساری ڕاهێنەر بیر لە بەکارخستنی پێکهاتەیەکی نوێ و جیاواز لە پێکهاتەی سەرەکی بکاتەوە.

چوارشەممەی داهاتوو (١٨/٩) لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید یانەی یوڤانتۆس یەکەمین ڕووبەڕوبونەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجام دەدات، شارەزایان پێیان وایە ئەم ڕووبەڕوبونەوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت لەڕووی ئاست و ئەنجامی کۆمەڵەکەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

نۆیەر بەتوندی وەڵامی تێر شتیگن دەداتەوە: لێدوانەکانیم بە دڵ نەبوو

خەڵک سپۆرت

مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی ناوداری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، ڕەخنەی توند لە تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە دەگرێت.

لەماوەی ڕابردوودا ئەندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بەرشلۆنە سەبارەت بە یاریی نەکردن و دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی مەکینەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، شایستەی پێکهاتەی سەرەکییە و بە پێوەری ئەوەی لە باشترین ئاستیدایە و لە یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی جیهانیش یاریی دەکات، هەروەها دووپاتیکردەوە، کە ماوەیەکی تریش لەو بارودۆخەدا چاوەڕوان دەکات تا یواکیم لۆوڤی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە بیروبۆچونی لەوبارەیەوە دەگۆڕێت.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەدا نۆیەری گۆڵپارێزی سەرەکی بایرن و ناسیوناڵ مانشافت بە “بێلد سپۆرت”ی ڕاگەیاندووە :” هەندێک لە لێدوانەکانی تێر شتیگنم خوێندەوە و هەرگیز بەدڵم نەبوو، چونکە ڕووبەڕو قسەی لەگەڵ نەکردووم و دەربارەی ئەو کێشەیە ئاگاداری نەکردومەتەوە”.

هەروەها دەڵێت :” ئێمە پێکهاتەیەکی یەکگرتوین و پێموابێت ئامانجمان هەمیشە بردنەوە بووە، ئەو جۆرە ڕەفتار و لێدوانانە سود بە کەس ناگەیەنێت و ڕێگر دەبێت لەبەردەم بەدیهێنانی ئامانجە بەکۆمەڵەکان، پێشموایە ئەم جۆرە لێدوانانە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من زۆر بەشێوەیەکی باش یاریی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم دەکەم”.

هەردوو گۆڵپارێزی ناوداری ئەڵمانیا لەسەر پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ململانێیەکی توندیان لەدەرەوەی یاریگا دەست پێکردووە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لۆوڤی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە بە ناچاری جەمسەری گۆڵپارێزەکەی بایرنی گرتووە، هەندێک لەشارەزایانیش بابەتەکەیان بە یانەی بایرن میونشنەوە بەستۆتەوە کە لەناوخۆی وڵاتەکەدا کاریگەری بەهێزی لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمان و ڕاهێنەرەکانیش هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

پێرێز لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی ڕیاڵ مەدرید توڕە بوو: باسی ڕامۆس نەکەن، منیش لە تۆپی پێ دەزانم !

خەڵک سپۆرت

دوێنێ لە شاری مەدرید کۆبونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدرا و فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە بە توندی وەڵامی هەندێک لە ئەندامانی یانەکەی دایەوە.

سەرۆکە ناوازەکەی یانەی شاهانە لە وتارێکدا ڕایگەیاند :” هەمووان وا دەزانن من تەنها شارەزایەکی داراییم و لەڕووی وەرزشییەوە هیچ نازانم، بەڵام بێگومان چەندین ساڵ ئەزمونکردن لەگەڵ چەندین یاریزان و ڕاهێنەر و سەدان نازناو دەبمە کەسێک بە تەواوی لە بوارە هونەریەکانی تۆپی پێش بزانێت، لەئێستادا یانەکەمان توانیویەتی باڵانس لەنێوان لایەنە هونەری و وەرزشی و داراییەکاندا ڕابگرێت، ئەوەش بە هەوڵ و ماندوبوونی ئیدارەیەکی هاوسەنگ بووە”.

دوابەدوای وتارەکەی پێرێز یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەن کە ژمارەی (١٧٦٦) بووە، ڕایگەیاندووە :” پێویستە یاریزانان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام داببڕێنرێن، یاریزانێکی وەک سێرجیۆ ڕامۆس هاوشێوەی گەشتیارێکی ئوسترالی خۆی نیشان دەدات و لەڕاستیدا نازانم زیاتر گرنگی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەدات، یاخود بەرژەوەندیەکانی ڕیاڵ مەدرید”.

لێرەدا پێرێز دووبارە دەگەڕێتەوە سەر ستەیج و بە توندی بەو ئەندامە ڕادەگەیەنێت :” بوەستە لە وتەکانت، لێرەدا ڕابوەستە، هەرگیز ڕێگەت پێنادەم بەردەوامبیت لە ڕەخنەکانت سەبارەت بە ڕامۆس، تۆ باسی کاپتن و سەرکردەی یانەکەمان دەکەیت، باس لە سەری گەورەی پێکهاتەی مەدرید دەکەیت”.

سەرچاوەکانی وەک مارکا و ئاس جەختیان کردۆتەوە، پێرێز بە ڕوونکردنەوە توندەکانی تەواوی نەیارانی بێدەنگ کردووە و تەنانەت سەبارەت بە دامەزراندنی تیپی کچان و چەندین بابەتی پەیوەندیدار ڕوونکردنەوەی پێویستی داوە، ڕێگەشی نەداوە هیچ کەسێک ڕەخنە لە زێدان و پێکهاتەکەی بگرێت.

پێرێز لەکۆتایی وتەکانیدا وتویەتی :” لەڕاستیدا من گرنگی بە هیچ یانە و دەستکەوتی کەسان و یانەی تر نادەم، ئەوەی دەیزانم یانەکەمان خاوەنی باشترین ڕاهێنەر و باشترین ٢٥ یاریزانی جیهانە، تەنها ئەوەندەمان لەسەرە بگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی چنینەوەی نازناوەکان، لەوەش زیاتر داواکارم هیچ یەکێکتان بیر لە لێدان و زیانگەیاندن بە پێکهاتەکەمان نەکەنەوە، دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆزنی ١٣ هەموو جیهان دەزانێت کە ئێمە گەورەترینی مێژووین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان