ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی: بەغدا زوڵم لە هەرێم دەكات
دوو بەڵگە لەسەر ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە ئەگەر حكومەتی فیدڕاڵی پشت بەو پشكە ببەستێت لە بودجەدا، كە لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، زوڵم لە هەرێم دەكرێت، پشكەكەشی بە هەنگاوێكی “نایاسایی” لەقەڵەمدا.

شیروان میرزا، پەڕلەمانتاری یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بە 12.67%، هەنگاوێكی نایاساییە و هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە پشتی بە هیچ بەڵگەنامەیەكی یاسایی یان سەرژمێری دانیشتووان نەبەستووە”.

بە وتەی ئەو پەڕلەمانتارەی یەكێتی، “بەڵگەنامەی فەرمانگەی سەرژمێری ناوەندی فیدڕاڵییان لەبەردەستدایە، كە ئاماژە بە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم دەكات، كە 13.92%ی كۆی دانیشتووانی عیراقە، بەپێی بەڵگەنامەیەكی تریش، كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە بۆ كۆبۆنەكانی خۆراك دەرچووە، ڕێژەی دانیشت,وانی هەرێمی بە 14% دیاری كردووە”.

شیروان میرزا دەڵێت: “فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەكاتی ئامادەكردنی بودجەی 2019 هەوڵیاندا گۆڕانكاری لەو ڕێژەیەدا بكەن، كە بە 12.67% بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، چونكە ڕێژەكە نایاساییە و لەلایەن عەبادییەوە دیاریكراوە كاتێك سەرۆك وەزیران بوو”، بەپێویستیشی زانی لانی كەم هەوڵ بدرێت لانی كەم پشكی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا بە ڕێژەی 14% دیاری بكرێت.

پەڕلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بە ڕێژەی 17%ش كرد، كە بە وتەی ئەو، “لەكاتی خۆیدا بە ڕێككەوتنی سیاسی دیاریكرابوو”، جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێژەیە كردەوە، تا لێوەی هەرێمی كوردستان پشكی دادپەروەرانەی خۆی لە بودجەی فیدڕاڵیدا پێ ببڕێت.

شیروان میرزا لەبارەی بودجەی ساڵی 2020وە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “تائێستا پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو لەبەردەمی حكومەتدایە و كاری لەسەر دەكرێت”، ئاماژەی بەو هەوڵە سیاسیانەش كرد، كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵدا خراونەتەگەڕ، تا هەردوولا لەسەر شێوازێكی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە ڕێكبكەون و لێوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی دەوڵەتی عیراقی بۆ ساڵی داهاتوو دیاری بكرێت.

ئابوری

حكومەتی هەرێم بڕیارێكی دەربارەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەركرد

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە پڕۆژەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و دەشڵێت: “هەرێم سازش لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكان ناكات”، هاوكات بڕیاریدا بە پێكهڵنانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بابەتی كارمەندانی گرێبەست.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوار شەممە 13-11-2019 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێكی دەربارەی پێكهاتەی وەزارەت و میلاك و خەرجییەكان و هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لە بواری كاروباری پێشمەرگە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەكانی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پێكبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناكرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی كارمەندانی گرێبەست پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەكە بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ پەڕلەمانی كوردستان كۆبووەوە و خوێندنەوە بۆ پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست كرا و لە ڕاگەیەنراوێكیشدا دەڵێت: “وەڵامی حكومەت ئەرێنی بووە لەبارەی لەئەستۆگرتنی پاشخانی دارایی و دوو هەفتە دەدرێتە حكومەت بۆ وەڵامدانەوەی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

خەڵك؛ دەقی بڕیارێكی پەڕلەمان تایبەت بە فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانی كوردستان پڕۆژە بڕیارێك بۆ بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم ئامادە دەكات و بە پەسەند كردنی ئەو فەرمانبەرانە دەبن بە هەمیشەیی.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە و لەو ژمارەیەش 6 هەزاریان مامۆستای گرێبەستن، كە بەپێی بڕیاری هەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەبن بە هەمیشەیی.

بەپێی پڕۆژە بڕیارەكەی پەڕلەمانی كوردستان، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم ئەگەر 3 ساڵ خزمەتی گرێبەستییان تەواو كردبێت دەبن بە هەمیشەیی و دەبێت وەزارەتی دارایی ڕێنمایی پێویست لەوبارەیەوە دەربكات.

هەر بەپێی پڕۆژە بڕیارەكە، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە ماوەی خزمەتی گرێبەستیەكەیان بە خزمەت بۆ هەژمار دەكرێت بۆ سەرەمووچە و پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینی.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە لە ئێستادا نایانەوێت قسە لەسەر پڕۆژە بڕیارەكە بكەن، بۆ ئەوەی هیچ حزبێك نەیكات بە دەستكەوتی خۆی، چونكە پڕۆژەی هەموو فراكسیۆنەكانە و هەمووان پشتیوانی دەكەن.

وتیشی، “دوای خوێندنەوەی لە پەڕلەمان دەنێردرێت بۆ حكومەتی هەرێم تاوەكو بۆچوونی خۆی لەسەر بدات، چونكە پڕۆژەكە باكگراوندی دارایی هەیە، دوای وەڵامی حكومەت، پەسەند دەكرێت.

هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست دوای ئەوەی دەبێت بە هەمیشەیی، چەند ساڵ خزمەتی گرێبەستی هەبێت دەبێت بۆ سەرجەم مانگەكانی ئەو ساڵانە لێبڕینی خانەنشینی بدات و بەوجۆرەش خزمەتەكەی بەتەواوی بۆ هەژمار دەكرێت. 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی نەوتی سپی دابەزینێكی گەورەی تۆماركرد

سلێمانی – نزار جەزا

نرخی نەوتی سپی لەهەرێمی كوردستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەعیراق دروستبووە و هەروەها ناردنی نەوت لە بەغداوە بۆ هەرێم.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك)، لەئێستادا نرخی نەوتی سپی ماڵان دابەزیوە، بەجۆرێك نەوتی بەغدا بە 120 هەزار دینارە، نەوتی كەركوك بە 117 هەزار دینارە، نەوتی بازیان بە 115 هەزار دینارە.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر نرخی نەوتی سپی بەرز بوو، بەجۆرێك نرخی نەوتی بەغدا بە 135 هەزار دینار بۆ 140 هەزار دینار بوو، نەوتی كەركوك بە 125 هەزار دینار بوو، نەوتی بازیان بە 130 هەزار دینار بوو.

دروستبوونی خۆپیشاندانەكانی عیراق و ناردنی نەوت لە بەغداوە بۆ هەرێم، كاریگەری زۆری لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات هەبوو، لەو چوارچێوەیەشدا كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوت بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان