ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، وەڵامی ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جێگای نیگەرانییە بەشێكی ئەو تێبینی و تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسانەی بە پێی ڕێ و شوێنە یاساییە كارپێكراوەكانی هەرێم یەكلایی كردۆتەوە.

وتيشى”لە كۆی 2548 خێزان 347 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانی دەوروبەری حەسەن شام و پڕۆسەكەش بەردەوامە”.

ئەمڕۆ 6ی ئەیلولی 2019 ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناوی (هەرێمی كوردستانی عێراق: ڕێگا لە عەرەبەكان دەگرێت بۆ گەڕانەوە) و تێیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوە تاوانبار دەكات كە ڕێگا نادات نزیكەی (4200)ی دانیشتووی (12) گوندی ڕۆژهەڵاتی موسڵ بگەڕێنەوە سەرزێدی خۆیان و تەنیا ئەو كەسانە نەبێت كە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە.

دەقی وەڵامەكە..

لە وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ناوبراودا د.دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) بەردەوام ڕاپۆرت سەبارەت بە ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوكردەوە. بەشێكی ڕاپۆرتەكانیان تەرخانكرابوو بە عیراق و هەرێمی كوردستان و تێیدا ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت بەوەی پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە و زۆرجار تایبەتمەندیی بە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتێكی جوگرافی لە ناوچەكە نەدراوە. زۆرجار ئاڕاستەكردن و ساغكردنەوەی تۆمەت لەسەر هەرێم بەبێ بوونی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو پێشینەی هەڵسەنگاندنیان بووە، بەبێ ئەوەی دڵنیابن لە هەنگاو و كردارەكانی حكومەتی هەرێم لەم بوارانەدا.
هەروەها زۆرینەی ئەو زانیارییانەی كە لە ڕاپۆرتەكانیان ئاماژەیان پێكراوە لەلایەن خۆیانەوە پشتڕاست نەكراونەتەوە، بەڵكو بە پشت بەستن بە سەرچاوەكانی دیكەی ناوخۆیی نوسراوە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی ڕاگەیاند، جێگای نیگەرانییە بەشێكی ئەو تێبینی و تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دووبارە دەبنەوە ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسانەی بە پێی ڕێ و شوێنە یاساییە كارپێكراوەكانی هەرێم یەكلایی كردۆتەوە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوەش كرد، ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ماوەی ڕابردوودا ئاسانكاری تەواویان بۆ كراوە لە هەرێمی كوردستان و بە تەواوی هاوكاری كراون بۆ شاندەكانیان، دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمیش هاوكاری تەواوی كردوون، بەڵام لە كاتی نووسینی ڕاپۆرتەكانیان هیچكات ئاماژە بە هاوكارییەكانی حكومەتی هەرێم لەم بارەوە ناكەن.
ناوبراو تیشكی خستەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكان و وتی، گەڕانەوەی ئاوارەكان بەهیچ شێوەیەك قەدەغە نەكراوە، بەڵام بەشێك لەو گوندانە دەكەونە هێڵەكانی پێشەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو كە مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ناوچەكە درووست دەكات ناتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكانیان بێبەشن وەك ئاوی پاك، فریاكەوتنی سەرەتایی، خوێندن و پێویستە بەر لە گەڕانەوەیان ئەمانەیان بۆ دابین بكرێت پاشان رێگا بدرێت بگەڕێنەوە. لە لایەكی دیكەشەوە ژمارەیەكی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە بوونیان هەیە و مەترسیان بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەكە دروست كردووە و بینیمان لە ماوەی رابردوودا چەندین كردەوەی تیرۆریستییان لە زۆر شوێن ئەنجامداوە.
ئەوەشی ڕوونكردەوە، ئەو ئاوارانەی كە ناوچەكانیان بۆ ژیان دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، ڕێگایان پێدراوە كە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لەم ڕووەوە وتی”گوندی زەهرا خاتوون دەكەوێتەسەر ڕێگای سەرەكی هەولێر- موسڵ و گوندەكانی حەسەن شام، سێڤدینان هەلی كاركردنیان تا ڕاددەیەكی خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی ژیانیان بە بەراورد بە چەند ناوچەیەكی باشترە، بەڵام هەندێك لەو گوندانە دوورن لە ڕێگای سەرەكییەوە بۆیە ناتوانن پێداویستییەكانیان بۆ ژیان دابین بكەن. سەرەڕای هەموو ئەمانە گەڕانەوە بەردەوامە و لە كۆی 2548 خێزان 347 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانی دەوروبەری حەسەن شام”.
دیندار زێباری ڕاشیگەیاند”لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم هەنگاوی باشیان ناوە بۆ ئەوەی یارمەتی ئاوارەكان بدەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە، بۆ نموونە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ هاوكارن. بڕیاری گەڕانەوە یاخود نەگەڕانەوە دەكەوێتە ئەستۆی خودی ئاوارەكان دواتر لایەنە پەیوەندیدارەكان كار ئاسانیان بۆ دەكەن بەتایبەت ئەگەر دڵنیا بووەوە لەوەی كە هیچ هەڕەشە و مەترسییەك بۆسەر ژیانیان بوونی نییە، چونكە هەندێك لە ئاوارەكانی ئەو ناوچانە پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە و دوای گەڕانەوە زانیاریان لەبارەی شوێن و پێگەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان داوەتە تیرۆریستانی داعش و داعش هێرش كردووەتە سەریان بۆ نموونە دانیشتوانی زوممار و ڕەبیعە لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی تیرۆریستیان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجامدا”.
وتیشی”بەشێكی لە خەڵكی ناوچە ئازاد كراوەكان لەوانەش ناوچەكانی سنووری ماددەی (140) لە پارێزگای نەینەوا، خۆیان ڕازی نین ئەو كەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە دژی خەڵكەكە و یارمەتی داعشیان داوە لە كاتی هاتنی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە رێكخراوەكان و و ئەمریكا و هاوپەیمانانیش كردووە كە رێگایان پێنەدرێت بگەڕێنەوە، چونكە ئەگەری هەیە دووبارە دەست بە درووستكردنی شانەی نووستووی داعش بكەنەوە، هەروەها لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، لەلایەكی دیكەوە بەشێكی زۆری ئاوارەكان ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن و بەپێی ڕاپۆرت و داتاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان تا ئێستا نزیكەی یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار ئاوارە لە سەرتاسەری عیراق نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان كە ژمارەیەكی زۆریان هێشتا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان درووستكردووە، چونكە بە هۆی كەمی كۆمەكەوە نەتەوەیەكگرتووەكان یارمەتییەكانی كەمیكردووە و ئەم ئاوارانەش پێویستیان بە هاوكاری زیاتر هەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوورییە قورسەی كە هەرێم بەخۆیەوە بینی لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام حكومەتی هەرێم هەمیشە دەرگای واڵا بووە بۆ ئاوارە و پەنابەران كە كوردستانیان بە ئارامگەیەك داناوە بە هۆی ئەو سەقامگیرییە تێیدا فەراهەم كراوە و هەموو ئاوارەكان لە هەرێم ئاگادار كراونەتەوە لەوەی ئازادن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان جگە لەو كەسانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووبێت كە ئەوانیش بەپێی یاساكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

کوردستان

هاتوچۆ لە ڕێگەی خاڵی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕاگیرا

خەڵک ـ بەشی هەواڵ

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناو بڵاوبونەوەی لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بەبڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، هاتوچۆی گەشتیاریی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگیرا.

دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانیەوە بنکەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار کرایەوە، کەلە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ٢١/٢٠ی٢٠٢٠/٢ ەوە هاتوچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕابگیرێت.

ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی کە لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاش پشکنینیان لەلایەن بنکەی تەندروستی پەروێزخانەوە بەنوسراوی فەرمیی پزیشکیی بنکەی نشینگەی پەروێزخان لەجێگیریی دۆخی تەندروستییان ئاگادار دەکرێتەوەو ئەوکات ڕێگەی ئەوەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

جگە لە گەشتکردن، ئەو هاوڵاتیانەش کە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشکی و خوێندن و هەر کارێکی دیکە ڕوو لە وڵاتی ئێران بکەن، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادرێت و هەموو جۆرە هاتن و چونێک ڕاگیراوە.

سەبارەت بە بەردەوامی یان ڕاگرتنی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی، پێویستی بەبڕیاری حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستانە.

ڕاگەیاندنی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گومركی هەرێم لەبارەی كۆرۆناوە ئاگادارییەك ئاڕاستەی سەرجەم خاڵە سنوورییەكان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێم ئاگادارییەك ئاڕاستەی سەرجەم خاڵە سنوورییەكان دەكات و تێیدا ڕایگەیاندووە، هیچ بابەتێك بێ پشكنین نابێت بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەنراوەكەی گومركی هەرێم ئەوەش هاتووە، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لە ئاگاداركردنەوەیەكدا داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ڕێگە بە هاوردەكردنی هیچ كاڵا و خۆراك و دەرمانێك و ئەو بابەتانە نەدرێت، كە ڕاستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێن تا ئەنجامی پشكنینەكانیان بەدەستدەگات”.

ئەم ڕاگەیەندراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم دوای ئەوە دێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بڵاوبووەتەوە، پێشتریش حكومەتی عیراق بڕیاریدا ڕێگری لە هاتنی گەشتیاری ئێرانی بكرێت و ئەو هاووڵاتیانیش لەو وڵاتەن دوای هاتنەوەیان 14 ڕۆژ چاودێری بكرێن.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامی: هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عیراق بە تەوافوقی سیاسی كارنەكات شكست دەهێنێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، كەمتەرخەمییەكی زۆر لەلایەن لایەنە كوردییەكانەوە بەدیدەكرێت كە لە ماوەی ئەو مانگەدا نەیانتوانیوە گفتوگۆیەكی سەركەوتووانە لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراوی كابینەی تازەدا بكەن.

عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێكدا سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی و گفتوگۆكانی شاندی كوردی لە بەغدا ڕایگەیاند: هەنگاوەكانی سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق، ئاماژەن كە لە داهاتوو تەوافوقاتی سیاسیی بكەوێتە ژێر مەترسییەوە لە نێوان لایەن و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

 

وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی وتیشی: “كەمتەرخەمییەكی زۆریش لە لایەن لایەنە كوردییەكانەوە بەدیدەكرێت كە لە ماوەی ئەو مانگەدا نەیانتوانیوە گفتوگۆیەكی سەركەوتووانە لەگەڵ سەرۆكی ڕاسپێردراوی كابینەی تازەدا بكەن كە دواجار لە كۆتایی پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەكەی محمد تۆفیق عەلاوی كورد كەوتووەتەخۆ و شاندیان ڕەوانەی بەغدا كرد كە پێناچێت تازە بتوانن هیچ شتێك لەبەرژەوەندی كورد یەكلایی بكەنەوە و ئەنجامەكەش ئەوەبوو كە بینیمان كورد لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەت كشایەوە.

لەبارەی دانەنانی وەزیرە حزبییەكانیشەوە وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكرد: بووەتە كلتور كە وەزیرە حزبییەكان زیاتر كار بۆ حزبەكانیان دەكەن نەك خەڵك كە ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر حزبەكان هەم لە عیراق و هەم لە هەرێمی كوردستان، كۆتاجاریش خەڵك كەسانێكی دەوێت كە شارەزاو شیاو بن بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكانیان و پیاوی دەوڵەت بن و لە ژێر هەیمەنەی حزبدا كارنەكەن.

عەبدوڵا وەرتی ئەوەشی خستەڕوو: پێمان وایە هەر سەرۆك وەزیرانێك لە عیراق گەر كارنەكات بە تەوافوقی سیاسی و لێكتێگەیشتن لەگەڵ پێكهاتە سەرەكییە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبییكان لەكارەكەیا سەركەوتوونابێت و لە ماوەیەكی كەمدا شكست دەهێنێت.

ك.ج

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان