ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بارزانی: داعش لەناونەچووە و خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە


خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شكاوە، بەڵام لەناونەچوون و خەریكی خۆ رێكخستنەوەیە، ئاماژە بە هەڕەشەكانی ڕێكخراوەكەش دەكات بۆ هەموو لایەنەكان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، كە لەلایەن نووسینگەی ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازی لە برایان مەكفیتێرز، جێگری سەرۆكی نێردەی تازەی ئەمریكا لە عیراق كرد و لە دیدارەكەدا، كە ستیڤ ڤیگن، كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، ڕایگەیاند، كە هاتوون تێڕوانینی بارزانی لەبارەی كۆی دۆخی ئێستای عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، ببیستن.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “لە دیدارەكەدا بە درێژی باسی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و بارزانی جارێكی تر جەختی لەسەر پشتیوانی خۆی بۆ دیالۆگ لەپێناو چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور كردەوە، هەر لە دیدارەكەدا دۆخی سیاسی ناوچەكە و هەڕەشەكانی داعش خرایە بەر باس”.

بارزانی ڕایگەیاندووە، ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شكاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەن، ڕێكخراوەكە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموولایەك، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیك و بۆ هەندێكی تر هەڕەشەكە دوورمەودایە، ئەو هۆكارانەش، كە داعشیان دروست كرد وەك خۆیان ماون و چارەسەر نەكراون.

کوردستان

پزیشکان هۆشداریی دەدەنە حکومەت


پزیشكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان هۆشداری دەدەنە حكومەت و دەڵێن، سەرەڕای بوونی نەختینە، و پارەی بەردەست بەڵام حکومەت خەمساردە لە پێدانی مووچەکانمان.

:دەقی پەیامەکە

وەك ئاگادارن لە دوای زیاد لە ٥٠ ڕۆژ دواكەوتن و پاش وەرگرتنی مووچەی مانگی ۱/۲٠۲٠، سەرەڕای دواكەوتنی مووچەی ٤ مانگمان لەبەر بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و پاراستنی تەندروستیان بڕیارماندا بە بەردەوامیدان بە دەوامی فەرمیمان لە بەرواری ٦/٥/۲٠۲٠ بۆ ماوەی مانگێك و لەئێستاشدا و پاش نزیكبوونەوە لە كۆتایی ئەو ماوەی دیاری كرابوو وەك پزیشكان ڕایدەگەیەنین كە لەئەگەری وەرنەگرتنی مووچەی مانگی ۲ پێش تەواو بوونی ماوەی ئەو مانگەی دیاریكرابوو ئەوا لە ( ڕۆژی شەممە بەرواری ٦/٦/۲٠۲٠ كاتژمێر ۸ ی بەیانی ) تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكان بە شوێنە فریاگوزاری و ساردەكانەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا چۆڵ دەكەین و بەرپرسیارییەتی ڕوودانی هەر دۆخێكی نەخوازراو و مەترسییەك لە پاش چۆڵكردنی شوێنەكان لەسەر ئەستۆ و بەرپرسیارییەتی حكومەت دەبێت كە ئامادە نییە سەرەڕای بەردەستبوونی نەختینە پارەی پێویست مووچە دابەش بكات.

لە هەمان كاتدا و لە پاش بڵاوبوونەوەی پلانی دەستكاریكردنی شایستە داراییەكانمان بە كەمكردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مەترسی و خواردن و دەرماڵەكانی تر وەك بەشێك لە پلانی بەناو چاكسازی، دەمانەوێت ڕایبگەیەنین كە لە ئەگەری هەر كەمكردنەوەیەك لە مووچە و شایستە داراییەكانماندا تووندترین هەڵوێستمان دەبێت و هۆشیاری دەدەینە حكومەت كە دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرە ڕاستییەكانی نەبات و لە جێی ئەوە هەوڵی چاكسازی ڕاستەقینە بات و مووچەی بندیوارەكان ببڕێت بۆ چارەسەركردنی قیرانی دارایی.

 

پزیشكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سلێمانی.. نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن (جمهوری) تایبەت كرا بۆ تووشبووانی كۆرۆنا


خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن (جمهوری) تایبەت كرد بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لە ئێستادا نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن (جمهوری) لە شاری سلێمانی تایبەت كراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەخۆشی بۆ گوازراوەتەوە.

د.یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشداوە: لە داهاتوودا پێویستە نەخۆشخانەی تریش تایبەت بكەین بۆ ئەم بابەتە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی سلێمانی داوا لە دانیشتووانی گەڕەكێك دەكات بەپەلە سەردانی بنكەكانی پشكنین بكەن


خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاگاداری دانیشتووانی گەڕەكی كوردسات دەكاتەوە هەركەسێك لە (مزگەوتی كوردسات) بەركەوتەی هەبووە بەپەلە پشكین ئەنجام بدات.

د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند: دوای ڕاگەیاندانی دەرئەنجامی ئەمشەوی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە كە ژمارەیان (48) تووشبوو بوو، دەركەوت بانگبێژ و وتارخوێنی (مزگەوتی كوردسات) لە گەڕەكی كوردسات لە نێو تووشبووەكاندایە.

د. هێرش سەید سەلیم وتیشی: لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیان داوا لە دانیشتووانی گەڕەكی كوردسات دەكەین هەركەسێك لە مزگەوتەكەدا بەركەوتەی هەبووە بە زووترین كات سەردانی بنكەكانی پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات.

جێی ئاماژەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەرەنجامی نوێی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، كە 48 تووشبوو بوون و لە و ژمارەیەش 44 تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانی بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان