ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

دەزگای مەرزە سنورییەكان وەڵامی پەڕلەمانتارێكی یەكگرتوو دەداتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دەزگای مەرزە سنورییەكانی عیراق، وەڵامی جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق دەداتەوە، كە پێشتر ئاماژەی بە كۆنتڕۆڵكردنی میلیشیاكان بۆ ئەو مەرزانە كردبوو لە دوای دەوامی فەرمییەوە.

دەزگای مەرزە سنورییەكانی عیراق لەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “وەك بەدواداچوونێك بۆ لێدوانێكی جەمال كۆچەر بۆ یەكێك لە ئاژانسەكانی هەواڵ، كە باسی لەوەكردبوو مەرزە سنورییەكان لە دوای دەوامی فەرمی كارمەندان لەلایەن میلیشیاكانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێن، هەموو مەرزە سنورییەكان لەژێر دەستی دەزگای مەرزە سنورییەكاندا، جگە لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان بەوپێیەی لەژێر دەستی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا نیین”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “دەزگای مەرزە سنورییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكاندا لە مەرزەكان، خەمخۆری ئاشایشی هاووڵاتی عیراقن و كار بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە دەكەن، كە ڕوو لە وڵات دەكەن و بەوپەڕی تواناشەوە ئاسایش و سەلامەتی خۆراكی و تەندروستی كۆمەڵگە دەپارێزن و بەگژ گەندەڵكاراندا دەچنەوە و پارێزگاری لە سامانی گشتی دەكەن”.

پێشتر جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق و پەڕلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندبوو، “دەوڵەت هیچ ڕێوشوێنێكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەش مەرزی سنوری نەگرتۆتەبەر، بگرە لەدوای دەوامی فەرمی فەرمانبەران، ئەو مەرزانە دەكەونە ژێر دەستی میلیشیاكان”.

عێراق

هەرێمی كوردستان بە هاوردنی تەماتەی دەرەوە تۆمەتبار دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی یەكێتی گشتی كۆمەڵەی جوتیارانی هەرەوەزی لە عیراق ڕایدەگەیەنێت، بازاڕەكانی ناوخۆ پڕن لە بەروبوومی تەماتەی هاوردەكراو كە لە ڕێی مەرزەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەدەكرێت، هەرێمیشی بە پابەندنەبوون بە ڕێنماییە كشتوكاڵییەكان تۆمەتبار دەكات.

حەیدەر عەساد، سەرۆكی یەكێتی گشتی كۆمەڵەی جوتیارانی هەرەوەزی لە عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە”وێڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەروبوومی تەماتە كە 5000 هەزار تەنە لە ڕۆژێكدا تەنیا لە پارێزگەی بەسرە، بەڵام بازاڕەكانی ناوخۆ پڕن لە بەروبوومی هاوردەكراو لەڕێی مەرزەكانی هەرێمی كوردستان كە پابەند نیین بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ”.

بە وتەی عەساد”پێویستە حكومەت و وەزارەت و لایەنە پەیوەنیدارەكان، سنورێك بۆ ئەو پیلانانە دابنێن كە ئامانج لێیان تێكشكاندنی توێژێكی جوتیاران و كەرتی كشتوكاڵی عیراقین”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

دەستی لە گەندەڵی گەورەدا هەبووە
بەرپرسێكی پێشووی عیراق توشی كۆرۆنا بوو

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەمین ناسر بەڕێوەبەری نوسینگەی تۆڕی میدیای عیراقی لە بەیروت ڕایدەگەیەنێت، ماجید نەسراوی پارێزگاری پێشووی بەسرە، لە ئوسترالیا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

ناسر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردۆتەوە”ماجید نەسراوی پارێزگاری پێشووی بەسرە، توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو لە ئوسترالیا”.

بە وتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی تۆڕی میدیای عیراقی لە بەیروت”نەسراوی بەو هۆیەی لە دۆسێی گەندەڵی گەورە تێوەگلاوە، لە عیراق هەڵاتووە”.

پێشتر دادگای لێكۆڵینەوەی پسپۆڕ لە كەیسەكانی نەزاهەی سەر بە سەرۆكایەتی تێهەڵچوونەوە لە بەسرە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پارێزگاری پێشوو و كارمەندانی تری دیوانی پارێزگەی بەسرە دەركردبوو.

دوابەدوای ئەوەش، سەرچاوەیەك لە نەزاهەی بەسرە لە 11ی تشرینی دووەمی 2019، هۆكاری دەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی ماجید نەسراوی ئاشكراكردبوو كە “پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە”.

ماجید نەسراوی پارێزگاری پێشووی بەسرە

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی: دەنگ بە حكومەتەكەی عەللاوی نادەین

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی ڕایدەگەیەنێت، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادەن لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو.

یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان، دەنگ بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكومەتەكەی نادات لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممەی داهاتووی پەرلەمان، چونكە ئەو ڕەتیكردۆتەوە گرەنتی بدات سەبارەت بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەر لەوەی متمانە وەربگرێت”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان”تائێستا هیچ گرەنتییەك نییە كە حكومەتەكەی عەللاوی ڕاگوزەر دەبێت، چونكە دەستەواژەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە حكومەتێك دەبێت ماوەی خۆی تەواو دەكات، بۆیە دەنگی پێنادەین، بە تایبەتیش كە عەللاوی ڕەتیكردۆتەوە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، ماف بداتە پێكهاتەكان”.

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، دوێنێ‌ چوار شەممە 19ی شوباتی 2020، داوای لە پەرلەمان كردبوو، لە دوو شەممەی داهاتوودا دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان و متمانە بەخشین بە حكومەتی ڕاگوزەر، سازبكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان