ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهانی

لیۆناردۆ ئه‌ندازیاری ڕێکخستنه‌وه‌ پاریسه‌ و نایمار و سه‌رۆکی یانه‌شی خستۆته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست !

خه‌ڵک سپۆرت

لیۆناردۆ ناشیمێنتۆ دی ئاروخۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی یانه‌ی پاریس سانت جێرمان ئه‌ندازیاری گفتوگۆکانی گواستنه‌وه‌ی نایمار و ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی یانه‌ فه‌ره‌نسیه‌که‌ بووه‌ و کاریگه‌ری له‌سه‌ر یاریزانان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی یانه‌ش دروست کردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی “لو پاریزیان”ی فه‌ره‌نسی ئاشکرای کردووه‌، له‌ هاوینی ٢٠١٩ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی کارگێڕیه‌وه‌ ئانتێرۆ هینریکی پورتوگالی له‌ یانه‌ی پاریس سانت جێرمان دوورخراوه‌ته‌وه‌ و لیۆناردۆی به‌رازیلی دووباره‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ له‌ ساڵی ٢٠١٣ له‌هه‌مان پۆست ده‌ستی له‌کارکێشایه‌وه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌که‌، هینریکی پورتوگالی چه‌ندین هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه‌ و ته‌نانه‌ت جار هه‌بووه‌ نایمار به‌بێ پرسی هیچ که‌سایه‌تیه‌کی یانه‌که‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رازیل و به‌شداری چالاکیه‌کانی “پی ئێس جی” نه‌کردووه‌، به‌ڵام له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لیۆناردۆ یاریزانه‌که‌ ئاگادارکراوته‌وه‌ که‌ هه‌ر هه‌نگاوێک له‌سه‌ری هه‌ژمار ده‌کرێت و چیتر کاتی حه‌وانه‌وه‌ و گه‌ڕان نه‌ماوه‌.

له‌ یه‌کێک له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا لیۆ له‌نێو یاریگا به‌ یاریزانانی ڕاگه‌یاندووه‌ :” به‌فه‌ره‌نسی له‌گه‌ڵتاندا ده‌دوێم تا هه‌مووان تێبگه‌ن و ئه‌وه‌ش تێناگات با وه‌ریگێڕێته‌ سه‌ر زمانه‌که‌ی خۆی، چیتر کات به‌ڕێکردن و گاڵته‌وگه‌پ و ناپرۆفیشناڵبوون کۆتایی هاتووه‌، ده‌بێت ئه‌م پێکهاته‌یه‌ هه‌وڵ بۆ چنینه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌ستکه‌وته‌کان بدات‌، ئێمه‌ له‌و قۆناغه‌داین که‌ ده‌بێت هه‌ر که‌سێک به‌رپرسیارێتی خۆی هه‌ڵبگرێت و بیر بکه‌ینه‌وه‌، کێ یانه‌که‌ی به‌دڵ نییه‌ ده‌رگامان بۆی کراوه‌یه‌”.

له‌دوای ئه‌م لێدوانه‌ توندانه‌ نایمار دڵته‌نگی دایگرتووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆکاری حه‌زه‌کانی بۆ ڕۆیشتن له‌ پاریس، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشیی یانه‌که‌ گفتوگۆی ئاگرینی له‌گه‌ڵ یانه‌ ئیسپانیه‌کان “ڕیاڵ و بارسا” ئه‌نجامداوه‌ و ناچاری کردون مل بۆ ئیراده‌ی ناسڕ خلێفی و هاوکاره‌ قه‌ته‌ریه‌کانی بده‌ن.

لو پاریزیان نوسیویه‌تی، لیۆناردۆ ته‌نها کاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ئینزیبات و ڕێکخستنه‌وه‌ی یاریزانان نه‌بووه‌، به‌ڵکو ناسڕ خلێفی خاوه‌نی یانه‌که‌شی ناچار کردووه‌ بچێته‌ ژێر سێبه‌ری بڕیاره‌کانیه‌وه ‌و ئه‌ویش له‌ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌مان لێدوانه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ به‌رازیلیه‌که‌ی دووباره‌ کردۆته‌وه‌.

جیهانی

گواردیۆلا: لەبەر یەک هۆکار پێکهاتەکەم ئامادە نییە نازناوی چامپیۆنزلیگ بچنێتەوە

خەڵک سپۆرت

پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری ئیسپانی یانەی مانچستەر سیتی پێی وایە یانەکەی توانای چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەم وەرزەی نییە و هۆکارەکەش ئاشکرا دەکات.

ڕاهێنەرە ناودارەکەی ئیسپانیا بە ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی ڕاگەیاندووە :” خەڵکی باس لەوە دەکەن کە خولی یانە پاڵەوانەکان ئامانجی سەرەکیمانە لەم وەرزەدا، بەڵام ئێمە هێشتا بۆ ئەو دەستکەوتە ئامادەنین، چونکە هەلێکی زۆر دروست دەکەین و لەهەمان کاتیشدا زۆرینەی لەدەست دەدەین، ئێمە دەتوانین بەرەوپێش بچین و باشتر ببین، دوو وەرزی ڕابردوو چەندین گۆڵمان تۆمار کرد و دڵنیام باشتر دەبین، پێویستە لەئێستادا بەردەوام بین لەهەوڵدان”.

هەروەها دەڵێت :” هەلی زۆری تۆمارکردنی گۆڵمان لەدەستدا، زۆرینەشیان لەنێو ناوچەی سزای ڕکابەراندا بوون، پێویستە لە داهاتوودا حەماسەت و تەرکیزی زیاترمان هەبێت”.

لەکۆتا هەفتەی خولی ناوخۆی ئینگلتەرا، یانەی مانچستەر سیتی بە دوو گۆڵی بێوەڵام سەرکەوتنی بەسەر کریستاڵ پاڵاسدا بەدەست هێنا، بەڵام یاریزانانی یانە شینە ئاسمانیەکە چەندین هەلی بەهێزیان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی گۆڵەکان لەدەستدا، ئەم دیاردەیە گواردیۆلای گەیاندۆتە ئەو بۆچونەی لەدەستدانی هەلی گۆڵکردن بۆ چوارەم وەرز لەسەریەک هۆکار دەبێت بۆ شکستیان لە خولی یانە پاڵەوانەکان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

کێیە؟ بەرشلۆنە دوای یورۆی ٢٠٢٠ شوێنگرەوەی ڤاڵڤێردی ئاشکرا دەکات

خەڵک سپۆرت

ئیدارەی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی ئامادەکاری بۆ داهاتوو کردووە و پێگەی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی و ڕاهێنەری شوێنگرەوەشیان یەکلایی کردۆتەوە.

ڕۆژنامەی “موندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی کەتەلۆنی لە زاری چەندین سەرچاوەی نزیکی یانەی بەرشلۆنەوە ئاشکرای کردووە، ئەرکی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری ئێستای یانە تا هاوینی ٢٠٢٠ و دوای ئەنجامدانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەردەوامی دەبێت، لە هاوینی ٢٠٢٠ بەفەرمی کۆتایی بە بۆندەکەی دەهێنرێت و لە جێگەی یەکێک لە ئەفسانەکان جێگیر دەکرێت.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ڕۆناڵد کومانی هۆڵەندی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ئەفسانەی بارسا دەبێتە شوێنگرەوەی ڤاڵڤێردی و کارەکانی لەدوای یورۆی ٢٠٢٠وە دەست پێدەکات.

لەم بارەیەوە یان هوگمای بەڕێوەبەری وەرزشیی هەڵبژاردەی ئاشەوانەکانی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، کومان تا دوای یورۆی ٢٠٢٠ بۆندی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەیدا هەیە، بەڵام بەندێک لە بۆندەکەیدا جێگیرکراوە و بەپێی ئەو بۆندە دەتوانێت لە حاڵەتی گەیشتنی هەر بۆندێک لە یانەی بەرشلۆنەوە بۆندی ئیمزاکراوی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی هۆڵەندا هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش دەریدەخات کە خودی کومان چاوەڕوانی ئاماژەیەکە لە ئیدارەی جوسێپ ماریا بارتومیۆوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهانی

جێنشنی شاهانەی سعودیە کڕیاری یونایتدە و خێزانی گلایزەر پێداگری دەکەن !

خەڵک سپۆرت

محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە لەهەوڵدایە بە بۆندێکی خەیاڵی یانەی مانچستەر یونایتد بکڕێت و خاوەندارێتی یانە ئینگلیزیەکە بە (نەخێر) وەڵامی دەدەنەوە.

ڕۆژنامەی “دەیلی میرەر”ی بەریتانی ئاشکرای کردووە، محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شای سعودییە تا ئێستا دووجار هەوڵیداوە پشکەکانی یانەی مانچستەر یونایتد بەبۆندی گرانبەها بکڕێتەوە، بەڵام خێزانی گلایزەرس کە خاوەندارێتی یانەکە دەکەن ڕەتیان کردۆتەوە پشکەکانیان بفرۆشن.

“میرەر” لەزاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی “ڕێد دێڤڵز”ەوە بڵاویکردۆتەوە، جێنشینی شاهانەی سعودیە بۆ سێیەم جار بۆندی بەبڕی ٣.٥ ملیار یورۆ پێشکەشی خێزانی گلایزەرس کردووە، بەڵام دووبارە خێزانە ئەمریکیەکە لەڕێگەی ئید ودواردی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە بە (نەخێر) وەڵامیان داوەتەوە، لێرەشدا مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی یانە زەبەلاحەکە نەوەستاوە، بەڵکو محەمەد بن سەلمان بەڵێنیداوە بۆندی گرانبەهاتر پێشکەش بکات تا ئەو کاتەی خاوەندارێتی یانەکە ناچار دەبن تەواوی پشکەکانیانی ڕادەست بکەن.

بەبۆچونی شارەزایان، تەواوی پشکەکانی یونایتد نرخی ٢.٤ ملیار دۆلارە، بەڵام لەئێستادا شازادە محەمەد بن سەلمان بڕی ٣.٥ ملیاری پێشکەش کردووە و ڕێژەی پشکێکی لە ١٥ دۆلارەوە بۆ ١٦ بەرزکردۆتەوە، لە داهاتوشدا بۆ ئەوەی جەمسەری فرۆشیار قایل بکات بە دوور نازانرێت بۆندی چوارەمی پێشکەشکراو بۆ چوار ملیار بەرز بکاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان