ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ڕاپەڕین بە پێویست دەزانێت
پەرلەمانتارێك داوا دەكات شەڕێكی تر لە دژی كوێت بەرپابكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە كوێت كۆتایی هات و شەڕی داهاتوو لەپێناو خاك و ناموس بووەتە ئەركی سەرشانی هەموو عیراقییەكان.

كازم سەیادی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە كوێت تەواو بوو، بۆیە شەڕی پیرۆزی داهاتوومان لەپێناو خاك و ناموس بووەتە ئەركی سەرشانی هەموو عیراقییەكان”، بەپێویستیشی دەزانێت “هەموو عیراقییەكی شەریف لەو پێناوەندا ڕابپەڕێت”.

سەیادی داوای لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و مەرجەعيیەتەكان و سەركردایەتییەكان و حزبەكان كردووە، “بەرگی زەلیلی فڕێبدەن، چونكە عیراق یەكەم و كۆتایە و كوێت و ئەوانی ئاراستەی دەكەن، ڕەوانەی دۆزەخ دەين”.

ئەو پەرلەمانتارەی عیراق لە لێدوانەكەیدا بە كوێتییەكانی ڕاگەیاندووە”مشتێك خۆڵی عیراق، شەریفتر و پیرۆزترە لە سەر و كەلەی ئێوە، ئەی پەلەوەرەكان”، داواشی لە پەرلەمان كردووە “دانیشتنێكی نائاسایی بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنی خۆری عەبدوڵڵا و ڕێكەوتنی ستراتیژی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا و دۆزینەوەی ڕێكەوتنێكی ڕاستەقینە سازبكات كە ببێتە مایەی زامنكردنی ئاسایشی عیراق، تا ئەو كاتەی سیستمێكی ئەمنی باش فەراهەم دەبێت”.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاماژە بە بوونی جیاوازی یاسایی كردبوو لەگەڵ كوێت سەبارەت بە لێكدانەوەی تایبەت بە سنورە دەریاییەكان، كە بووەتە مایەی ڕەوانەكردنی دوو نامەی هاوشێوە بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەلایەن عیراقەوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (ڕوسیا الیوم)، ڕایگەیاندبوو، “جیاوازییەكی یاسایی هەیە بۆ لێكدانەوەی تایبەت بە پێگە سنورییەكان كە ئێمە بە (سەكۆ) ناوی دەبەین و لایەنی كوێتی بە (دوورگە) ناوی دەبات، بەو پێیەی هێڵی سەرەكی پشتپێبەستراوە بۆ نەخشاندنی سنورە دەریاییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا”.

بە وتەی سەحاف، “دانوستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە سەبارەت بەو ڕاوبۆچوونە دیاریكراوانە، كە پێشتر عیراق ڕێگری خۆی دەربڕیبوو بەرانبەر بەوەی لایەنی كوێتی هیچ پڕۆژەیەكی تاكلایەنە لەو ناوچانەدا بكات، بەر لە گرتنەبەری دوایین ڕێوشوێن لەلایەن عیراقیشەوە، كوێت چەند نامەیەكی لەو بارەیەوە ڕەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەڵێت، “عیراق ئەو دوو نامەیەی بۆیە ناردووە، تا ڕوونكردنەوەی یاسایی لەو بارەیەوە بدات، ئێمەش پێمانوایە لێكدانەوە یاساییەكان لە بەرژەوەندی عیراقن”.

ئەمە لەكاتێكدایە كە عیراقییەكان پێیانوایە، داگیركردنی كوێت لە ساڵی 1990 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە،  بۆ كوێتییەكان بووەتە دەرفەت تا دەستدرێژیكەنە سەر سنورە ئاوییەكانی عیراق و لەو ڕووەوە دەوڵەتی كوێت سنورەكانی خۆی بەئاراستەی عیراق بەزاندووە و خەریكە لە ڕێڕەوە ئاوییەكاندا عیراق دەخنكێنێت.

راپۆرت

حكومەتی هەرێم ڕێكاری یاسایی دەگرێتەبەر
هاووڵاتیان ڕوو لەكڕینی دەمامك دەكەن و نرخەكەی گران دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار

لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنێ پێویست بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن حكومەتەوە، هاووڵاتیان بەمەبەستی خۆپاراستن لەڤایرۆسەكە ڕوو لەكڕینی دەمامكی خۆپارێزی دەكەن، لەبەشێكی دوكانەكانی فرۆشتنی پێداویستی تەندروستی نرخەكەی بەرزبۆتەوە.

كارزان جەلال، هاووڵاتیەكە بۆ كڕینی دەمامك ڕووی لەشەقامی پزیشكان لە هەولێر كردووە بۆ (خەڵك) وتی، “بۆ ئەوەی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەین، هاتووم دەمامك بۆ خۆم و مناڵەكانم بكڕم، بەڵام بەداخەوە پێشتر ئەو دەمامكانە نرخی بە ۷٥۰ دینار بوو، كەچی ئێستا نرخی زۆر گران بووە و لە 7 هەزار دینار زیاترە، داوا دەكەین لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوون بكەن، چونكە بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ناتوانن بەم نرخە بیكڕن”.

هاوكات ئەمڕۆ شەممە ۲۲ی شوبات لەدوای كۆبوونەوەی حكومەت لەگەڵ پارێزگارەكان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیجرائات بەرامبەر هەر كەسێك دەكەن پێداویستی پزیشكی و خۆپارێزی لەسەر هاووڵاتیان گران بكات.

خاوەنی دوكانێكی فرۆشتنی پێداویستی تەندووستی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوو جۆر دەمامك هەیە بێ فلتەرە و ئاساییە، كە پێشتر پاكەتی بە ۲ هەزار بوو، بەڵام هەیە بە فلتەر كە دەتوانرێت بۆ خۆپارێزی بەكاربێت هەر پاكەتێك ۲۰ دانەی تێدایە و نرخەكەی ئێستا لای ئێمە بە ٤۰ هەزارە و گرانمان نەكردووە، بەڵام زانیاریمان هەیە لەهەندێ شوێن پاكەتێك دەمامكی بە فلتەر لەسەرووی ۱۰۰ دۆلار فرۆشراوە و یەك دانەش لەنێوان ۷ هەزار بۆ ۱۲ هەزار دینار دەفرۆشرێت.

هۆكاری گران بوونی دەمامك بەوتەی خاوەن دوكانەكە بەشێكی هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان خۆیان، بەشێكیش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ بازرگانی قۆرخكار، هاوكات بەهۆی ئەوەی ئەمە بەرهەمێكە لەناوخۆ كەمە.

لەبارەی ڕێوشوێنەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕێگری لە گران بوونی نرخی دەمامك وتی، “وتەكانی وەزیری ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ سزادان و ئەنجامدانی ئیجرائات بەرامبەر ئەو كەسانەی پێداویستیەكان لەنرخی خۆی گرانتر دەكەن دەبێت جێبەجێ‌ بكرێت”.

لای خۆشیەوە، لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەپەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دوو شەممە وەزیری تەندروستی بانگهێشتی پەڕلەمان كراوە بۆ ئەوەی بزانین پێویستیەكان چین دابین بكرێن و بهێنرێن.

دەشڵێت: “دڵنیاییمان پێدراوە كەوا لایەنە پەیوەندیدارەكان ئیجرائات بەرامبەر هەر كەس و بازرگانێك دەكەن، كە نرخی دەمامك و پێویستیە پزیشكیەكان گران بكات، هاوكات حكومەت و وەزارەتی تەندروستی ڕێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر، خۆشبەختانە تائێستا وڵاتەكەشمان پارێزراوە، بەڵام دەبێ هۆشیاربین بەرامبەر نەخۆشیەكە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، مەرج نیە ئەو ڤیدیۆ و زانیاریانەی بڵاودەكرێنەوە لەسۆشیال میدیا ڕاست بن و بەشێكی تەنها دڵەڕاوكێ لەنێو هاووڵاتیان دروست دەكات، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەلایەن حكومەت بوودجەی تایبەت دابینكراوە و ژووری عەمەلیات پێكهێنراوە، ئێمەش چاودێری خاڵە سنوورییەكان و كەرتی تەندروستی دەكەین، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەكەش خۆپارێزی و پاراستنی پاك و خاوێنی كاریگەری دووركەوتنەوە هەیە لەسەر نەخۆشیەكە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

هۆكاریی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمەوە بۆ ناوچەكانیان ئاشكرا دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكانیان ئاشكرا دەكات لەپاش تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و ڕزگاركردن و گەڕانەوەی ژیان بۆ زۆرێك لەو ناوچانە.

عەلی عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”ئەو خێزانانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، تری گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچەیەكانیان لەبەر هۆكاریی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، و ئەمنی”.

بە وتەی عەلی عەباس”هۆكارە سیاسییەكان، پەیوەندییان بە ناوچەكانی پەیوەست بە ماددەی 140وە هەیە كە خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا دەبینێتەوە، چونكە زۆربەی ئەو ئاوارانە لەو ناوچانەن كە دەكەونە سەر هێڵی جیاكەرەوە لەنێوان سنورەكانی هەرێمی كوردستان و سنورەكانی حكومەتی فیدراڵی، لەوانەش حەسەن شەمۆ و خازر و شنگال و ڕەبیعە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی كۆچ و كۆچبەران”هۆكارە ئەمنییەكان پەیوەندییان بە دەستگرتنی چەند لایەنێكەوە هەیە بەسەر بڕیاری ئەمنی و ئیداری لەو ناوچانە، بە تایبەتیش لە قەزای شنگال كە بۆتە مایەی ڕێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان”.

بە بۆچوونی عەلی عەباس”هۆكارە ئابورییەكانیش كاریگەریی خۆیان هەیە، و بونەتە مایەی نەگەڕانەوەی زۆرێك لە خێزانەكان بۆ ناوچەكانیان، دوای ئەوەی سەرچاوەی بژێوییان دووچاری داڕمان هات بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەو ناوچانەدا كە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان تێدا ئەنجامدرا و پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون”.

سەبارەت بە هۆكاریی كۆمەڵایەتی، وەك عەلی عەباس باسی دەكات”خۆی لە پەیوەندی زۆرێك لە كەسوكاریی ئەو خێزانانەدا دەبینێتەوە بە ڕیزەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، ئەمەش كێشەی كۆمەڵایەتی زۆری بۆ دروستكردوون بۆتە ڕێگر لەبەردەم بڕیارلای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان”.

عەباس لە 20ی شوباتی 2020، ئاماژەی بە بوونی جیاوازیی كردبوو لە ئاماری ئاوارەكان لە پارێزگەكانی باكووری ووڵات بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەرایەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە هەرێم.

عەلی عەباس ڕایگەیاندبوو”ژمارەی ئەو كەمپانەی تائێستا لە كوردستان بونیان هەیە و بەسەر شەش كەمپ لە هەولێر و چوار كەمپ لە سلێمانی و 19 كەمپ لە دهۆكدا دابەشبوون”.
بە وتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق”كەمپەكانی هەولێر 8839 خێزان لەخۆدەگرن، واتا 32.839 كەس، لە دهۆك 30.872 خێزان هەن كە 164.364 كەسن، لە سلێمانیش 2923 خێزان هەن و لە 14.046 كەس پێكدێن”.

بە وتەی ئەو بەرپرسە”ئامارە تۆماركراوەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەڵ ئامارە تۆماركراوەكانی هەرێمی كوردستاندا جیاوازیان هەیە، لەبەر چەند هۆكارێك كە بریتین لە، نەبوونی دیسپلین و پشتنەبەستنی هەرێم بەو ئارامانە لە هەندێك كاتندا، گرنگترین هۆكاریش جیانەكردنەوەی ئاوارەكانی ساڵی 2006 و ئاوارەكانی 2014 لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، لەكاتێكدا ئێمە كاركردنمان بە دۆسێی ئاوارەكانی 2006 ڕاگرتووە”.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی لقەكان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق دەڵێت”ئەو هاوسەرگرییانەی لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا دەكرێن و تۆماردەكرێن، لە هەرێمی كوردستان پشتیان پێدەبەسترێت، بەپێچەوانەی بەغداوە، چونكە ئەو هاوسەرگیرییانەی لە دوای ئاوارەبوون كراون، تۆمارنەكراون، چونكە لە سادەترین هاوكێشەدا، گەر لە هەرێم ملیۆنێك ئاوارە هەبێت، دوای پێنج ساڵ ئەو ژمارەیە دەبێتە پێنج ملیۆن ئاوارە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رز-دا، كاریگه‌ری نامێنێت؟

خەڵک ـ لوقمان غه‌فوور

زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پێچەوانە و گۆڕاو ھەیە لەنێوان ڤایرۆسی كۆرۆنا و پله‌ی گه‌رمی -دا، واته‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی كه‌شوهه‌وا، ڤایرۆسەکە كاریگه‌ری كه‌مده‌بێته‌وه‌ و توانای گه‌شه‌سه‌ندنی لاواز ده‌بێت، و كاریگه‌ری زیاتره‌ له‌وكاتانه‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رما نزمده‌بێته‌وه‌.

زاناكان ئه‌مه‌یان له‌ وڵاتی هیندستان ره‌چاوكردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌زری به‌هار و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌و وڵاته‌، سه‌لامه‌تی زیاتره‌.

به‌ڵام ئه‌مه‌ چۆن و كێ ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌؟

به‌پێی ڕاپۆرتێكی هاوبه‌شی نێوان زانكۆی نیڤادا-ی ئه‌مریكا و زانكۆی سه‌نگاپۆره‌ی نیشتمانی كه‌ ڕۆژی 20 فێبریوه‌ری بڵاوبووەته‌وه‌ هۆكارێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌وه‌بهێنرێت كه‌ شێوه‌ی وه‌رزی ڤایرۆسی كۆرۆنا covid-19-ی نوێ هه‌مان شێوه‌ی سوڕی ڤایرۆسی سارس covp-9 هه‌یه‌ كه‌ ساڵی 2003 له‌ جیهاندا بڵاوبووەوه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ پێیوایه‌ له‌ چین و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌زری ئه‌نفلۆنزا له‌ دیسێمبه‌ره‌وه‌ تا كۆتایی فێبریوه‌ری ده‌خایه‌نێت و دوای ئه‌و مانگانه‌ كه‌مده‌كات. توێژینه‌وه‌كه‌ سه‌لماندویه‌تی كه‌ له‌ دوای هاوینی 2003ه‌وه‌ ڤایرۆسی سارس سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه‌ته‌وه‌ تا 2019 به‌ شێوازێكی دیكه‌ سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه‌.

ئه‌وه‌شیان سه‌لماندووه‌ كه‌وڵاتی چین، مانگی ئادار و مانگی نیسان به‌سه‌ختی تێپه‌ڕێنێت، له‌سه‌ره‌تای مانگی مه‌ی (ئایار) ده‌شێت ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌ بوه‌ستێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بوونی نامێنێت، به‌ڵكو دوور نییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رما سه‌رله‌نوێ به‌هه‌مان جۆر، یاخود به‌ سولاله‌یه‌كی دیكه‌ خۆی نمایش بكات.

ڕاپۆرته‌كه‌ نوسیوتی، كه‌ كۆرۆنا ڤایرۆسی ئاسایی 30 جار زیاتر ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌شوێنێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 6 پله‌ی سیلیزیی بێت وه‌ك له‌ شوێنێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 20 پله‌ی سیلیزیی، به‌شێویه‌ك ئه‌گه‌ر له‌ پله‌ی گه‌رمی 20 ئه‌گه‌ری تووشبوون 1% بێت له‌ 4 پله‌ی سیلیزی 30%یه‌.

هه‌روه‌ها پێشتریش توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی ته‌كساس ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ له‌پله‌ی گه‌رمی خوار 25 پله‌ی سلیزی توانای مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی سارس زیاتره‌، كه‌ له‌ توانا و شێوه‌ی سووڕی ژیانیدا هاوشێوه‌ی كۆرۆنا-یه‌.

هه‌روه‌ها ڕاپۆرتێكی گۆڤاری پزیشكی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌درده‌ قورسه‌كان له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئاشكرای كردووه‌، توانیویانه‌ له‌ تاقیگه‌دا ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ پله‌ی گه‌رمی ژوور توانای هه‌بووه‌ ته‌نیا 9 ڕۆژ بژی، ئه‌ویش كاتێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 30 پله‌ی سیلیزی بووه‌ و له‌و 25-30 پله‌ش توانای زیان گه‌یاندنی زۆر لاواز بووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری نیشتمانی بۆ زانیارییه‌كانی بایۆته‌كنۆلۆژیی- ئه‌مریكا، ئه‌وه‌یان له‌ گۆڤاری سه‌نته‌ره‌كه‌دا خستۆته‌ڕوو كه‌ پێشتر تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ڤایرۆسی سارس covp-9 كردووه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌شوێنێكدا پله‌ی گه‌رمی 4 پله‌ی سیلیزی بێت ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر جێگیر و چالاكه‌، به‌ڵام له‌ پله‌ی 37 پله‌ی سیلیزی ته‌نیا 2 سه‌عات ژیاوه‌.

كاتێكیش پله‌ی گه‌رمی شوێنی ڤایرۆسه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ بۆ 60 پله‌ی سیلیزی ته‌نیا 30 ده‌قیقه‌ توانای ژیانی هه‌بووه‌.

هه‌وه‌روه‌ها هه‌ر له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی گۆڤاری پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌رده‌ قورسه‌كان له‌ كالیفۆرنیا، بڵاوبووەته‌وه‌، كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر زۆر خێرا ده‌گوازرێته‌وه‌ كاتێك پله‌ی گه‌رمی له‌نێوان 4-15 پله‌ی سیلیزیدا بێت.

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕوو كه‌ لیك و پژمه‌ و هه‌ناسه‌، سێ گوێزه‌ره‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسه‌كه‌ن، بۆیه‌ ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ست نه‌به‌ن بۆ ده‌م و لوت و چاو، چونكه‌ ده‌ست كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌.

ئه‌نجام چییه‌؟
به‌پێی گۆڤاری بزنس توده‌ی، ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رمی-یان له‌سه‌روو 30 پله‌ی سیلیزییه‌وه‌یه‌ سه‌لامه‌تترن، نموونه‌ی هندستانی هێناوه‌ته‌وه‌ له‌مانگی مارچ له‌ كۆتشی پله‌ی گه‌رمی 36 و له‌ دلهی 30 و له‌ بنگالۆرۆ 34 و له‌ شینای 34 پله‌ی سیلیزییه‌ كه‌ به‌ختێكی باشه‌ بۆ سه‌لامه‌تی هاووڵاتییه‌كانیان، هه‌رچی وڵاتی چینه‌، وه‌رزی هاوین له‌ مانگی مه‌ی (ئایار) ده‌ستپێده‌كات و پله‌ی گه‌رمی نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 30 پله‌ی سیلیزی.
هه‌موو توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ له‌ سه‌روو 35 پله‌ی سیلیزی ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر لاوازه‌.

ڕۆژی 16ی جێنیوه‌ری به‌رپرسانی ته‌ندروستی چین ئاشكرایان كرد به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی نوێی هاوشێوه‌ی سارس (ڤایرۆسی كۆرۆنا)، 2 كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

نه‌خۆشی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنی توندی قوڕگ و دواتر پوكانه‌وه‌ی گورچیله‌ و مردنی كه‌سه‌كه‌.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان