ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سیروانی كوێخا نەجم ئازاد كرا


خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە بڕیاری دادوەر ئازادكرا، دوای ئەوەی 25ی مانگی ڕابردوو دەستگیركرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەمڕۆ دادوەر بە كەفالەت ناوبراوی ئازاد كردووە.

دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی 25-8-2019 بە ماددەی 421/31 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سیروانی كوێخا نەجم دەركردبوو، لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتیی چالاكییەكانی دژەتیرۆر.

دوای دەستگیركردنەكە ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، سیروانی كوێخا نەجم تۆمەتبارە و دەتوانێت وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە لە دادگا بەرگری لە خۆی بكات.

 

کوردستان

لە هەولێر دوو تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە دوو تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەوە و دەشڵێت: “كۆی گشتی چاكبووەوەكان گەیشتۆتە 230 كەس”.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە (2) نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID – 19 دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەتەواوی چاكبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بۆتەوە و پشكنینی تایبەتی یەك لەدوای یەكیان بۆ كرایەوە و نێگەتیڤ بوو، بۆیە بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كۆی گشتی چابووەوەكان گەیشتە (230) كەس.

د. دلۆڤان دەشڵێت: “سوپاسی پابەندبوونتان دەكەین بۆ ڕێنماییە خۆپارێزییەكان، جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان زامنی زاڵبوونمانە بەسەر ئەم پەتا جیهانیە”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ دەكات، كە پارێزگاری لە تەندروستی هاووڵاتیان دەكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ دەربارەی وردەكارییەكانی دانوستاندن لە گەڵ بەغدا و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكات و بڕیاریش درا ئومێد سەباح نوێنەری هەرێم بێت لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان ئەمریكا و عیراق.

ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/6/3 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە زیادبوونی مەترسییەكانی كۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەكان كرد و بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ تووشبووان خواست. سوپاسی پابەندبوونی هاووڵاتییانیشی كرد بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان.

مەسرور بارزانی وتیشی، “حكومەتی هەرێم كوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر ڕێكارێك بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هیچ كەمتەرخەرمییەكیشی لەم ڕووەوە نەكردووە و ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە و ئێستاش بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە سەر خەڵك بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتییان و كۆمەڵگە”.

ئاماژەی بەوەشدا، حكومەت دەیەوێ لە درێژەدان بە گرتنەبەری ڕێنماییە تەندروستییەكان، ژیان و گوزەرانی خەڵك لە بەرچاو بگرێت و زیانی بەرنەكەوێت، بەڵام بەداخەوە خەڵكێك دەیەوێ ئەم بابەتە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و تەندروستی خەڵكەوە هەیە، بە سیاسی بكات و گومانیان لە بوونی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە دروست كردووە و هانی خەڵك دەدەن پابەندی ڕێنماییەكان نەبن، بۆیە ئەم كەسانە ڕووبەڕووی یاسای دەكرێنەوە.

لە تەوەرێكی دیكەدا، سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عیراق و ئەمەریكا، كە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بە شدار دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەری هەرێم بێت لەم دایەلۆگەدا.

دواتر جێگری سەرۆك وەزیران ڕاپۆرتێكی دەربارەی وردەكارییەكانی دانوستانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا، كە گفتوگۆ لە گەڵ حكومەتی نوێی عیراق بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی تایبەت بە نەوت و دارایی لە سەر بنەمای دەستوور.

بەپێی ڕاگەیەنرراوەكە، ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای چاكسازی سەبارەت بە بەدواداچوونی هەنگاوەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی خرایەڕوو، كە تا ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە و ڕێكار و میكانیزمی پێویست و پەیڕەوی جێبەجێكردنی دەرچووە.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران هەردوو پڕۆژە یاسای (ماف و یئەركەكانی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان) و (لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان)ی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ئیدانەی پێشێلكارییەكانی ڕۆژانی ڕابردوو دەكات


خەڵك-ئارام سەردار
لێژنەی داكۆكی لەئازادی مافی ڕۆژنامەنووسان لەسەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو ڕەفتارانە دەكات، كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە.

لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، لێژنەی داكۆكی لەئازادی مافی ڕۆژنامەنووسان لەسەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گرژیەكانی شەقام و قەدەغەی هاتووچۆ ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلكاری بوونەتەوە، كەوا هەمووی پێچەوانەی یاسای ژمارەی ۳٥ی كاری ڕۆژنامەوانیە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ڕۆژنامەنووسان وێڕای جیاكاری كردنیان لەپێدانی زانیاری و ڕووماڵكردنی كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەكان، كە دەزگا حكومی و ژوورەكانی ئۆپەڕاسیۆن ئەنجامی دەدەن بۆ خستنەڕووی زانیاری و داتا لەسەر نەخۆشی كۆڕۆنا پێویستە ڕۆژنامەنووسان بەشێوەیەكی یەكسان بەشداری بكەن لە گواستنەوەی زانیاریەكان بۆ هاووڵاتیان، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی گرتن و لێدان و توندووتیژی بوونەتەوە لەخۆپیشاندانەكان و شكاندنی كەل و پەلی ڕۆژنامەوانی و دەست بەسەرداگرتن و سڕینەوەی میمۆری بۆتە پیشەی ڕۆژانەی هێزە ئەمنیەكان.

لێژنەی داكۆكی لەئازادی مافی ڕۆژنامەنووسان لەسەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ئیدانەی هەموو پێشێلكاریەكان دەكات و جەخت لە پابەندی ئەركی پیشەی ڕۆژنامەنووسان دەكاتەوە، داواش دەكات لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێكی جدی لەم بارودۆخە بداتەوە و چیتر ڕۆژنامەنوسان نەبنە قوربانی ململانێكان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان