ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: كاتی ئەوەیە لەپێناو كۆنگرەیەكی دوور لە پشك پشكێنە تێبكۆشین

خەڵك- بەشی هەواڵ

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی پەیامێكی لەسەر دەستنیشانكردنی ڕۆژی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، كاتی ئەوەیە كۆنگرەیەك بكەن دوربێت لە پشك پشكێنە.

هەر لە پەیامەكەدا ناوبراو وتویەتی” كۆنگرەیەك كە دواجار پەیڕەو بكاتەوە بە تێكستێكی یاسایی‌و دەستووری‌و هەموومان بەخۆیەوە پابەند بكاتەوە”.

دەقی پەیامەكە:

پیرۆزە رۆژی كەرنەڤاڵە گەورەكە

ئیمڕۆ رۆژێكی مێژووییە، چونكە دواجار ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكۆی دەنگ بڕیاری بەستنی كۆنگرەی چوارەمیاندا، لەپای ئەو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییە، لەناخی دڵەوە سوپاسی هەموو هەڤاڵان دەكەم، كە خواستی یەكێتییەكان‌و ئومێدی بوژانەوەو گەشەپێدانی یەكێتیان لە خەون‌و خواست‌و ویستەوە كردە واقیع‌و دواجار رۆژێكیان بۆ بە جێگەیاندنی ئومێدە گەورەكەی مام دیاریكرد، ئەو هەنگاوە، بۆ هەمووان سەركەوتن‌و شكۆمەندییەو بەدڵنیاییەوە بەجێگەیاندنی بەرپرسیارییەتیەكی ویژدانی‌و ئاكاریی‌و رێكخراوەیشە بەرامبەر رۆحی بێگەردی مام جەلالی رابەڕو كەسوكاری شەهیدان‌ ‌و تێكۆشەرانی سەنگەرو هەموو ئازادیخوازانی ئەم نیشتمانه.

ئێستا كاتی ئەوەیە، كە رۆژی كەرنەڤاڵی نوێكردنەوەی یەكێتی دیاریكراوە، هەموومان پێكەوە، وەك تیمێكی راستەقینە‌و شوێنكەوتووی سەر ڕاستی مامی گەورە، لەپێناو كۆنگرەیەكی یەكێتیانە تێبكۆشین، كۆنگرەیەكی دوور لە پشك پشكێنە‌و ركاربەرییەكی هاوچەرخ لەپێناو داهاتوویەكی باشتر، كۆنگرەیەك كە دواجار پەیڕەو بكاتەوە بە تێكستێكی یاسایی‌و دەستووری‌و هەموومان بەخۆیەوە پابەند بكاتەوە، كۆنگرەیەك كە دڵی شكاوی دەیان تێكۆشەر لە ووردو خاشبوونی زیاتر بپارێزێ‌و كۆیان بكاتەوەو جارێكی تر بە ماڵە گەورەكە ئاشتیان بكاتەوە، كۆنگرەیەك كە خەم‌و نیگەرانی ساڵانی رابردووی هەمووان بڕەوێنێتەوەو ئارامی‌و سەقامگیریی پرۆسەی دروستكردنی بڕیارو بەڕێوەبردن بۆ ریزەكانی یەكێتی بگەڕێنێتەوە، كۆنگرەیەك كە هەموومان پێكەوە بۆ ئاسوودەكردنی رۆحی مام هەوڵی سەرخستی بدەین، چونكە بەدڵنیاییەوە، نەك هەر بۆ ئێستا، بەڵكو بۆ ئایندەش، یەكێتی ئەو هێزەیە كە چانسی ئەوەی هەیە كە نوێنەرایەتی هەمووان بكات.

جارێكی تر دەستی هەمووان خۆش‌و پیرۆزبێت لە یەكێتییەكان، ئەو رۆژەی كە تێیدا جارێكی تر رۆح بە بەر یەكێتیدا دەكرێتەوه.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
٨-٩-٢٠١٩

ئابوری

بڕی هاوردەی گۆشتی سوور و مریشك و ماسی بۆ سلێمانی دیاریكرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ هاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری دەكرێت و جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ٥٠٠ تۆن ماسی، ٥٠٠ تۆن مریشكی بەستوو بەپێی پشكنینی تەندروستی و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سوور و ١٠هەزار سەر ئاژەڵی زیندوو بۆ مانگی شوبات هاوردە دەكرێت.

قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەك شەممە 26-1-2020 لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت، كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێن.

ڕزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ڕایگەیاند، بەلەبەرچاووگرتنی هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو و بەرزنەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاووڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو بۆ مانگی ٢ شوبات دا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هەرچەندە لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆ كراوەتەوە بۆئەوەی لەگەڵ بەروبوومە هاوردەكراوەكاندا ھاوسەنگ بێت، بەڵام بڕی ئەو بەروبوومانەی لە مانگی شوباتدا هاوردە دەكرێن بریتییە لە ٥٠٠ تۆن ماسی، ٥٠٠ تۆن مریشكی بەستوو بەپێی پشكنینی تەندروستی و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سوور و ١٠ھەزار سەر ئاژەڵی زیندوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

یەكگرتوو و پارتی: پاراستنی دەستكەوتەكان و ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە ئەركی هەموولایەكە

خەڵك-بەشی هەواڵ

شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.

ئەمڕۆ یەك شەممە (26/1/2020) شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەڵاحەدین محەمەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەردانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد.

میدیای فەڕمی یەكگرتوو بڵاویكردەوە، لە كۆبونەوەیەكدا دۆخی سیاسی كوردستان‌ و عیراق و ناوچەكە و ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و نەخوازراوەی هاتۆتە كایەوە تاوتوێ كراوە و جەخت لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولا كراوەتەوە.

ئاشكراشی دەكات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە سیاسەتێكی هاوبەش‌ و ژیرانەی كوردستانیانە، كە پێویستییەكی هەنووكەیی و چارەنووسسازی ئەم قۆناغەیە.

پارتی و یەكگرتوو لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، زەروریەتی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی دەستكەوتەكان و ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە و هەنگاوی جددی بنێرێت بۆ خۆشگوزەرانیكردنی خەڵكی كوردستان و سەرباری ئەركە سیاسی‌ و حزبیەكان، لایەنە سیاسیەكان ڕۆڵیان هەبێت لەچارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنیان، كە كاریگەری خراپیان بۆ سەر كۆمەڵگا هەیە و پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەریان بكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

قائیمقامیەتی سلێمانی، لەسەر گرانبوونی نرخی غاز ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەر كارگە و وەكیلێك سەرپێچی یاساكان بكات و نرخەكان بەرز بكاتەوە سزای دەدەین.

دوای گران بوونی غاز لە هەولێر و دواتر دابەزاندنەوەی نرخەكەی، چەند ڕۆژێكە دەنگۆی گرانبوونی نرخی غاز لەنێو هاووڵاتیان لە سلێمانی بڵاوبۆتەوە و بەپێی زانیارییەكانیش ئەو بابەتە تەنها دەنگۆیە و غاز و نرخەكەی هیچ گرفتێكیان بۆ دروست نەبوووە.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “وەكو لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان، كە لە ئێستادا هیچ گرفتێكی غاز لە سنوورەكەدا بوونی نییە”.

وتیشی، “نرخی غاز تەنها بە 7500 دینارە و نرخەكەی وەكو ڕابردووە و هیچ زیاد نەكراوە”

ناوبراو داواشی لە هاووڵاتیان كرد، لەكاتی بوونی هەر سەرپێچییەك لە هەر كارگەیەك یان هەر بریكارێكی فرۆشتنی غاز، كە پابەند نەبوون بە نرخەكانەوە، ڕاستەوخۆ لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بكەنەوە و وەكو لیژنەكانی قائیمقایەت و ئاسایشی ئابووری بە وردی چاودێری بازار دەكەین و ڕێگا نادەین هیچ كەسێك هۆكار بێت بۆ بەرزكردنەوەی نرخی غاز، لەبەرئەوەی هیچ گرفتێكی غاز لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوونی نییە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان